نەوزادى موهەندیس: کورد و ئەمریکا- هاوپەیمانى و خیانەت.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
سەرەتاى پەیوەندى نێوان ئەمریکا و کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەردەم و قۆناغى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مهابادى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەساڵى 1946دا، چونکە تازە بەتازە ئەمریکا وەکو زلهێزێکى دونیایى و لەدواى کۆتایى جەنگى جیهانى دووەمەوە هاتبوە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و خۆى پیشانى ناوچەکە و دونیا دەدا، چونکە پێشتر و لەسەردەمى جەنگى جیهانى یەکەمدا 1914-1918 و دواتریش تەنها وەکو وڵاتێکى تازە ناسراو و هێزێکى لۆکاڵى نەک دونیایى هاتبوە گۆڕەپانەکەوە، بەتایبەتیش کاتێک توانى پڕۆژەى ماڕشاڵ بۆ ئاوەدانکردنەوەى ئەوروپاى دواى جەنگەکە جێبەجێ بکات، ئەوکات ئەمریکا وەک وڵاتێکى بەتوانا و هێزى سیاسى و ئابورى و سەربازى کە چەندین جار پێش هەریەکە لە بەریتانیاى مەزن و فەڕەنساى دواى جەنگەکە و هەردوو زلهێزى سەردەمى جەنگى جیهانى یەکەمەوە هاتە گۆڕەپانى دونیا و گەورەیى و شکۆ و هەژموونى خۆى سەپاندە سەرهەموان بە یەکێتى سۆڤێتى جارانیشەوە چونکە هەموانیان لەجەنگێکى تاقەتپڕۆکێنى 6-7 ساڵە 1938-1945 هاتبونە دەرەوە لەبەرامبەر ئەڵمانیاى هیتلەریدا.
بەداخەوە هەر ئەوکاتەش و لەو یەکەم وێسگە وبەریەکەوتن و ناسینەى یەکتریەوە لەنێوان ئەمریکا و کورددا، بەکۆتاییەکى غەمگین و خوێناوى کۆتایى هات کە لەسێدارەدانى پێشەوا قازى محەمەد و سەیف و ێەدرى قازى بوو لەمەیدانى چوارچراى مهاباد و لە گۆڕنانى کۆمارە تاقانە تەمەن کورتە 11 مانگیەکەى کورد بوو،لەبەرئەوەى قازى و هاوەڵانى ڕازى نەبوون بەمەرجەکانى ئەمریکا و بەریتانیا بۆ دروستکردنى پەیوەندیەکانیان کە لەسەر حسابى کوردو خاک و سەروەت و سامانە زۆر و زەوەندەکەى لەنەوت بوو،هەربۆیەش ئەمریکا لەهەنگاوى سەرەتادا بە دژایەتى و دوژمنایەتى و خیانەتى کورد دەستیپێکرد و تائێستاش ئەو ڕچە و ڕێبازە سیاسیەى ئەمریکا هەر بەردەوامە و بەرژەوەندى خۆى و ڕژێمى شاهەنشاهى ئێرانى کۆنەپەرستى خستە سەروو بەرژەوەندى کورد و کوردستانەوە.
وێسگەى دووەمى بەریەکەوتن و دامەزراندنى جۆرێک لەپەیوەندى ئەمریکا و کورد دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستى شۆڕشى ئەیلول لە باشوورى کوردستان لەساڵانى شەستەکانى سەدەى ڕابووردوەوە و بەنێوەندگیرى یان فشارى ئیسڕائیل بۆ ئەوەى ئەمریکا پشتیوانى و هاوکارى شۆڕشى کوردان بکات دژ بە ڕژێمە یەک لەدوایەکەکانى بەعسیەکان لە عێراقداو دژى هەژموونى سۆڤێتیەکانیش، بەڵام ئەم پەیوەندیانەش سنوردار و قەتیس و نهێنى بوون و سوودوکەڵکێکى گەورەى بۆ کوردان نەبوو تا لەکۆتایشدا جارێکى تر بەرژەوەندیە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانى خۆى و ڕژێمە فاشیستەکانى بەغدادى خستە سەروو بەرژەوەندى نەتەوەیەکى دێرینى وەکو کوردەوە و ڕەنجى 14 ساڵى شۆڕشى بەبادا دان.
دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلول و هەڵایسانەوەى شۆڕشى نوێى گەلى کورد لەباشوورى کوردستان لەساڵى 1975وە تا ڕاپەڕینى ساڵى 1991، ئەمریکا نەبەچاک نەبەخراپ هیچ جۆرە پەیوەندیەکى لەگەڵ سەرانى ئەو شۆڕەشەدا دروستنەکرد و نەک هەرئەوە، بەڵکو جارێکى تریش بەرژەوەندیەکانى خۆى و هاوپەیمانەکانى لەناوچەکە لە وڵاتانى کەنداوى فارسى و ئیسڕائیل خستەوە سەروو بەرژەوەندى کورد و شۆڕشەکەیەوە و بەدرێژایی 8ساڵەى جەنگى عێراق – ئێران پشتى ڕژێمى بەعسى ێدامى گرت و گوێى خۆى کەڕکرد و چاوى خۆى کوێر کرد لەبەرامبەر پڕۆسە نامرۆڤانەکانى کیمیاباران و ئەنفال و جینۆسایدى کورد کە تیایدا 182هەزار ئەنفال و 10 هەزار کیمیابارانى هەڵەبجەى شەهید و 5هەزار قوربانى تر و 8هەزار ئەنفالى بارزانیەکان و گۆڕەبەکۆمەڵەکان و سووتماککردنى خاک و ئاوى کوردستان کردە قوربانى بەرژەوەندیەکانى خۆى. تەنانەت دواى ڕاپەڕینى ساڵى 1991ى باشورى کوردستان و هەڵبژاردنى یەکەم پەڕلەمانى کوردستان لە 19/5/1992 و دامەزراندنى یەکەم حکومەتى کوردستان لە 4/7/1992 و دواتریش ڕاگەیاندنى جۆرى پەیوەندیەکانى هەرێم و بەغداد لە چوارچێوەى فیدڕاڵیدا لە 4/10/1992و دواتریش ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامى لەساڵى 2003وەو تاکو ئێستا ئەمریکا گەر هاوکار و یارمەتیدەرى کورد بوبێت لەچەند قۆناغ و وێسگەیەکدا، ئەوا لە زۆر قۆناغى تردا دژ بە بەرژەوەندیەکانى کورد و فراوانبوونى دەسەڵات و هێز و بازوى کورد بوە و ئەوەتا نەهێڵراوە کە مادەى 140 دەستور جێبەجێبکرێت و شایستە داراییەکانى هێزى پێشمەرگە لە ساڵى 2004وە بنێردرێت و دواتریش پشکى بودجە و موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کەمکرایەوە و بڕدراش و هێواش هێواش پڕۆسەى تەعریب و تەشەیوع و ڕاگواستن و کەنارخستنى کوردان جێبەجێدەکرێت و ئەمریکاش تەنها تەماشاکەرەو هیچى تر.
لە وێسگەى سێهەمى پەیوەندیەکانى ئەمریکا –کورددا،بەدرێژایى شۆڕشى چەکدارى کوردانى باکوور لەلایەن پارتى کرێکارانى کوردستانەوە لەساڵى 1978 و دواتریش 1984وە بەهیچ جۆرێک پشتیوانى و هاوکارى ئەو شۆڕشەى کوردانى لەباکور نەکرد و بەپێچەوانەشەوە زۆر بەتوندى پشتیوانى لەهەموو ڕژێم و حکومەتە سەربازى و تاکڕەو و تۆرانیە یەک لەدوایەکەکانى تورکیاى ئەتاتورکى و فاشیستى دەکرد و تائێستاش و لەدواى دەستگیرکردنى عبدالله ئۆجەلان لەساڵى 1999وە ئەو پارتەى لەلیستى تیرۆردا دەرنەکردوە و گرتنى ئاپۆش بەئاگادارى دەزگا جاسوسیەکانى ئەمریکا و هاوکارى و پشتیوانى ئەو بوە.
لەئێستاشدا و لە وێسگەى چوارهەمى پەیوەندیەکانى ئەمریکا –کورددا، بۆماوەى 8 ساڵى ڕێکە کوردانى ڕۆژئاواى کوردستان لە ساڵى 2011ەوە دواى شۆڕشى گەلانى عەرەبى لەپڕۆسەى بەهارى عەرەبیدا لە سوریادا،دەستیانداوەتە بەرخۆدان و شۆڕش و مقاوەمەتى داعش و تیرۆریستان وتوانیویانە سەرکەوتن و دەسکەوتى گەورە وەدەستبێنن و ئەزمونى دەسەڵات و بەڕێوەبەریەکى خۆسەرى دابمەزرێنن و ناوچە کوردیەکان ڕزگار بکەن و لە سەنگەرى یەکەم و پێشەوە دژى تیرۆریستان و توندڕەوە ئیسلامیەکان بجەنگن و کچان و کوڕانى شەڕڤانان ببونە سیمبولى ئازادى و قارەمانێتى بۆ هەموو دونیاو لەو پێناوەشدا 11هەزار شەهید و زیاد لە 20هەزار قوربانیان پێشکەشکردوە. هەر لەسەر دەستى کوردانى ڕۆژئاوادا سەرکەوتنى کۆتا و نەمانى داعش ڕاگەیەنرا، بەڵام ئەمریکا لەئێستادا و دواى نەمانى مەترسى داعش تاڕادەیەکى زۆر و لە پێناو بەرژەوەندى خۆى و هاوپەیمانە فاشیستەکەى لە تورکیا بەسەرکردایەتى ئەردۆگان کەوتۆتە سازش و مامەڵەکردن بە مەسەلەى کورد و کوردستانى ڕۆژئاواوە ،بۆ چەندین جار و هەروەک دابونەریتە قێزەون و سیاسەتە دۆگماو نامرۆڤانەکەى ڕابووردووى بەرامبەر بەکوردان لەهەر چوار پارچەکەى کوردستاندا، ئەمریکا گەرەکێتى پەردەیەکى نوێى خیانەتکردن لەکورد و مەسەلە ڕەواکەى دابداتەوە و ئەم جارەش ئەم شۆڕشە بەدەردى کۆمارى مهاباد و شۆڕشى ئەیلول و شۆڕشى باکور بباتەوە و خوێن و فرمێسک بۆ کوردان و خاک و سەروەت و سامانى کوردانیش بۆ داگیرکەرانى ناوچەکە و دونیا حەڵاڵ بکاتەوە و مێژووى 100ساڵەى ڕەش و تاریکى کوردان دووبارە بکاتەوە.
ئەمریکا لەم سەردەمەى ترامپى سەرۆکى و لەم سەدەى بیست ویەکەدا،هەمان سیناریۆى قێزەون دژى نەتەوەیەکى 40-50 ملیۆن کەسى و بەرامبەر وڵاتێکى وەک کوردستانى گەورەى نزیکەى 600هەزار کم2 و خاوەن نەوت و گازى سروشتى کە سەرچاوەى وزە و بزوێنەرى ماکینەى پیشەسازى زلهێزەکانە دووبارە بکاتەوە، بەناو پاراستنى ئارامى و ئاشتى ناوچەکە و خوێن نەڕشتن و مافى مرۆڤ و دروشمە باقوبریقە بێناوەڕۆکەکانى کە زیاد لە 100ساڵە مێشک و دەروونى گەلانى ناوچەکەیان پێئاخنیوە و هەڵیافریواندون، ئەگینا لەسەر زەمینەى واقع هیچ بونێکى هەستپێکراو نابینى بۆ دیموکراسى و ئازادى و دادپەروەرى و یەکسانى و خۆشگوزەرانى و مافەکانى مرۆڤ.
بەم شێوەیە گەر ئەمریکا لە چەند وێسگەیەکى کەم و کورتى کاتى و بچوکى مێژوویدا هاوکار و هەمئاهانگ و بەناو هاوپەیمانى کورد بوبێت، ئەوا تەنها لەپێناو بەرژەوەندیەکانى خۆیدا بوە نەک لەپێناو سەرخستنى کورد و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى و ماف و داوا ڕەواکانى کوردا بوبێت، بەڵام لەبەرامبەردا مێژووى 80 ساڵەى ڕابوورى پەیوەندیەکانى ئەمریکا و کورد سیاسەتێکى ستراتیژى و پتەو و کۆنکرێتى بۆ پشتیوانى کورد نەبوە، بەڵکو سەرتاپاى بریتى بوە لە خیانەت و خەنجەر لێدان لە پشتەوە لەکورد و لە داواکارى و مافەکانى لەهەر چوار بەشەکەى کوردستان لە هەریەکە لە ئێران و تورکیا و عێراق و سوریاشدا.
بۆیە کورد دەبێت لەئایندەدا پەندو عیبرەت لەم مێژوە ڕەشەى خیانەت و لەم بێباکى و پشتکردنەى ئەمریکا و ئەوروپیەکانیش وەربگرێت و جارێکى تر هەموو هێلکەکانى نەخاتە سەبەتەکەیانەوە و پلانى جێگرەوەى ئامادەکراوى هەبێت و پەرە بە هەمەجۆرەى پەیوەندیەکانى بدات لە ناوچەکە و دونیاشداـ هەروەها نابێت کورد چیدى بەدروشم و بەهەندێک هاوکارى چەک و چۆڵ و تەقەمەنى کەم هەڵبخڵەتێت و ببێتە خاوەنى هەموو مەسەلەى لەناوبردنى تیرۆر لەناوچەکەدا، بەڵکو هەر ئەوەندە بکات کە ناوچەکان و کوردستانەکەى خۆى بپارێزێت و هیچى تر، چونکە جگە لەکورد عەرەب و مسوڵمانەکان و تورکەکان و… هتد. هەن بۆ ئەوەى بجەنگن، ناکرێت کورد لەهەموو پڕۆسەیەکى گۆڕانکارى ناوچەکەدا بکرێتە سەرەنێزە و قوربانى و قارەمان و پاڵەوانى جەنگەکە بەڵام لەکۆتایشدا تەنها خیانەت و خوێن و فرمێسک و کاولکارى گەل و نیشتیمانەکەى بۆ بمێنێتەوە.
گەرەکە کورد بەسەر چۆنێتى و چەندایەتى پەیوەندیە ناوچەیى لە گەڵ گەلانى ناوچەکە لە تورک و فارس و عەرەب و لە چوارچێوە ئیسلامیەکە و دواتریش بۆ پەیوەندیە دونیاییەکان لە ئەوروپا و ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات بچێتەوە و بەشێوەیەکى وەکیەکى و یەکسان و لەسەر ئاستى سیاسى و نوێنەرایەتى کورد نەک حیزب دابمەزرێنێت و ئەمەش پێویستى بەیەک و یەکگرتوویى ڕیزەکانى گەل و نەتەوە هەیە لەهەرچوار بەشەکەى کوردستاندا وگەرەکە کورد هەموان و پێکەوە خاوەنى یەک کردار و گوتارى نەتەوەیى بن نەک بەش بەش و پارچەپارچە بوون،لەگەڵ ئەمەشدا گەرەکە ڕووداو و پێشهات و گۆڕانکارى و هاوسەنگى هێز و هاوکێشە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانى ناوچەکە و دونیاش ڕاست ودروست بخوێنێتەوە و پلانى خۆى بۆیان هەبێت. پێویستە کورد هەوڵبدات چیدى وەک هێزێکى نافەرمى و نەناسراو نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە هێزێکى نێودەوڵەتى و دانپیادانراو لەناوچەکە و دونیاشدا،ئەوەش تەنها بە بوون و دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کورد دەبێت گەر لەقەوارەشدا وەک هەنگاوى یەکەم بچوک بێت، چونکە تەنها دەوڵەتى ڕەسمى و ئەندامى دانپیادانراوى نەتەوە یەکگرتوەکان زامنى پاراستنى سەروەرى و سنور و شکۆى نەتەوەیى کوردە وەکو هەموو گەلانى ناوچەکە و دونیاش، بۆیە گەرەکە دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى ببێتە ستراتیژ و بنەماو پنتى سەرەکى لەسیاسەتى ئایندەى کورداندا نەک وەکو خەون و خەیاڵ لێبڕوانرێت. بەبێ ئەم هەنگاو وبەرنامەى کارانە زەحمەتە کورد بگاتە ئاوات و ئامانجەکانى خۆى و مافەکانى لەدامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى و ئازابونى لەژێر دەستەیى و داگیرکارى و بەشبەشکردنى خاک و نەتەوەکەى ڕزگارى ببێت، ئەمەش لەخۆبوردەیى و جدیەت و دڵسۆزى و خەمخۆرى و یەکڕیزى هەموانى گەرەکە نەک تاک سەرکردە و تاک حیزب لەم پارچە یان لەو پارچەیەى کوردستاندا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی