ئارام عەلی عەزیز: عیراق، مۆدێلی رێبەرایەتى ئینسانیەت.
عیراق لانکەى شارستانیەتە، چەندین شارستانیەتى دیرێنیشى تیادا بنیاتنراوەو لە هەموو رویەکەوە خزمەتێکى گەورەى مرۆڤایەتی کردوە. ئەم شارستانیەتانە تەم و مژى نەزانین و جەهالەتى بە پرشنگى رۆشنایی خۆرى مەعریفە رەواندۆتەوە، دوروبەرو ناوچەکەو جیهانى رووناک کردۆتەوە.
دیارە هیچ شارستانیەتێک بە بێ فکرو هیچ فکرێکیش بە بێ خودا بوونى نابێت. عیراق نشینگەى پێغەمبەران و نێردراوانى خودایەو لە قۆناغە جیاجیاکاندا رۆڵى گەورەى لە رووبەڕووبوونەوەى هێزى شەڕو خراپەدا بینیوە. عیراق لە روى کەش و هەواوە هەرچوار وەرزى تیادا دەنەخشێنرێت، سەرزەمین و بن زەمینەکەى گەورەترین سەرچاوەى دەوڵەمەندى سروشتی لە ئاوو، غازو نەوت و کانزاى گرنگ تێدایە. لەبەر ئەوە بە درێژایی مێژوو دووچارى پەلامارو داگیرکاریی شەڕخوازان بۆتەوە، کە لە لایەک بۆ خامۆشکردنى چراى رێبەرایەتى مێژوویی و ئینسانیی ئەم خاکەو، لەلایەکى دیکە بۆ دەستبەسەرداگرتنى خێروبێرەکەى بوە.
چیرۆکی هەبوونى چەکى ئەتۆمیی و پەلامارى 2003 ئەمریکایش بۆ رووخاندنى سەددامەکەى خۆیان هێنابویانە سەرکورسى حوکمدارى لە عیراق بۆ پێشگرتنى سەرکردایەتى مێژوویی عیراق بوو، دروشمە رەونەقدارەکانى مافی مرۆڤ و دیموکراسیشیان هەر بۆ ئەوەو لە و چوارچێوەیەدا بوو.
خۆپیشاندانەکانى، کە ئەمڕۆ لە عیراق و ئێران و لوبنان و جەزائیرو پۆلیڤیاو چیلی وغینیاو هۆنگ کۆنگ و کازاخستان و بریتانیاو کەتەلۆنیاو فەرەنساو ئیکوادۆرو چەندین شوێنى دیکەى جیهانداى بەڕێوە دەچن، گۆڤارى ئیکۆنۆمیست واى گومان لێدەکات و وای لێکدەداتەوە، کە لەوانەیە هۆکارێک لە ئاسمان و کەشوهەوادا هەبێت ،بۆیە ئەو هەموو دەوڵەتە خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی بە خۆیانەوە دەبینن.
هۆکارى خۆپیشاندانەکان لە کەشوهەوا دا نین، بەڵکو هۆکارەسەرەکیەکەى کۆبۆتەوە لە هەستانەوەى ئینسان دژ بە خراپەکارو شەڕخوازو دوژمنانى ئینسانیەت و مرۆڤ ، کە خۆى لە سیستەمى ستەمکاریدا دەبینێتەوەو، ئەمڕۆ پێنج لایەنەکەى هێزى شەڕ کە بە هەڵە بە ئەنجومەنى ئاسایش ناودەبرێن نوێنەرایەتى دەکەن و، مرۆڤایەتیان گەڕاندۆتەوە بۆ قۆناغی کۆیلایەتیی و لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستیشدا ئاگرى فارسایەتیی و مەغۆلیەتى تورکی و جەهالەتى عوربانیان زیندوو کردۆتەوە.
ئەمڕۆیش هەر هەمویان پێکەوە، کە کۆى سیستەمى ستەمکاریی جیهانیی و ئیقلیمیی پێکدەهێنن بە شێوازى جیاجیاو، لە ژێر ناوو نیشانى هەمەڕەنگ پەلامارى عیراق و کوردستانى سەرزەمینى ئایین و شارستانیەت دەدەن، زۆر بە ئاشکرا پووچەڵبوونەوەى پلانەکانیان لەو هەستانەوە ملیۆنیەى عیراقیەکان و هەستانەوەى گەلانى ناوچەکە لە لوبنان و ئێران و چیلی و ئیکوادۆرو فەرەنساو بریتانیادا دەبینرێت، کە کاردانەوەى سروشتیی و بەرخۆدانی خۆڕسکی ئینسانن. عیراق و کوردستانیش بە حوکمى پێگە ئایینیی و شارستانیەکەى مقەوماتى رێبەرایەتی مێژوویی بووژانەوەى شارستانیی و مقەوماتى رزگارکردنى ئینسانیەتى هەیە، وەکو مۆدێلێکی سەردەمیانەى رێبەرایەتى ئینسانیەت و مرۆڤایەتى. مژدە بێت لە عیراق، بووژانەوەى سێهەم پیرۆز بێت لە گەلانى ناوچەکەو مرۆڤایەتى.