نەوزادی موهەندیس: عێراق چۆن دەتوانێت لەم دۆخەى ئێستاى خۆى ڕزگار بکات؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ماوەى زیاتر لە 1 مانگى تەواوە گەلانى عێراق و بەتایبەتیش شیعە مەزهەبەکانى لە 10 پارێزگاى عێراقدا لە ناوەڕاست و باشوور بە بەغدادى پایتەختیشەوە ڕژاونەتە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و خۆپیشاندانى ناڕەزایى دەردەبڕن بەرامبەر تەنها 16 ساڵى سەرکردە و حیزبە سیاسیە شیعە مەزهەبە دەستڕۆیشتوەکانى خۆیان، نەک سونە مەزهەبەکانى وەک پێشتر لەسەردەمى حیزبى بەعسدا.ئەم دەسەڵاتدارە نوێیانەى عێراق کە لەساڵى 2003وە بونەتە حوکمڕانانى عێراق و گەلەکەى وەک حیزبى بەعس و ێدامیەکان جەنگى ماڵوێرانى دەرەکیان هەڵنەیساندوە دژى دراوسێکان و بەناویش حوکمڕانیەکى دیکتاتۆرى تاکڕەوى خۆسەپێنیش نەبوون وەک بەعسیەکان و بەهەزاران کەسیشیان لە بەندیخانە و لەژێر ستەم و وزوڵم و چەوساندنەوەدا قاتوقڕ نەکردوە و سونە و کوردەکانیشیان لانى کەم ئەنفال و کیمیاباران نەکردوە، بەڵام لە بەعسیەکان خراپتریان پێکردوون، ئەوەتا ماوەى 16 ساڵى ڕێکە گەندەڵى و دزینى سەروەت و سامانى وڵات بەهەدەر دەدەن و لە ململانێ ناڕەواکانى دەوڵەتانى دراوسێدا بەهەدەرى دەدەن و لەناوخۆشیاندا دابەشیدەکەن و تەنهاو تەنها خزم و کەسوکار و ئەڵقەلەگوێکانى خۆیان لێى سوودەمەندبوون، هەروەها پلەو پۆست و ئیمتیازاتەکانیش وەک برابەش و بە پشکپشکێنەى مەزهەبى لەناو خۆیاندا دابەشى دەکەن و تەنانەت کڕین و فرۆشتنیشیان پێوە دەکەن، ئەوەتا وڵاتیان بەرەو کاولکردن و وێرانە بردوە لەڕێگەى هەڵایسانى شەڕى ناوخۆیى نێوان نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانى کۆمەڵگاى عێراقەوە و یەک پڕۆژەى گەورە و ستراتیژیان جێبەجێنەکردوە، ئەوان نەیاتوانیوە کە تەنانەت خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان لەدابینکردنى ئاو و کارەبا و سووتەمەنى و ڕێگاوبان و جێگەى نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان دابینبکەن، ئەوان نایانەوێت یان ڕێگە نادرێت پێیان وڵات لە قەیرانى دارایى و سیاسى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى ڕزگاریى ببێت، شیعە باڵادەستەکان بونەتە هۆى بێکارى و هەژارى و نەخوێندەوارى و دواکەوتن و گەڕانەوەى کۆمەڵگا و شارستانیەتى عێراقى بە دەیان ساڵ بۆ دواوە. عێراقێکى دەوڵەمەند بەنەوت و سەرچاوە سروشتیەکان و بە ئاو خاکێکى بەپیت و بەرەکەت کەچى نە کشتوکاڵ ئاوەدانە و نە پیشازى لەگەشەدایە و نە گەشتوگوزار بۆتە سەرچاوەى داهات. بەم شێوەیە ئەوەى شیعە دەستڕۆیشتوەکانى عێراقى نوێ بەگەلان و کۆمەڵگاى عێراقیان کردوە ، صەدام و بەعسیەکان لەماوەى نزیکەى 30 ساڵدا بە عێراق و گەلانى عێراقیان نەکردوە. هەرلەبەر ئەم هۆیانەیە کە گەلانى عێراق چیدى ناتوانن بەرگەى ئەو هەموو گەندەڵى و نادادپەروەرى و بێکارى و بێخزمەتگوزاریە بگرن و وەکو کۆمەڵگا دواکەوتوو و هەژارەکانى کیشوەرى ئەفریقیا بژین لەکاتێکدا لەسەر دەریایەک نەوت دەژین.
لەئێستادا و دواى ئەم مانگە کە بۆ دەسەڵاتدارانى عێراق مانگێکى پڕ مەترسى و ڕوخێنەر بوو، کەوتونەتە خۆ و هەموان لێکنزیکبونەتەوە بۆئەوەى ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە بۆ داواکاریە ڕەواکانى جەماوەرى توڕە و زویرى عێراق، بەڵام هێشتاش نەیانتوانیوە کە بەرچاویان ڕوون بێت کە چى بکەن و بە چ ئاڕاستەیەک هەنگاو بنێن بۆ هێورکردنەوەى جەماوەر. چونکە لەلایەک نیەتى ڕاستگۆیانەیان نیە بۆ چارەسەرکردن و لەلایەکى تریشەوە هەموان لەخەمى پاراستنى سەروەت و سامانى کۆکراوەى حەرام و بەدزى پەیداکراوى 16 ساڵەى خۆیانن، هەروەها لەبەرئەوەى بڕیارەکانیشیان لەدەرەوەى سنورەکانى عێراقەوە پێدەگات و بەسەریاندا دەسەپێنرێت تەنانەت تواناى بیرکردنەوە و بڕیاردانیشیان نەماوە. عێراق لە ئێستادا هیچ سەروەرى و پارێزگاریەکى نەماوە لەسایەى ئەم دەسەڵاتدارە گەندەڵ و مشەخۆرانەى ئێستاوە، و وەکو دەوڵەتێکى خاوەن سەروەریش لەلایەن وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکانیشەوە مامەڵەیەکى هاوسەنگ و ڕێزدارى لەگەڵدا ناکرێت، و بۆتە گۆڕەپانێکى کراوە بۆ یەکلایکردنەوەى ململانێکانى وڵاتانى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى و هەریەکەشیان بەپێى بەرژەوەندیەکانى خۆیان عێراق و خاک و گەلان و سەروەت وسامانەکەى بەکاردێنن.
جا پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ،دواى ئەم مانگە پڕ مەترسیدارە و بەردەوامبونى خۆپیشاندانەکانیش، عێراق چۆن دەتوانێت کە خۆى ڕزگاربکات لەم دۆخەى ئێستاى ؟ چۆن دەتوانێت جەماوەرى ناڕازى هێوربکاتەوە؟
گرنگە ئەو ڕاستیە بزانین کە خۆپیشاندانەکانى عێراق سەرەتا خۆپیشاندانێکى جەماوەرى و خۆڕسک و ڕەوایەتى تەواویان هەبوو، چونکە هیچ سەرکردە و لایەنێکى سیاسى لەپشتیانەوە نەبون و دەستیان وەرنەداوەتە ناویان،بەڵام بەهۆى لە ئێستادا و دواى درێژەکێشانی و سووربونى حکومەتیش لەسەر مانەوەى، ئەوا بە ئاشکرا دەستێوەردانە دەرەکیەکان لە ئێران و تورکیا و سعودیە و ئەمریکا و وڵاتانى تریش هەستیان پێدەکرێت، بۆیە لە ئێستادا داواکاریە سادە و سەرەتاییەکانى جەماوەرى خۆپیشاندەر لە نەمانى گەندەڵى و بێکارى و بوونى خزمەتگوزاریەکانەوە گۆڕاون بۆ دەستلەکاکێشانەوەى حکومەت و هەڵوەشانەوەى پەڕلەمان و چێکردنى هەڵبژاردنى پیشوەختە و هەموارکردنەوەى دەستور و یاساى هەڵبژاردنەکان و گۆڕینى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان، کە هەموو ئەم داواکاریانە داواکارى سیاسى و حیزبى و سەرکردەى سیاسین نەک تاکێکى ڕاپەڕیووى سادەى توڕە و زویر لە دەسەڵات.
هەربۆیە بۆئەوەى کۆتایى بەم خۆپیشاندانانە بێت و عێراقیش بگەڕێتەوە پێش دۆخى خۆپیشاندانەکان و داواکاریە ڕەواکانى جەماوەریش بێنە دى، پێویستە هەڵبژاردنێکى پێش وەختەى پاک و خاوێن ئەنجامبدرێت لەسایەى کۆمسیۆنێکى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و لەسایەى یاسایەکى نوێى گونجاوى هەڵبژاردنەکان و ئەوکاتیش پەڕلەمانێکى نوێ بێتە ئاراوە و دواتریش حکومەتێکى تەکنۆکراتى خاوەن ئەزمون وشارەزایى و نەزیه پێکبهێنرێت لەکەسانێک کە لەماوەى ئەم 16 ساڵەى ڕابووردوودا بەشداریان لە هیچ پۆستێکى باڵاى حکومەت و پەڕلەماندا نەکردبێت. و دەستیان سوورنەبێت لە کوشتنى گەلانى عێراقدا و بە تۆمەتى گەندەڵى و سیخوڕٍیکردن بۆ وڵاتانى تر و خیانەتە لە ئەمانەت و نیشتیمان تۆمەتبار نەکرێن.
حکومەتێک بێت ڕێز لە یاسا و دەستور و مافەکانى مرۆڤ و ئازادى و سیستەمێکى حوکمڕانى دیموکراسیەت و ڕێز لە بنەماى پێکەوەیى بگرێت، حکومەتێک بێت تەنها خەمى ئاوانکردنەوەى وڵات و خۆشگوزەرانى هاوڵاتیان بێت، حکومەتێک بێت پشت ئەستور بێت بە متمانەى تەواوى گەلانى عێراق و هەوڵى دادپەروەرى و چەسپاندنى ئۆرگانەکانى حکومڕانێتیەکى ڕاشد بدات. حکومەتێک بێت دژى گەندەڵى و قۆرخکارى و پاوانخوازى بێت، حکومەتێک بێت دژى بنەماکانى ئاینى و مەزهەبى و نەتەوەیى توندڕەو بیرتەسک بێت و ببێتە حکومەتى هاوڵاتى و یاسا و دەستور. حکومەتێک بێت بنەماى یەکسانى و وەکیەکى لە ماف و ئەرکدا بۆ سەرجەمى هاوڵاتیان بە نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانیانەوە دابینبکات. حکومەتێک بێت ببێتە خاوەن بڕیارى عێراقیانەى سەربەخۆ خۆى بێت نەک لە پاشکۆ و فەلەکى بەرژەوەندى وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکاندا بسوڕێتەوە، حکومەتێک بێت توانا مادى و مرۆیى و سروشتیەکانى عێراق تەنها لەبەرژەوەندى عێراق و کۆمەڵگاى عێراقدا خەرجبکات نەک لە شەڕ و کاولکارى و جەنگدا و هیچکاتیش نەچێتە نێو هاوپەیامانێتیە سەربازى و ئەمنیەکانەوە و داهات و سەروەت و سامانى عێراق بەهەدەربدات و جەنگى لەجێگەى هیچ وڵات و لایەنێکى تر نەکات.
تەنهاو تەنها بەم ڕێکار و هەنگاوانە عێراق دەتوانێت ببێتە جێگە متمانەى هاوڵاتیان و گەڕانەوەى بۆ شاڕێگاى ئاوەدانى و خۆشگوزەرانى و پێشکەوتن و بەهێزبونەوەى لەسەر ئاستى ناوخۆ و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیشدا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی