ئارام عەلی عەزیز: جیهانگیریی و کۆتایی ئیمپراتۆریەتى شەشەم.
هەڵوەشانەوەى دووجەمسەریی زەمینەى ئیستفرادکردنى ئەمریکای بە دونیا رەخساند. تاکجەمسەری هاتە کایەوەو ئەمریکا ئیسلام_ی بە دوژمنى خۆى داناو لەژێر ناوى سیستەمى نوێی جیهاندا هەوڵى رێکخستنەوەى دونیاى بە پێی فکرو بەهاو بەرژەوەندیەکانى خۆى دا. جیهانگیرى ( عەولەمە ) دوا قۆناغی مۆدێرنیتەیە کە بە پێنج قۆناغدا تێپەڕیوەو هەر قۆناغێکیشی لە بیروبۆچوونی هەریەک لە ئەندامانى ئەنجومەنى ئاسایشدا بەرجەستە بووە، هەر لەبەر ئەوەیش روسیا شوێنى یەکێتى سۆڤیەتى گرتەوەو دەرنەکرا، چونکە سیستەمەکە لەسەر پێنج بنیاتنراوەو پێنتاگۆنیە، دواتریش لەسیستەمی نوێی جیهاندا هەر پێنج ئایدۆلۆجیا جیاوازەکە تەوحید بوون و بوو بە عەولەمە، کە لە ناوەڕۆکدا بە ئەمریکایی کردنى جیهانە لە هەموو رویەکەوە، کە دەکاتە ئەمریکا ئەوەلەن (America first ).
لە سیستەمى نوێی جیهاندا ئەمریکا خۆى کردە چەق و بە پاڵپشتی تەکنەلۆجیاى پەیوەندیی و بە گرتنەبەرى شێوازى جیاجیاى سیاسەت و ئابوورى و لە رێگاى دامودەزگا نێودەوڵەتیەکان دەستیکرد بە رێکخستنەوەى نەخشەى جیهان و دووبارە داڕشتنەوەى زاراوەکانى راست و چەپ و خۆرهەڵات و خۆرئاوا بە گوێرەى خۆى، تەنانەت قیاسات و پێوانەو کیلۆیان گۆڕی و خەریکبوون ناوى مانگەکانى ساڵ و شەوو رۆژیش بگۆڕن.
لەو چوارچێوەیەدا، بە نەمانى سۆڤیەت، ئەنجومەنى ئاسایش و نەتەوەیەکگرتوەکان بە شکلی مانەوە، دواى گێچەڵکردن بە کۆریاى باکوور، ئەمریکا نەتەوەیەکگرتوەکانی لە رێگاى فینانس نەکردنەوە لاوازکرد، هەوڵى هەڵوەشاندنەوەى یەکێتی ئەوروپای دا لە رێگاى دەرکەوتنى بریتانیاو بریکسیت، هەوڵى دوورخستنەوەى چین – یان دا لە بازاڕى جیهانى لە رێگاى باجەوە، هەروەها لە ژێر ناوى جەنگی تیرۆر پەلامارى ئەفغانستان و عیراقیان دا.
بەڵام بەهاری عەرەبیی و شکستى ئەمریکا لە عیراق _ى لانکەى ئایین و شارستانیەت، تاکجەمسەریی کۆتایی پێهێناو سیستەمى جیهانیی و ئیقلیمی بەرەو هەڵوەشانەوە برد، وەکو ماکرۆنى سەرۆکى فەرەنسا گوتی، ئەمڕۆ سیستەمى جیهانى لە قەیرانێکى قووڵ و گەورەدایەو هاوپەیمانى ناتۆیش لەسەرەمەرگدایە. بەمەیش ئیمپراتۆریەتى شەشەم، کە ئەمریکا دەیویست دایبمەزرێنێت، لە ژێر ناوى ئەمریکا ئەوەلەن شکستى خوارد، هەر لەبەر ئەوەیش رۆڵى ئەمریکا گۆڕدرایەوە بە رۆڵى روسیا بە تایبەت لە ناوچەکەماندا. ئەوەى ئەمریکا بە زەبرى هێز نەیتوانى بیکات، روسیا بە نەرمیی و لەژێر ناوى دۆستایەتى هەوڵى جێبەجێکردنى دەدات. بەڵام ئەویش سەرناکەوێت.