لوقمان غه‌فوور: له باشوره‌وه باسی ئه‌خلاق بۆ رۆژئاوا ده‌كه‌ن.
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا وێنه‌ی ته‌ڵخ و پڕ له شوخت له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی باشووری كوردستانه‌وه پیشانی یه‌كتری درا. یان یه‌كپارچه هه‌موو بوون به شۆڕشگێڕێكی پێرفێكت، یان دنیای سیاسه‌تیان له منداڵدانی ئه‌خلاقدا ده‌رهێنا. پیشاندانی هه‌ردوو وێنه‌كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بۆ كه‌سێك كه ته‌نیا له شاشه‌ی تیڤی كوردی نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه له دنیای سیاسه‌ت بڕوانێت، ئاساییه. به‌ڵام بۆ كه‌سێك كه له‌نێو دنیای نووسین و مه‌عریفه‌دا ژیابێت، سه‌یره تێڕوانینی وا بێت. كورتبینی له دنیابینی خه‌ڵكی باشوردا كه زۆرجار به‌عه‌قڵی هه‌شتاكان بیرده‌كه‌نه‌وه، خراپه. له چه‌ند دیمه‌نێكی كورت-دا ئه‌و دنیابینییه‌ی كورتبینه‌كان ده‌خه‌مه‌ڕوو.
دیمه‌نی یه‌كه‌م: كوردایه‌تی به تێگه‌یشتنه كلاسیكییه‌كه‌ی ئه‌بێت خه‌بات بێت بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، ئیتر بێ ئه‌گه‌ر و چه‌ند و چوون. به‌ڵام ئایا له بنه‌ڕه‌ته‌وه لای باشور وایه. گریمان په‌كه‌كه بۆئه‌وه‌ی به‌هانه نه‌دات به‌ده‌ست توركیاوه ناچێته به‌ره‌ی شه‌ڕه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوو پارچه‌كه‌ی تری كوردستان ده‌زانن رۆژئاوا به‌خوێن به‌رگری لێده‌كرێت ئه‌وه پێویسته هه‌رچی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له باشور و خۆرهه‌ڵاته‌وه رووبكه‌نه رۆژئاوا‌و دژی سوپای فاشستی تورك بجه‌نگن. به‌ڵام له باشوره‌وه وێنه‌یه‌كی ته‌ڵخ له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه نمایش ده‌كه‌ین ئه‌مانه‌وێت مارێنزی ئه‌مریكی له‌بری پێشمه‌رگه بچێت شه‌ڕ بكات. به‌ڵام كه‌س هه‌یه له خۆی پرسیبێت ئه‌م تێڕوانینه راسته!؟ باشور 180 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه، جگه له‌وه‌ی “هێزی رۆژ” وا پرۆپاگه‌نده‌یان ده‌كرد هێزی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه و 10 هه‌زار كه‌س ده‌بن و مووچه‌یان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌مانه له كوێن؟
دیمه‌نی دووه‌م: كوردێكی ئه‌و باشوره باس له بێئه‌خلاقی تره‌مپ ده‌كات. گریمان قسه‌كه‌ی ئه‌و ته‌واوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر بێئه‌خلاقی بكه‌ین ئه‌بێت له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین كه خۆمانی تێدا نیشته‌جێین. ناكرێت له‌باشوره‌وه سنوور بۆ ئه‌خلاقی تره‌مپ بكێشین له‌كاتێكدا ئه‌م هاوڕێیه به‌هه‌موو ته‌مه‌نی یه‌ك وشه‌ی به‌رامبه‌ر نائه‌خلاقی حزبی كوردی و سه‌ركرده‌كانی نه‌نووسیوه. كه له‌كوردستان بووم رۆژ نه‌بوو وتارێك له‌سه‌ر یه‌كێتی و پارتی و سه‌ركرده شكستخواردووه‌كانی كورد نه‌نووسم. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بوو، ئه‌مانه له‌به‌ر ده‌ستمدا بوون. به‌ڵام كاتێك گه‌یشتمه ئه‌مریكا، كه‌مترین قسه له‌سه‌ر پۆخڵهواتییهكانی سیاسه‌تی سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌كه‌م، چونكه ئه‌مانه له‌به‌رده‌ستی من نین. كه‌واته دیمه‌نه تهڵخهكه ئه‌وه‌یه تۆ 27 ساڵی ته‌مه‌نت له‌گه‌ڵ نائه‌خلاقی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورددا به‌سه‌ر بردووه و یه‌ك وشه‌ت له‌سه‌ر پێشێلكردنی ئینسانی باشور له‌سه‌رده‌ستی سه‌ركرده‌كانی نه‌وتووه، ئێستا وانه‌ی ئه‌خلاقی چی به تره‌مپ ده‌فرۆشیته‌وه؟
دیمه‌نی سێیه‌م: به‌نامه‌ی براده‌رێك تێر پێكه‌نیم كه بۆی ناردم. وتی: تۆ ئه‌مریكیانه ئه‌نووسیت؟ سه‌یره من له ئه‌مریكا ئه‌ژیم، ئه‌ی ئه‌ته‌وێت چۆن بنوسم! من سیستمی ئه‌مریكیم خۆش ده‌وێت، چونكه ئه‌كته‌رێكی به‌ناوبانگی هۆلیود “رۆبه‌رت دی نیرۆ” له به‌خشینی خه‌ڵاتێكی سینه‌مایدا له‌به‌رده‌م 1000 ئه‌كته‌ر و سینهماكاردا له هۆڵێكدا یه‌كه‌م قسه‌ی وتی: “فه‌ك تره‌مپ”. كام سینه‌ماكار و شاعیر و رۆشنبیر و كه‌سی به‌جه‌رگ له هۆڵێكدابهم فلۆنتلییهوه ئه‌م دوو وشه‌یه به مناڵی به‌رپرسێكی كورد بڵێت. كه‌واته من سیستمهكهم خۆشده‌وێت چونكه منیش به‌یانی ئه‌توانم له‌ناو هۆڵی خوێندنه‌كه‌مدا له‌به‌رده‌م مامۆستاكهمدا بڵێم: “فه‌ك تره‌مپ”. دیمه‌نه تهڵخاوییهكه ئه‌وه‌یه تۆ له‌باشوره‌وه نه‌خشه‌ی دیموكراتی بۆ ئه‌مریكا مه‌كێشه كه رۆژنامه‌نووس و نووسه‌رانی ئه‌مریكا زیاتر له 20 كتێبی توندیان له‌سه‌ر تره‌مپ نووسیوه و شڕو شیتاڵی سه‌رۆك تره‌مپ هه‌ڵده‌ماڵن، رۆژ نییه میدیاكارێك تره‌مپ نه‌كات به‌ناو تونێڵی ره‌خنه‌دا، به‌ڵام تۆ به وتارێك تا ئێستا نه‌توێراوه نه‌ك باسی سه‌ركرده‌یه‌ك، به‌ڵكو باسی ئابڕووچوونی 31ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبه‌ر بكه‌یت. به‌ئه‌رك نه‌بێت تۆ باسی مه‌ودای دیموكراسی بۆ ئه‌و سنووره ته‌سكه‌ی باشور بكێشه كه به‌رژه‌وه‌ندی حزبیت هه‌یه بۆیه بێده‌نگی، ئه‌و كات باس مافی مرۆڤ و بێشێلكاری بكه له سیاسه‌تی ئه‌مریكای سه‌رده‌می تره‌مپ-دا.
دیمه‌نی چواره‌م: میدیاكاری ئه‌مریكی زۆرجار له‌سه‌ر سۆز كارده‌كات بۆئه‌وه‌ی دنیای سیاسه‌ت بجوڵێنێت، ره‌نگه سوپاسالارێكی ئه‌مریكی كه قسه بۆ میدیایه‌ك ده‌كات تا ده‌گاته میدیای كوردی له‌نێو واته واتدا رسته راسته‌كه به پوختی نه‌ناسرێته‌وه. خاتوونێكی رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكی ده‌یگێڕێته‌وه كاتێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی ئه‌مریكی كردووه، سه‌ربازه‌كه وتویه‌تی هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌م كاتێك ده‌بینم به‌به‌رچاومه‌وه هێرش ده‌كرێته سه‌ر كورده‌كان. ئه‌م قسه‌یه ته‌نیا بۆ ناو دێڕی شیعری شاعیرێكی باشور جوانه و به‌به‌لاش له سوچی رۆژنامه‌یه‌كدا بڵاویكاتهوه. بۆیه زۆری ئه‌وانه‌ی عه‌وداڵن به شیعره‌وه ئه‌م وته‌یان گواسته‌وه. ئه‌م دێڕه‌ی وتاره‌كه‌ی ئه‌م خاتوونه رۆژنامه‌نووسه، هیچی له وتاره‌كه‌ی “كۆڵن كاهڵ” كه‌متر نه‌بوو كه هه‌شت مانگ له‌مه‌وبه‌ر له وتارێكدا له واشنتۆن پۆست به‌خه‌یاڵ چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدانی لێدانی ئێرانی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه بڵاوكرده‌وه كه له‌مانگی ئۆگه‌ست دا رووده‌دات.
دیمه‌نی پێنجه‌م: كاتێك گه‌یشتمه ئه‌مریكا كه‌یس وۆركهرهكهم پێیوتم هه‌رچیت كرد له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمپانیا و كه‌سێك به نووسراوی كاغه‌ز بیكه، له‌ئه‌مریكا به‌ڵێنی ده‌می ناخوات. ئه‌م قسه‌یه هاوشێوه‌ی وتاره‌ی “ستیڤن برایه‌ن”ه كه له ئاسیا تایم بڵاویكردۆته‌وه كه ده‌ڵێت: “ئایا كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له سوریا و جێهێشتنی كورده‌كان به تۆمه‌ت حیسابه له‌سه‌ر تره‌مپ؟. بێگومان نه‌خێر، چونكه هیچ رێككه‌وتنێكی سه‌ر كاغه‌ز نییه له‌نێوان ئه‌مریكا و كورده‌كان، هه‌رچه‌نده ناتوانین به‌ڵێنی ده‌می بخه‌ینه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی رێككه‌وتن به كورده‌كان به‌ڵام بناغه‌ی یاسایی بۆ ئه‌م وه‌عد و به‌ڵێنانه كارێكی یاسایی ناگرێته‌خۆی”. بۆیه دیمه‌نه تهڵخاوییهكه ئه‌وه‌یه كه رۆژئاوا خۆیان ئه‌م هه‌قیقه‌ته ئه‌زانن بۆیه له هه‌ندێك لێدوانی دژ به ئه‌مریكا خۆیان به‌دوور ده‌گرن. ئه‌وان ئارامترن و واقیعبین ترن. واقعبین ترن چونكه كاتێك هێزه‌كانی سوریای دیموكرات چه‌كی پێشكه‌وتووی “جاڤلن و تۆ‌و”ی دژه تانك ئه‌ته‌قێنن، كه ئه‌مریكا پێی به‌خشیون توانی تێكشكاندنی به‌هێزترین تانكی وه‌ك لیوبارد ئه‌ی 72 ئه‌ڵمانی و ئێم ئه‌ی تووی ئه‌مریكی هه‌یه. ئه‌زانن ئه‌م شه‌ڕه ئه‌گه‌ر درێژه بكێشێت پێویستی به هێزی لۆجستی به‌هێز و زیاتر هه‌یه كه ته‌نیا ئه‌مریكا بۆیان دابینده‌كات. ئه‌وان ته‌نیا بیر له‌مڕۆ ناكه‌نه‌وه بیر له سبه‌ی و داهاتوو ده‌كه‌نه‌وه كه رۆژێك دێت ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بێت به ناوچه‌یه‌كی ئارامی سه‌ربه‌خۆ.
دیمه‌نی شه‌شه‌م: سوریا هاوكێشه‌یه‌كی ئاڵۆز و پڕ خوێناوییه. رووسه‌كان خۆیان به‌خاوه‌ن ماڵ ده‌زانن چونكه پێیان وایه ئه‌وان له‌لایه‌ن رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌ده‌وه بانگهێشت كراون. ئێران به‌خاكی خۆی ئه‌زانێت ته‌راتێنی تێدا بكات چونكه له‌سه‌رده‌می حافز ئه‌سه‌ده‌وه هاوپه‌یمانه. توركیا چه‌ند شوێنێكی داگیركردووه و ده‌یه‌وێت زیاتریش داگیر بكات، چونكه شه‌ڕی كۆنه‌قین ده‌كات. ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی شه‌وانی ساڵی نه‌وه‌ده‌كان بكاته‌وه كه چۆن په‌كه‌كه له له سنووری كۆبانی و ته‌لئه‌بیز و رهئسلعهین و درباسییهوه خۆیان ده‌كرد به‌سنووری توركیادا و جه‌ندرمه‌كانی توركیایان ته‌مبێ و بیراز ده‌كرد. ئه‌گه‌ر كه‌سێك “كتێبه‌كه‌ی محه‌مه‌د” بخوێنێته‌وه كه باس له‌و سه‌ربازانه ده‌كات له‌ناو به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه جهنگیوین ئه‌و دیمه‌نانه‌ی چنگده‌كه‌وێت. هه‌رچی ئه‌مریكایه دره‌نگوه‌خت گه‌یشته ناو ته‌پوتۆزی سوریاوه، دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له وتارێكم بڵاوكرده‌وه به‌زمانی ئینگلیزی له ژێر ناوی “ته‌مبێكردنی ئێران پێویسته”، باسم له‌وه‌كرد كه یه‌كێك له‌هه‌ڵه ستراتیژییه‌كانی ئیداره‌ی ئۆباما له‌وه‌دابوو كه دره‌نگ خۆی گه‌یانده سوریا. كه چووه سوریا دژی تیرۆر چووه. دیمه‌نه تهڵخاوییهكهی بینینی باشور ئه‌وه‌یه پێیانوایه نابێت له ناو جه‌نگدا كه‌س بكوژرێت.
كۆتا ئه‌گه‌ر پێویست بكات دیمه‌نی حه‌وته‌م و هه‌شته‌م و نۆیه‌م بۆ بینی وێنه تهڵخاوییهكهی باشور ئه‌كێشم كه له دیمه‌نی حه‌وته‌مدا چۆن كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری میدیای درۆزنی عه‌ره‌بی، له هه‌شته‌مدا باس له‌وه ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی له كۆنگرێس و كۆنگرێسمانه‌كانی ئه‌مریكا چاوه‌ڕێی ئه‌كه‌ن، وانییه، له‌دیمه‌نی ته‌ڵخاوی نۆیه‌مدا به‌كورتی ئه‌ڵێم حزبییه‌كانی باشور هه‌موو جیهان به‌خزمه‌تكاری خۆی ئه‌زانێت له‌كاتێكدا خۆیان خزمه‌تكاری بهرپرسهكانیانن.