هۆمەر نۆریاوی: هاوسێ هەموو وەک داڵن و ئەم کوردە وەک لاک.
خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی هەرە ڕوونی عەجەم جەماعەت ئەوەیە کە ئیش و کارێکی پێت هەبێت، هەتا ڕایی و جێبەجێی نەکات، دەستبەردارت نابێت و تەنگت پێ هەڵدەچنێت و گیانت دەکاتە نێو کولەکەوە. هەر کە ئیشەکەی(مەرامەکەی) بۆ چووە سەر، ئیدی لە نێو گۆمێکی لیخندا بەرەڵڵات دەکات تا ئەوەندە کوێرانە پەلەقاژە بکەیت و بە جارێک بفەوتێیت. ڕەنگە ئەمە تایبەتمەندی هاوبەشی لای عەرەب و تورکیش بێت کە لە کاتی تەنگانەدا کورد دەکەنە برا گەورە و هەرکە دۆخەکە هێور بووەوە، ددان بە هیچ مافێکیدا نانێن و بگرە وەبەر دڕندانەترین هێرش و پەلاماریشی دەدەن.
دوێشەو، 9 ی گەڵاڕێزانی 2719 (31ی ئۆکتۆبەری 2019) کە گوێبیستی بەشێک لە وتەکانی “بەشار ئەسەد”ی سەرۆکی خوێنمژی سووریا لە هەڤپەیڤین لەگەڵ کەناڵێکی سەر بە دەسەڵاتەکەی خۆی بووم، باسی لە “کوردی باش و نەباش” دەکرد. کورد، گەر خودانی بیر و هزر و ویژدانێکی بێداری نەتەوەیی بێت، بە هەموو ئایین و ئایینزا، شێوەزار و بنزار و مەرام و ئایدیۆلۆژیایەکەوە هەر کوردە و چ تۆفیر ناکات و یەکە و نابێت خۆ هەرزان تەسلیمی ناحەزانی میللەتەکەی بکات و بە دەستی خۆ، خۆی بخاتە نێو گۆمە لیخنەکەوە. چونکە سبەی هەر ئەم مرۆی بەر کامێرا، هەر کە دەستەڵاتی بەسەر هەموو شوێنێکدا بشکێتەوە، هەمان مامەڵەکەی جارانی لەگەڵدا دەکات و پاراستنی سەروەریی خاکەکەی لا دەبێتە هێڵی سوور و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نابێت بە موو لێی لا بدات. کورد با پەند لە ئەزموونە تاڵ و کارەساتبارەکانی دیرۆک و مێژووکەی خۆی وەربگرێت و دیسانەوە سووک و سانا خۆ نەخاتەوە باوەشی ناحەزان و فریوی قسەی بریق و باقداری بەر کامێراکان نەخوات.
کوردانی ڕۆژاوا نابێت هەرگیز پێملی قسەکانی “بەشار ئەسەد”ی کوڕی “حافز ئەسەد”ی ملهوڕ بن کە هەتا زیندوو بوو ، قەت ددانی بە مافی کورددا نەدەنا. کوردی ڕۆژاوا ئەوەی لە ڕێی گیانبەختکردنی سەدان شەڕڤان و بە بەرخۆدان و قارەمانەتی ڕۆڵەکانی خۆوە دەستی خستووە، نابێت بە بێ هیچ گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی سووک و هاسان بیخاتەوە دەست جەللادەکەی دیمەشق و چەمەڕای کەرەمی کوڕە خوێنمژەکە بمێنێتەوە.
ڕووناکبیر و هزرمەندی ناودیاری کورد مامۆستا “مەسعوود محەممەد”زۆر ساڵان بەر لە ئێستا بەم چەشنە باس لە قارەمانی میللەت و نەتەوەی بێ خودان دەکات و دەنووسێت:”قارەمانی میللەتێکی بێدەسەڵات، بە قەدەر پاڵەوان پفێکی میللەتی خاوەن کیان و سامان و هێز و دەسەڵات ناوی نایەت”.
کورد لە ڕۆژاوای کوردستان کە ساڵانێکە سەرکەوتووانە ئیدارەی هەرێمێکی خۆسەر و سەربەخۆ دەکات، بە بێ دەستەبەر و گەرەنتی نێودەوڵەتی و چەسپانی مافەکانی لە دەستووری داهاتووی سووریادا، نابێت بگەڕێتەوە باوەشی سووریای یەکگرتوو! کورد پێویستە لە ڕێی دۆستەکانی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەروەها بە هاریکاری پاڵپشت و پشتیوانەکانی لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی، هەوڵ بۆ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی بدات و دڵ بە وادە و بەڵێنی زارەکی بەشار ئەسەد کە نها گڵۆڵەکەی کەوتۆتە سەرەولێژایی، خۆش بکات و بە دەستی خۆی، ئاوات و خەونەکانی جارێکی دی چاڵ بکاتەوە. ئەگینا سبەی دەبێت هەر بە چەند سووکە مافێکی خۆجێی دڵخۆش بێت کە ئەویش لە ڕێی دارەدەستەکانیەوە و بە گوێرەی بەرژەوەندی “سووریای عەرەبی” جێبەجێ دەکرێن. بەشار مەگین کوڕی هەمان حافز ئەسەد نییە کە حاشا و نکۆڵی لە ناسنامەی مرۆی کورد لە سووریا دەکرد و هەرگیز پێملی هیچ جۆرە مافێکی ئەم نەتەوە دێرینە نەدەبوو!
کورد پێویستە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ واقیعدا بکات و پارێزەری دەستکەوتەکانی ئێستای بێت کە بە بەخشینی خوێنی سەدان شەڕڤانی ئازا و بوێر، دەست کەوتووە. سووکە ئاوڕدانەوەیەک لە بویەر و ڕووداوەکانی جیهانەکەی دەوروبەر پێمان دەڵێت، عەرەب و فارس و تورک دیسانەوە خەریکی گەلەکۆمەکییەکی ترسناکی دیکەن دژ بە گەلەکەمان و هەرکە دۆخەکە هەموار ببینن و بۆیان بچێتە سەر، تەنانەت دەیانەوێت هەموو ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە باشووریش لە بار ببەن و کورد جارێکی دی بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بەعس. ئەمە ئەقڵییەتی تەنانەت تاکی عەرەب و تورک و فارسیشە کە بەو چەشنە گۆش کراون کە ئا ئەبەد دەسەڵات و حوکوومەت بۆ کورد هێڵی سووریان دێتە ئەژمار و هەتا ئەوی ڕۆژێ مرۆ لەسەر ئەم گۆی زەوییە بمێنێت، ئەوەندە ئازادیخواز نابن کە بچنە ژێرباری دەسەڵات و حوکوومەتێکی کوردی.
بیرمەندی هەرە ناسراوی کورد “مەسعوود محەممەد،لەسەر ئەم باوەڕەیە کە “گیانی نەتەوەیی و نژادی بەندە بە گەلێ هەلومەرج، لە پێش هەمووانەوە سنووری دیاریکراوی وڵاتەکەی دێت”. بەختەوەرانە کوردی ڕۆژاوا بۆ گەلێک ساڵ دەڕوات بۆ خۆی حوکمی خۆی دەکات و خاوەنی هەرێمێکی دیاریکراوە کە نابێت لە ڕێی کەین و بەین و ساویلکەییەوە لە کیسی بدات.
“هەڵۆ بەرزنجەیی”ڕووناکبیری کوردیش هەر لەم پێوەندییەدا دەنووسێت:” تورک و عەرەب و فارس کامە مێژووی خراپ و نامرۆڤانە هەیە لە کوردستاندا نەخشاندوویانە. گەر کورد بە تەنگ دەردەکانی خۆیەوە نەیەت،کێ ئاگای لە ژان و ئازاری دەبێت”؟
هەر بۆیە چاوەڕوانمانەوە بە دیار دەسەڵاتە نگریسەکانی ئەم ناوچەوە کە گوایە ئەوان مافمان بدەنێ، لە خەونێکی ناخۆش بەولاوە،هیچی دی نییە. تۆ بڕوانە “حەمدی” شاعیر ساڵگارانێک بەر لە ئێستا چلۆن ئیشارەت دەداتە ئەم پرسە هەستیارە و دەڵێت:
“هاوسێ هەموو وەک داڵن و ئەم کوردە وەک لاک
چنگیان لە جگەرگاهی داوە هەموو بە بێ باک”. (شیعری سکاڵای نیشتمان)
کوردی ڕۆژاوا لە ڕێی دەیان مرۆی وریا و بوێر و خودان دیپلۆماسییەتی وەک “ساڵح موسلیم”،”ئیلهام ئەحمەد”،”مەزڵووم کۆبانی”و هتدەوە و بە پاڵشتی ئیرادەی باڵای گەلەوە، دەتوانێت دەستەبەری سبەیەکی هەرە پرشنگدار بکات.
چەند ژێدەرێک:
• دیوانی حەمدی، ئامادەکردنی عەبدوڵڵا خدر مەولوود، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، چاپی پێنجەم،هەولێر،2013
• جیهانبینی نەتەوەییانە، لە هزری مەسعوود محەممەدا، هەڵۆ بەرزنجەیی،چاپی یەکەم، کوردستان،2017
• مرۆڤ و دەوروبەر، مەسعوود محەممەد، بەرگی 2، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوی ئاراس، چاپی دووەم،هەولێر،2010
• چەپکێک لە گوڵزاری نالی، مەسعوود محەممەد، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی دووەم،هەولێر،2007