مەحمود عەبدوڵڵا: چۆن کوردستان بو بەبازاڕێکی گەورەی تورکیا؟
ئاشکرایە ئێمە خاوەنی ئابورییەکی”ڕەیع”ین، ئەم ئابورییە جگە لەوەی سیستەمێکی دیکتاتۆر دروستدەکات لەناوخۆدا، لەسەر ئاستی دەرەکیش وڵات وابەستەی چەند دەوڵەتێکیتر دەکات. ئەمە لەلایەک دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵات بەشێوازێکی مافیایی وڵات بەڕێوەببات، لەلایەکیتریش بەهۆی وابەستەیی دەسەڵات بەوڵاتانیتر. کۆمەڵگا نەتوانێت ڕوو بەڕوی دەسەڵات ببێتەوە. کاتێک داهاتی ئابوری “ڕەیع”ی بێت، بێگومان داهاتی تاکیش تەنها لەڕێی موچەوە دەبێت، ئەمەش وادەکات تاک وابەستەی دەسەڵات بکات و سیستەمێکی کۆیلایەتی دروست ببێت. هەروەها ناعەدالەتی لە دابەشکردنی سامانی وڵات دا دەبێت. دەسەڵات بەویستی خۆی شێوازی دابەشکردنی سامان دیاریدەکات، بەگوێرەی دورو نزیکی و سود بۆدەسەڵات تاکان سود لەسامانی وڵات دەبینن، دەسەڵات لەڕێگەی ئەوشێوازە لە دابەشکردن کۆنتڕۆڵی هەموو دامەزراوەکانیش دەکات لە پەڕلەمانەوە کە بەرزترین دەسەڵاتە تا دەگاتە بچوکترین دامەزراوە،پاشان ئەوانەی لەدەرەوەی سێستەمی موچە دەمێننەوە وەک بێبەشکراو لەخۆیان دەڕوانن، بەم شێوەیە هەموان چاوەڕوانن کە ببنە موچەخۆر. لەکۆتایشدا ئەوەی دەیبینین لەشێوازی دابەشکردنی موچە بەرەنجامی ئابوری ڕەیعییە. دوبنەماڵە بەشێوەیەک یاری بە شعورو رو کەرامەتی هاوڵاتیان دەکەن، کە لەهیچ شوێن و کاتێکدا وێنەی نبووە. هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە لە چاواڕوانی هات و نەهاتی موچەدا ژیان بەڕێدەکەن. تاکی ئەم وڵاتە بچوکدەکرێتەوە و دواجار بەگوێرەی موچه کەی بەهای دەبێت، نەک بەگوێرەی تواناو بەرهە مو بیرکردنەوەی. دواجار بەموچە خۆرکردنی کۆمەڵگا دیاردەی بەرخۆری دێنێتەکایەوە، دیاردەیەک، وەک مەریوان وریا قانیع دەڵێت: دیاردەیەکی سروشتی نییە و سیاسییە، بگرە ستراتیژی دەسەڵاتە. دواجار ئەم ئابوری ڕەیعیە نا هاوسەنگی لێ دەکەوێتەوە لە پێکهاتەی گوندو شار، بەجۆرێک کە شارەکان بەخێرایی گەورەدەبن، گوندەکان چۆڵ دەبن، ئەم ستراتیژە لەکۆتایدا دەبێتە هۆی کۆمەڵگایەکی بەرخۆر. کۆمەڵگای بەرخۆر واتا بازاڕ، لەڕێگەی ستراتیژی بەرخۆرییەوە کوردستان بۆتە گەورەترین بازاڕ بۆ ترکیا.
من قەناعەتم وایە، ئەمە ستراتیژی دەسەڵات دارانی هەرێم نییە بەتەنیا، بەڵکو لەسەرەتاوە سیاسەتی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستانە. لەسەردەمی گرنگی ئابوری بۆ پێشکەوتنی وڵاتاندا، پەیداکردنی بازاڕێکی گەورەی وەک هەرێمی کوردستان سودێکی دوسەرەی هەیە. لەلایەک ئەو وڵاتانە داهاتی نەتەوەیی خۆیان بەرزدەکەنەوە، لەلایەکیتر فەرهەنگی خۆیان زاڵدەکەن لە هەرێمی کوردستان. دواجار لەڕێگەی معیدەوە شەڕێکی فاشیستانەش دەکەن، بەناردنی خۆراکی بێ کوالێتی و زیانبەخش. ئێستا وڵامی پرسیارەکە بەکورتی ئەوەیە کە، هەردو وڵاتی تورکیاو ئێران لەدوای ڕاپەڕینەوە وەک بازاڕێکی گەورە چاویان بڕیوەتە هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی هەردو بنەماڵەی دەسەڵاتدا ر ستراتیژی بەرخۆریان پەیڕەو کردوە بەجۆرێک بوارنەدرێت هیچ بەرهەمێکی ناوخۆیی پەرەی پێبدرێت. دەسەڵات تەنها پشت بە فرۆشتنی سامانی کانزا ببەستێت دواجار وڵات پڕ ببێت لەکاڵای تورکی و ئێرانی، لەڕێگەی سیستەمی موچە دانیشتوان بەزۆری لەشارەکاندا کۆببنەوە، گوندیش کەبڕبڕەی پشتی شارە بچوک و بێ کاریگەر بکرێت بەم شێوەیە هەرێم یکوردستان ببێتە گەورەترین بازاڕ بۆ ئەم دو وڵاتە. ئەمەش دەگیرکردنێکی زیرەکانەیە و هیچ بەرانگارییەکی نایەتە پێش. ئێمە دەزانین هەردو بنەماڵەکە بە بێ ڕاوێژی وڵاتانی داگیر کەر پەنجە ناخەنە ناو ئاو، نزیکەی تەواوی ڕاگەیاندنەکانیش “حیزبیەکان” لە ژێر چاودێری خۆیاندان، لە ڕۆژیکردنەوەی یەکەم کەناڵی ئاسمانی یەکێ لەحیزبەکان، بەرپرسێکی میتی تورک ئامادەیی هەیە. پاشان ئەمڕۆ بە ئاشکرا هەندێک لە تیڤیەکانی نزیک لە تورکیا هەوڵدەدەن درز بخەنە ناو ئەویەک دەنگیەی خەریکە دروست دەبێت بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی، ئەگەر بایکۆت سەرکەوتوبێت سەرلە بەری ئەوستراتیژە تێک دەشکێت ستراتیژی ئابوری ڕەیعی، بەرخۆری، ناهاوسەنگی گوند و شار، سیستەمی موچە. بێگومان کاتێک میللەتێک هەست دەکات هەموو ئەوشتانەی بەکاری دێنێت هی داگیرکەرەکەیەتی، ئەو بەگەورە و خۆی بچوک دەبینێت، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی لاسایکردنەوەی داگیرکەر لەشێوازی ژیان و بیرکردنەوە، دواجار تەسلیمبون بەداگیرکەر. ئەم سیاسەتە داگیرکردنێکی هێمن و بێدەنگە. لەبەر ئەوە بایکۆت بڕیارێکی ژیرانە، و گەورەیە. دەشێت شێوازی سیستەمی سیاسی و ئابوری بگۆڕێت. لە کۆمەڵگایەکی بەرخۆرەوە بمانکات بە وڵاتێکی بەرهەم هێن و پشت بەخۆ بەست و،وەک ئەوەوایە دیاریەک بێت لە ئاسمانەوە بۆ سەرزەوی پێشوازی لێبکەن.