ستارە عارف: سزادانی ڕۆژنامەنوسان و گاڵتەجاڕی دەستەڵات.
لەسەر سكاڵایەكی مەتین دلۆڤان بارزانی برازای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پێنج رۆژنامەنوس دەرکردوە و ئەمڕۆیش 27- 10- 2019هێمن مامەند ڕۆژنامەنوس بە فەرمانی دادوەر دەسگیرکرا، سکاڵای برازاکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتێکە لەبارەی ڕوداوەکەی ڕێستۆرانتی هۆقەبازی شاری هەولێر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای هەولێر لەبری پەنابردن بۆ یاسای ژمارە”35″ی ساڵی 2007ی کاری ڕۆژنامەوانی، بە پێچەوانەوە به پێی ماددهی’2’ی یاسای ژمارە’6 ‘ ی ساڵی 2008ی قەدەغەکردنی خراپ بهكارهێنانی ئامێرهكانی پەیوەندیکردن سزای ئەو ڕۆژنامەنوسانەی هاوڕێمانی داوە، لەبەرئەوەی لەیاسای کاری ڕۆژنامەوانیدا دەستگیرکردن و ڕاگرتنی ڕۆژنامەنوسی تێدا نیە و لەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیدا ئەو بڕگانە هەن، ئەوانیش ئامانجیان سزادانی توندی ڕۆژنامەنوس و سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕینە، بۆیە پەنا بۆ ئەو یاسایە دەبەن، ئەگەر ڕۆژنامەنوس هەر لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێت، پێویستە بە پێی یاساکەی خۆی بێت، کە پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەگەریەوە هەیە، نەک یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی”موبایل، واتە دادگا خۆی یاساکەی پێشێل کردوە و شایانی لێپرسینەوەیە، نەک ڕۆژنامەنوسان.
مانگی 6 ی ساڵی 2016 یش ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکانی ئەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بەڵگەکانی دزین و تاڵانکردنی نەوت و سامانە سروشتیەکانی کوردستان، بە پێی هەمان یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سکاڵای لەسەر هەرسێ پەرلەمانتار’عەلی حەمە ساڵح و د.عیزەت سابیر و شێرکۆ جەودەت’ ئەندامانی لیژنەی دارایی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرد، وەک ئەوەی ئەوان بە موبایل هەڕەشەیان لەوەزیر کردبێت، کە ئەم کارەی دەستەڵات گاڵتەئامێزە، چونکە کەیسەکە لەبنەڕەتدا پەیوەندی بە ئامێرە ئەلکترۆنیەکانەوە نیە و سیاسیە.
سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان و دەنگە ئازا و بوێرەکان، کاری یەکەمجاری دەستەڵاتی ستەمکار و بنەماڵەکان نیە و ساڵانێکە هەوڵی بەرتەسکردنەوە و بە تەواوی سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنوسان و دەنگە دلێر و دەزگا ڕاستەقینەکانی ڕاگەیاندن و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی دەدەن، لەڕابردویشدا گەواهی ئەوە بوین، کە کەناڵ و دەزگا ئەهلی و نیمچە سەربەخۆ ڕۆژنامەوانیەکانیان بە چی دەردێک برد، تا ئاستی داخستن و سەرکوتکردن لەڕێگەی سزادانی خەیاڵی ماددی ڕۆژنامەنوسان و گرتنەوە و پێنەدانی زانیاری ڕۆژنامەوانی و وشکردنی سەرچاوەیی دارایی و توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و تیرۆرکردنیان.
ئەم هەوڵەی گرتن و سزادانی چالاکان و ڕۆژنامەنوسان بە پیلانی دەستةڵاتێکی ستەمکار لەم هەرێمەدا سەرەتایەکی مەترسیدارە و ئەگەر بێدەنگی لێ بکەین، کۆمەڵگەیەکی بێ چاو و بێ زمان دەکەنە دیاری و زەمینە بۆ حکومەت و دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر و ستەمکارتر خۆش دەکەین، بۆیە نابێت بهێڵین ئەو تروسکایە کەمەی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەری دژی دەستەڵات بکوژێنرێتەوە و دەنگە ئازاکان کپ بکرێن، چونکە ئێمەی ڕۆژنامەنوسان خاوەن دۆزێکی ڕەوای ڕۆژنامەنوسین و نابێت ڕێچکەی شەهیدانی قەڵەم بەربدەین، دەبێت پارێزەران کار بۆ گۆڕینی یاساکە بکەن و پێکەوە ڕێگە لەستەمکاری زیاتری دەستەڵاتی ئەم بنەماڵانە و سەپاندنی پەردەی ڕەشی بێدەنگی بگرین..
ناکرێت ڕۆژنامەنوسان و چالاکان و تەواوی کۆمەڵگە باجی پەردەلادان لەسەر دەرخستنی ڕاستیەکان و ڕەخنەگرتن لەکاری مافیاگەری ئەم دەستەڵاتە بدەین و دەبێت پێکەوە دژی سەرکوتکردن و کپ و بێدەنگکردنی کۆمەڵگەکە بین..