کامەران چروستانی: نامەیەک بۆ پەرلەمانتار مونا قەهوەچی.
دەزانم وەک ئافرەتێکی تورکمان خوێنی تورکی لەناو ناختدا دەبزوێت، تێگەیشتنیشم بۆت هەیە کە جۆرێک لە سۆز و ڕۆحێکی نیشتمانیت بۆ دەوڵەتی تورکیای دایکت هەبێت کە ئەمەش ڕاستەوخۆ لە هەڵوێست و بۆچوونەکانت ڕەنگ بداتەوە. بەڵام مەرجیشە هەموو ئەمانە لە مۆراڵی سیاسییدا و مرۆڤایەتیدا ڕەنگ بدەنەوە و مرۆڤ وەهای لێ نەیەت سنوورەکانی مرۆڤایەتی خۆیشی لەبیر بکات و بیانبەزێنێت.
هاوکات بێگومانم بەهۆی بوونت لەناو سنووری باشووری کوردستاندا زۆر لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستانیت و بە چ شێوەیەک شەڕەڤانان نەک تەنیا لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵکوو لەلایەن هەرە زۆرینەی ڕۆژئاوا و وڵاتانی جیهانەوە پشتگیرییان لێ دەکرێت، هەروەها چ پشتگیری و خۆشەویستییەکیان لەناو کۆمەڵگای کوردی باشووری کوردستاندا بەدەست هێناوە. بە واتایەکی دیکە لکاندنی خەسڵەتی تێرۆریست بە شەڕەڤانانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە تەنیا لەناو فەرهەنگی ڕەگەزپەرستی تورکیادا بەدی دەکرێت لە کاتێکدا هەموو جیهان (بە بەڕێزیشتەوە) ئاگادارن دەوڵەتی تورکی چۆن داعشی بەهێز کرد و بە چ شێوەیەک سنووری بۆ تێرۆریستەکان کردەوە بۆ ئەوەی لە تورکیاوە بۆ سووریا دەرباز ببن، ئەمە جگە لە قاچاخچێتی نەوت لەگەڵ هەمان ڕێکخراودا کە لەژێر سەرپەرشتیاریی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئێستای تورکیادا ئەنجام دەدرا.
خۆ ئەگەر ئەم تێڕوانینەی جیهان بەرامبەر لایەنە سیاسی و ئارتەشییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاست نەبێت، ئەوا دەتوانین هاوکێشەکان پێچەوانە بکەینەوە و بڵێین کە هەرە زۆرینەی دەسەڵات و سیستمەکانی جیهان پشتگیری لە تێرۆریزم دەکەن تەنیا تورکیا نەبێت، کە ئەمەش بەرەو قاڵبی بیردۆزی پیلانگێڕی دەمان بات.
بەڕێزت لەناو پەرلەمانی کوردستاندا داوای وەدەرنانی یەپەگەت کردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان: هێزێک، کە کۆمەڵگایەکی سێ ملیۆنی بەرهەمی هێنا و داکۆکی کرد نەک تەنها لە خاک و نیشتمانەکەی خۆیان، بەڵکوو لەبری هەموو جیهان دەجەنگا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پارێزگاری لە خودی تورک و تورکمانەکانیش بکات لەو تێرۆریستانەی، کە دەسەڵاتی تورکی ڕەوانەی سوریای دەکردن، هێزێک کە هیچ سیستمێکی ڕەگەزپەرستانەی ناوچەکە قبوڵی نییە و بگرە هەموو ڕێبازێک بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی ئەو پێگەیە لەناو بەرن. هێزێک، کە هەموو جیهان پشتگیری لێ دەکات و شانازی پێوە دەکات.
لێرەدا دیدی بەڕێزت پابەند نییە بەوەی ئایا یەپەگە تێرۆریستن یان نا، بەڵکوو زیاتر بەستراوە بە قبوڵکردنی سەرهەڵدانی پێگەیەکی دیکەی کوردی لە ناوچەکەدا کە لە خۆیدا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ هەستی نەتەوایەتی و تێزی کورد لە تورکیادا، هەروەها تەقینەوەی کینەی هەستی ڕەگەزپەرستی دەسەڵاتی تورکییە بەرامبەر ئەو پێگەیە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە تۆیش لەژێر پەردەی ئەو کینەدا هەڵوێست و بۆچوونەکانت دادەڕێژیت.
سسەرباری هەموو ئەمانە ئاواتەخواز بووم بە لایەنی کەمەوە لایەنی مرۆییانە کەمێک تۆی بجوڵاندایەوە و کەمێک تەماشای قوربانییە بێتاوانەکانی ئافرەت و منداڵ و پیری ئەم هێرشەت بکردایە، کە هەموویان بەهۆی دڕندەیی هێرشی سوپای تورکی و هێزە تێرۆریستە ئیسلامییەکانی هاوبەشیانەوە شار و شارۆچکەکانی خۆیان بەجێ هێشتووە، ئەمە جگە لە چەندین تاوانی نامرۆییانە کە بەرامبەر بە خەڵکانێکی بێتاوان ئەنجام دەدرێت یاخود ئاواتەخوازی ئەوە بووم بەلایەنی کەمەوە کە وێنەی قوربانیی ئەو منداڵانە هاندەرێک بوونایە بۆ بەڕێزت وەک ئافرەتێک یان دایکێک بۆ ئەوەی ئاماژەت بەوە بدایە، کە لەم جەنگەدا قوربانی هەن کە هیچ تاوانێکیان نییە، وەلێ مەخابن هەر کاتێک مرۆڤ لەناو زەلکاوی ڕەگەزپەرستیدا بژی و لە دەرەوەی هزر و بیرکردنەوەی خۆی فرمانی پێ بدرێت چەند و چۆن و بە چ شێوەیەک بیر بکاتەوە، ئیتر دەبێت بە کەرەستەیەکی خاو بۆ شتنەوەی هزر و لۆژیک و مرۆڤایەتی.