له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: چیمان له گۆڕان ویست ئه‌و چی ده‌كات.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، لانی كه‌م له ئێستادا وه‌ك هێزی سێیه‌می ئه‌م هه‌رێمه به قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌كرێت قسه‌ی له سه‌ر بكرێت، ره‌خنه‌ی لێبگیرێت، وه‌ك چۆن یه‌كێتی و پارتیش قسه‌یان له سه‌ر ده‌كرێت و ره‌خنه‌یان لێده‌گیرێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له سه‌ره‌تای دروستبوونیدا نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكی گۆڕانخواز‌و هێزه سیاسیهناڕازیهكانی هه‌رێمی كوردستان به چاوی ئومێده‌وه سه‌یریان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت ده‌نگه ناڕازی و توڕه‌كانی نێو پارتی و یه‌كێتیش چاوی ئومێدیان تێ‌بڕیبوو، ئێمه ئه‌و سه‌رده‌مه له نزیكه‌وه ئاگاداری هه‌موو ئه‌وانه بووین.
ئه‌و رۆژگاره به هۆی بوونی ده‌یان جه‌نگاوه‌ریی خاوه‌ن قسه‌و سیاسی بڕیارده‌ره‌وه نه‌ك هه‌ر چاویی ئومێدی له سه‌ر بوو، سڵیشی لێده‌كرایه‌وه. هه‌ر ئه‌و سڵهش بوو وای كردبوو تۆمه‌تی ناڕه‌واو نابه‌جێ بۆ كاره‌كته‌ره‌كانی دروستبكرێت به رێكخه‌ری گشتیشه‌وه، كه له بندهستیهوه به پاره جاسوس دروستدهكراو ده‌كڕدرا.
ئێستا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌دا چوار قسه‌ی ئاشكرا‌و ڕوونی نیه، هیچ له بار‌و دۆخی خه‌ڵك نه‌گۆڕاوه، ته‌ندروستی و خوێندن له هه‌مان دۆخی جاراندان خراپتر نه‌بن، موچه‌و بودجه له به‌رده‌م مه‌ترسیدان، نه‌ك ئه‌وه هه‌رێمی كوردستان، ماده‌ی 140،ته‌واوی ده‌ستورو… هتد، له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ده‌نگی لێوه نایه‌ت، به‌غداو باشور له‌به‌ر نادادی و سته‌م و گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری رژاونه‌ته سه‌ر جاده، رۆژئاوای كوردستان لهبهردهك كه‌ڵبه‌ی تیژی ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان و سوپای توركیادایه، كه‌م رۆژ هه‌یه كۆڵبه‌رێكی كورد له رۆژهه‌ڵات سینگه نه‌بێته گوله‌وه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، ئه‌و هێزه‌ی كه له رابردوودا داوه‌تی توركیای له پێناوی كوردا ره‌تده‌كرده‌وه، ئاوڕی له پێشنیاز‌و به‌ڵێنی درۆینه‌ی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات نادایه‌وه، ئه‌وه‌تا هیچی نیه بۆ ووتن.
ئه‌م بزوتنه‌وه بێده‌نگه كه هه‌ندێك بۆ شكاندن و لێدانی ئه‌و بێده‌نگیه به ئاقڵ بوون ناوده‌به‌ن كاره‌كته‌ره‌كانی كه به‌ده‌نگی خه‌ڵك به‌رزترین پله‌یان وه‌رگرت، له بری ئه‌وه‌ی له به‌غدا له نێو خۆپیشانده‌راندا بن، ده‌ڵێن “ئه‌وه‌ی له به‌غدا هه‌یه ده‌ستی له پشته” و نه‌ك ئه‌وه‌نده ده‌ڵێن ” هه‌مان ده‌ستیش له هه‌رێم هه‌یه ” هه‌مان ئه‌و قسه‌یه‌ی كه پێشتر ده‌درایه پاڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خه‌ڵكی ناڕازی، له راستیدا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له دۆخێكدایه له‌وه ده‌چێت كه‌س ئاگای له‌وی تر نه‌بێت، ئه‌وه‌بۆیه گوێبیستی ئه‌و جۆره قسانه‌ش ده‌بین.
گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له سه‌ر هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی كوشتنی گیانی به‌رهه‌ڵستی و زمانی قسه‌كردنه، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان مه‌رگی نه‌وشیروان مستهفاو دوركه‌وتنه‌وه‌ی قادری حاجی عه‌لی و عوسمانی حاجی مه‌حمود و سه‌دان قسه‌كه‌ری بوێریان به هه‌لزانی بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌ر بڕو بیانویه‌ك ئه‌و گیانی به‌رهه‌ڵستی و زمانی قسه‌كردنه تا ئاستی كوشتن به‌رن، من بۆ خۆم بڕوام به ئارامی و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی سیاسی هه‌یه، به‌ڵام نه‌ك به‌و راده‌یه‌ی هێزی سیاسی بوونی خۆی فه‌رامۆش بكات كه چیه‌و ده‌بێت چیبكات، ئاخر ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا زندوو بێته‌وه ئه‌م بزوتنه‌وه سیاسیه‌ی خۆی ناناسێته‌وه.
هیوام وایه دۆستان ئه‌م ره‌خنانه به سنگی فراوانه‌وه وه‌ربگرن و بیرێك له خۆیان و ئایندهی میلهتهكهشیان بكه‌نه‌وه.
- Latest Posts by لەتیف فاتیح فەرەج
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: له چ ده‌ستێكی نا ئهمینداین.
-لەتیف فاتیح فەرەج: دەربارەی ئاکاری کوردی.
-له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: قوربانیه بادینیه‌كان و موسته‌شاره‌كان.
- All Posts