هۆمەر نۆریاوی: بیرکۆڵەکانی نێو ڕووبەری رۆشنبیری.
بەرینانی مە وتوویانە”دار، پوازی لە خۆی نەبێ،ناقڵیشێ”*. تا هاتووە و بووە کورد بەدەست پوازی ناوخۆوە،زێترین کەرتبوون و چەندبەرەکی تێ کەوتووە. دەستەڵاتە سەردەستەکان هەمیشە ئەوەندە پیاوی بوودەڵەیان لە دەوری خۆ گلێر کردۆتەوە تا لە کاتی گونجاودا پیلانە پۆخڵەکانیان پێ جێبەجێ بکەن. باری ناهەمواری ژیان و گوزەرانی مرۆی کورد،دوو هێندەی تر کێشەکەی لا ئاڵۆسکاوتر کردووە و لەو مەیدانە هەستیارەدا بەداخەوە زۆر کەس بوونەتە و دەبنە دارەدەستی ناحەزانمان کە هەر ڕۆژە و وەک کوتک،دژ بە زمان و کولتووری خۆمان دەکاریان دێنن. ڕۆژێک لە ناوەندە زانستییەکان،جارێک لە بنکە هونەرییەکان و بەینێکیش لە نێو دووکان و بازاڕدا دەبنە مێمڵ و پەتا و بە دەیان ڕۆڵەی کوردپەروەر دەخەنە نێو بۆسەوە. لە ڕۆژی گونجاویشدا سینگ دەردەپەڕێنن و لافی نیشتمانپەروەری لێ دەدەن. ئیدی بەشی ئێمەیش دەبێت هەر سووچی خەڵوەت و تەنیایی بێت و لە دوورەوە بە دڵشکاویییەوە سەیری ئەم دۆخە ئازاراویییە بکەین و پاڵەوان فس فسەکان، سیمای زەقی بەر مایک و کامێراکان بن و بە ناوی نوێنەری توێژی ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵاتەوە، لێرە و لەوێ، ئامادەی نێو کۆڕ و فێستیڤاڵەکان بن. جەخار جەخار بۆ ئەو ڕەوشەی ئێمەی تێداین!
بۆ ساڵانێک دەچێت ڕووبەری چاندیی کورد لێرە و لەوێ، لە بن چەتری جۆرە دەستەڵاتێکدا،کەوتۆتە دەست تاقمێک کورتەباڵای فەرهەنگی و ئەوە هەمان دەستەڵاتە کە ئەو پەیامەیان بۆ دەگوێزێتەوە کە کەی و لە کوێ و چلۆن، جڤین، کۆبوونەوە و فێستیڤاڵێکی هونەریی و ئەدەبی بەڕێوە بچێت و بە گوێرەی ڕۆشنبیرییە ئاستنزمەکەی ئەم تاقمە، تەنێ ئەوانە بانگهێشت و خەڵات دەکرێن کە بکەونە نێو بازنەی ئەقڵییەتە قورمیشکراوەکەیانەوە.
دوابەدوای ئەو دۆخەی لە بن نسێی بەجیهانیبووندا هاتۆتەوە ئاراوە و کۆمەڵگەی ئێمەیشی گرتۆتەوە، لەم پارەی کوردستانیش هەست بە نیوە نووزە و هەناسەیەک بۆ کار و چالاکی لە چوارچێوەی فەرهەنگ و ئەدەبدا دەکرێت.
هەر لەم ڕێگەوە،بزاوتێکی کارا بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی هزری نەتەوەیی دەست پێ بووە و بەختەوەرانە ئەم بزاڤەیش هەموو دەڤەر و ناوچەیەکی ئەم بەشەی کوردستانی[کەم و زۆر] گرتۆتەوە،بەڵام ئەوەی جێی داخ و کەسەرە،جڤین و کۆڕە فەرمییەکان تەنێ لە بن چەترێکدا بەڕێوە دەچن کە تاقمی کورتەباڵا،کەواسووری مەیدانەکەن و ئەوە ئەوانن مۆرکی ئەرێ بەسەر ئەم چەشنە کۆبوونەوە و کۆڕانەدا دەنێن.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە،کۆنترۆڵ و چاودێرییەکی توند و تۆڵ بەسەر کۆمەڵە و لایەنە سەربەخۆکانەوە لە ئارادایە و بگرە ئەم ئالییە بێلایەن و گەلپەروەرانە،زۆر جاریش بەرەوڕووی گەلێک کۆسپ و ئارێشە دەبنەوە.
هەلپەرستانی ڕاستینەی نێو بازنەی بەناو فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی لە کۆمەڵگەکەی ئێمەدا، لە سای خوێندەوارییەکی نەزۆکەوە،ئێستاکە چنگیان بەسەر هەموو بنکە و ناوەند و سەنتەرێکی فەرهەنگیی و زانستگەییدا گرتووە و ئەوەندە لە پێستی خۆ دەرچوون کە تەنانەت پێوەر بۆ بەناو”ناودار”و “بلیمەت” و…کۆمەڵەی کوردی دادەنێن و زانیاری نەک زانستە بێواز و کۆڵەوارەکەیان تا کوێ بڕ بکات، بە هەمان پێوەر و پێودانگ،کێل و نیشان دەکێشن و کەسایەتییەکان دەخەنە نێو جەغزە بەرتەسک و تەماوییەکەی خۆوە.
هەنووکە ئاستی نزمی خوێندەواری ئەم تاقمە،خەریکە دەبێتە مەترسییەکی کوشندە بە حاڵی کۆمەڵەی چاندیی ئێمە و گەر ڕەوتەکە هەر بەم چەشنە بچێتە پێش، سبەی مەترسی گەورەتر بەرۆکمان دەگرێت و هەرگیز ناتوانین لە بن ئەو بارە گرانەدا پشت ڕاست بکەینەوە و خۆ لەو دۆخە دەستکردە، قوتار بکەین. بۆیە لەسەر ڕووناکبیرانی سەربەخۆ و دەستەبژێری کوردە،لێرە و لەوێ، لەسەر ئەم تاقمە زەینکوێرە،ڕۆشنگەری بکەن و نەهێڵن چیدی کەشوبای پاکژی چاندیی ئێمە،لەمە زێتر لێڵ ببێت.
گەلێک جار سیما و کەسایەتییە تاسەر ئێسقان نەتەوەییەکانیش دەکەونە نێو بۆسەی ئەم تاقمە قورمیشکراوە و مخابن هەر لەم ڕێگەوە دەرفەتی زێتریان بۆ دەڕەخسێت.
نووسەر و شاعیر و ڕووناکبیری ئەوتۆت پێ شک دێت کە خاوەنی ئەزموونێکی دوور و درێژە و هەتا ئێستا هەرگیز توخنی بۆنە و جڤین و دەستەڵاتی پۆخڵ و تێکدەر بە حاڵی چاند و فەرهەنگی کوردی نەکەوتووە کەچی سووک و هاسان بە هانای بانگهێشتەکەی ئەم تاقمە لێڵ و ساویلکەوە دەچێت و دەبێتە ڕێنمون و چرای سەوزیان بۆ هەڵدەکات. هەر بۆیە خەمخۆرانی فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی کوردی پێویستە ئەم پرسیارە لە خۆ بکەن: گەلۆ چلۆنە دەرفەتی نووزەیەک بە لایەنە سەربەخۆکان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا نادرێت و بگرە بەردەوامیش کەند و لەند دەخرێتە سەرڕێیان،کەچی ئێمەی نەتەوەیی هەر لە بن ئەم گەزە ئاسمانەدا،بانگهێشت و خەڵات دەکرێین؟!
هەندێک جار ساویلکەیی ئەوتۆ باڵ بەسەر ڕووبەری فەرهەنگیی ئێمەدا دەکێشێت کە هەستێکی نامۆ لە دەروونەوە،تێک و پێکت دەدات.
وەک میدیاکار و ڕۆژنامەڤانێک،هەندێک جار لەبەر نووسین و ئامادەکردنی بەرنامەیەکی فەرهەنگی و ئەدەبی بەتووش دەیان گرفتەوە بوومە. هەر بۆیە ئەی ڕۆشنبیری کورد نابێت ئەو پرسیارە لە خۆ بکات،کاتێک مۆڵەت بە بڵاوبوونەوەی بەرنامەیەکی هونەریی و .. نادرێت، ئەی چلۆنە منی نەتەوەیی و … خەڵات دەکرێم؟
سەدان بەرنامە و کۆڕی فەرهەنگی و ئەدەبییت پێ شک دێت کە پێش بڵاوبوونەوەی تاقە بەرنامەیەک،یان ڕاست پێش دەست پێبوونی کۆڕەکە یاخۆ ڕاست هەر هەمان ڕۆژی بەڕێوەچوون، مۆرکی یاساخیان بۆ دەردەچێت و بە دەیان مرۆی نیشتمانپەروەر و بێلایەن، ڕاپێچی ئێرە و ئەوێ دەکرێن و خۆ و بنەماڵەکانیان،دەخرێنە بەر گوشارێکی دڵهەژێنەوە.
کە ئەمە سەربردەی ڕاستینەی کەشوبای ڕۆشنبیریی نێو کۆمەڵگەی ئێمە بێت، ئەی دەستەبژێری مە بۆ نابێت ژیرانەتر بڕیاری ئامادەبوون و پێشکەشکردنی وتار یان تەنانەت دانیشتن لەگەڵ کەسانێک بدات کە بە ڕوون و ئاشکرا، لە ناوەندە ڕەسمییەکاندا دژاێتی چاند و زمانی ئێمە دەکەن و دژ بە گەشەسەندنی فەرهەنگ و زمانەکەمان دەوەستنەوە و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆیان دادەنێن!
کاتێک توێژی پێشڕەو و دەستەبژێری کۆمەڵێک، هەموو ئارمانجەکانی خۆی لە نێو شوناسێکی زاڵدا ببینێتەوە و بەرگی شوناسی نەتەوەیی لەبەر داکەندرێت و ببەسترێتەوە بە دەسەڵاتی سەردەستەوە، دیارە زۆرینەی ئەو کۆمەڵە هاسانتر دەستەمۆ دەبێت و سووک و ساناتریش دەچێتە ژێربار و گوێڕاڵتر و ملکەچتر بار دێت و کەمتر دووی خواستە نەتەوەییەکانی خۆی دەکەوێت.
* پەندی پێشینیان، شێخ محەممەد خاڵ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، چاپی سێیەم، ساڵی 2000