بورهان شێخ ڕەئوف: لوبنان نیشتمانپەروەرى جێ بەتائیفیەت لێژ دەکات.
کە قوتابى بووم لە پۆلى پێنجەمى سەرەتایى ئەوکات بۆ یەکەم جار بابەتى جوگرافیام بیست وبینى و خوێندمان، هەر ئەوکات وڵاتى شامم بیست، مامۆستاى وانەکەو کتێبى جوگرافیاش باسى ئەوەیان دەکرد کە وڵاتى شام لە چوار وڵاتى ئێستا پێکهاتووە ( سوریا – لوبنان- ئوردن – فەلەستین ).
لوبنان ئەو وڵاتەعەرەبیە یە کە کەوتوەتە خۆرهەڵاتى ناوینەوە و هەروەها کەوتوەتە خۆرئاواى کیشوەرەى ئاسیاوە، لە باکورو خۆرهەڵاتیەوە سوریایەو لە باشورییەوە فەلەستینە کە ئێستا بە شێکى ئیسرائیلە، لە خۆرئاواشی یەوە دەریاى سپى ناوەڕاست.
سیستمى حوکمڕانى
سیستمى حوکمڕانى کۆمارى دیموکراسی و پەرلەمانى یە کە کەلە سەر بنەماى تائیفەو ئتنیک بەڕێوە دەبرێت کە بەشى زۆرى گەلەکەى پێکهاتووە لە عەرەبى موسڵمان و کریستیان و موسڵمانەکانیش دابەشبوون بۆ دوو ئاینزاى ( شیعەو سوونە ). بە پێچەوانەى وڵاتانى ترى عەرەبى کریستیانەکان لە لوبنان ڕۆڵى کاریگەریان هەیەو سەرۆک کۆمار هەمیشە لەوانە، وسەرۆک وەزیران لە موسڵمانى سوونەو سەرۆکى پەرلەمان لە موسڵمانى شیعە.
لە مێژە لوبنانیەکان وەکو سەرچاوە مێژووییەکان باسى دەکەن هەر لە سەردەمى فینیقیەکانەوە بە زۆرى کۆچیان کردووە بە دەورى جیهاندا بڵاوبوونەتەوە هەربۆیە ئێستا ژمارەى لوبنانیەکانى هەندەران دوو هێندەى لوبنانیەکانى ناو لوبنانە.
لوبنان بە حوکمى پێگە جوگرافیەکى کە لە باکورەوە ئەوروپاو لە خۆرئاواوە ئەفریقیاولە باشورەوە عەرەب و لە خۆرهەڵاتەوە ئاسیا ، وایکردووە کە هەمەجۆرو فرە ئتنیک و کەلتووربێت، هەروەها لە بەر هەمان هۆکار یش زۆرجار ان لە مێژوودا دووچارى شەڕو ململانێ بووەتەوە.
ئەگەر ئەوە پێشەکیەکى کورت بێت بۆ ئەم وتارە کورتە ئەوا مەبەستى سەرەکى من لەم باسە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە شارستانى و هێمنانەکانى چەند ڕۆژ پێشووى خەڵکى لوبنانە بە هەموو تائیفە و ئیتنیکە جیاوازەکانیەوە کە ساڵانێکى زۆرى بە شەڕى خوێناوى ناوخۆ و ململانێ توند تێژ لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا تێپەڕاند ، ئێستا گیرۆدەى حوکمى گەندەڵى تائیفەو ئتنیکە جیاوازەکانە کە هاوپەیمانیان کردووە بە ناوى تائیفەو ئایین و نەتەوەو ە جەماوەرى بەرینى ئەو وڵاتە دەچەوسێننەوە.
بۆ یەکەم جارە لە میژووى درێژى ئەم وڵاتە بچکۆلەدا لوبنان، هەموو لوبنانیەکان بە هەموو ڕەنگە جیاوەزەکانیەوە هاوڕاو تەبا بن و بڕیاربدەن و بێژن ئێتر گەل بڕیار لە چارەنووسى خۆى و چۆنیەتى بەڕێوەبردنى وڵاتەکەیان دەدات و هەموویان بڕژێنە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و کووچەو کۆڵانەکان و بڵێن ئەوە ئێمە لێرەین و دوا وتەو دوا بڕیار بۆ ئێمەى گەلە.
وادیارە ئەزموونى حوکمڕانى تائیفیش شکستى هێنا چۆن لە عێراقیش سەرەتاکەى دەرکەوتووەو تاقم و گروپە تائیفیەکانى بەلەرزە هێناوەو و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەڵێن و پێشنیارى ڕیفۆرم دەدەن و خوازیارن ڕقى پیرۆزى گەل دابمرکێننەوە.
بەڵێ حوکمڕانى تائیفى ئتنیکى دەرکەوت جگە لە پەرت وبڵاوکردن و لاوازکردنى گەلان هیچ نیەو ناتوانێت دادى کۆمەڵایەتى و خۆشگوزەرانى بۆ گەلان دابین بکات. هەر لەبەر ئەوەشە لوبنانیەکان ئێستا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەى کە ئەوان پێک نەهاتوون لە کۆمەڵێک لە ئایین و تائیفەو خێڵى جیاواز بەڵکو یەک پارچەن یەک ئازاریان هەیە و یەک ئامانجیشیان هەیە کە زۆر ڕەواو پیرۆزە ئەویش دژى برسێتى و گەندەڵى و مۆنۆپۆڵى بازاڕو بە فیڕۆدانى سامان و داهاتى وڵاتە.
لوبنانیەکان زۆر شارستانیانە گوزارش لە داواکانیان دەکەن ئەوان دەڵێن خواست و ئارەزووەکانمان لێ زەوت کراوە، ئاوارەو دەربەدەرى دەستى حوکمى تائیفى و لە هەندەران و غوربەت کار بۆ خەڵکى بێگانە دەکەین و وڵاتى خۆمان لێکراوەتە زیندان و ئێمە بیگانەین لە ناویدا.
لە کۆتاییدا گەلى لوبنان بە هێمنى دوورکەوتنەوە لە توندو تیژى و ڕێزگرتن لە هێزەکانى پۆلیس و ئاسایش و پاراستنى ماڵى گشتى، دەتوانن بەر لە پێکادان و بەریەکەوتن بگرن و بەدەردى شۆڕشەکانى سوریا و میسرو لیبیا و یەمەن و شوێنەکانى تریش نەبرێن.
ئەو ڕاستیەش وەک خۆر دەدرەوشێتەوەلە لوبنان کە نیشتمان پەروەرى جێ بە تائیفیەت لێژ دەکات.