ئارام هادی: عادل عبدالمهدی باجی سەردانەکەی بۆ صین دەدات؟
داواکاری خۆپیشاندەران و هاتنە شەقامیان مافی ڕەوای خۆیانە. هەرچەندە ڕوون نیه، کە کێ لەپشت ئەم خۆپێشاندەرانەوەیە. بەڵام چەند ئاماژەیەک پێمان دەڵێت: ئیرانیەکان بە قورسایی خۆیانەوە هەوڵی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتیەکان دەدەن و، ئەمریکاش بە دوورە پەرێزیەکەی ئەگەری ئەوە هەیە ناڕاستەوخۆ دەستی لە پشتی خۆپیشاندانەکان هەبێت. هەرچی حکومەتەکەی عادل عەبدالمهدیشە بێ پشت و پەنایە و، خودی سەرۆک وەزیران خاوەنی حزبێکی سیاسی کاریگەر و، کوتلەیەکی پەرلەمانی بەهێز و، میلیشای چەکدارنیە تا پشتیوانی زیاتر بەدەست بهێنێت و، ڕۆڵیان لە کەمکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان هەبێت.
سەرباری ئەمەش ڕەنگە وەفدە گەورەکەی عادل عبدالمهدی بۆ وڵاتی صین و ئیمزاکردنی چەندین گرێبەستی بازرگانی هۆکارێکی باش بێت بۆ ئەمریکا تا تۆڵە لە عیراقێک بکاتەوە، کە بە خوێنی سەربازەکانی سیستەمی دیکتاکتۆری پێشوی لابرد و، لەدوای 16ساڵ لەپرۆسەی ئازادی عیراق، ئەو عیراقە نەبێت، کە بە خواستی ئەمریکیەکان بێت.
ئەمەی ئێستا ڕوودەدات باوەڕناکرێت پەیوەندی بە کتوپڕی و، هاتنە مەیدانی خۆپیشاندەران بێت. چونکە دووساڵ دەبێت هەست بەوە دەکرێت ئەمریکا کاری بەو دەموچاوانە نەماوە، کە عیراق بەڕێوەدەبەن ئەمەش لەبەرئەوەی بەقەد نزیکیان لە ئیران دووربون لە ئەمریکا. هاوکات نەک تەنها عیراق، بەڵکو کەنداوی عەرەبی بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ئیران تادێت ئەو ناوچەیە بەرە و ئاڵۆزی زیاتر دەبات و، ئەگەری شەڕیی ڕاستەوخۆش هێندە دوورنیە. لەحاڵەتی دروستبونی شەڕیشدا، ناوچەکە بۆ دەساڵێک بەدۆخێکی زۆر مەترسیداردا دەڕوات. گواستنەوەی بنکەی سەربازی ئەمریکی لەقەتەرەوە بۆ یۆنان ئاماژەیەکیتری ڕوونە، کە ئەمریکا بەنیازی هەڵگیرساندنی شەڕە لە ئایندەیەکی نزیکدا. ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەوەی چارەنوسی عیراق چی بەسەردێت، کە بەدرێژایی 16ساڵی ڕابردوو وەک حەوشەی پشتەوەی ئیران ڕۆڵی لەناوچەکەدا بینیوە.
بمانەوێت یاننا، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی چڕی دەستوەردانی زلهێزانی ناوچەکە و جیهان هیچ کاتێک سروشتی نەبوە یا گەر سەرەتاکەشی سروشتی بوبێت هەر زۆر زوو دەستوەردانی تیاکراوە و دواجار بەقازانجی کۆمەڵێک و بە زەرەری چینی هەژار شکاوەتەوە، ئەمەی ئێستاش تاچەند دەتوانن جددی بن لەسەر داواکاریەکانیان؟، یاخود هێمنتربن لەوەی ئێستا دەبینین خۆپیشاندەر بە چەکەوە شوێن هێزە ئەمنیەکان دەکەوێت، یاخود ڕێگربن لە دەستوەردانی دەرەکی، تاچەند سورن لەسەر داواکاریە ڕەواکانیان و بە ئەنجام گەیاندنی، ئایا حکومەت دەڕوخێنن و کار بۆ حکومەتێکی کاتی ڕزگاری نیشتمانی دەکەن؟، یا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن؟، یاخود هێزە عیراقیەکان و ئیران دەتوانن زاڵببن بەسەر خۆپیشاندەران و بیان خەنەوە ماڵەکانیان، دواجار یاخود ڕەوشی سوریا چاوەڕێی عیراقە، ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کەجارێ نازانرێت وەڵامەکانیان چیە و تەنها دەبێت چاوەڕێبین.
ئەوەی ڕوونە لەئێستادا حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی بێ پشتیوان ماوەتەوە و هەریەکە لە موقتەدا سەدر و عبادی و بەشێکیتر لە شیعەکان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و ئەوەی پەیوەندی بە کوتلە کوردیەکانیشەوە هەبێت جگە لە بایکۆتی پەرلەمان نازانن چی ڕێگەیەکیتر بگرنە بەر، ڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت جارێ بەرچاویان ڕوون نەبێت.