نەوزادی موهەندیس: عادل عبدالمهدى، جەلاد یان قوربانى؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ڕێک لە 24/10/2018دا د.عادل عبدالمهدى و کابینەکەى(تەنها 14 وەزیر) متمانەى پەڕلەمانى عێراقیان وەرگرت.و دواتر و دواى نزیکەى 8 مانگى تر (4 وەزیرى تر ) متمانەیان پێدرا،کە لە ئێستادا تەنها دواى ساڵێک و 1 مانگى تەواو بەنیوە ناچڵى ئیدارەى حکومەتێکى ناتەواوى کرد. چونکە تاکو ئێستا کابینەکەى نەتوانى تەواو بکات و وەزیرى پەروەردە وەک وەزارەتێکى کاریگەر و گرنگى بۆ پڕنەکرایەوە.
هەرلەسەرەتاوە دیاربوو کە ئەم حکومەت و سەرۆکەکەشى ناتوانن 4 ساڵى ئاشتى و ئارامى و ئاوەدانى بۆ عێراق بگێڕنەوە، نا لەبەرئەوەى ئەم پیاوە بێتوانا و بێ بەرنامە و گەندەڵ و بێ ئەزوموونى سیاسى و ئیدارى و ئەمنى و داراییە، بەڵکو بەهۆى ململانێ توند و ناڕەواکانى سەرانى حیزبە سیاسیە شیعە مەزهەبەکانى هاومەزهەبى خۆیەوە و بەتایبەتیش سائیرون و فەتح کە خۆیان بە کوتلەى گەورەى پەڕلەمانى دەزانى و هەریەکەشیان هەوڵیدەدا کە سەرۆک وەزیران لەلاى خۆى بێت، کاتێکیش نەگەیشتنە ئەنجام و بەناچارى ئەم پیاوە میانڕەوە و خەمخۆرو پاک پەرێزەیان وەک کاندیدى هەردوولا و تەوافوق هێنایە پێشەوە و کردیانە نوێنەرى خۆیان و ڕازیبوون بە پێدانى پۆستى سەرۆک وەزیرانى پێى، بەڵام هەر لەو کاتەوە کەوتنە تەون و داو نانەوە بۆى و ڕێگەیان نەدا کە بە ئارەزوو ویست و لەسەر بەرنامە و پلانێکى بێلایەن نمایندە و وەزارەت و وەزیرەکان دیاریبکات لەسەر بنەماى لێهاتووى و لێوەشاوەیى و ئەزموون و ئەمانەت و دڵسۆزى و ئەکادیمیبوون و پسپۆڕى و شارەزایى کەسەکان، دوور لە پشکپشکێنەى حیزبایەتى و نەتەوایەتى و ئاینى و مەزهەبى و ناوچەگەرى.بەڵام ئەوان لەیەک کاتدا هەم متمانەیان پێداو هەمیش خەنجەرى ژەهراویان لە پشتى دەدا و ڕێگرى و کۆسپى ناڕەوایان لە پێشدا دروست دەکرد،ئەوەبوو دواى نزیکەى 5-6 مانگ ئەوکات توانیان وەزیرەکانیان دیاریبکەن، بەم شێوەیە ئەم حکومەتە هەر لەسەرەتاوە بە نەبەکامى لەدایکبوو بە عەمەلیاتێکى قەیسەرى لەسەر دەستى چەند بەناو دکتۆرێکى نەزان و نەشارەزا و ئەنجامیش حکومەتێکى لاواز و بێدەسەڵات و کەمئەندامى لێپەیدا بوو.
سەرەڕاى ئەو هەموو کۆسپ و تەگەرە و خۆپیشاندانانەى کەلەماوەى ئەم ساڵەدا ڕووبەڕووى ئەم حکومەتە بوەوە کە زۆرینەى وەزیرەکانى لە شیعە مەزهەبەکان بوو، کەچى توانى بەهێمنى و بێدەنگى گەلێک کارى باش بکات لەڕووى ئیدارى و سیاسى و ئابوریەوە و تاڕادەیەک ئەمنیەتیشى هێمن کردبۆوە و نمونەیەکى جوان و سەرکەوتوویى کارى پێکەوەیشى لەنێوان هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى دەوڵەتیشدا پیشاندا و هەمئاهەنگى و لێکتێگەیشتنى زۆر باشیان لەنێواندا هەبوو،چەندین گرێبەست و ڕێکەوتنى ئابورى لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکاندا واژۆکرد بۆ ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەى عێراق. و پەیوەندیەکانى عێراق لەگەڵ ناوچەکە و دونیاى عەرەبى و ئیسلامى و زلهێزەکانیشدا ئاسایى و گەرموگوڕتر کردەوە. بەڵام ئەم سەرکردە بەناو خەمخۆر و دڵسۆزانەى عێراق کە خۆیان و حیزبەکانیان بەشێکى گەورەى حکومەتەکەى بوون کەچى بە ڕۆژ لەحکومەت و شەریک بوون لەشەویشدا ناڕەزایى و خەریکى داو و تەون هەڵخستن بوون بۆ حکومەتەکەى مەهدى. بەڕاستى دووڕوویى و درۆزنى ئەو سەرکردانە وایکرد کە ئەم حکومەتە بەم دەردە بچێت. و هیچ ڕێزێکیان نە بۆ دەستور و یاساکان دادەنا، نە بۆ هاوڵاتیان و سەروەرى عێراق دادەناو نە بۆ داموزەدەزگا شەرعیەکانیش. هەربۆیە هەموان خەریکى گەندەڵى و مشەخۆرى بوون لەسەر جەستەى ئەم حکومەتە کە لەماوەى 16 ساڵدا لەکۆى داهاتى 850 ملیار دۆلار بڕى 450 ملیار دۆلار بەهەدەرو بەگەندەڵى لە کیس عێراق و هاوڵاتیانى چوون، بەهەق ئەم دەستە سیاسیە بۆگەن و گەندەڵەى عێراقى نوێ بە دەیان ساڵ عێراقیان پاشەکشە پێکرد بۆ دواوە، چونکە لەلایەک بڕوایان بەسیستەمى حوکمڕانى عیلمانى و پەڕلەمانى و دیموکراسى و ئازادیەکان نەبوە و لەلایەکیش بۆ بەرژەوەندى وڵاتانى ناوچەکە و دونیاش کاریان دەکرد و هیچ بەلایانەوە بەرژەوەندى و سەروەرى و بەهێزى عێراقیان لا مەبەست نەبوە. هەربۆیە لەماوەى 16 ساڵى ڕابووردوودا بە دەیان و سەدان کێشە و گرفتى گەورە و بچوک سەریانهەڵداوە لەناو کۆمەڵگاى عێراقیدا هەر لە گەندەڵى و مشەخۆرى و بێکارى و هەڵاوسان و نەخۆشى و دواکەوتن و نەخوێندەوارى و نەبوونى ئاسایش و خزمەتگوزارى و داتەپینى ژێر خانى ئابورى و نەبوونى کارگەى بەرهەمهێنى پیشەسازى و پاشەکشەى بوارەکانى کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و تەندروستى و خوێندن و پەروەردە و ئاوەدانى و… هتد. هەربۆیە گەنجان و لاوان و تەواوى چین و توێژەکان جامى توڕەیى وناڕەزایى و گیانى تۆڵە و ڕق و قینیان سەریکرد و لەماوەى دوومانگى تشرینى یەکەم و دووەمى ئەمساڵدا کەوتنە سەر شەقام و دەستیاندایە توندوتیژى و داواکارى ڕەواى خۆیان بەرزکردەوە و داواى مافى خۆیانیان دەکرد و بەداخیشەوە کە لە ئێستادا ڕێڕەوى ئەو خۆپیشاندانانە گۆڕاوە و داواکاریەکان لە داواکارى نەمانى گەندەڵى و بێکارى و بێ خزمەتگوزاریەوە بەرزبۆتەوە بۆ دەست لەکار کێشانەوەى حکومەت و پەڕلەمان و هەڵبژاردنى پێشوەختە و هەموارکردنەوەى دەستور و یاساى هەڵبژاردنەکان و گۆڕینى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان و چێکردنى چاکسازى و… هتد. کەهەموانیان داواکارى سیاسین نەک جەماوەرى کە ئەمەش بەڵگەى بوونى دەست و هێزى دەرەکى ناوچەیى و دونیاییشە لەم خۆپیشاندانانەدا.
ئەوەى لەماوەى ئەم 2 مانگەدا ڕوویاندا لە خۆپیشاندان و ناڕەزایى کە ڕاستەوخۆ حکومەت و سەرۆکەکەیان تاوانبار دەکرد و بەکەمتەرخەم و بێتوانا ناویان دەبرد،هیچ کام لەسەرکردە و حیزبە سیاسیە باڵادەستەکان و تەنانەت مەرجەعیەتیش هەڵوێستێکى ئەرێنى و کردارەکیان نەبوو بۆ پاراستنى هەیبەت و شکۆى حکومەت و دامودەزگاکانى و هەموان ڕۆڵى تەماشاکەریان دەبینى و بێدەنگیان هەڵبژاردبوو،کە هەموانیان لەترس و تۆقینێکى گەورەدا دەژیان چونکە هەموانیان بەشدارن لە هێنانە کایەى ئەم دۆخەى ئێستا نەک بەتەنها حکومەت و عادل عبدالمهدى سەرۆکى.
بۆیە ناڕەوایە و کارێکى نالۆژیکى و بێوژیدانیشە کە تەنها ئەو پیاوە بە لێپرسراوى هەموو کەمتەرخەمى و گەندەڵى و هەڵە و شکستەکانى 16 ساڵى ڕابووردوو بزانرێت،و تەنها داواى لێپرسینەوە و سزادانى ئەم پیاوە بکرێت کە تەنها وەک قوربانى وایە و جەلادە ڕاستەقینەکانى کابینەکانى پێشوو لە مالکى و عەبادى و سەرۆکى حیزب و ڕەوت و هاوپەیمانێتیەکانى ترى لێبێبەرى بکرێت.
ئەم پیاوە تەنها هەڵە و کەموکوڕى ئەوەبوو کە بەدڵسافى و دڵسۆزى و دەستپاکى و نیەتپاکیەوە مامەڵەى لەگەڵ هەمواندا دەکرد و متمانەى پێیان هەبوو، بەڵام ئەوان دووڕوویى و خۆپارێزى بنەماى شیعە مەزهەبیان لەگەڵ پیادە دەکرد، ئەم پیاوە دەیویست سیستەمى حوکمڕانى سەقەتى 16 ساڵى ڕابووردوو ڕاستبکاتەوە، دەیویست تەنها چەک بەدەست سوپا و هێزەکانى ناوخۆوە بێت،دەیویست میلیشیا چەکدارەکانى سەر بەوڵاتانى دەرەوە نەمێنن، دەیوست گەندەڵى بنەبڕبکات و چەندین ئەنجومەن و لیژنە و نوسینگەى پشکنەرە گشتیەکان و دەستەى نەزاهە و دیوانى چاودێرى دارایى دروستکرد و پشتى دەگرتن بۆ لێپرسینەوەى گەندەڵکاران، دەیویست ئاشتى و ئاوەدانى بۆ وڵات بگێڕێتەوە ، گەرەکى بوو بێکارى و هەژارى و مشەخۆرى و دواکەوتویى نەهێڵێت، دەیویست حکومەتێکى یاسایى و هاوڵاتى و دامودەزگایى پێکەوە بنێت. بەڵام هەموانیان بەڕوویدا ڕاوەستان و هەرجارەى تۆمەتێکى ناڕەوایان بۆ دروستدەکرد لەوەى کە جارێک سەر بەئێرانە و جارێک لەگەڵ ئەمریکادا نەرمە و جارێکى تریش لەگەڵ عەرەبە سونە مەزهەبەکانى کەنداودا ڕێکە و جارێکیش ڕووى کردۆتە چین و دەیانى تریش. کە هەموانیان تەنها مەبەستیان شکستپێهێنانى ئەم حکومەتە بوو بۆ ئەوەى بەرنامە چاکسازى و پاکسازیەکانى سەرنەکەوێت و ئەوانیش بەردەوامبن لە مەلەکردن لەئاوى لێڵ و لیخنى گەندەڵى و دادۆشینى عێراق بۆ بەرژەوەندى حیزب و سەرکردە و بنەماڵە و وڵاتانى دراوسێدا.
بەهەق دەست لەکار کێشانەوەى ئەم پیاوە و لەم دۆخەدا عێراق بەرە ئاڕاستەیەکى نادیار و ئایندەیەکى تاریک و تونتردا دەبات و جارێکى تریش عێراق پیاوێکى وەک ئەم مەهدى مونتەزەرەى شیعەکانى بۆ پەیدا نابێتەوە کە توانى دڵى هەموان بشکێنێت لە پێناو بەرژەوەندى عێراقدا و دوور نیە عێراق بەرەو قۆناغێکى خوێناوى و شەڕى ناوخۆ هەنگاو بنێت، هەروەک چۆن عێراق بەلەکیسدانى عبدالکریم قاسم پێى نایە قۆناغێکى خوێناوى و هاڕینى شەریکەکان لەدەسەڵاتدا لەناوخۆیاندا.ئیدى ئەمە عێراقە غەریب و عەجیبەکەیە کە هەمیشە و بەدرێژایى 5هەزار ساڵەى مێژووى خۆى لە دەوامەیەکى هاڕینى یەکتر و خوێن و فرمێسک و کاولکارى و جەنگ و شەڕى ناوخۆیدا دەژى. ئەوەى نامۆیە کە نابێت هیچ دەیە ساڵێک بە ئارامى و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى بژێت.
ئەم مەهدیە وەک خۆى نوسیویەتى لەنامەى دەستلەکاکێشانەوەکەیدا لە 29/11/2019 دا، کە هیچ دەسەڵاتێکى ڕەهاى نەبوە و چیدیش ناتوانێت لەگەڵ کۆمەڵێک گەندەڵ و دزى ماڵى گشتیدا کاربکات لەپێناو بەرژەوەندى عێراق و عێراقیەکاندا دەست لەکار دەکێشێتەوە. چونکە دژەکانى سیستەمەێکى حوکمڕانى وا بۆگەن و پیسیان پێکەوەناوە گەر موسا بە گۆچانە ئەفوسوناویەکەشیەوە بێتەوە ناتوانێت چاکى بکاتەوە چ جاى مەهدیەکى بێدەسەڵات وەک عادلکەى عێراق، بەڕاستى ئەو ئایەتەى، کە هێناویەتیەوە زۆر جوان دەربڕى خواست و ناخێتى کە لەماوەى ئەم ساڵەدا بەدەست ئەم هەموو فشار و گەندەڵى و ناحەزانەوە خواردویەتى وەکو قوربانیەک دێتە پێش چاو نەک وەک جەلادێک و بکوژى خۆپیشاندەران. کە دەڵێت: یا ابت افعل ما تۆمر ستجدنی ان شاء الله من الصابرین.
دڵنیام عێراق بەبێ ئەم مەهدیەش هەر دەڕوات بەڕێوە، بەڵام وەکو ئەم عادلە بەخۆیەوە نابینێتەوە بەگشتى بۆ عێراقیەکان و بەتایبەتیش بۆ کورد و هەرێمى کوردستان چونکە دۆستێکى دڵسۆز و سەر ڕاست و بەوەفاى لەدەستدا. و دەبێت لەمەودوا فاتیحایەکى قوڵ بۆ عێراقێکى یەک ویەکگرتووى بەهێز دابدرێت، چونکە هەر لەئێستاوە بەرەو لەناوچوون و پوکانەوە و داڕمین و مردنێکى لەسەرخۆ و هێواش هەنگاو دەنێت.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی