بورهان شێخ ڕەئوف: نەخشە ڕێگاى خۆپیشاندەران بۆ ئایندەى عێراق.
وا لە کۆتایى دوو مانگ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە پان و بەرینەکانى خەڵکى عێراق کە بە دروشمى هاتوومەتە سەرشەقام و مافى خۆمم دەوێت نزیک دەبینەوە، بێ ئەوەى هیچ تروسکاییەک لە ئاسۆەوە دیاربێت بۆ کۆتایى هاتن بەو بارو دۆخە لە بەر نەمانى متمانەى خەڵکى شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بەو تاقم و دەستە تائیفى و میلیشیاویانەى کە ئەوەى لە توانایاندا بێت کردوویانە بۆ بە فیڕۆدانى سامان و داهاتى وڵات و بەکارهێنانى بۆ بەرژەوەندى خۆیان و حزب و میلیشیاتەکانیان.
ئەوەى جاران و ساڵانى پێشوو ڕەوتە تائیفیەکان بەکاریان دەهێنا بۆ خەڵەتاندنى خەڵک و بەلاڕێدا بردنیان بۆ مەبەستە نەگریسەکانى خۆیان، ئەوا ئێستا یەک قروشى قەڵب ناکات، ئێستا ئەم خۆپیشاندانانە بەرگى تائیفیەت و ئتنیکى لە بەر خۆى داماڵى، هەموو هەوڵ و بەڵێن و کۆبوونەوەو ڕیفۆرمەکانى دەستەڵاتدارە گەندەڵەکان کە لە ڕوخساردا چاکسازییەو لە ناوەڕۆکدا بە گەندەڵیەکى ڕێکخراوە دەزانن.
ئێستا وەکو ئاژانسەکانى هەواڵ و میدیاکان تۆڕەکانى کۆمەڵایەتى کە هەرچەندە زوو زوو تۆڕى ئەنتەرنێتیشیان لێ دەبڕن چالاکوانانى مەدەنى باسى دەکەن گۆڕەپانەکانى خۆپیشاندان بووەتە تابلۆیەکى مەزن لە هەموو پارێزگاکانى عێراقدا لەسەر هاوپشتى و یەکگرتوویى هەموو چین و توێژەکانى گەل لە بەرامبەر تاقمێکى دزو گەندەڵ کە وەکو خۆپیشاندەرەکان خۆیان دەڵێن، ئێستا ناڕەزایەتیەکان گۆڕاوە بۆ شۆڕشى تشرین و بووەتە مۆدیلێکى نوێ ى خەبات بۆ یەکسانى و داد پەروەرى و بەگژاچوونەوەى گەندەڵى و دژى پاشکۆیەتى و وابەستەیى بۆ وڵاتانى تر.
ئەوەى لە ئێستادا بەدى دەکرێت نەمانى متمانەیە بە هەموو بەڵێنەکانى حکومەت و پەرلەمانى عێراق هەر لە گۆڕینى دەستوورو یاساى نوێ ى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنى نوێ ى هەڵبژاردن و گۆڕانکارى لە وەزارەتەکانى حکومەتدا کە هەموو ئەمانە بە فێڵ و خەڵەتاندنى خۆپیشاندەران دەزانن.
لە ئاوا بارودۆخێکدا چ بکرێت چارەسەر چیە؟
دەست لە کارکێشانەوەى حکومەت یان کوشت و بڕى خۆپیشاندەران وەکو ئەوەى تا ئێستا باس لە کوژرانى 850 کەس دەکرێت و هەزارانى تر بریندارن، هەڵبژاردنى پێشووەختە لە ژێر چاودێرى نێوە نەتەوەیى هەڵوەشانەوەى هەموو حزب و تاقمە تائیفى تێوە گلاو ەکان بە گەندەڵى و دادگاییى کردنیان و گێڕانەوەى ماڵى گشتى بۆ گەنجینەى دەوڵەت.
هەرچەندە تا ئێستا سەرکردەکانى ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە کە ناوەڕۆک و دروشمى نیشتمانى مەزنیان هەڵگرتووەو قوربانیان بۆ داوەو ئامادە نین سازشى لە سەربکەن، ئیتر لە بەر دۆخى ئەمنى بێت کە واش دەخوازێت بۆ ئەوەى بەردەستى میلیشیاکان نەکەون، بەڵام پێویستە نامەو بەڵێن و مەسجى جدى و جێ متمانە بۆ هەموو پێکهاتەکانى عێراق بنێرن بە کوردو تورکمان و کریستیان و شیعەو سوونە کە ئەم بزاڤە بزاڤێکى نیشتمانى یە کار بۆ هەموو پێکهاتەکانى عێراق دەکات لە پێناو یەکسانى و داد پەروەرى حکومەتێکى ڕەشید کە هەموو مافە سەرەتاییەکانى هاونیشتمانانى عێراق دابین بکات دوور لە ئینیماى تائیفى و نەتەوایەتى، تاوەکو ئەوانیش ببنە پاڵپشتى ئەو بزاڤە.
لە کۆتاییدا
1- هەر چەند عبدولمهدى بڕیاری دا دەست لەکار بکێشێتەوە، بەڵام پێناچێت ئەم هەنگاوەى ناوبراو کۆتایى بە گرژى و ناڕەزایەتیەکان بهێنێت، بەڵکو وەکو پیچشتر ئاماژەم پێداوە ئەوەى ئێستا بووەتە خوازیارى سەرەکى هەموو گۆڕەپانەکان ئەوەیە گۆڕانکارى بنەڕەتى لە سیستمى بەڕێوەبردن و دوورخستنەوەى هەموو ئەو کەس و تاقم و حزبانەى کە بە دۆسیە زەبەلاحەکانى گەندەڵیەوە تێوەگلاون لە کارو چالاکى سیاسى لە عێراقدا.
2- کێ ئەو ئازایەتیەى بەردەکەوێت لە عێراقدا بەر لە ڕشتنى زیاترى خوێنى خەڵک بگرێت و زەمینە ساز بکات بۆ ئەوەى بە زووترین کات و بە کەمترین زیان ئاشتى و ئارامى بگەڕێتەوە بۆ وڵات، چونکە هەمووان دانیان بەوە دا ناوە کە گەندەڵى هەیە نادادپەروەرى هەیە پێشێلکارى گەورە بەرامبەر بە هاوڵاتیانى عێراق لە سەرەوە تا خوارەوەى کراوە، تەنانەت هەندێک لە سەرکردەى میلیشیاو تاقمە چەکدارەکان بە ئاشکراو لە سەر شاشەى تیڤیەکانەوە داواى لێبوردن و بەخشینیان لە خەڵکى وڵات کرد ، بەڵام زۆر درەنگ بوو .