كەمال محەمەد: ڕۆژئاوای كوردستان لە نێوان بەرداشی زلهێزەكان و تێكۆشانی ئازادیدا.
ئێستای ڕۆژئاوا لە قۆناغە سەختەكانیدایە، سەختییەك كە سەرچاوەكەی بۆ زلهێزەكان ئەگەرێتەوە، كە چەندین ڕوداوی تاڵ و تراژیدیان بە گەلانی ناوچەكە تاقیكردۆتەوەو بەهاكانی ژیانی مرۆڤیان تێكەڵ بە واقعێكی قەیراناوی و نامۆ بوون بە حەقیقەتی ژیان كردۆتەوە، بۆ ئەمریكا و كارەكتەرە جیهانییەكانی دیكە، بەرژەوەندییەكانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر ئەو بنەمایە بوە كە ناوچەكە بكەن بە یەكەیەكی حیسابداری و هەمیشە كاریگەرییە فرە ڕەهەندەكانیان لە ناوچەكە بەڵگەیەكی سەلمێنراو بوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ئەنجامەكەی ناوچەیەكی كائیوس و كۆمەڵگا بە قەیرانەكان بێت، تەواوی ئەمانەش راستییەكی زۆر بە ئێش و خوێناوی بەرجەستەی خستۆتە ڕوو.
لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕ و، تێكچونی دۆخی سوریا قۆناغێكی نوێ بۆ كوردەكان دەستی پێكردەوە و چانسی نەتەوەیەكی بچوكیان بەدەست هێنا. بەڵام ئەو چانسە هەمیشە وەك هەڕەشەیەك ئەبینرا لەلایەن توركیاوە بۆیە لەیەكەم دەرفەتی دەركەوتنی هەرێمی ڕۆژئاوا ئامانجیان لەناوبردنی بوو بۆیە لەگەڵ بەردەوامبونی هەرەشەكانی ئەردۆغان و ئەگەری هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوا وەك چۆن لە ژینۆسایدی ئەرمەنییەكان رویداو هیچ وڵاتێكیش ڕێگر نەبوو، جەستەو ڕێبازی شەرڤانان و گەلی خۆرئاوا بەئێش و ئازارتر ئەكات، بۆیە ئەو پیلانگێڕییەی لە دژی ڕۆژئاوا لە ئارادایە ئەگەر بەربەست نەكرێت زۆرلەو پیلانگێڕییە بەرفراوانترە كە لە ساڵی 1915 كە لە دژی ئەرمەنییەكان ئەنجامدرا.
داواكردنی بچوكترین مافی گەلێكی زیاتر لە 40 ملیۆن كەسی كە ئەنجامەكەی لە ناوچون بێت بەمانای ئەوەدێت كە ئەم گەلە مێژوویە لەكاتی سەرهەڵدان و گۆڕانكارییەكاندا خاوەن بناغەیەكی فیكری و پلان و پرۆژەی پێشوتر ئامادەكراو نەبون و نەیانتوانیوە لە هەوڵوێستی ستراتیژی و تەكتیكی وڵاتان لە ناوچەكەدا سود وەربگرن و وەك گەلێكی زیندوو بمێننەوە و هەمیشە بزاوت و چالاكییەكان شاردراوەتەوەو شێوێنراوە بێگومان واقیعی دونیای هاوچەرخ و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان لە لەیەكی دیكەوە هەمیشە هۆكاری تێكۆشانی گەلان بەرامبەر بە رژێمە داگیركارەكان و بەربەست كردوە و سنورداری كردوە.
كاتێك سڕینەوەی هەوڵ و تەقەلاو بەرخودانی خۆرئاوا لەپێناو بەرژەوەندی زلهێزەكان بهێنینە پێش چاوان ئەو كاتە تێدەگەین كە ئەو گەلە ماندوە چەندین چیرۆكی سەخت و غەمگینیان لە ئاكامی گەمەكانی ئیمپیریالیستییەوە بەسەرداهاتوە و هەموو كات چانسی نەتەوەیەكی هاوچەرخ و مێژووییان لەدەست دەرهێنراوە وەك بڵێی سەربەخۆیی و ئازادی بۆیان دوژمنێك بێت.
خەباتی شەڕڤانان و تێپەڕاندنی ئاستەنگییەكان و شەڕیان دژی گەورەترین رێكخراوی تیرۆرستی جیهانی زێدەڕۆیی نییە،هەڵوەشاندنەوەو داروخانی ئەو رێكخراوە هۆكاری كەمكردنەوەو نەمانی مەترسییەكانی تیرۆریزمی سەر جیهانی بوو كە لەژێر چەتری هێزەكانی سوریای دیموكراتیدا بە ئیرادەی گەلی ڕۆژئاوا قەڵاكانی تیرۆریان ئەكوتاو بونە ڕێگر لەبەردەم پایتەختی خەلافەت ،بۆیە ناكرێت ئەم تێكۆشانەیان تەنیا لەپێناوسەرخستنی مەیلی زۆرترین بەدەستهێنانی قازانجەوە بێت لەلایەن زلهێزەكان و بەتایبەت ئەمریكاوە بەوپێیەی هاوپەیمانێتییان كردبونی بە هێزێكی حەقیقی و دۆخی هاوسەنگی بۆ ئەمریكا لە ناوچەكەو سوریادا و ناكرێت بەرخودانە مێژووییەكەیان دژ بەتیرۆر تەنها بازار گەرم كردنێكی سیاسی و پەرەپێدانی ستراتیژی و ئابورییان بێت.
گەشتن بە مۆدێلی پەسەندكردنی فیدڕاڵی بۆ باكوری سوریا وایكردوە كە توركیا ترسی جددی هەبێت كە ئەم پارچەیە ببێتە قیبلەنمای هەمو هێزە سیاسییەكان و پارچەكانی دیكە و دواتر فراوانكردنی ڕوبەری خەبات و تێكۆشانیان، گەورەتر لەهۆكاری ئەمانە ویست وسیاسەتی ئەمڕۆكەی توركییایە بۆ گەڕانەوەی سەردەمی خەلافەت و بەتورككردنی هەموو ئەو ناوچانەی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.
ئەركی چین و توێژە جیاوازەكانی نەتەوەی كوردە لە تەواوی دنیادا دەرەتانێك بدۆزنەوەو راستییەكانی مەترسی لەناوچونی ئەزمونی ڕۆژئاوا فشاریان بۆسەر یەكێتی ئەوروپا وڵاتانی جیهان بهێنێتە بوون و هەموان كەمەندكێشی ئەو پرسە بكەن كە تا زەحمەتییەكانی بۆ گەلێك و خاوەن ناسنامەیەكی مێژوویی چەند بارە نەبێتەوە، بۆیەهەلومەرجی ئێستای خۆرئاوا و پێویستی ئەو ناوچەیە بۆ كوردەكان بنەماو مەرجێكی گرنگە كە بتوانن خاوەن دەركپێبردنی حەقیقەتی زیاتری ناسنامەییان بن لەبەردەم گەلاندا، ئەمە تێكۆشانێكی گشتگیرە لە پیناو بەدیهاتنی هەموو مافەكان و بەفیڕۆ نەچونی ئەو قوربانی و خوێنەی، كە لە پێناویدا دراون و پێویستە چەمكەكانی بەرگری نەتەوەیی ئەمڕۆ و داهاتوش بە بنەما بگرن.
- بابەتەکانی تری کەمال محەمەد
کەمال محەمەد: سۆسیۆلۆژیای سیاسی و ھەڵبژاردن.
-كەمال محەمەد: هێرشەكانی توركیا و كۆنسێپتی شەڕ.
-كەمال محەمەد: كۆرمۆر و بەردەوامی درۆنەكان.
- All Posts