کاوسێن بابەکر: ڕۆژئاوا دەرگای هەڵمەتی بەپەلەی پێکەوەیی دەکاتەوە.
ئەم هێرش و داگیرکاریەی تورکیا لەژێر پەردەی بێکەسی کوردو پەرتەوازەیی هێزەکوردیەکان ڕوودەدا، ئازایەتی کورد دژی داعش و شکاندنیان لەجیاتی هەموو دونیاو ئاشتیخوازی و ڕەوایی داخوازیەکان هیچ شەکوایەکی بۆ کورد نەکرد! بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەرهاویشتەیەکی تازە و زەمینەیەکی نوێ دەڕەخسێنێ بۆ هەڵمەتی خەباتی پێکەوەیی:
1- گەلانی دونیاو زۆر لەووڵاتان وەدەنگ هاتوون و دژی ئەم هێرشەن و، بۆیەکەمینجارە سۆزێکی گشتی لەناو گەلانی سەرانسەری دونیا خەمڵیوە.
2- ئەم هێرشە تەنها بۆ ئەو ناوچانە نییە، بەڵکو بۆ گۆڕینی دێموگرافیای ناوچەکەیەو مەترسیەکی جدیە بۆسەر ئایندەی کورد لەهەموو کوردستان ئەوەش فاکەترێکە دەبێ زیاتر یەکمانخا.
3- ئەم مەترسیە هەموو کوردو هێزە کوردیەکانی ووشیارکردۆتەوەو خەریکە گوتارێکی یەکگرتوو دروست دەبێ، کە دەبێ پەرەی پێ بدرێ.
ئەم ڕاستیانەی سەرەوە دەرفەتێکی ڕەخساندووە، دەبێ هانماندا بەپەلە ئەم کارانە بکەین:
1- وەلانانی ناکۆکیەکان و بەرژەوەندیە حزبیەکان و، دروستکردنی یەکڕیزیەکی نوێ و هەمیشەیی بۆ بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەو نیشتمان.
2- کۆنفرانسێکی بەپەلە پێویستە بۆوەرگرتنی هەڵوێست و هەڵمەتێکی پێکەوەیی و یەکخستنی گوتارێکی نیشتمانی یەکگرتوو.
3- دروستکردنی وەفدێکی دیپلۆماتی هەمیشەیی کەنوێنەری سەرجەم پارت و هێزەسیاسی و کەسایەتیەکوردستانیەکان و نەتەوەی تربگرێتە خۆ و، کەسایەتیە دۆستەکانی کورد لەووڵاتان بەشداری پێ بکرێ، بۆ سەردانی ووڵاتان.
4- پێکهێنانی ژوورێکی عەمەلیات بۆ فریاگوزاری هەمەجۆر، کۆمەکی تەندروستی و کەلوپەلوخۆراک بۆ ئیدارەکانی خۆسەری و، هێزی شەڕڤانان و ئاوارەکان.
5- یەکخستنی ڕاگەیاندنەکان و، کارکردنی پێکەوەیی.