بورهان شێخ ڕەئوف: سى یەکانى زەوى، جەنگەڵەکانى ئەمازۆن دەسووتێن.
ناوچەى بەرینى ئەمازۆنى ئیستیوائى گەورەترین جەنگەڵى باراناوى یە لە جیهاندا، کە کە ڕووبەرەکەى نۆ وڵاتى ئەمریکاى لاتین دەگرێتەوە ئەوانیش ( بەرازیل، بیرۆ، گیانا، بۆلیفیا، ئکوادۆر، سورینام، فەنزویلا، کۆلۆمبیا،گویناى فەرەنسى ) کە ژمارەیەکى ئێجگار زۆر دارو درەختى جۆراو جۆر و ڕووبارو ئاژەڵى وشکانى تێدایە، کە لە وێنەیان نیە لە هیچ شوێنێکى دى لە جیهان.
مێژووى جەنگەڵەکانى ئەمازۆن دەگەڕێتەوە بۆ 55 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر کە نیشتمان و جێ نشینگەى نزیکە 400 گەل لە دانیشتوانە ڕەسەنەکەى کیشوەرى ئەمریکاى لاتین بووە کە لە ساڵى 1500 زاینى دا ژمارەى دانیشتوانەکەى و هەموو خێڵەکانى لەو دارستانەدا نیشتەجێ بوون لە 6 ملیۆن بۆ 9 ملیۆن کەس بوون و، بەڵام لە ئێستادا ژمارەى دانیشتووانەکەى خۆى لە 250 هەزار کەس دەدات کە بە 170 زمانى جیاواز دەئاخافن، باس لەوەش دەکرێت کە نزیکەى 50 خێڵى تێدا نیشتەجێن، کە هیچ پەیوەندییەکانى بە جیهانى دەرەوە نى یە.
سێ یەکى ڕووبەرى جەنگەڵستانى ئەمازۆن دەکەوێتە وڵاتى بەرازیلەوە، کە نیوەى ڕووبەرى جەنگەڵستانى باراناوى جیهان پێکدەهێنێت، کە ڕووبەرەکەى 6 ملیۆن 900 هەزار کیلۆمەترى چوارگۆشەیە. واتە ئەم ڕووبەرە 48 جار لە ڕووبەرى وڵاتێکى وەکو ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا گەروەترە، هەروەها 40% ڕووبەرى کیشوەرى ئەمریکاى باشوور پێکدەهێنێت، و گەورەترین سەرچاوەى دابینکردنى ئۆکسجینە بۆ گۆى زەوى کە 20% پێکدەهێنێت هەر لەبەرئەوەشەى پێى دەڵێن سى زەوى، لە هەمان کاتیشدا ساڵانە جیهان ڕزگار دەکات لە یەک تریلیۆن تەن کازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن بۆیە بە گرنگترین ناوچە دێتە ئەژمارکردن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى دیاردەى ( احتباس الحرارى ).
ساڵانەى وەرزى وشکایى ئەم دارستانانە لە مانگەکانى تەمووزو ئابدا دەست پێدەکات و بۆیە ئاگر کەوتنەوەو گڕتێ بەربوونى بە شێوەیەکى باو دەبینرێت بە تایبەتى لە مانگى ئەیلولدا هەروەکو ئاژانسى ناساى ئەمریکى ڕایگەیاندووە، بەڵام ئەوەى ئەمساڵ 2019 ڕوویداوە زۆر فراوانتر و بەربڵاوترە لە ساڵانى تر بە شێوەیەکى دروستکراولە لایەن خەڵکە نابەرپرس و جوتیارانى ئەو ناوچانەوە بەهۆى هەندێک کاریى نایاسایى بۆ ئەوەى دارەکان بسوتێنن و دواتر سوود لە شوێنەکەى ببینن بۆ بە خێوەکردنى ئاژەڵ و ڕەشە وڵاغ و ئاژەڵدارى، چونکە ناوچەى ئەمازۆن شوێنێکى زۆر گونجاوو لەبارە بۆ بەخێو کردنى ئاژەڵ و نزیکى 200 ملیۆن سەر لە جۆرەکانى ئاژەڵى تێدایە لە مەڕو مانگاو بزن و هەموو جۆرەکانى دى بۆیە سەرچاوەیەکى گرنگى هەموو جیهانە کە 25% بەرهەمى جیهان پێکدێنێت، بۆیە و هەر لەبەرئەوەشەو هەروەکو دەڵێن لێکۆڵینەوەکان 80% هۆکارەکانى ئەو ئاگر نانەوەو سووتاندنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جوتیارەکان دارستانەکان دەسووتێنن و دواتر شوێنەکەى بەکاردەهێنن بۆ بەخێو کردنى ئاژەڵ.
ئایا دەستەڵاتدارانى بەرازیل تێوەگلاون بە سووتاندنى جەنگەڵەکانى ئەمازۆن؟
ڕێکخراوەکانى پارێزگارى لە ژینگە پەنجەى تۆمەت بۆ سەرۆکى بەرازیل ( جائیر بۆلسونارۆ ) ڕادەکێشن کە گڵۆپى سەوزى داگیرسانبێت بۆ جوتیارەکان بۆ ئەوەى دارستانەکان بسووتێنن بۆ ئەو مەبەستەى لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، لە لایەکى تریشەوە سەرۆکى بەرازیل تۆمەت ئاڕاستەى ئەو ڕێکخراوانە دەکات و، دەڵێت: ئەو ڕێکخراوانە ئەو کارەیان ئەنجامداوە لە دەستى ئەنقەست، واتە ئاگریان بەرداوەتە دارستانەکان بۆ ئەوەى منى پێ تاوانبار بکەن.
جەنگەڵەکانى ئەمازۆن و گۆڕانى کەش و هەوا
جەنگەڵەکانى ئەمازۆن و کەشوهەواى زەوى پەیوەندیەکى توندیان بەیەکەوە هەیەکە لەیەک جیاناکرێنەوە، چونکە بەرزبوونەوەى پلەى گەرماى ساڵانە بە هۆى گۆڕانکارى لە ڕادەى باران بارین، لە لایەکى تریشەوە دارستانەکان ڕۆڵێکى گەورەیان هەیە لە کە کەمکردنەوەى دیاردەى گۆڕانکارى کەش و هەوا بە هۆى ئەوەى بڕێکى زۆر لە گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن هەڵدەمژن و، کە ئەمەش ڕۆڵێکى گرنگ دەبینێت لە بەرگرتن لە گۆڕانکارى کەش و ئاوهەوا و بۆیە لە حاڵەتى لە ناوچوونى ئەم جەنگەڵستانە گەورانەدا ئەم هۆکارە مەزنە نامێنێت بۆ بەرگرى لە زەوى.