بورهان شێخ ڕەئوف: ڕووبەرى خۆپیشاندانەکانى عێراق فراوانتر دەبێت.
ئەم 1 ى مانگى تشرینى یەکەمەى ئەمساڵ لاپەڕەیەکى ترى خۆپیشاندان و ناڕەزایى خەڵکى بەغدادى پایتەخت و شارەکانى ترى باشوورو ناوەڕاستى ى عێراق لە گەڵ خۆیدا هێنا، ئەم خۆپیشاندانانەى ئەمجارە پێچەوانەى جارەکانى پێشوو کە لەناوچە سوونە نشینەکان یان ئەوەى پێ یان دەگووت ناوچە گەرمەکان سەرى هەڵدەدا، بەڵکو ئەمجارە لەو شارو ناوەندە چڕانەى دانیشتووانە کە شیعەن و لە شازدە ساڵى ڕابردوودا حوکمڕانى عێراق بوون هەموو جومگەو پێگە گرنگەکانى عێراقیان بە دەستەوە بوو.
ئەمجارە ئەگەر لە دروشم ولێدوانەکانى خۆپیشاندەران وردبیتەوە دەبینیت جیاوازە لە جاران شێوازو ڕوخسارێکى ترى لەبەرکردووە هیچ حزب و ڕەوتێکى سیاسى بەشداربووى پرۆسەى سیاسى عێراقى خۆى ناکات بە خاوەنى خۆپیشاندەرانیش بوار نادەن ئەوان سوار کۆڵى داواکارى و خواستە ڕەواکانیان ببن، جگە لە ئاڵاى عێراق و داخوازى سادە کە خۆى لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى ڕۆژانەى ژیانى خەڵکدا دەبینێتەوە، کە ئەوانیش ئاو، کارەبا، دەرمان، کار، ئاسایش، بەرگرتن لە دەستوەردانى وڵاتانى دراوسێ، سەروەرى یاسا، نزمى ئاستى پەروەردەو فێرکردن، دیاردەى گەندەڵى، فرۆشتنى پۆستە حکومیەکان زۆر شتى تر.
خۆپیشاندان و مانگرتن و ئازادى ڕادەربڕین مافى سەرەتایى و بێ ئەملاو ئەو لاى گەلى عێراقە لە باکورەوە بۆ باشور، دەستوورى عێراق ئەو مافەى مسۆگەر کردووە هیچ حکومەت و دەستەو تاقمێکى میلیشیاوى ناتوانێت سنووردارى بکات، ئەوە ى زیاتر قوڕەکەى خەست کردەوە تەقەکردن و پەنابردن بوو بۆ چەک و کوشتن و بریندارکردنى هاوڵاتیانى ناڕازى بوو کە داواى مافە ڕەواو دەستووریەکانى خۆیان دەکرد.
ناڕەزایەتیەکان لە پاى چى ؟
ئێستا لە عێراقدا لە دواى شەڕى داعش و دواى نزیکەى ساڵێک لە دەست بەکاربوونى حکومەتە کەى عادیل عەبدولمهدى، لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت عێراق ڕۆژانە نزیکەى شەش ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و هاوڵاتیانى ئەم وڵاتەبێبەشن لە زۆر شت بە تایبەتى نەوەیەکى نوێ پێ گەیووە و ترس و تۆقاندنى ڕژێمى پێشووى نەدیوە و وڵاتانى تر دەبینیت بە تایبەتى وڵاتانى کەنداو دراوسێکانى تر. تەنانەت هاوڵاتیانى باشوور باسى شارەکانى هەرێمى کوردستانیان دەکر د لە تەلەفزیۆنەکانەوە، کە دەیان وت ئەوان واتە هەرێمى کوردستان چۆن دەژین و ئەوان کارى زۆریان بۆ کراوەو، بەڵام لاى ئێمە لە باشورو ناوەڕاست هیچى وامان بۆ نەکراوە، ئاساییەو مافى خۆیانە داواى مافەکانیان بکەن بەڵام بە هێمنى و دوور لە توندو تیژى و پاراستنى ماڵى گشتى ڕەچاو بکەن.
جگە لەوانەش ڕاپۆرتە فەرمیەکان باس لەوە دەکەن کە لە دواى ساڵى 2003 ەوە لە عێراقدا 450 ملیار دۆلار دیار نەماوە ،ڕێژەى بێکارى 9،9% لەوڵاتدا لەوانە 26% لاوەکانن و هەروەها ژنانیش لەو ڕێژەوە نزیکن. هەروەها عێراق لە ڕیزى دوازدەهەمین دا دێت لە وڵاتە گەندەڵەکاندا بە گوێرەى پۆ لەبەندى ڕێکخراوەى نێودەوڵەتى بۆ شەفافیەت.
کاردانەوەکانى حکومەتى عێراق
بڕینى هێڵى ئەنتەرنێت لە عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان ، بەکار هێنانى هێز و غازى فرمێسک ڕێژ و ئاو و گولەى پلاستیک و گولەى ڕەساس دژبە خۆپیشاندەران و هەرەوەها داخستنى ڕێگاو پردەکان و قەدەغەکردنى هاتوچۆ وو بڵاوپێکردنى خۆپیشاندەران بەزۆرى هێز، خستنە حاڵەتى هۆشدارى توندى هەموو هێزەچەکدارەکانى عێراق.
لەلایەکە تریشەوە سەرۆک کۆمار مافى خۆپیشاندانى بە دەستوورى وەسفکردو داواى دان بەخۆداگرتنى کرد و سەرۆک وەزیران لیژنەى لێکۆڵینەوەى لە سەر کوشتن و برینداربوونى هاوڵاتیان ڕاگەیاند، بەڵام ڕووبەرى خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوو.
لە کۆتاییدا ئەوەى بۆ گەلى عێراق ڕوونتر و ئاشکرابووە بووە شکستى تاقم و حزبە تائیفیە دینیەکانە لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا و نووقم بوون و تێوەگلانیانە بە گەندەڵى گەورەو ئابڕووبەرانەو کەڕوکاسیانە لە ئاست خواست و مافى هاوڵاتیانى عێراقدا.