جیهاد موحەمەد: لەسەردانێکی بنکەی ژیندا، سەرسام بووین!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بنکەی ژین، کە هەردوو برا، مامۆستا ڕەفیق و مامۆستا سدیقی بەڕێز و خۆشەویست سەرپەرشتی دەکەن، یەکێکە لەو بنکە کولتووری و کەلەپوریانەی کە لەسەرتاسەری کوردستان و عێراقیشدا، لە خزمەتکردن بە مێژووی دێرین و نزیک و ئایندەی گەلی کوردستان وێنەی نییە، بڕواناکەم لە عێراقدا بنکەیەکی وا گەورە و پوخت و پڕ لە کتێب و بابەتە کولتووریی و کەلەپورییەکان هەبێت بۆ گەلی عێراق.
وەک برای خۆشەویستمان کاک عومەر محەمەد هەمیشە دەڵێت، با ئەوەندە ڕەشبین نەبین بە کوردستان و ئەم گەلە ستەمدیدەیە، چونکە زۆر شتی باش لەم کۆمەڵگەی کوردستانەدا هێشتا بەها و نرخی خۆی لە دەست نەداوە، زۆرێک لە کەسانی ڕۆشنبیر و زیرەک و چالاک و بە توانا بەوپەڕی دڵسۆزی و لێزانینەوە لە خزمەتکردندان، وەلێ بە داخەوە، وەک خۆی و بە گوێرەی پێویست پشتیوانیان ناکرێت لە لایەن دەسەڵاتی حوکمڕان و حکومەتە لۆکاڵیەکانەوە.
بنەکەی ژین و هەردوو برا، مامۆستا ڕەفیق و مامۆستا سدیق، لە کوردستاندا، ئەو جوانی و پڕ لە بەها و بەنرخەن، کە جێگەی ڕێز و تەقدیرن، لەو کەسانەن کە سامانی دەوڵەمەندی مێژوویی گەلی کوردستانیان لە ئامێزی خۆیاندا وەک کۆرپەی خۆیان هەڵگرتووە و دەیپارێزن، شایستەی هەموو ڕێزلێنانێکن، خۆزگە چەندین جار ڕێزلێنانی شایستەیان بۆ بکرایە.
لە ڕاستیدا، بنەکەی ژین یەکێکە لەو بنکە کولتووری و کەلەپوریانەی کە دڵخۆشمان دەکات. کاتێک سەردانی ئەم بنکەیە دەکەیت، بەڕێزان مامۆستا ڕەفیق و مامۆستا سدیقی برای و دکتۆر کارزان و کارمەندە بەڕێزەکانی دیکە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە پێشوازیت لێ دەکەن، زۆر بە دڵێکی فراوانەوە هەموو بەشەکانی ئەم بنکە فراوانەت پیشان دەدەن.
جگە لەوەی بۆ ماوەی نیوسەعات زیاتر بەڕێز مامۆستا ڕەفیق و مامۆستا سدیق لەسەرەتای دروستبوون و دامەزراندنی ئەم بنکەیەوە هەموو کێشە و هاوکاری و پێشنیازەکانیان بۆ باسکردین، دواتر بەش بە بەشی ئەم کتێبخانە گەورەیە، ئەم ناوەندە پڕ لە ئەرشیفی کتێبی دانسقە و دەگمەن و ناوەزەیان پیشان داین و، یەک بەیەک بۆیان باس دەکردین.
ئەم ناوەندە، دەیان هەزار کتێب، دەیان هەزار فایل، دەیان هەزار دکۆکۆمێنتی مێژوویی، دەیان هەزار وێنەی دێرینی منەوەرەکانی کوردستانیان تیا پاراستووە، تەنانەت ئەرشیفی هەندێک لەو عەرەبە ناسیۆنالیستیانەیان پاراستووە، کە دانیان ناوە بە مافە ڕەواکانی میللەتی کوردا، لەسەر داوای خۆیان هەرچیان هەبووە ناردوویانە بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی بپارێزرێت، لەم ناوەندەدا هەموویان وەک کتێبە کوردیەکان پاراستووە. ئەم بەڕێزانەی سەرپەرشتیاری ئەم ناوەندە گرنگ و بە بایەخە لە وێنە نەبووە دەکەن، هەوڵی یەجگار گەورەیان داوە، تا زۆرترین دکۆکۆمێنت و کتێب و ڕۆژنامە و نووسراوی دەستوخەتە نایابەکانیان کۆکردۆتەوە، تەنانەت لە فەرنسا و بەریتانیاوە زۆرێک لەو کتێبانەیان دۆزیوەتەوە و هێناویانەتەوە بۆ ئەم بنەکەیە و بە شێوازێکی زۆر زانستیانە پاراستوویانە.
ئەم بنکەیە جگە لەوەی کە کتێبە نایابەکانی تیا پارێزراوە، کە وەک کتێب بمێننەوە، دواجاریش هەموو کتێبە نایاب و دۆکۆمێنتەکانیان کردووە بە مایکرۆفیلم، بۆ ئەوەی تا ٥٠٠پێنج سەد ساڵی تر وەک خۆیان بمێننەوە.
ئەم بنکەیە، ئەوندە گرنگ و بە بایەخە، ئەوەندە خۆیان تیا ماندوو کردووە، هەرچی ڕۆژنامەی کوردی و کوردستانی هەیە هەموویان پاراستووە، تەنانەت ڕۆژنامە زمانحاڵەکانی حیزبە سیاسیەکانیشیان پاراستووە، بۆ نموونە هیچ کام لە حیزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان، کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە نەیانتوانیوە ڕۆژنامەکانی خۆیان بپارێزن، کەچی لەم بنکەیدا هەموو ڕۆژنامە و بەیاننامە و بڕیارەکانی ئەم حیزبانەیان پاراستووە. تەنانەت ڕێکەوتننامەکانیان لەگەڵ بەعسیەکان و حکومەتی عیرایقدا بە وێنەوە پاراستووە.
ئەم بەڕێزانە، هەرچی مەکتەبەی منەوەرەکانی کوردستان هەیە، دوای وەفاتکردنیان، وەک سواڵ، چونەتە لای کەسوکار و نەوەکانیان، تکای دنیایان لێ کردوون، کە مەکتەبەکانیان پێ بسپێرن بۆ ئەوەی بیان پارێزن و بە شێوازێکی زانستیانە هەڵیانگرن و لە فەوتان ڕزگاریان بکەن، لەوانە مەکتەبە دیار و بە ناوبانگەکەی شێخ محەمەدی خاڵ و دکتۆر کەمال فوئاد، کە تەنانەت تاقمی ڕیشتاشین و کەلوپەلی شێخ محەمەدی خاڵ و کورسی و مێزی کارکردنی دکتۆر کەمال فوئادیشیان پاراستووە.
نەک من بەم نووسینە کورتە، بەڵکو مەگەر شارەزا گەورە و زاناکان بتوانن وەسفی ئەم بنکە گرنگ و بە بایەخە بکەن.
ئای لەو دڵخۆشییەی ئەمڕۆ پێمان گەیشت، ئای لە ناسینی ئەو دوو برا گەورە و بەرێزە، لەو هەموو خەبات و تێکۆشان و هەوڵدانە بێوچانەی ئەم دوو مرۆڤە گەورەیە، مامۆستا ڕەفیق و مامۆستا سدیقی برای.
ئەوەی من ئاگاداربم لە وڵاتانی ئەوروپادا، تەنانەت نەک کتێب و دکۆمێنتەکان دەپارێزرین، بەڵکو تۆ و ڕەگ و ڕیشەی دار و درختەکانیش لە شوێنی تایبەتیدا هەڵدەگیرێن و دەپارێزرێن، بۆ ئەوەی دوای کارەساتی سروشتی بتوانرێت هەمان گوڵ و گوڵزرا و گیا و گژ و دارودرەخت لە فەوتان ڕزگار بکرێن.
هەزاران سڵاو لەم دوو مرۆڤە جوانە، هەزاران دەستخۆشی بۆ ئەم دوو مرۆڤە بەڕێزە و دکتۆر کارزانی خۆشەویست و نوکتەباز و هەموو کارمەندەکانیان. دکتۆر کارزان لەگەڵ ئەو هەموو باس و خواسەیان کە بۆیان دەکردین، جار جار دەیگوت با هەمووی هەر قسەی جددی نەبێت، یەک نوکتەی سلێمانیانەی بۆ دەگێڕاینەوە، ئەوەندە بە قاقا پێدەکەنین پڕ چاومان دەبوو لە ئاو، هیوادارم هەمیشە چاوەکانت تەڕ و بڕ بن و ئەو دەموزمان و لەبز شیرینەت هەمیشە بمێنێت دکتۆر کارزانی خۆشەویست.
ئێمە بریتی بووین، لە مامۆستا مەسعود عەبدولخالق، مامۆستا عەزیز ڕەوف، کاکە تەحسین قادر، دکتۆر بەدر، مامۆستا سەعید، کاکە ڕەوەند و بەندەش، لە وێنەکەشدا هەردوو برای بەڕێز مامۆستا ڕەفیق و مامۆستا سدیق دەرکەوتوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت