سه‌باره‌ت به هێرشه‌کانی تورکیا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سویسرا، وەڵامی نامه‌ی چالاکوانێکی کورد ده‌داته‌وه.
رۆژی هه‌ینی ڕابردوو 11ی ئۆکتۆبه‌ر چالاکوان و رۆژنامه‌نوسی کورد (هیوا ناسیح)، که ساڵانێکی زۆره له وڵاتی سویسرا ده‌ژیت. بانگه‌وازێک به شێوه‌ی نامه‌ی کراوه، له‌سه‌ر له‌شکرکێش و داگیرکاری سوپای تورکیا بۆ رۆژئاوا، ئاراسته‌ی سه‌رۆکی سویسرا و سهرۆکپهرلهمانی ئه‌و وڵاته و سه‌رۆکی حزبه گه‌وره‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌کات. رۆژی دووشه‌ممه 28ی ئۆکتۆبه‌ر به‌شی کاروباری سیاسی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به فه‌رمی وڵامی ناوبراو ده‌داته‌وه.
ده‌قی وەڵامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه:
زۆر به‌رێز/ ناسیح
زۆر سوپاس بۆ نامه‌که‌تان، که ئاراسته‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تی کۆنفیدراڵی سویسرا/ به‌رێز ماورهرتان کردبوو. ئێمه لێره‌دا به‌شی کاروباری سیاسی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی کۆنفیدراڵی سویسرا وه‌ک لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به خۆشحاڵییه‌وه وەڵامتان ده‌ده‌ینه‌وه.
وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ په‌ره‌سه‌ندنه‌کان له باکوری سوریادا ده‌کات، به تایبه‌ت پاراستنی دانیشتوانی سیڤیل. به‌مجۆره له‌خه‌می پاراستنی لایه‌نی مرۆڤایه‌تی خه‌ڵک و، هه‌روه‌ها داموده‌زگا مهدهنییهکانداین.
حکومه‌تی سویسرا له‌و باوه‌ڕه‌دایه، که ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازییانه‌ی تورکیا پێشێلکردنی جارنامه‌ی جیهانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان و، دژ به مافی گه‌لانه (سه‌یری راگه‌یاندنی رۆژنامه‌وانی ئێمه له 16ی ئۆکتۆبه‌ریش بکه‌ن). حکومه‌تی سویسرا بۆ چه‌ندباره ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ده‌ستوه‌ردانی تورکیا راشکاوانه ده‌ربڕیوه، وه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به تورکیا راگه‌یاندوه. جگه له‌مه‌ش سویسرا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له چوارچێوه‌ی رێککه‌وتنه هه‌مه‌لایه‌نه‌کاندا له ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا له 16ی ئۆکتۆبه‌ردا ڕای خۆی ده‌ربڕیوه.
ئێمه بانگه‌وازی لایه‌نه به‌شداره‌کانی جه‌نگه‌که ده‌که‌ین، که به رێگای گفتوگۆ کار بۆ هێمنکردنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی ره‌وشه‌که بکه‌ن. ته‌نها چاره‌سه‌رێکی سیاسییانه له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کاندا له ژنێڤ ئه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌کات، که هۆکاره‌کانی ململانێکه کۆتایی پێ بهێنرێت. سویسراش له‌م نێوانه‌دا چالاکانه پشتگیریی هه‌وڵه‌کانی راسپێردراوی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بۆ کاروباری سوریا ده‌کات، که بانهێشتی لایه‌نه‌کان بۆ کۆمیته‌ی دانانی ده‌ستورێک بۆ سوریا له ژنێڤ ده‌کات.
به هیواین، که ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه یارمه‌تیده‌ر بن.
له‌گه‌ڵ سڵاو و رێزدا
به‌شی ئه‌وروپا، ئاسیای ناوه‌ڕاست، ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا، رێکخراوی هه‌مئاهه‌نگی و ئاسایشی ئه‌وروپا
به‌رێوبه‌رێتی سیاسی
وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی کۆنفیدراڵی سویسرا
ده‌قی نامه‌که‌ی رۆژنامه‌نوس و چالاکوانه‌که به کوردی:
نامه‌یه‌کی کراوه بۆ سه‌رۆکی حکومه‌تی کۆنفیدراڵی سویسرا
(تکایه فشار بکه‌نه سه‌ر تورکیا، تا هێرشه‌کانی بۆ سوریا ده‌سبه‌جێ بوه‌ستێنێت)
زۆربه‌رێز سه‌رۆکی حکومه‌ت ماوره‌ر
وا چه‌ند رۆژێکه هێرشی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی خۆرێڤهبهریی ناسراو به رۆژئاوا له باکوری سوریا ده‌ستی پێکردوه. له ئه‌نجامی ئه‌م هێرشه‌دا، به تایبه‌ت به هۆی بۆمبابارانکردنی رۆژانه‌ی فڕۆکه جه‌نگییه‌کانه‌وه، به پێی زانیاریی رێکخراوه‌کانی بواری مافی مرۆڤ وه سه‌رچاوه‌ی بێلایه‌ن، تا ئێستا ژیانی ده‌یان خه‌ڵکی سیڤیلی کردۆته قوربانی، له نێو ئه‌مانه‌دا مناڵ و که‌سانی خوارته‌مه‌نی پێگه‌یشتووی تێدان. خانوبه‌ره‌یه‌کی زۆری خوێندنگه، نه‌خۆشخانه وه شوێنه‌واری مێژوویی له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌خت بوونه.
له‌و ناوچه‌یه‌ی باکوری سوریادا نزیکه‌ی دوو میلیۆن دانیشتوان هه‌ن، ئه‌وان هیچکات نه‌بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر دانیشتوانی تورکیا. ئه‌و ناوچه‌یه نزیکه‌ی میلیۆنێک ئاواره‌ی شوێنه‌کانی تری سوریای له خۆگرتوه.
ئه‌م هێرشه‌ی تورکیا ده‌کرێت ببێته هۆی کۆمه‌ڵکوژی له سه‌ر دانیشتوانه‌که‌ی، هه‌روه‌ها سه‌رله‌نوێ ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر ببنه‌وه. ساڵانێکی زۆره ئه‌و ناوچه‌یه له ژێر گه‌مارۆی تورکیادایه، که‌وا به درێژایی سنوره‌که شورایه‌کی دروستکردوه. هه‌رده‌م نا ده‌مێک له لایه‌ن سوپای تورکیاوه وه گروپه‌کانی سه‌ر به قاعیده‌ی به‌کرێگیراوی تورکیاوه بۆمبا‌باران کراون.
کوڕان و کچانی خۆبهرێوبهریی ئه‌وێ بوونه‌ته قه‌ڵایه‌ک دژ به داعش. ئه‌وان ئه‌و قاره‌مانانه‌ن که له کۆبانی به سه‌ر جیهادییه‌کاندا سه‌رکه‌وتن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ن که پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌یان (ڕه‌ققه) له سوریا له ژێر ده‌سته‌ڵاتی خه‌لافه‌ت ده‌رهێنا. له‌م پێناوه‌دا یانزه هه‌زار قوربانیی گیانی و بیستویه‌ک هه‌زار برینداریان به‌خشی. ئه‌مان پێویسته له لایه‌ن کۆمه‌ڵگانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه رێزیان لێبنرێت، خه‌ڵات بکرێن و پشتیوانی‌یان بکرێت.
من وه‌ک رۆژنامه‌نوسێکی سویسری – کورد و چالاکوانێکی بواری مافه‌کانی مرۆڤ، که بیست ساڵه لیره ده‌ژیم، تکاکارم لێتان، چیتان پێ ده‌کرێت ئه‌نجامی بده‌ن، تاوه‌کو چی زووتره ئه‌م هێرشانه بوه‌ستێنن. ئه‌مه جه‌نگی تورکیا و میلیشیا تیرۆریستییه‌کانه له ژێر ئاڵای سوپای ئازادی سوریادا دژ به مافه‌کانی گه‌لان. ئه‌گه‌ر تورکیا له‌م هێرشه‌دا ئه‌م ناوچه کوردییانه داگیر بکات، ئه‌بێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی تر بۆ پێشێلکردنێکی زۆری مافه‌کانی مرۆڤ. من له‌م نێوانه‌دا ترسم هه‌یه، که له لایه‌ن سوپای تورکیا و میلیشیا ئیسلامییهکانییهوه کۆمه‌ڵکوژیی به‌رامبه‌ر دانیشتوانی سیڤیل ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی هه‌ڵاتن و ده‌ربه‌ده‌ربوونی دانیشتوانی ئه‌وێ.
تکایه رێگر بن له سوپای تورکیا، تاوه‌کو ئه‌م دورگه دیموکراتی و پڕئاشتییه له سوریا وێران نه‌کرێت وه کۆمه‌ڵکوژی له‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌ی پیاده نه‌کرێت.
ئێستا رێک ئه‌و کاته‌یه، که پێویسته سویسرا به ئه‌رکی مۆراڵیی و لێپرسراوێتی خۆی هه‌ستێ و ڕای خۆی راگه‌یه‌نێت. من بانگه‌وازتان ده‌که‌م، که‌وا سویسرا لێپرسراوێتی خۆی به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت و هه‌وڵی رێگری له کاره‌ساتێک بدات.
له‌گه‌ڵ رێز و سڵاودا
هیوا ناسیح
11- 10- 2019