ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: ژن و جه‌نگ.
نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌م نیشتمانه‌ی, كه تێیدا ده‌ژی هه‌میشه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تردا هه‌وڵی ئاشتی و پێكه‌وه ژیانی داوه. به‌پێچه‌وانه‌وه كورد هه‌میشه له‌سه‌ر نیشتمانی خۆی گیرۆده‌ی جه‌نگ و كۆمه‌ڵكوژی و ده‌ربه‌ده‌ری كراوه. چونكه جوگرافیای ئه‌و نیشتمانه‌ی ئێمه تێدا ده‌ژین، هه‌ر چوار ده‌وری به دوژمنی سه‌رده‌سته‌ی سه‌رسه‌ختی سته‌مكار ده‌وره دراوه، كه له‌هیچ سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ك هۆ ناكه‌نه‌وه، له كوشت و بڕ و قڕكردنی پیر و ژن و منداڵ زۆر شاره‌زان، له تێكدان و وێران كردن سڵ ناكه‌نه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه نه‌ك مرۆڤی گه‌وره ته‌نانه‌ت منداڵیش به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كی شه‌ڕ و چه‌وساندنه‌وه و سته‌م له‌م وڵاته نامۆ نییه. به‌ڵام جه‌نگ له‌چاوی سه‌ربازێك، پێشمه‌رگه‌یه‌ك، شهڕڤانێكدا, كه خۆی له‌به‌ره‌ی جه‌نگدایه جیاوازه. تێڕوانینی ئه‌و بۆ جه‌نگ شتێكی تره، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ربازه ژن بێ و به‌شداریی به‌رگری له گه‌لێكی سته‌مدیده‌ی بێ پشتوپه‌نای وه‌ك گه‌لی كورد بكات.
به‌درێژایی مێژوو ته‌نانه‌ت تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش جه‌نگ سیمایه‌كی پیاوانه‌ی هه‌بووه و له‌ناو زۆربه‌ی گه‌لانی جیهاندا جه‌نگ كاریی پیاوانهیە. چونكه زۆرێك پێیان وابووه جه‌نگ ڕووخساری ژنانه‌ی نییه، به‌ڵام ژنی كورد ئه‌م تێڕوانینه‌ی پێچه‌وانه كردۆته‌وه. له‌ڕابردوودا ژنی كورد ڕۆڵێكی كارای له‌خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان گێڕاوه، زۆر جار ڕێكه‌وتووه ژن سه‌ركرده و پێشه‌وایه‌تی له میرنیشن و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌كاندا كردووه، ئێستاش ژنی كورد به تایبه‌ت له ڕۆژئاوای كوردستان له پێناوی خه‌بات و به‌رگری له نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا موعجیزه ئاسا، له‌به‌رامبه‌ر دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان بۆ هه‌موو دنیایان سه‌لماند، له‌پێناوی نیشتمان به‌خشینی گیان هیچ نرخێكی نیه، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ برین و خوێن و ئازار و مه‌رگدا ئاوێته بوون، له‌گه‌ڵ ناڵه و هاواری بریندار و ویزه‌ی گولله و فیچقه‌ی خوێندا تێكه‌ڵ بوون، داستانێكیان تۆمار كرد، نه‌ك دوژمن به‌ڵكو ته‌واوی دنیایان هێنایه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌وان له‌پێناوی مرۆڤایه‌تیدا ده‌جه‌نگن.
ژنان له‌نیشتمانی ئێمه‌دا هه‌میشه به جه‌سته‌یه‌كی پته‌و و تۆكمه و ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه به‌ره‌و جه‌نگ هه‌نگاو ده‌نێن، كاتێك به‌خۆی ده‌زانێت له ناو ته‌پ و تۆز و دووكه‌ڵی بارووت دا خۆی ده‌بینێته‌وه، له‌ناو مه‌ته‌رێزدا كێشك ده‌گریت، كهوتۆتهبهرڕێژنهی فسفۆڕ و سیانید، له‌ناكاو له‌ناو هاوار و زریكه و ناڵه‌ی برینداردا خۆی ده‌بینیته‌وه، له‌ناو ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تی و كاره‌ساته جه‌رگبڕه‌دا كه‌چی سه‌یره هێشتا زیندووین و هه‌ناسه ده‌ده‌ین و به‌هیواوه به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون ده‌ڕۆین.
جه‌نگ كاره‌ساتێكه هه‌موو ویسته‌كان ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه، ژنه شه‌ڕڤانه‌كانی ڕۆژئاوا بۆ به‌رز ڕاگرتنی هه‌موو جوانیه‌كان ده‌جه‌نگن، دۆخی جه‌نگ به‌شێوه‌یه‌كه ئه‌وان ناتوانن له‌ماوه‌ی جه‌نگدا خۆیان وه‌كو ژن ببینن، ئه‌وان ژن بوونی خۆیان بیرچۆته‌وه، بۆ زه‌مه‌نێكی درێژیش ناتوانن له‌گه‌ڵ ژن بوونی خۆیان ئاشت ببنه‌وه، چونكه جه‌نگ هه‌ست و سۆزی ڕۆمانسیانه سیس ده‌كات، جوانی ده‌كوژێت، ڕۆح به‌مه‌رگ شه‌ته‌ك ده‌دات، چۆن ده‌بێت جه‌نگ جوانی و شۆخ و شه‌نگی و ناز و كریشمهی كیژی نازدار و چاومهست ببینێ، جێژوانی پڕ له هه‌ست و خۆشی و شادی بنوێنێ، دنیای ڕه‌نگا و ڕه‌نگ و ئاڵ و وه‌ڵا بنه‌خشێنێ، جه‌نگ هه‌موولایه‌ك پڕده‌كات له وێرانی و تاریكایی، شه‌ڕ ته‌نیا ڕه‌نگی سووری خوێنی شه‌هید به‌رجه‌سته ده‌كات.
قسه‌كردن له‌سه‌ر جه‌نگ جیاوازه، چونكه قسه‌كردنه له‌سه‌ر كرداره ناشیرین و قێزه‌ونه‌كانی مرۆڤ، له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی مرۆڤ بۆ ئاشتی و ئاوه‌دانی و داهێنان و هه‌وڵدان بۆ شارستانی و پێشكه‌وتنی تازه و دۆزینه‌وه‌ی جۆرێكی نوێ بۆ خزمه‌ت به ژیانی مرۆڤ، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌میشه شێوه‌یه‌كی نوێی له جه‌نگ و داگیركاری و وێرانكاری په‌یڕه‌و كردووه، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا هێما و هۆكارێك بووه بۆ كوشتن و بڕین و ماڵوێرانی و له‌ناوبردنی هه‌موو جوانیه‌كانی ژیان.
مێژووی پڕشنگداری نه‌ته‌وه‌كه‌مان پڕیه‌تی له‌باسی قاره‌مانێتی شێره‌ژنانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه له‌به‌رامبه‌ر دوژمنانی دڕنده دهستهوهكهری چاكیان كردۆته‌وه، لهپیاوانیان تێپه‌ڕاندووه و لهدوژمنیان بردۆته‌وه، شاعیر و به‌یتبێژی كورد زۆر به‌یتیان له‌سه‌ر هۆندۆته‌وه، گیانی ئه‌وانی تا ئه‌مڕۆ بهزیدنوویی هێشتۆته‌وه، هه‌روه‌ك كچ و ژنانی ئه‌مڕۆی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له ڕۆژئاوا به ئازایی و لێهاتوویی خۆیان له‌ناو ته‌پ وتۆزی تانك و له‌ژێر دوكه‌ڵی بۆمبارانی فڕۆكه‌ی جه‌نگیدا، له‌به‌رامبه‌ر نه‌وه‌كانی قه‌عقاع و مه‌غۆل دا، به‌شێوه‌یه‌ك به‌رخودان و به‌رگریان ئه‌نجامداوه، دۆست و دوژمن، ته‌واوی جیهان گه‌واهیده‌ری ئه‌و ئازایی و گیانبازییهن.
ئه‌و كچانه سه‌رده‌مێك لاو بوون، له‌هه‌ڕه‌تی شۆخ و شه‌نگی و ناسك و نازداریدا خه‌باتیان كردووه و به‌ڕه‌و ڕووی دوژمن جه‌نگاون، ته‌مه‌نی لاوی و به‌ژنی زراڤی گراوی خۆیان و شاگه‌شكه‌یی جێژوانیان به نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان به‌خشی، كه‌چی داخی گرانم كه پیربوون یاخود له‌خه‌بات دوور كه‌وتنه‌وه، پهراوێزدهكرێن و پشت گوێ ده‌خرێن، بێ ئه‌وه‌ی گرنگی به‌و ژیانه بدرێ بهنهتهوهكهیان به‌خشیوه، كه‌له‌مێژووی ئه‌و ژیانه‌دا سه‌دان ڕووداو و به‌سه‌رهات و چیرۆكی غه‌مگین و كاره‌ساتباری وا دڵته‌زێن گه‌مارۆیان داون، ئه‌گه‌ر به حه‌ماسه‌ت و سه‌لیقه‌وه تۆمار بكرێن، مرۆڤ ئه‌سته‌مه بتوانێت به‌شانازییه‌وه لێیان نه‌ڕوانێ، ڕێزیان لێ نه‌گرێت، چیرۆك و ڕووداوه‌كانی ژنانی خه‌باتگێڕانی كورد هێنده كاره‌ساتبار و كاریگه‌رن سه‌رنجی خوێنه‌ر به‌لای خۆیاندا ڕاده‌كێشن.
له‌به‌رئه‌وه پێویسته ئه‌م خه‌بات و فیداكاریه‌ی ژنانی كورد پشت گوێ نه‌خرێ و له‌بیر نه‌كرێ، ده‌بێ شێعری بۆ بنوسرێ، په‌خشانی پێدا هه‌ڵبدرێ، سروود و گۆرانی پێدا هه‌ڵبگوترێ و له‌لاپه‌ڕه زێڕینه‌كانی مێژوودا تۆمار بكرێ، تا به‌دنیا و نه‌وه‌كانی داهاتومان بگه‌یه‌نین، كه كچانی لاوی كورد ئاماده‌بوون گیانی خۆیان ببه‌خشن، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان سه‌ربه‌ست بژین و نیشتمانه‌كه‌مان ئازاد و ئاوه‌دان بێت.
بۆ تۆماركردن و نووسینه‌وه‌ی هه‌موو چیرۆك و داستان و ژیانی ئه‌و ژنانه‌ی له‌كاتی جه‌نگی پارێزگاری له هه‌ر كوێیه‌كی خاكی نیشتمان، به‌تایبه‌ت شێره‌ژنانی ڕۆژئاوا كه به‌شداربوون له به‌رگری نیشتمان، هه‌موو چیرۆكه‌كان ڕاستین و دیمه‌نی قاره‌مانیه‌تی و كاره‌ساتباری نیشان ده‌ده‌ن، ته‌نیا به‌نووسینه‌وه‌یان شاكارێك تۆمار ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌رچی زمانی ده‌ربڕین له‌و باره‌یه‌وه سه‌خته و به‌زه‌حمه‌ت گۆ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ به‌رز ڕاگرتنی ئه‌و توانا و هه‌سته‌یان ده‌بێت بۆ داڕشتنه‌وه‌یان سوود له‌زمانی ئه‌ده‌ب و شێعر و په‌خشان وه‌ربگرین، هه‌ر یه‌ك له‌و ڕووداوانه ئه‌ده‌بیانه داڕێژین، چیرۆكی ڕه‌نگاوڕه‌نگی جه‌نگ له شێوه‌ی مه‌شق و ڕاهێنان، كوشت و بڕین، وێرانی و كاولكاری، عه‌شق و خه‌یاڵ، فهنتازیایهكه ته‌زووی سه‌رسامی به‌له‌ش دا دێنێ، بۆیه هه‌موو كه‌س ده‌خوازێت چیرۆكه‌كانیان بخوێنێته‌وه و هه‌ست بهئازارهكانیان بكات و له هیوا و خه‌ونه‌كانی داهاتوویان بڕوانێ.
تۆماركردنی ئه‌و چیرۆك و به‌سه‌رهاتانه شاكارێكه قوربانی و فیداكاری ئه‌و ژنه قاره‌مانانه به‌شێوه‌یه‌ك تۆمار ده‌كات، ئه‌وه‌ی كه دوژمنه‌كان پاش شه‌ڕ وه‌ك هه‌میشه ده‌یشارنه‌وه یا ده‌یشێوێنن، ڕووپه‌ڕی مێژوو ده‌نه‌خشێنێ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته ئه‌و گه‌وهه‌ره به‌نرخه‌ی ژیان كه له‌دوای جه‌نگه‌كان پشت گوێ ده‌خرێ.
مخابن… كورد به‌رامبه‌ر جه‌نگ و تراژیدیاكانی خۆی گه‌لێ خه‌مسارده، پاش ئه‌و هه‌موو جه‌نگ و ماڵوێرانیه نه‌یتوانیوه چیرۆكی جه‌نگ و كاره‌ساته‌كان، ئه‌نفال و كیمیاباران، هه‌ڵه‌بجه و شه‌نگال، هیچیان وه‌ك پێویست و به‌زنجیره تۆمار بكات، به‌تایبه‌ت ئێستا كه له‌باشوور ده‌رفه‌تێك ڕه‌خساوه، ده‌بوایه شاكارێك له‌مێژووی گه‌له سته‌مدیده‌كه‌مان تۆمار بكرایه، تا جیهان له‌و ڕێگایه‌وه زیاتر گه‌لی كارهستبار و نیشتمانی وێران و مافی ڕه‌وای ئێمه‌ی بناسیایه.