بورهان شێخ ڕەئوف: کابینەکەى عەبدولمهدى لە بەردەم ئالنگارییەکاندا.
ئەگەرچى کابینەکەى دکتۆر عادیل عەبدولمهدى هێشتا ساڵى یەکەمى تەمەنى حوکمڕانى تەواو نەکردووە ، ئومێد و ئاواتێکى گەورەى لە سەر هەڵچنرابوو ، لە کاتێکدا هەموومان ئاگادارى بارودۆخى عێراقین چ وێرانەیەک بوو لە دواى شەڕى تیرۆر و داعش و ململانێ ناوخۆیى هەمەچەشنەکانى هەرلە ناکۆکى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى ، ناکۆکى سوونەوە شیعە، ناکۆکى شیعەو شیعە و… تد.
عەبدولمهدى بێ پشت و پەنا ترین کەس لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و تەنانەت بەشدارى دوا هەڵبژرادنەکانى عێراقیشى نەکرد ئەگەرچى لە دواى گۆڕانکارییەکانى 2003 ەوە فیگەرێکى دیارى سەر گۆڕپانى سیاسی وڵات بوو هەر لە جێگرى سەرۆک کۆمارەوە تاوەکو وەزیرى دارایى و دواتر وەزیرى نەوت کە دەستى لە کارکێشایەوە پێش تەواو بوونى چوار ساڵەکەى ، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە لە سەردەمى ئۆپۆزەسیۆنیشدا یەکێک لە سەرکردەکانى ئەنجوومەنى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى لە عێراق بوو، بەڵام بێ ئومێدبوونى لە بارودۆخى عێراق دوورەپەرێز وەستا بوو ، تاوەکو دواجار وەکو کاندیدى سازان و چارەسەرى ناوەنجى و وەکو پەتى نەجات بۆ دەرباز کردنى عێراق لە قەیرانەکان پەناى بۆ برا .
دیارە ئەرکى عەبدولمهدى و کابینەکەى ئێجگار قورسە لە بەر ئەو فاکتەرانەى کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان بۆیە ئەو بارودۆخ و ژینگە سیاسیە لە هەمووان دەخوازێت کە پشتیوانى بکەن چ لە ناوخۆ بە تایبەتى کورد و دواتر سوونەکانیش چونکە ئەم کەسایەتیەکى میانڕەو و نیشتمانییە و تاڕادەیەکى باشیش دوورە لە مەیلى تائیفەگەرییەوە، لە نێو ماڵى شیعەیشدا خاڵى هاوبەشى نێوان لایەن جیاوازەکانیانە ،لە ڕووى دەرەوەیش بۆ ئەمریکا و ئێران کە ئێستا لە ململانێ یەکى سەختدان، عەبدولمهدى تا ئێستا توانیوویەتى بگونجێت و بۆ لەمەودواش ئەگەر لێ ی بگەڕێن دەخوازێت عێراق دوور بگرێت و نەبێتە بەشێک لەو ململانێ مێژوویى و ئاڵۆزە لە کاتێکدا لە گەڵ سەرۆک کۆمار ( دکتۆر بەرهەم ساڵەح ) پەیوەندییەکى زۆرباشیان هەیە تا ئاستێکى نایاب سازاون.
ئالنگارییەکانى بەردەمى:
1. ناوخۆیى :زۆر میلیشیا و تاقمى چەکدار هەن کە پێگەو پارەیان هەیە لە هەوڵى ئەوەدان ئارامى و ئاسایشى وڵات بشێوێنن و لەماوەى ڕابردوو حکومەتەکەى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى حەشدى شەعبى دا وکە ڕێکیان بخاتەوە لە ناو سوپاى عێراقدا بەڵام پێناچێت بە ئاسانى جێبەجێ بکرێت .
2. هەڕەشەکانى دەرەوە : لە ماوەى ڕابردوودا لێدان و بۆمبا بارانکردنى بنکەو بارەگاکانى حەشدى شەعبى کە دەنگۆى ئەوە هەیە لە لایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت لە ئامرلى و قائیم و پارێزگاى سەلاحەدین و لە دەوروبەرى بەغداد کە ئەمەش وایکرد خاکى عێراق ببێتە گۆڕەپانى ململانێکانى وڵاتانى تر ئەمەش دژ بە خواستى حکومەت و گەلى عێراقە و لە کاتێکیشدا دەنگۆى ئەوەش هەیە کە دەستى ناوخۆیى بن .
3. دۆسێ یە گەندەڵى: یەکێک لە پەتاو نەخۆشى یە قورس و شێرپەنجەییەکانە کە جەستەى عێراقى گرتۆتەوە لە دواى ساڵى 2003 ەوە گەندەڵى یە بە هەموو جۆرەکانیەوە لە ئاستە هەرە باڵاکانى حکومەتەوە تا خوارەوە تەشەنەى کردووە کە مەترسییەکەى لە تیرۆر زیاترو سامناکترە، هەرچەندە عەبدولمهدى ئەنجوومەنى باڵاى بەگژاچوونەوەى گەندەڵى دامەزراندووە، بەڵام تا ئێستا ئاکامێکى بەرچاوى نی یە . ژینگەى عێراقیش یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردن و پەلهاویشتنى زیاترى گەندەڵى دارایى بە فێڕۆدانى سامان و داهاتەکەى لە بەرئەوەى بە شێوەیەکى ڕەها پشت بە نەوت و وزەى سروشتى دەبەستێت و حزب و لایەن و تاقمە دەستڕۆیشتووەکان لە هەوڵى ئەوەدان زیاتر دەستى بەسەردا بگرن و هاوپەیمانى تەنانەت سیاسیش بکەن و هاوبەش بن و تەنانەت چاو لە یەکترى بپۆشن ، بە یاسا ئەنجوومەنى نوێنەران بە تایبەتى لە خوولەکانى پێشووتر ئیمتیازات و مووچەو دەستکەوتى چەوربۆ خۆیان ببڕنەوە .
4. لە ڕوى کۆمەڵایەتی یەوە : یەکێکى دى لەو بەربەست و کێشانە ڕووبەڕووى عەبدولمهدى بۆتەوە کێشەى خێڵەکان بە تایبەتى لە پارێزگاى بەسرە، کێشەى ئاوارەکان و مووسڵ و کەرکوک و… تد.
لە ئاوا بارودۆخێکدا بێگومان ئەرکى عەبدولمهدى ئاسان نییە لە کاتێکدا هێزو لایەنە سیاسیەکانى عێراق لە ژێرکاریگەرى هێزە باڵا دەستەکانى جیهان و ناوچەکەدان بە تایبەتى ئێران و ئەمریکا کە هەندێکیان ڕوو لە ئەمریکاو هەندێکیان ڕوو لە کۆمارى ئیسلامى و هەندێکیشیان کە لە هەردوو ئەو بەرە ڕۆڵیان مەترسیدارترە ئەو تاقمە بەرژەوندى خواز و دیماگۆگیەن کە لە گەڵ ئەمریکیەکان ئەمریکین و لە تەک ئێرانییەکان ئێرانیین کە ئەمانە لەهەوڵى ئەوەدان لە هەردوو لاى هاوکێشەکە سوودمەندبن.
لە کۆتاییدا عەبولمهدى لەهەوڵى بنیاتنانەوەى عێراقدایەو هەوڵیشى بۆ داوە بەڵام کاتى دەوێت ئەگەر لایەنە سیاسیەن پشتگیرى بکەن ئەو دەخوازێت عێراق لە ڕووى کشتوکاڵییەوە زیندوو بکاتەوەو پشت بە داهات و بەروبوومى ناوخۆیى ببەستێت بۆ نموونە ، لە ڕووى پەیوەندى دەرەوەش هەوڵى داوە بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانى عێراق لە گەڵ دەورو بەرە عەرەبییەکەى وڵاتانى تریش ئاسایى بکاتەوە .