ئارام عەلی عەزیز: دامەزراندنى دەوڵەتى کوردیی!
دواى هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتننامەى ئەتۆمی، ئەمریکاو ئیسرائیل کار بۆ نەهێشتنى هەژموون و دەسەڵاتی ئێران لە عیراقدا دەکەن. بۆ ئەمەیش لەلایەک هەوڵى لەسەر کارلادانى شیعە لەسەر حوکم و، لەلایەکى دیکەیش هەوڵى گەیاندنە یەکترى سوننەو کورد دژ بە شیعە دەدەن. لەسەر کارلادانى عەبدولوەهاب ئەلساعدی لە سەرۆکایەتى موکافەحەى تیرۆرو، ئەو هەموو کاردانەوەیەى لێیکەوتەوە لە ئاستی پەرلەمانیی و شەقام و جەماوەری عەرەبی سوننی و، بڵاوبوونەوەى وێنەى ئەلساعدی لەگەڵ بیرنارد لیڤی و، وەڵامى سەرۆک وەزیران بەوەى، کە ئەفسەر نابێت هاموشۆى باڵیۆزخانەکان بکات، بۆنی هەوڵى ئامادەکاری کودەتاى سەربازى لێدێت، کە ئەگەرى ئەوەى هەیە ئەمریکاو ئیسرائیل و قەتەرى لەپشتەوە بێت.
کاردانەوەى توندی عەرەبی سوننەو ناڕەزاییەکانى گۆڕەپانى تەحریرو چەند پارێزگایەکى دیکە دژ بە حکومەتەکەى عادل عەبولمەهدی و، لێدوانە توندەکانى چەند گروپێکی شیعەو حەشدى شەعبی دژ بە خۆپیشاندەران و تەقەکردن لێیان لە لایەن هێزە ئەمنیەکان، نیشانەى جەمسەربەندیەکى ترسناکن، کە ئامانج تیایدا هەڵگیرساندنى خولێکی دیکەى جەنگی سوننەو شیعەیە لە عیراق، ئەگەر جەمسەربەندیی لیستى کوردو عەرەبیشى لە کەرکوک بخەینەسەر ئەوە نەخشەى پێکدادانى کوردو عەرەب و، سوننەو شیعەمان زیاتر بۆ رووندەبێتەوە، کە ئامانج تیایدا دابەشکردنى عیراقە.
بێدەنگبوون لەبەرامبەر پەلامارەکانى ئیسرائیل بۆ سەرحەشدی شەعبیی و، بەردەوامبوونیی ئۆپراسیۆنى چنگی سوپاى تورکیا لە ژێرناوى رووبەڕووبوونەوەى پەکەکە لە هەرێمى کوردستاندا، نیشانەى زیادبوونی دەستوەردانە دەرەکیەکانن لە عیراق و، پێدەچێت بەشێک بن لە سیناریۆى هەوڵى دابەشکردنى عیراق.
قەتەر یەکێکە لەو دەوڵەتانەى کە پەیوەندیەکى ستراتیجی لەگەڵ تورکیادا هەیەو، هەندێکیش لەو بڕوایەدان کە نەخشەى ئیسرائیل لە ناوچەکەدا جێ بەجێدەکات. قەتەر بە داهاتی زۆرى غازونەوت و کاریگەرى راگەیاندنەکەى دەستوەردانێکى زۆرى لە عیراقدا کردوەو لە ژێر چەترى دیپلۆماسیەتى ناوبژیوانیدا رۆڵیکى کاراى گێڕاوە. پەنابردنە بەر کودەتایش لە ناوخۆو دەرەوەدا سیمایەکى سیاسەت کردنەکەیەتی. یەکەمین کۆبوونەوەى لایەنە سوننیەکانى عیراق ساڵى 2015 لە ژێر ناوى ئاشتبوونەوە لە قەتەر بەسترا. بەم دواییە پەیوەندیەکى گەرموگوڕى لەگەڵ عیراق و بە تایبەت لەگەڵ هەرێم و، نیازى کردنەوەى کۆنسولگەریشی لە هەولێر هەیە. جێگرتنەوەى رۆڵی ئێرانی بە رۆڵى قەتەرى ئیخوانی لە عیراقدا لە رێگاى یارمەتیدانی سوننەو کورد سیناریۆیەکى چاوەڕوانکراوى داهاتوە، کە بە شێوازى هەوڵى کودەتا، یان بەشەڕى سوننەو شیعە هەوڵدەدرێت، لە لایەک نفوزى ئێران و شیعە لە عێراق کۆتایی پێبهێنرێت، لە لایەکى دیکەیش جگە لە دەستبەسەرداگرتنى دەوڵەمەندیەکى زۆر، جیۆپۆلیتیکى قەتەر بەهێزتربکرێت و سنوورەکەى بگەیەنرێتە سەر دەریاى سپى ناوەڕاست. لەم سیناریۆیەدا سنورى قەتەرى نوێ لەباشورەوە بە هێلێک لە بەسرەوە بۆ میسان و واست و ئەنبار درێژ دەبێتەوەو لەویشەوە دەچێتەوە حمسى سوریاو دواتریش بە دوو ئاراستەى سەرەوەو خوارەوە دەگاتە سەر دەریاى سپى ناوەڕاست و، ئەو ناوچەیەیش دەکرێتە کۆریدۆرى بۆڕى نەوت و غازی قەتەرى. سەرەوەى بەغدایش بە هێڵێک تا هەولێر درێژدەبێتەوەو بەم دیوەى خۆرهەڵاتى فوراتدا لە باکورەوە هەوڵى دامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردی دەدرێت، کە دانپێنانى نێودەوڵەتیشی لە ژمارەى ئەو هەموو شاندە نێودەوڵەتیەى سەردانى هەرێم دەکەن زۆر بە ئاسانى دەخوێنرێتەوە.لە باشوریشەوە هەوڵى دامەزراندنى دەوڵەتى قەتەرى نوێ دەدرێت، کە زۆربەى هەرە زۆرى دەوڵەمەندی نەوت و غازو سەرچاوەى ئاوى عیراق و سوریا لەخۆدەگرێت. بەڵام ئایا ئەم سیناریۆیە سەردەگرێت یان نا، ئەمە بابەتێکى دیکەیەو پێویستى بە لێکۆڵینەوەیە.