چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ژنه‌په‌رله‌مانتاری سویسرا و دۆستی کورد” ماتیا مایه‌ر.
سازدانی: هیوا ناسیح
(پێویسته ده‌ستبه‌جێ ئه‌م داگیرکارییه بوه‌ستێت، هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌نامه له‌سه‌ر تاوانکارانی هێرشی سه‌ر سوریا کۆبکرێته‌وه، تا دواتر وه‌ک تاوانباری جه‌نگ بۆ به‌رده‌م دادگای سزادانی نێوده‌وڵه‌تی بانگ بکرێن)
ماتیا مایه‌ر کچێکی ژیکه‌ڵه و هه‌میشه ده‌مبه‌خه‌نده ی 32 ساڵه‌یه، زۆر چالاک و بزێوه، وتارده‌رێکی باش و ره‌وانبێژه، له زانکۆی زویرخ جوگرافیای ئابوری وه زانستی سیاسی خوێندوه. هاوسه‌رۆکی رێکخراوی گه‌نجانی سۆسیالیست بووه، ئێستاش سه‌رۆکی دوو رێکخراوی تره. په‌رله‌مانتاره له سه‌ر لیستی پارتی سۆسیال‌دیموکراتی سویسرا، خولی په‌رله‌مانتارییه‌که‌ی به‌ره‌و کۆتایی ده‌چێت و کاندیده بۆ خولی داهاتوو، چانسی دهرچوونهوهشی زۆره. ئه‌م له شاری ڤینته‌رتور له کانتۆنی زویرخ داده‌نیشێت. ناوبراو ئه‌ندامی (گروپی په‌رله‌مانتارانی دۆستی کورده) له په‌رله‌مانی سویسرا، خۆی به دۆستی گه‌لی کورد ده‌زانێت و له کاتی هێرشی ئه‌م دواییه‌ی سوپای تورکیاشدا یه‌کێک بوو له‌و که‌سایه‌تییه دیارانه‌ی ئه‌م وڵاته، که هه‌ر زوو ده‌نگی هه‌ڵبڕی و داوای هه‌ڵوێستی کرداریی له حکومه‌تی سویسرا کرد. بۆ ناسینی زیاتری ناوبراو وه شاره‌زایی به بیروبۆچوونه‌کانی ئه‌م گفتوگۆیه‌مان له‌گه‌ڵیدا ساز کرد.
هیوا: چ زانیارییه‌کت هه‌یه سه‌باره‌ت به کورده‌کان به گشتی؟ ئایا په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی کوردی له‌م وڵاته‌دا هه‌یه؟
ماتیا: من به به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ کورده‌کانی سویسرادا هه‌یه و زۆر خۆشحاڵم به‌مه. ره‌وشی کورده‌کان به گشتی و به‌تایبه‌ت دۆخی ئێستای رۆژئاوا گرنگی هه‌یه لام. پێش چه‌ند رۆژێک بۆ نمونه له ئاهه‌نگێکی زه‌ماوه‌ندی کورده‌کان بووم. به‌رده‌وام له رۆژنامه‌کاندا به‌دوای هه‌واڵ و زانیاریم له‌سه‌ر ئه‌وان.
هیوا: پیش چه‌ند ساڵێک گروپێکی چالاک هه‌بوون له په‌رله‌مانی سویسرا به ناوی ( گروپی په‌رله‌مانتاران بۆ دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد)، وه‌ک من زانیاریم هه‌بێت زۆربه‌یان ئه‌ندامی فراکسیۆنه‌که‌ی ئێوه (سۆسیالدیموکرات) بوون. ئایا ئه‌م گروپه هه‌ر ماون؟ په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه؟
ماتیا: من له مانگی یه‌کی 2016 بوومه ئه‌ندام له‌و گروپه. ساڵی 2016 هه‌ندێک چالاکییان کرد. له مانگی سێی 2017 ه‌وه هیچ داوهتنامهیهکم له‌وانه‌وه پێنه‌گه‌یشتوه. هاوسه‌رۆکه‌کانی بریتین له کارلۆ سوماروگا و سیبیل ئه‌رسه‌لان (په‌رله‌مانتارێکی به‌ره‌گه‌ز کورده له‌سه‌ر لیستی پارتی سه‌وز – هیوا).
هیوا: گه‌ر تۆ هه‌ڵبژێردرایته‌وه به په‌رله‌مانتار چی ده‌توانی بۆ کورده‌کان بکه‌یت؟ مه‌به‌ستیم لێره‌دا کورده‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته.
ماتیا: ئه‌وه ڕوونه، که ده‌بێت سویسرا شتێک بکات، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی کورده‌کان باشتر ببێت. ئه‌و داگیرکارییه‌ی تورکیا ده‌یکات و تاوانکارییانه‌یان بۆ سه‌ر کورده‌کان زۆر جێگه‌ی بایبهخپێدانم ده‌بێت. من له نێو په‌رله‌ماندا به‌ته‌واوی پشتگیری له داواکارییه‌کانی پارته‌که‌م ده‌که‌م له‌م باره‌وه، که رایگه‌یاندوه، ئه‌وانه‌ش:
1- هه‌موو رێگاچاره دیپلۆماسییه‌کان بخرێنه کار، تا رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بڕیاری ئاگربه‌ستێکی ده‌ستبه‌جێ بدات وه ناوچه‌ی دژه‌فڕین (قه‌ده‌غه‌ی فڕین) له‌وێ رابگه‌یه‌نرێت.
2- هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان بکرێن، تا کۆتایی به توندوتیژیی بهێنرێت. له ژنێڤ به به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه‌کان گفتوگۆ بکرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه بۆ ململانێکه.
3- هه‌نارده‌کردن و فرۆشتنی چه‌ک بۆ تورکیا بوه‌ستێنرێت. هه‌روه‌ها هه‌ناردنی ئه‌و مادده‌ی خاو و ئامێر و پارچانه‌ش (هی بواری سه‌ربازیی) که پێشتر رێگه‌پێدراو بوونه قه‌ده‌غه بکرێن.
4- رێککه‌وتنی ناوچه‌ی بازرگانیی ئازاد له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناسراو به (ئیفتا) له‌گه‌ڵ تورکیادا سڕ بکرێت تا کۆتایی هاتنی داگیرکارییه‌که.
5- به‌رامبه‌ر لێپرسراوانی ئه‌م هێرشانه سزا و گه‌مارۆی تایبه‌تی وه‌ک قه‌ده‌غه‌ی سه‌فه‌ر و سڕکردنی حسابه بانکییه‌کانیان ئه‌نجام بدرێت. ئینجاش دۆکیۆمێنت له‌سه‌ریان کۆبکرێته‌وه، تا دواتر وه‌ک تاوانباری جه‌نگ بۆ به‌رده‌م دادگای سزادانی نێوده‌وڵه‌تی بانگ بکرێن.
6- داوا له کۆمه‌ڵگای وڵاتانی ئه‌وروپا و وڵاتانی تریش بکرێت، که سزای تایبه‌تی له سه‌ر بڕیارده‌رانی ئامێری جه‌نگی هێرشه‌که‌ی تورکیا ده‌ربکه‌ن، تا سه‌رجه‌م هێرشه سه‌ربازییه‌کانیان له سوریا راده‌گرن.
7- هاوکاری که‌ناڵه دیموکراتی و رێکخراوه‌کانی بواری مافه‌کانی مرۆڤ له تورکیا و سوریادا بکرێت و هه‌وڵی کردنه‌وه‌ی که‌ناڵی نوێی هاوکاریی مرۆیی بدرێت.
هیوا: ڕات چییه له سه‌ر په‌ناخوازان له سویسرا و ئه‌و یاسایانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه له‌م وڵاته‌دا به‌رکارن؟
ماتیا: له جیهاندا زیاتر له 60 میلیۆن که‌س له وڵاتی خۆیان هه‌ڵهاتون. ته‌نها به‌شێکی زۆر که‌م له‌مانه دێن بۆ ئه‌وروپا و بۆ سویسرا. له ساڵی رابردوودا پانزه‌هه‌زار و سێسه‌د که‌س وه‌ک په‌ناخواز هاتونه‌ته ئێره. له ئێستادا نزیکه‌ی 62 هه‌زار په‌ناخواز له سویسرا هه‌ن، که ئه‌مه‌ش که‌متر له سه‌دا یه‌کی دانیشتوانی ئێره‌یه. به‌لای منه‌وه زۆر جێی خۆیه‌تی که خه‌ڵکانی په‌ناخواز وه‌ربگیرێن. ئه‌وان مافیان هه‌یه داوای مافی په‌نابه‌ریی بکه‌ن وه مافیان هه‌یه، که لێکۆڵینه‌وه له داواکه‌یان بکرێت. ئێمه ده‌بێت له‌گه‌ڵ په‌ناخوازه‌کاندا وا بجوڵیینهوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ نمونه خۆمان کاتێ هه‌ڵبێین و داوای مافی په‌نابه‌ری بکه‌ین، حه‌ز بکه‌ین وا هه‌ڵسوکه‌وتمان له‌گه‌ڵدا بکرێت. یاسای په‌نابه‌ریی پێویسته بۆ داکۆکی و پاراستنی مافی په‌نابه‌ران بێت. به‌ڵام من زۆر جار هه‌ست ده‌که‌م، ئه‌م یاسایه وا به‌کارده‌هێنرێت، تاوه‌کو که‌مترین که‌س وه‌ک په‌نابه‌ر وه‌ربگیرێن، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه.
هیوا: ڕات چییه له‌سه‌ر یاساکانی په‌یوه‌ند به هاوڵاتیبوون (وه‌رگرتنی وڵاتنامهی سویسرا)؟
ماتیا: له سویسرادا یه‌ک له‌سه‌ر چواری دانیشتوانی ناتوانن ده‌نگ بده‌ن، چونکه وڵاتنامهی سویسرییان نییه. بۆیه که‌موکوڕی گه‌وره له سیسته‌می دیموکراتی ئێمه‌دا هه‌یه. یاسای بوونه هاوڵاتیی سویسری زۆر سه‌ختن. کێ لێره ده‌ژیت، مافی خۆیه‌تی مافی بڕیاردان و دانگدانی هه‌بێت. ئه‌مه پێویستی به مافی ده‌نگدانی بیانییه‌کان هه‌یه، ئه‌مه‌ش پێویستی به یاسای ئاسان و سوک بۆ وه‌رگرتنی مافی هاووڵاتیبوون هه‌یه. بۆ من ئه‌مه ڕوونه، کێ لێره له‌دایک ده‌بێت، یه‌کێکه له ئێمه، پێویسته مافی وه‌رگرتنی گوزه‌رنامه (پاسه‌پۆرت)ی سویسری هه‌بێت.
هیوا: ماتیا لای تۆ په‌رله‌مانتار بوون واتی چییه؟
ماتیا: وه‌ک په‌رله‌مانتار ده‌توانم ئه‌و بابه‌تانه بێنمه سه‌ر مێزی گفتوگۆ، که خاوه‌ن دهستهڵاتهکان ده‌یخه‌نه ژێر به‌ڕه. کۆمپانیا گه‌وره‌کانی سویسرا سه‌رچاوه‌ی مادده‌ی خاو و ره‌نجی خه‌ڵکی وڵاتانی باشوری ئه‌فریقا ده‌مژن، خۆشیان له پێدانی باج، که ملیاره‌ها دۆلاره، ده‌دزنه‌وه. ئه‌وان شتێک ده‌ڵێن و به‌کرداری شتێکی دی ده‌که‌ن. من کار بۆ ئه‌وانه ده‌که‌م له په‌رله‌ماندا، که بێده‌سته‌ڵاتن، پاره‌ی که‌م و مافی که‌م و ده‌سته‌ڵاتی که‌میان هه‌یه. بۆ نمونه سانس پهپیر (واته خه‌ڵکانی بێ مۆڵه‌تی فه‌رمی، ئه‌وانه‌ن که بێ هیچ کاغه‌زێکی فه‌رمی له‌م وڵاته‌دا ده‌ژین و به هه‌زاران که‌سن – هیوا)، هه‌روه‌ها په‌ناخوازه‌کان. دیاره من نه‌ک هه‌ر له‌ناو په‌رله‌مان، بگره له ده‌ره‌وه‌ش کارم بۆ ئه‌مانه کردوه و ده‌که‌م. له ساڵی 2017 ه‌وه من هاوسه‌رۆکی پلاتفۆرمی بێ مۆڵهتهکانم (سانس پهپیر)، وه له ساڵی 2018 ه‌وه سه‌رۆکی رێکخراوی SAH)) م که کار بۆ ئاوێته‌بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی خه‌ڵکانی ههڵاتو و هه‌ژار ده‌کات.
هیوا: ئینتیگراسیۆن (ئاوێته‌بوونی خه‌ڵکانی بێگانه به کۆمه‌ڵگه‌ی نوێ) لای تۆ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ چۆن سویسرا ده‌توانێت ئه‌م پرۆسه‌یه ئاسان بکات یان خێراتر بکات؟
ماتیا: من له‌و باوه‌ڕه‌دام، که کۆمه‌ڵگا قازانج ده‌کات، گه‌ر ئێمه بیانییه‌کان له یه‌که‌م مانگی هاتنیانه‌وه بۆ ئێره وه‌ک به‌شێک له کۆمه‌ڵگاکه‌مان وه‌ربگرین و بناسین. ئه‌مه واتای وایه، کۆرسی زمان، ئاوێته‌بوون له خوێندنگه، له بازاڕی کار… وهتد. ئاوێته‌بوون پێویسته له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ‌بکات، کێ له‌سه‌ره‌تاوه له کۆمه‌ڵ جیا بکرێته‌وه و ته‌ریک بخرێت، بێگومان دووره‌په‌رێز ده‌بێت و نا‌ئومێد ده‌بێت له تێکه‌ڵبوونه‌که. ئه‌مه‌ش ههنگاوێکی هه‌ڵه‌یه.
گرنگه که:
– مناڵی بیانییه‌کان تا زووتره بخرێنه به‌ر خوێندن.
– هانی زوو خستنه سه‌رکاری خه‌ڵکه‌کان بدرێت.
– مێردمناڵه‌کان و گه‌نجه‌کان هان بدرێن خولی فێربوونی پیشه‌یی و خوێندن ده‌ست پێ بکه‌ن.
– هه‌موو خوله‌کان و کۆرسه‌کان بکرێن به خۆڕایی بۆیان
– هه‌موو له خانوو (شوقه) دا بژین، نه‌ک ناچار بکرێن، که له که‌مپی په‌ناخوازاندا ژیان به‌سه‌ر به‌رن.
– بتوانن ئه‌ندامانی خێزانه‌کانیان، که له وڵاتی خۆیانن رابکێشرێن بۆ ئێره و پێکه‌وه بژین. چونکه گه‌ر که‌سێک خێزانه‌که‌ی لێره بێت باشتر ده‌توانێت ئاوێته ببێت.
– زۆر گرنگه، که به زوویی بڕیار له دۆسییه‌ی په‌ناخوازن بدرێت، که ئایا مافی نیشته‌جێبوونیان پێ بدرێت یان نا، نه‌ک ساڵانێکی درێژ لێره له دڵه‌ڕواکێ و چاوه‌ڕوانیدا رایانبگرین.
ئاوێته‌بوون پرۆسه‌یه‌که هه‌موومان به‌شێکین لێی، نه‌ک ته‌نها بێگانه‌کان.