هاوڕێ جەبار: سەردانی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا بۆچی مەترسیدارە.
دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە ۹ی ئوکتۆبەر بەناوی (کانی ئاشتی) بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد، بەهەموو تەکنەلۆژیاییەکی پێشکەوتووی لە چەک و تانک و فرۆکە، بە هاوبەشی لەگەڵ هەزاران چەتەی تیرۆریستی بەناوی گرووپی جیاجیا، هەر لەسەرەتای هێرشەکەوە تورکیای داگیرکەر و چەتەکان هەموو پێوەرێکی ئەخلاقی و بنەمای جەنگیان پێشێل کرد و دەستیان بە تۆبباران کردنی گوند و شار ماڵی هاووڵاتیان و خوێندنگا و نەخۆشخانە کرد کۆمەڵکوژیان پێک هێنا لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و فسفۆر.
ئەم هێرشانەش بووە هۆکاری ئاوارەبوونی نزیکەی 300هەزار هاووڵاتی و شەهید بوونی دەیان خەڵکی سڤیل لە ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچوو، ئامانج لەم هێرشانەش لەناوبردنی گەلی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە بە هێنانی 3ملیۆن ئاوارەی عەرەب و نیشتەجێ کردنیان لەناوچە کوردییەکان، ئەم هێرشە ناڕەواییەی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکان هەرزوو لە دونیای دەرەوە بووە ڕۆژەڤ و زۆربەی میدیا جیهانیەکان چاویان لەسەر ڕۆژئاوا بوو هەروەها زۆربەی ووڵاتە زلهێزەکانی جیهانیشی هێنایە سەرخەت، ئەتوانین بڵێین یەکەم جارە لە مێژووی گەلی کوردا ئەو هەموو سۆز و پشتیوانیەی لەسەر ئاستی جیهان بۆ دروست ببێت، لەهەمان کاتدا ووڵاتانی ئەورووپا و ووڵاتی عەرەب و ئەمریکا زۆربەی ووڵاتانی تر ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیایان بەداگیرکاری ناساند ئەمەش وای کرد تورکیا دژبەرییەکی زۆری بۆ دروست بوو بە تەنها مایەوە توشی چەندین سزا بوویەوە لەلایەن ئەمریکا و هەندێ ووڵاتانی ئەورووپا، ڕێک لەم و کات و تەوقیتەدا سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی دەیەوێت سەردانی تورکیا بکات بێگومان ئەو سەردانەش لەسەر بانگهێشتی ئەردۆغانە، ئەو تورکیایە کە گەلەکەی کۆمەڵکوژ دەکات و ئینکار لەبوونی نەتەوەکەی دەکات ئەو تورکیایە جگە لە سۆماڵ و قەتەر هیچ دۆستێکی دیکی لە جیهاندا نەماوە، مەترسیەکانی ئەو سەردانە چیە ئەردۆغان مەرامی چی لە پشتی ئەو سەردانەوە هەیە، ئەردۆغان دەیەوێت ڕووی خۆی لە دوونیای دەرەوە بە بارزانی سپی بکاتەوە، بەجیهان بڵێت ئەوەتا کورد لەتەنیشی منەوە دانیشتووە و دەستمان لەناو دەستی یەکە ئێمە هیچ کێشەیەکمان نیە وەک و کورد تورک ئێوە کێشەتان چیە، من شەڕی تیرۆر دەکەم نەک شەڕی کورد، ئەمەش مەترسی ئەوەی هەیە ئەو کارتە باشەی لەم سەددەیەدا بۆ کورد دروست بووە ئەردۆغان لەڕێی مەسرور بارزانیەوە بیسوتێنێ، ئیدی چاوی میدیا جیهانیەکان لە جێی پیشاندانی وێنە کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا وێنەی دەست لە ناو دەستی ئەردۆغان و بارزانی بڵاوبکەنەوە، ئەو هەموو سۆز و پاڵپشتیەی بۆ کورد دروست بووە نەمێنێت و ئەو هەڵوێستەی هەیانە لێی بێدەنگ بن و چاو لەئاست کۆمەڵکوژی کوردان دابخەن، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو نمونەی لەم شێوەیەمان هەیە.
پەیماننامەی لۆزانی ساڵی 1923 لەنێوان تورک و ووڵاتانی هاوپەیمانان، کە هاوپەیمانان هەوڵیاندا بۆ هەمیشە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە گۆڕبنەن و سنورێک بۆ تورک دابنێن، لەوێدا پرسی کورد هاتە ئاراوە هاوپەیمانان گووتیان کوردیش مافی جیابوونەوەی هەیە و ئەم مافەش لە پەیماننامەی سیڤەردا ناسێنراوە، تورکەکان لەوکاتەدا چیان کرد پەنایان بۆ کورد برد کە بە کورد خۆی دژایەتی خۆی پێبکەن،
بۆ ئەمەش کۆمەڵێک کوردیان بە جل و بەرگی کوردییەوە بە نوێنەرایەتی حسن خەیری لەگەڵ خۆیان برد بۆ کۆبوونەوەکە، بە هاوپەیمانانیان گووت ئێوە باسی مافی کورد دەکەن ئەوە کوردەکانن با خۆیان بدوێن و لەزاری خۆیانەوە ببیستن بزان چیان دەوێت،حسن خەیری گووتی ئێمەو تورک دووبراین لەیەک جوگرافیادا دەژین و هەرگیز لێک جیانابینەوە تورکیا ووڵاتی ئێمە و تورک دەبێت، هاوپەیمانان بە بیستنی ئەم ووتانە هەڵوێستیان گۆڕاو ڕازیبوون بە داواکارییەکانی تورک و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ئەو جوگرافیای تورکیا بۆتە دۆزەخ بۆ کوردان.
ساڵی 1991 سەردانی بارزانی بۆ لای صدام حسین، لەکاتی کۆڕەوە مەزنەکەی خەڵکی باشوری کوردستان ئەو کۆڕەوە ملیۆنیە چاوی جیهانی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو بەجۆرێک زۆربەی ووڵاتانی جیهانی نیگەران کردبوو میدیا جیهانیەکانیش بەگرنگیەوە باسیان دەکرد و بوو بووە ڕۆەڤی سەرەکیان، ووڵاتانی زلهێز بەدوای ڕێگەچارەیەکی یاساییدا دەگەڕان تا صدام حسینی پێ سزابدەن و لەهەمانکاتیشدا کیانێکی سەربەخۆ بۆ کوردانی باشور دروست بکەن کە کورد تێیدا پارێزراوبێت.
لەو کات و ساتەدا مەسعود بارزانی سەردانی بەغدادی کرد لەگەڵ صدام حسین دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجام دا وێنەی چاوپێکەوتنەکەیان بە میدیا جیهانیەکاندا بڵاوبوویەوە، ئەم ڕووداوە وای کرد میدیاکان لەبری بڵاوکردنەوەی وێنەی تراژیدیای ملیۆنان خەڵکی کۆڕەو کەوتنە بڵاوکردنەوەی وێنەی دەست لەناو دەستی صدام و بارزانی، ئەو سەردانەی بارزانی لەو کاتەدا گەرەترین کارتی کوردی سووتاند، کە گەلی کورد لەو کات و ساڵەدا لە هەستیارترین وەرچەرخانی مێژووییدا بوو، بەڵام ئەم سەردان و چوونە بەغدادەیان بە دوونیای دەرەوەیان گووت ئەوەتا ئێمە کێشەیەکمانیە و کۆک و تەباین ئێوەی ووڵاتان چ کێشەیەکتان هەیە، ئەمەش وایکرد جیهان لەئاست کوردا چاوی دابخات و لێ بێدەنگ بن، ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان مەترسی حسن خەیری ساڵی 1923 و بارزانی باوکی ساڵی 1991ی هەیە.