ئارام عەلی عەزیز: تورکیا لەنێوان دوو ئاگردا.
لێدوان و هەڕەشەکانى سەرکۆمارو گەورە لێپرسراوانى تورکیا سەبارەت بەخێرایی کاتى دروستکردن و سەرپەرشتیارو قووڵایی ناوچەى ئارامى، کە بریارە لەبەشێکى باکوورى سوریادا ( رۆژئاوا ) دابمەزرێنرێت. ئەوە نیشاندەدات، کە کارەکە بەپێى داخوازیەکانى تورکیا بەڕێوەناچێت، لەبەرئەوە ئەگەریى زۆرە، وەکو خۆیان باسی لێوەدەکەن لە ئایندەیەکى نزیکدا پەلامارى سەربازى خۆرهەڵاتى فورات بدەن و، دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن.
هەڵبژاردنى بژاردەى پەلامارى سەربازیی، تورکیا دەخاتە نێو جەنگێکى گەورەوە، لەلایەک رووبەڕووى سوریاو ئێران و روسیاو لەلایەکى دیکەوە لە قۆناغی دوەمدا رووبەڕووى ئیسرائیل و ئەمریکاى دەکاتەوە، بەڵام پێدەچێت سەرەڕاى ریسکە گەورەکەى، پەلاماریی سەربازیی تاکە بژاردە بێت لەگەڵ ئامانجەکانى تورکیا بۆ ساڵى 2023 ى سەد ساڵەى لۆزاندا یەکبگرێتەوە، کە ئەمڕۆکە وەکو دەوڵەتێکى وەزیفیی، زەمینەو مقەوماتى مانەوەى بەو سیستەم و شێوەیەى ئێستاى لەناوەوەو دەرەوەدا لەدەستداوە، لەبەرئەوە پەلاماردانى سەربازى خۆرهەڵاتى فورات وەکو چارەسەرێک بۆ حالەتى چارەسزیى کە تورکیاى تێکەوتوەو، وەکو یەکێک لەرێگاچارەکانى رزگارکردنى تورکیا لەو قەیرانە کوژەرە ناوەکیی و دەرەکیانەى دووچارى بۆتەوە دێتە بەرچاو.
مەبەستى ئەمریکا لەمەسەلەى دروستکردنى ناوچەى ئارام لەگەڵ تورکیا لەخۆرهەڵاتى فوراتدا ئیحتیواکردن و کوشتنى کات و تێپەڕاندنى ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەى سیاسەت و رەوشە سەربازیە مەیدانیەیە کە هاتۆتە پێش، بەئامانجی هێشتنەوەى ناوچەى خۆرهەڵاتى فورات بەشێوەی ئێستاو گەشەپێدانى لەئایندەدا بۆ فۆرمێکى دیکەى وەکو هەرێمى کوردستان، بەڵام پێدەچێت تورکیا دواى مەسەلەی ئیدلب و کارانەبوونی لێکتێگەیشتنى ئەستانەو سووچیی ئەم هاوسەنگیە هەستیارەى تائێستا ئەمریکا لەروى سیاسیی و سەربازیدا پاراستویەتى تێکبدات، ئەمەیش خۆى لەخۆیدا دەمانبات بەرەو پلانى( بی ) ئەمریکا، کە بەناچارى لەحالەتى هێرشى تورکیا بۆ سەر خۆرهەڵاتى فورات دێتە مەیدانەوە، ئەویش رووبەڕووبوونەوەى سەربازى تورکیایە لەگەڵ سوریاو ئێرانى هاوپەیمانى روسیا، کە تورکیا دەخاتە نێوان دوو ئاگرەوە.
رەوشى ئیدلب و توندوتیژى پێکدادانەکان تیایدا ئەوەدەردەخەن کە گرێ کوێرەکانى ناوچەکە رۆژ بەرۆژ ئاڵۆزتر دەبن و بوارى هیچ جۆرە شازشکاریەک لەگەڵ یەکتردا لەنێوان هێزو کارەکتەرە نێودەوڵەتیەکان لەناوچەکەدا نەماوەتەوەو هەر پاشداکشانێکیش بۆ هەریەکێکیان دەکەوێتە خانەى مردن و زیانیى ستراتیجییەوە، لەبەر ئەوە هەڵکشانى رووبەڕووبوونەوەى سەربازى لەسوریاو لەخۆرهەڵاتى فورات ئەگەرێکى زۆر بەهێزە، بە تایبەت دواى شکستهێنانى هەوڵەکانى کۆبونەوەکانى جنێف و سووچیی.
جووڵەى سەربازى تورکیا بۆ سەر خۆرهەڵاتى فورات دواى لاوازبوونی پێگەى تورکیا لەئیدلب و پێکدادانە چاوەڕوانکراوەکانى ئیسرائیل و حزبوڵا لەلوبنان و بەردەوامبوونى پەلامارە درۆنزیەکانى ئیسرائیل بۆسەر حەشدى شەعبی لەعیراق و بەردەوامبوونى موشەکبارانکردنى سعودیە لەلایەن حوسیەکان و گرژتربوونى پەیوەندیەکانى نێوان ئێران و خۆرئاوا، ناوچەکە بەرەو جەنگێکی ئیقلیمی حەقیقی دەبات، ئەمڕۆیش نەک تەنها لەلێدوانەکاندا، بەڵکو لەکردەى سەربازیی ئەو دەوڵەت و هێزانەدا ئارایشەکانى ئەم جەنگە ئیقلیمیە زۆر بەروونى دەبینرێت، پێشگرتنیشى لەحالەتى ئێستادا کارێکى ئەستەمە.
پەلامارى تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا ئەگەرچى بژاردەیەکى نمونەیی نیە بۆ ئەمریکاو پێشتر دژی وەستاوەتەوە، بەڵام لەحالەتى روودانیشیدا بەرژەوەندیە ستراتیجیەکانى ئەمریکا لەناوچەکەدا لە گۆڕنانێت، چونکە کەوتنەبەرەى دژ بەسوریاو ئێران و دوورکەوتنەوەى تورکیا لەروسیا، بەجۆرێکى دیکە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانى ئەمریکاو ئیسرائیل یەکدەگرێتەوە، بەتایبەت کە ئێستا ئیسرائیل لەلوبنان لەروى مەیدانیەوە پەلامارەکانى بۆ سەر حزبوڵاى لوبنانى دەستپێکردۆتەوەو لەسوریایش ساڵانێکە دەیان ئامانجی سوپاى سوریاو بەناو پاسدارانى داوەتە بەر رۆکێت و لەعیراقیش بەدرۆنز پەلامارى چەندین ئامانجی حەشدى شەعبى داوە.
هێرشی تورکیا بۆ سەر خۆرهەڵاتى فورات، تورکیا رووبەڕووى سوریا دەکاتەوە، چونکە سوریا، تورکیا بەداگیرکەرو تەنانەت دروستکردنى ناوچەى ئارامیش بەداگیرکاریی لەقەڵەمدەدات. لەبەر ئەوە لەئەگەری دەستبەسەرداگرتنى خۆرهەڵاتى فوراتدا لەلایەن تورکیاوە لەوانەیە جەنگ لەنێوان سوریاو تورکیا هەڵبگرسێت، ئەمەیش زیان بەبەرژەوەندی ستراتیجی ئێران و روسیا دەگەیەنێت، لەبەرئەوە روسیاو ئێران ئەمە قەبوڵناکەن و بەهەموو شێوازێک بەرەوڕووى تورکیا دەبنەوە، لەم حالەتەیشدا جەنگەکە تەواوى ناوچەکە دەگرێتەوەو ئەگەرى روودانى سیناریۆى جیاجیایشی لێدەکەوێتەوە، کە یەکێکیان روخانى رژێمەکەى بەشار ئەسەدو کردنەوەى دەرگایە لەبەردەم گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی گەورە لەناوچەکەدا.