هەژێن پیزە قەرەج: چەند پرسیار و وەڵامێک لەبارەی (هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرسیاری یەکەم : ئایا بایکۆت نابێتە هۆی بێکاریی کوردانی باکوور؟
وەڵام: پێش هەموو شت، پرسیارەکە لە ڕوانگەی ناسیونالیستییەوە خەریکە سۆزی نەتەوەچییانەی کوردان بورووژێنێت، ئاراستەکەرانی دەسەڵاتدارانی هەرێمن، ئەوانەی کە نانیان لەنێو ڕۆنی تورکیە و ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی “ئیمتیازی” نەوتی هەرێم بۆ تورکیە دەستەگوڵی دەستی ئەوانە و هەر بایکۆتێکی ئابووریی دەبێتە هۆی نەمانی ڕۆنەکەی تورکیە و وشکبوونەوەی نانەکەی خۆیان.
بە بۆچوونی من، وەک کەسێک کە ناسیونالیزم بە ئایدیۆلۆجیای سەروەریی چین و توێژێک لەسەر کۆمەڵ دەزانم، بۆ من لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێکی ئیزمیر و ئامەد و هەولێر و فەلووجە جیاوازی نییە. بێجگە لەوە، کاتێک بڕیاردان لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێک و لاقپەڕینی منداڵێک بێت، بێکاربوونی ملیاردان کرێکار لە لاقپەڕین و بێ دایک و باوک-بوون و ئاوارەبوون و کوژرانی منداڵێک، تەنانەت لە کوژرانی ئاژەڵێک و شکانی درەخت و گوڵێک، باشتر دەبینم؛ کرێکارێک بەبێ کاری کرێگرتە ئەگەری زیندوومانەوەی هەیە، بەڵام منداڵێک و دەروون و خەونەکانی لەژێر بۆمبێک کۆتایی ژییان و مێژووە، بۆ من وەک کەسێک کە منداڵیی و لاویی من لەژێر بۆمبارانی جەنگی عیراق-ئێران تێپەراندبێت!
ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، فرمێسکی تیمساحیانەی ڕامیاران و کاناڵە میتییەکەی ئەوان (ڕووداو) بۆ نەمانی نانە چەورەکەی خۆیان و زیانی سەرمایەدارە کوردەکانی باکوور و لەوەش بێئابڕوانەتر ئەوەیە، کە زۆریک لە پرۆژە ئابوورییەکانی باکوور پشکی سەرانی پدک و ینک لەنێو هەیە، هەر ئاوا کە بەناوی کەسانی دیکە لە ئۆروپا ڕێستورانت و نانەواخانە و پیتزەری و ڕێزە ئاپارتمان دەکڕن و پارەی دزراو سپی-دەکەنەوە!

پرسیاری دووەم: ئەی بۆچی کاڵای کارخانەکانی ئاڵمانیا و برتانیا و ئەمەریکا بایکۆت-ناکەن؟
وەڵام: ئەوەی کە سەرمایە و سەرمایەداران لەم سەر تاکو ئەوسەری دونیا لەنێو ئەو جەنگە بەرژەوەندییان هەیە، گومانی وەرناگرێت. بەڵام بەرهەمی کارخانەکانی دیکەی جیهان [مەبەست کارخانەکانی چەکسازیی و بواری سەربازیی نییە، چونکە ئێمە کڕیاری کاڵای ئەو کارخانانە نین] وەک بەرهەمی کارخانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ بەو جەنگەی ئێستا خزمەتناکەن و ڕاستەوخۆ پشتیوان نین. بێجگە لەوەش، هەر ئاوا کە لە هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژەیەکی بازرگانیی بەبێ پشک و ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی ینک و پدک بوونی نابێت، هەر ئاواش لە تورکیە، بەبێ ڕەزامەندیی ڕامیاریی تورکیە هیچ پڕۆژەیەک بوونی نییە و زۆربەی پڕۆژە گەورەکان هی ئەردۆگان و زاواکەی ئەون، هەر کەس گومانی هەیە، با فیلمە دۆکومێنتەرییەکان لەبارەی ناچارکردنی خەڵکی گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئیستانبوڵ و ئانکارا و شارەکانی دیکەی تورکیە و پرسی مەیدانی تەقیسم لە ئیستانبوڵ تەماشابکات!
بە بۆجوونی من، ئەگەر بایکۆتکردنی کاڵای هەر کارخانەیەکی جیهان و بایکۆتکردنی گەشتی هەر گۆشەیەکی دیکەی جیهان وەک بایکۆتکردنی کاڵاکانی تورکیە و بایکۆتکردنی گەشتکردن بۆ تورکیە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ کارایی چارەنووسسازی هەیە، پێویستە بیخرێتە نێو لیستی بایکۆتکردن!
بێجگە لەوەش، ئەو بایکۆتکردنەی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمە و دەکرێت لە بەردەوامی و درێژەی بەرەو بایکۆتکردنی کارخانە و هێڵە هەواییەکان و گەشتی ئەو وڵاتانەش کە وێرای ناڕەوایی جەنگەکە و کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی ڕۆژاوا [ڕۆژاوا بەس کرمانجی-زمان نین، چەندین ئێنتنیی و ئایین و کولتووری دیکەن] کۆمەکی حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان دەکەن، پێویستە دەستبەجێ ئەوانیش بایکۆتبکەی.، بەڵام وەک دەبینین بایکۆتکردنی ئەوان لەسەر خێراڕاگرتنی جەنگەکە کارایی نابێت، چونکە کاڵای ئەوان ناچێتە هەرێم و ئێران و …تد، تاکو خەڵکی هەرێم ئەوانە بایکۆتبکەن. وێرای ئەوەش، ڕێپێوانەکانی ئۆروپا بۆ درووستکردنی فشارێکە بە داچلەکاندنی رای گشتیی ئۆروپا و کەم نین، ئەو ئۆروپییانەی کە چەندین ساڵە وەک هاوپشتییەک لەتەک خەڵکی فەلەستین و ڕۆژاوا کاڵای کارخانە و کێڵگەکانی ئیسرائیل و تورکیە بایکۆتدەکەن!
ئەوەی کە دەبێت وەک کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەشتکردن بۆ ئەوێ، کاڵای هەموو کارخانەیەک لە یەک کات و هەر ئێستا و بە چاوتروکاندنێک بایکۆتبکەین، فرەتر پاساوە بۆ بایکۆتنەکردنی کاڵای کارخانەکانی تورکیە. هەر ئاوا ناچارکردنی خەڵکە بەوەی کە یان بایکۆتی کاڵای هەموو کارخانەکان یان کاڵای کارخانەکانی تورکیەش بایکۆتنەکرێت!
بە بۆچوونی من، ئەگەر ئاستی هوشیاریی کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بە ئاستی خۆهوشیاریی بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی و ناکرێگرتەیی و نامشەخۆریی گەییشتبێت، ئەی بۆچی نا، بەدڵنیاییەوە ئەوە بەشێکە لە ستراتیجی هەموو کەسێکی سۆشیالیستی دژە-دەوڵەت، بەڵام تاکو ئەو کاتەی کە ئەندامانی کۆڵانێک، گەڕەکێک، گوندێک، سارێک، ناوچەیەک، هەرێمێک بەو ئاستە لە خۆهوشیاریی نەگەییشتبن و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی و خۆکۆمەكیی و گەلکاریی و هەر ئاوا کێڵگە و کارخانەکان کۆمەڵایەتیی نەکرابنەوە، بڕیارێکی ئاوا لە جەنگێکی خۆتڕێن زیاتر نابێت. ئەوەی کە ئێستا نەتوانین ئەوە بکەین، نابێتە پاساوی ئەوەی نابێت کاڵای کارخانەکانی تورکیە وەک فشارێکی ئابووریی بۆ ڕاگرتنی جەنگ و هێرشکردنی فەرمانداریی ئاکپارتیی و ملهوڕیی ئەردۆگان، بەکارنەبەین.
بە بۆچوونی من، هیچ لۆجیک و ڕەوایەتییەک لەنێو ئەو پرسیارە نییە. ئەو پرسیارە چ بخوازێت و چ نەخوازێت ماری تۆپیوە بۆ بەرپێی جەماوەر، کە خەریکە پاش نیو سەدە بۆ یەکەم جارە خۆخۆیی و دابڕاو لە دەسەڵات و ڕامیاران و پارتییەکان بڕیارێک دەدات و هەنگاوێکی سەربەخۆ دەنێت.

پرسیاری سێیەم: لەنێوان بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەمارۆی ئابووریی لەسەر وڵاتێک جیاوازی چییە؟
وەڵام: جیاوازییەکە ئەوەیە، بایکۆتکردنێک کە خۆبەخۆ کەسانی نەدار و بێدەسەڵات وەک هاودەردیی لەتەک دانیشتووانی جەنگ-زەدەی ڕۆژاوا بانگەوازیدەکەن، بۆ کۆتاییهێنانە بە جەنگ و ملهوڕیی حکومەت و دەوڵەت و پارتیی و سەرۆکی تورکیە، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکە لە مەرگ، نەک برسیکردنی خەڵکی تورکیە.
بەڵام ئابڵۆقەی ئابووری وەک ئابڵۆقەی هاوپەیمانان لەسەر عیراق و ئابڵۆقەی هاوپەیمان و حکومەتی بەعس لەسەر هەرێم و ئئابڵۆقەی ئێستای دەوڵەتی ئەمەریکا لەسەر ئێران و کوبا و کوریا و …تد فشاری دەوڵەتانە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان خۆیان لەسەر دابەشکردنی کێکی چەوسانەوەی ئێمە؛ ئەگەر ئێران وەک سعودیە بە مەرجەکانی بانکی جیهانی و سندووقی نیودەوڵەتیی دراو و دەوڵەتی ئەمەریکا ملبدات، گرفت و ئابڵۆقەیەک بوونی نامێنێت، هەرچەندە وەک سعودیە ئەگەر نەریتی ملپەراندن هێشتا پیشەیەکی پەسەندکراوی پاسایەتی ئەو وڵاتەش بێت. هاندەری ئابڵۆقەی ئابووریی بۆ سەر “وڵاتێک” سەپاندنی جەنگ و مەرجی ملهورانەی دەوڵەتێکە لەسەر وڵاتێکی دیکە و هیچ پەیوەندی بە خواستی خەڵک و هاوپشتی و هاودەردیی لەتەک خەڵک نییە!
بێجگە لەوە، ئێمە بایکۆتکەرانی گەشت و کاڵای کارخانەکانی تورکیە دەستپێکەری ئەو جەنگە نین، بایکۆتکردن پەرچەکرداری مرۆڤە بێدەسەڵات و نەدارەکانە لە دژی جەنگ، لە دژی کوژرانی منداڵان، لە دژی ئاوارە بوون، لە دژی داگیرکاری، لە دژی ملهوڕیی و ئەوە هێرش و جەنگی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی تورکیەیە، کە ئێمە بە بایکۆتکردن ناچاردەکەن، ئێمە بایکۆتکەران وەک بڕیاردەرانی ئابڵۆقەی ئابووریی لەسەر وڵاتان، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیی و کەسیی و مشەخۆرانە و ملهوڕانەمان نییە؛ ئێمە خوازیاری کۆتایی هێڕش و جەنگین؛ ئێمە خوازیاری لێدانین لە بازار و سیستەمەکە، هەنگاوی یەکەمیش لە پێداویستیی خەڵکەوە دەستپێدەکات، کە پێداویستیی خەڵکی ڕۆژاوا [خەڵکی ڕۆژاوا بە هەموو ئێتنی و ئایین و کولتوورەکان نەک بەس کوردانی ڕۆژاوا]یە بە هاوپشتی ئێمە و ئێمەی بێ چەک و نەدار و بێدەسەڵاتیش تاقە یەک چەکی شۆرشگەرانە شکدەبەین، ئەویش بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا و گەشکردنە بۆ تورکیە وەک لێدان لە ئابووریی و بازاری جەنگ!
بە کورتی جیاوازی نێوان بایکۆتی ئابووریی و ئابڵۆقەی ئابووریی ئەوەیە، کە بایکۆتکەران کڕینی کاڵای کارخانەیەک یان کاڵا و گەشتی وڵاتێک بایکۆتدەکەن نموونە (بایکۆتکردنی خواردنەوەی کۆلا، خواردنی مێکدۆناڵد، کاڵای کارخانەکانی دەوڵەتێک لەپێناو سەپاندنی ماف و داخوازییە ڕەوەکانی کۆمەڵێک بەسەر کۆمپانییەکان و دەوڵەتەکان، زیندووترین نموونە: بزووتنەوەی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە.
بەڵام ئابڵۆقەی ئابووریی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک هەناردە و هاوردەی کاڵا بۆ دانیشتووانی ناوچە و هەرێمێک قەدەخەدەکەن، تاکو خەڵکی ئەو شوێنانە و فەرمانداریی ئەو شوێنە بە داخوازییەکانی کۆمپانییەکان و بانکەکان و نێوەندە جیهانییەکان ملبدەن. زیندووترین نموونە : ئابڵۆقەی حەوت ساڵەی دەوڵەتی تورکیە و فەرمانداریی هەرێم لەسەر خەڵکی ڕۆژاوا. بە واتایەکی دیکە، جیاوازی نێوان (بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەکانی خەڵک) و (سەپاندنی بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و ملهوڕیی دەوڵەتەکان لەسەر خەڵک)!

چوارەم توانج و تاوانبارکردن : شێواندن و تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی جەماوەریی بایکۆتکردن بە بزووتنەوەی “کۆنەپەرست و ناسیونالیستی” لەلایەن چەپی دەسەڵاتخواز.
وەک دەبینین و دەردەکەون، پێشەنگی ئەو چەواشەکارییە ڕامیارییە و ئەو تۆماتبارکردنە، قۆمۆنیستە* کوردیی-زمانەکانن. قۆمۆنیستەکان لە کاتێکدا دەبنە هەڵگری ئاڵای ڕێفراندۆمی “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان”، کە پڕۆژەیەکی ئەردۆگانی بوو بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی کۆنی ئوسمانی و سەفەوی و جەنگی ئێستای نیئۆ-ئوسمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێو عیراق، لەوێ بە کێکخواردن لەتەک نێردراوی حکومەتی ئەردۆگان بۆ هەرێم ئۆکتۆبەری 2018 شاگەشکە بووبوون و بە کورسی دەسەڵاتی سێکیولاستیکیی خۆیان خەونیان دەبینی، کەچی هاودەردی و هاوپشتی خۆخۆیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی هەرێم و ئازادیخوازانی جیهان لەتەک لێقەوماوانی ڕۆژاوا بە “ناسیونالیستی و کۆنەپرەستانە” ناودەبەن.
من وەک خۆم، باشترین وەڵام بۆ ئەوان بەس ئەوە دەبینم، کە ىڵێم “قومارچی ئەگەر نەڵێت بە هینم، دڵی دەتەقێت”؛ ئەوان کە کاتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 1996 دایکی خۆشیان دەنگی نەدانێ؛ ئەوان کە ساڵی 2000 لەنێو جەنگێکی خۆتڕێن پێنج کەسیان بەکوشتدا و دواتر خۆیان بەرەو هەندەران هەڵهاتن؛ ئەوان کە دواتر لە بەرانبەر مۆڵەت و پشک لەتەک بکوژانی ئەندامەکانی خۆیان ڕێکەوتن و چوونە یادی هەمان ڕادیۆی ینک، کە کوشتنی ئەندامەکانی ئەوانی ڕەوادەکرد؛ ئەوان کە کاتی هاتنی داعش هەڵای”دەستەی چەکداری جەماوەریی”یان بەرپاکرد و هیچ کەس بە کڵاوی ئەوان… نەپێوا؛ ئەوان کە لەنێو پڕۆسەی “خۆتڕاندنی دەوڵەتی کوردی” ڕسواترین هێز دەرچوون؛ ئەوان کە هەموو مانگێك ڕێکخراو پارتییۆکەیەک درووستدەکەن و بێجگە لە خۆیان هیچ کەس ناوی خۆیان و ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییەکانیان و خۆیان نازانێت، زۆر ئاساییە کە لە بەرانبەر بزووتنەوەی خۆخۆیی جەماوەریی بکەونە سووکایەتی و شێواندن، ئەگەر نا وەک قومارچییەکە دڵیان شەقدەبات! چونکە بزووتنەوەی بایکۆتکردن بزووتنەوەیەکە، کە هیچ شوانە “ڕابەر ” و “حزبی قائد” و شێخ و تەریقەتێکی نییە و، بە چەند ڕۆژ بووە بە دەنگێک و حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان و کۆمپانییەکانی هەرێم و کارخانەکان هەژاندووە و ناچاربوون دەزگە میدیاییەکانیان بۆ پاشگەزکردنەوەی خەڵک بەگەڕبخەن و قۆمۆنیستەکانیش وەک دەسەڵاتخواز و هاودەردی دەسەڵاتداران و کارخانەکان کەوتوونەتە سووکایەتی و شێواندنی ڕەوایەتی بزووتنەوەی بنایکۆتکردن!
ئەگەر لەوەش بگوزەرێن، کە ئاوا تۆمەتبارکردنێک بەس شێواندن و ئێرەییەکی ڕامیارییە وەک بەرەنجامی ناکارایی بۆچوون و بڕیارەکانی خودی ئەوان. پرسیارێک کە تۆمەتی “ناسیونالیست-بوونی بایکۆتکەران” لەبارەی خودی (ناسیونالیزم) دەیورووژێنێت، ناکرێت بەبێ وەڵام بمێنێتەوە.
ساڵی 1993 کاتێک ڕێکخراوەکانی (قۆمۆنیزمی کرێکاری) لە هەرێمی “کوردستان” خەریکبوون پارتییەک لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی (مەنسووری حیکمەت) پێکبهێنن، بۆ ئەو مەبەستە خودی مەنسووری حیکمەت بە نامەیەکی ئاراستەکراو کۆمەڵێک پرسیاری لە “فەعاڵین”ی ئەو کات کردبوو و منیش وەك چالاکێکی کۆمونیستی ئەو ڕۆژگارە دەبوو بە پرسیارەکانی نێو ئەو نامەیە وەڵامبدەمەوە. یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو “بە ڕای تۆ حزب عیراقی بێت یان کوردستانی، بۆچی؟” [ئەگەر داڕشتنی پرسیارەکە بە درووستی لەنێو هۆشی من مابێت، ئاوا بوو].
ئەو کات کە من بە بۆچوون و بڕوای (پارتیی کۆمونیستی جیهانی) گەییشتبووم و هیچ بڕوایەکم بە پارتییە ناوچەییەکان نەمابوو، بە پرسیارێك کەوتمە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی (مەنسووری حیکمەت)؛ ئەگەر “کوردستان”یی-بوونی پارتییەک ناسیونالیستبوونی ئەو بێت، ئەی جیاوازی کوردستانیی-بوون و عیراقیی-بوون چییە، ئایا هەر دووکیان شوناسەیەکی جوگرافیی نین و شوناسی ڕامیاریی تایبەتیی کۆمەڵە خەڵکێک نین؛ بە چ پێوەرێک یەکەم “ناسیونالیست”یی دەبێت و دووەم “ئینتەرناسیونالیست”یی؟
ئێستا با بە جۆرێکی دیکە ئەو پرسیارە لە ئێوە دەروێشەکانی (مەنسووری حیکمەت) بکەینەوە؛ ئێوە کە حزبەکانتان شوناسی “کوردستانی”ی و “عیراقی”یان هەیە و لە هەر گۆشەیەکی جیهان بژین، بە هیچ شێوەیەک لەنێو تێکۆشانی ئەو کۆمەڵانە بەشدارییناکەن، بەڵام هەموو درووشم و بانگەواز و بڕیار و هەوڵێکی ئێوەی (قۆمۆنیست) لەپێناو “کوردستان” و “عیراق”ەکەی خۆتانە و بە هەزار و یەک شێوە و ڕێگە بەناوی دەیان ڕێکخراوی بەناو”جەماوەریی”یەوە بووجەی خەرجە کۆمەڵایەتییەکانی [بیمە کۆمەڵایەتییەکانی] ئەو کۆمەڵانە بۆ “عیراق” و “کوردستان”ەکەی خۆتان دەدزن، کەچی خۆتان بە “نا-ناسیونالیست” و کەسانێک کە دژی جەنگی فەرمانداریی تورکیە بۆ سەر کۆمەڵی ڕۆژاوا لە باکووری سوریە وەستاونەتەوە و بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە وەک بەرەنگارییەکی ئابووریی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوا بەکاردەبەن، ئێوە ئەوان بە “ناسیونالیست” ناودەبەن؛ ئەرێ بەڕاست، بە کامە پێوەر و لۆجیک ئەوە درووستە و بۆ ئێوە (ناسیونالیزم) و (ناسیونالیست)-بوون چ واتایەک دەبەخشێت؟

پەراوێز:
قۆمۆنیست: قۆم/ قۆمون = نەتەوە، نەتەوەچی، (ئیست) پاشگری بکەرە، وەک (چی). قۆمچی یان قۆمۆنیستەکان ئەو ڕەوت و ئاراستە چەپە هەلپەرست و دەسەڵاتخوازانەن، کە لەپێناو دەسەڵات و ناوبانگ و بەرتەریی دەستەبژێرانەی خۆیان، هەر ڕۆژە درووشم و بەرنامەیەک بەرزەدەکەنەوە: “حکومەتی کرێکاری” ، “دەوڵەتی سۆشیالیستی“ ، “کۆماری سۆشیالیستی” ، “حکومەتی شورایی” ، ” کۆماری شورایی”، „ حکومەتی عیلمانی“ ، “حکومەتی سێکولاریستی” ، “حکومەتی مەدەنی” ، ” دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان” ، “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی” و بەدڵنیاییەوە وەک هەموو ڕەوتێکی دەسەڵاتخواز بەیانی پارلەمان دوا مەنزڵگەی ئەوان دەبێت!
بۆ من و بە لێکدانەوەی و تێگەییستنی ئەنارشیستییانەی من لەبارەی کۆمونیزم [کۆمونیزم نەک کۆمۆنیزم]؛ (کۆمونیزم) و دەوڵەت، (کۆمونیزم) و پارتیی، (کۆمونیزم) و ڕابەر، (کۆمونیزم) و دەستەبژێر، (کۆمونیزم) و سەرۆک و لیدەر؛ کۆمونیزم و ئەو شتانەی دیکە کۆمەڵێک چەمکی پارادۆکسی یەکدین و کۆمونیزم یان نییە، یان دژی کۆمەڵی چینایەتی، دژی سیستەمی چینایەتی، دژی ڕێکخستنی چینایەتی، دژی خەونی چینایەتیی دەبێت. تکایە سەرنجبدە، من لەبارەی کۆمونیزم دەدوێم، نەک مارکسیزم!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت