ئارام قزله‌ری: له‌یادی 32 ساڵه‌ی شه‌هیدانی دووڕیانه‌كه‌ی سه‌رچنار – دا.
له‌گه‌ڵ نوسینی هه‌ر وشه‌یه‌ك ، دڵۆپه فرمێسكه‌كانی چاوم به‌ر دیده‌م لێڵ ده‌كه‌ن و ده‌ستی له‌رزۆكم له‌به‌رده‌م گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی ئێوه‌دا توانای نوسینیان نییه‌و هیچ ئه‌ندامێك له جه‌سته‌م هه‌ست ناكه‌م وه‌كو پێویست كار بكه‌ن، تابتوانن خۆشه‌ویستی خۆیان پێشكه‌ش به‌م یاده پیرۆزه‌تان بكه‌ن.
سی و دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌رۆژی 24/10/1987 دڕنده‌كانی به‌عس پێنج قاره‌مانی ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه گوله‌بارانكرد له‌نزیك چێشتخانه‌ی شكار له‌دوڕیانه‌كه‌ی سه‌رچنار له‌سلێمانی، كه بریتی بوون له شه‌هیدان ( به‌رهه‌م، جه‌لال، تاریق، كه‌مال، عه‌لی )
دڕنده‌كانی به‌عس ته‌نیا به‌شه‌هیدكردنی ئه‌و پێنج قارەمانانەوە نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو لە نیوەشەودا هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵەکانیان و ئه‌وه‌ی به‌رده‌ستیان كه‌وت له‌ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان، ده‌ستگیریانكردن، له‌ئه‌نجامدا زۆربه‌ی ئه‌ندامانی خێزانی ئه‌م پێنج نه‌مره كه‌وتنه به‌رده‌ست دڕندەکانی بەعس و بێسه‌روشوێن کران.
لەو سەردەمەدا لە هەموکاتێک زیاتر رژێمی به‌عسی تینوو به‌خوێنی تێكۆشه‌رانی كورد و گه‌لی كورد بوو، له‌دوای شه‌هیدكردنی ئه‌و پێنج قاره‌مانه و ده‌ستگیركردنی كه‌سوكاره‌كانیشیان، هه‌ڵسان به‌ڕوخاندنی خانوه‌كانیان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واویی ماڵ و کەلوپەلەکانیان و تەنانەت لە کاتی گرتنی خێزانەکاندا بە ئافرەتاکانیان وتووە: چیتان هەیە ئاڵتون و شتی پێداویستی تایبەتیتان بیهێنن لەگەل خۆتان بۆ ئەوەی لەماڵەوە نەبێت، دیارە مەبەستیان بوبو.
له‌وكاته‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌و شه‌هیدانه ده‌ستگیركران كه‌س نه‌یده‌زانی چیان لێبه‌سه‌رهاتووه ، به‌ڵام له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 كه به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌منی سلێمانی كه‌وته ده‌ست خه‌ڵك و پێشمه‌رگه، له‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌كاندا ئاشكرا بوو كه به‌بڕیاریی تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ( عه‌لی كیمیایی ) خێزانی هه‌ریه‌ك له‌شه‌هیدان ( به‌رهه‌م، جه‌لال، كه‌مال ) له‌زیندانی ئه‌منی عامه‌ی به‌غدا شه‌هید كرابون، بەپێی کتابەکانی ئەمنی عامە، ئەم سێ خێزانە تێکۆشەرە بە شیوازێکی لەسەرخۆ ملیان قرتێنرا بوو.
خێزانه‌كه‌ی ئێمه‌ش كه‌دوای گولەبارنكردنی به‌رهه‌می برام ده‌ستگیركران، بریتی بون دایكم و مهابادی خوشكم و ئازادی برام ، شه‌هیدكران و تا ئێستاش بێ گۆڕ و بێ ناونیشانن.
ئێمه‌ی خانه‌واده‌كانی هه‌موو شه‌هیده‌کان ساڵانێكی زۆر له‌چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌یاندا ئازارمان چه‌شت، دواتریش له‌زانینی شه‌هیدكردنیاندا برین و ئازاره‌كانمان به‌سوێتر بوونه‌وه.
دایه گیان، ئه‌وا 30 ساڵه له‌هێلانه‌ی دڵماندا هه‌ڵفڕیون، جێگه‌تان، گڵكۆتان و ته‌نانه‌ت ئازاره‌كانیشتان نادیارن و نازانین چۆن سه‌بوریمان بێت، خۆزگه وه‌ك هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی كاتێك به‌ره‌و دوا مه‌زارگه به‌ڕێده‌كرێن، ئێمه‌ش بۆخۆمان ئێوه‌ی خۆشه‌ویست و ئازیزمان به‌ڕێ بكردبایه و تێرتێر پرچەکانی تۆ و دادە مهابادمان بۆن بکردبایەو بۆ دواجار بەدەستی لەرزۆکمان شانەمان بکردایەو ئەوسا دوا ماڵئاوایمان لێتان بکردایە، كه‌پێده‌چوو كه‌مێك سه‌بوریمان بهاتایه.
سی ساڵه ماڵئاوایتان لێكردوین و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌تانین، هه‌رگیز بڕوا ناكه‌ین هیچ په‌تێك هیچ جه‌لادێك ده‌ستی چوبێته گه‌ردنی پیرۆزتان و كۆتایی به‌ژیانتان هێنابێت.
دایه‌گیان، له‌گه‌ڵ هه‌موو قاقایه‌كی پێكه‌نینیشماندا، له‌نێو گه‌روماندا تۆپه‌ڵ تۆپه‌ڵ فرمێسكی غه‌م تێکه‌ڵ به‌خۆشیه‌كانمان ده‌بێت.
خۆزگه ئێستا له‌درزێكه‌وه ده‌تبینیم، كه‌چۆن جه‌سته‌م ده‌له‌رزێت و چۆن چاوه‌كانم فرمێسكیان لێده‌بارێ، هه‌رچه‌نده بیر ده‌كه‌مه‌وه، وشه‌یه‌كم بۆ نایات شایسته‌ی گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی ئێوه‌ی ئازیز بێت و ناخی سوتاومانی پێ دابمركێنینه‌وه.
دایه گیان بڕوا بكه دوای دڵنیابونیشمان له‌وه‌ی ئه‌وتاوانبارانه، ئه‌و دڕندانه ئه‌و خوێنمژانه كه ده‌ستیان چوه‌ته گیانی پاك و بێگه‌رتان، ئێمه هه‌روا ده‌زانین سه‌فه‌رێكی دوورتان كردوه‌و چاوه‌ڕوانین بگه‌ڕێنه‌وه بۆناومان، زۆرجاریش زۆر له‌خۆمان ده‌كه‌ین كه سوێند به‌گڵكۆتان بخۆێن.
بۆیه هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئێمه‌ش چاو لێك ده‌نێین، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین ئێوه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه ناومان و جه‌سته‌ی ماندومان له نێوباوه‌شی گه‌رمتاندا بحه‌سێته‌وه.
دایه گیان، له‌م یاده پیرۆزه‌ی ئێوه‌ی نه‌مردا، ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان خوالێخۆشبو كاك حه‌سیب قه‌ره‌داغیت پێشكه‌ش ده‌كه‌م كه‌كاتێك له‌زینداندا بویت بۆی نوسیبوی.
بۆ ئه‌و دایكه‌ی كه‌س نازانێت دیلی كام زیندانێكه
بۆ ئه‌و دایكه‌ی كۆرپه‌ی دڵی باوانێكه‌و خێزانێكه
خه‌به‌ر به‌رن وا به‌رهه‌مت خوێنی گه‌شی كرد به كفن
سه‌ری به‌رزی دا نه‌نه‌واند وه‌ك سوار چاكێكی مه‌زن
دایكی به‌رهه‌م له‌دور بگری به‌كوڵ بگری ڕۆڵه ڕۆیه
وا نه‌زانی ئه‌م كۆیل و زامه به‌س به‌ته‌نها به‌شی تۆیه
وڵات هه‌مووی قوڕ پێوانه و دڵی بێ غه‌م وا له‌خا
مۆته‌كه‌ی مه‌رگ وا هار بووه خۆ كۆ له‌هیچ كه‌سێك ناكا
هۆنراوەی شاعیری گەورەی گەلەکەمان خوالێخۆش بوو ( حەسیب قرەداغی )
هه‌زاران سڵاو بۆگیانی پاكی شه‌هیدانی دوڕیانه‌كه‌ی سه‌رچنارو كه‌سوكاره‌كانیان كه‌له‌دوای ڕۆڵه‌كانیان، ئه‌وانیش شه‌هید كراون، سڵاو له‌گیانی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاری كورد‌و كوردستان.