عەتا قەرەداخی: دۆڵی دوو ڕووبارەکە: لە بەرهەمهێنانی شارستانێتیەوە بۆ دەسەڵاتی مەرجەع.
وەک لە مێژوودا باس دەکرێت دۆڵی دوو رووبارەکە، کە ئێستا پیی دەگوترێت عێراق، بەرهەمهێنی بەشێک لە شارستانێتی کۆنی مرۆڤایەتیە. بۆ یەکەمجار مرۆڤ لەم ناوچەیە دەستیکرد بە چاندن واتە کشتوکاڵ و ئەوەش سەرەتای قۆناغی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بوو لەسەر زەوی، واتە بەستنەوەی مرۆڤ بەخاکەوە کە یەکەم ئینتیمای مرۆڤ بە زەوییەوە لەوێوە دەست پێدەکات و سەرەتای کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤیش وەکو مرۆڤ لە نیشتەجێبوون و پێکەوە کۆبوونەوەی مرۆڤەکانەوە دەست پێدەکات. هەروەک یەکەمین بەردی بناغەی سادەترین شێوەی ژیانی شارستانێتیش لە نیشتەجیبوونەوە دەست پێدەکات.
دیسان لە مێژوویەکی زۆر کۆندا کە دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی هەژدەو حەڤدەی پێش زاین، مرۆڤ لە دۆڵی دوو رووبارەکە جۆرێک لە نووسینی داهێناوە کە نووسینی وێنەیی بووەو ئەوەش بە کۆنترین شێوەی نووسین دادەنرێت. ئاشکرایە دەرکەوتنی نووسین سەرەتای گواستنەوەی کۆمەڵگەیە لە قۆناغی سەرەتایی یان قۆناغی پێش نووسینەوە بۆ قۆناغی نووسین، کە بەراورد بە پێش خۆی جۆرێکە لە گواستنەوەو بەرەوپێشەوەچوون. هەروەک باس دەکرێت بۆ یەکەمجاریش لە سەردەمی حامورابیدا و لە دۆڵی دوو رووبارەکە یاسا لە دایکبووە، کە ئەوەش مانای دۆزینەوەی رێگاو رێوشوێنی پێویست بۆ رێکخستنی ژیانی مرۆڤەکان. ئاشکرایشە کە ئەم جوگرافیایە لە مێژووی کۆنەوە چەندین دەوڵەت و ئیمۆراتۆریەتی تێدا دامەزراوە کە ئەویش بەرهەمی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و بوونی پێداویستیەکانی ژیان بووە لەم ناوچەیەدا. رەنگە قسەیەکی هەڵە نەبیت کە بگوترێت بۆ یەکەمجار بەدبەختی و نەهامەتی یەخەی ئەم ناوچەیەی گرت لەگەڵ گەیشتنی رەگەزی عەرەبدا بوو لە فەتحی ئیسلامیدا. راستە پێشتر دۆڵی دوو رووبارەکە شەڕگەی ئیمپراتۆرێتەکانی ئەکەدی و بابلی و ئاشوری و میدی و فارسی و گریکیش بووە، بەڵام هەریەکە لەمانە بەجۆرێک، بە تایبەتی ئەوانەیەن کە لەسەر زەمینی میزۆپۆتامیادا لەدایکبوون رۆڵیان هەبووە لەبەرهەمهێنانی ئەو شارستانێتەی کە دۆڵی دوو رووبارەکەی پێ دەناسرێتەوە. هەر لێرەشەوە ئاشکرا دەبێت کە ئەم رووبەرە بەرهەمهێنی مرۆڤی روو لە ئایندەو بونیادنەر بووە، هەر ئەوەش هۆکار بووە بۆ بەرهەمێنانی شارستانێتی و ئاوەدانی.
ئەم دۆلی دوو رووبارە کە هەریەکە لەو دەوڵەتە گەورانەی پێشتر تیایدا دامەزراون و بەشێک لە شارستانێتیەکەیان بنیادناوە، بە هەرچۆنێک سیاسەتیان کردبێت و هەرچۆن وڵاتیان بەڕێوەبردبێت، ئەو مێژووەیان دروستکردووە کە مێژووی میسۆپۆتمیایە، سەرباری دەسەڵاتکردنی فارسەکانیش بەسەر بەشێکی فراوانی ئەم رووبەرەدا، بەڵام هێشتا ئەو شارستانێتیە نەڕوخاوە بەڵکو فارسەکانیش لەبەرئەوەی میللەتێکی خاوەن کەلتوورو شارشتانێتی بوون چینی زیاتریان خستووەتە سەر شارستانێتی میسۆپۆتامیاو پاشماوەی شارستانێتی ئەوانیش تا سەروەختی دەرکەوتنی ناسیونالیستی عەرەبی وەکو بەشێک لە پاشماوەی شارستانێتی دۆڵی دوو رووبارەکە سەیرکراوە، بەڵام دوایی لە لایەن عەرەبە تازە هاتووەکانەوە بە پاشماوەی مەجوسی و ئێرانی و تەنانەت شعوبی ناوبراوە. ئەوەش وەکو جۆرێک لە سوکایەتی کردن بووە بەو پاشماوانە لەلایەن عەرەبە ناسیونالیستە بەدووەکانەوە. لەگەڵ هاتنی ئەماندا بۆ دۆڵی دوو رووبارەکە سەرەتای مێژوویەکی رەش دەست پێدەکات کە مێژووی شمشێرو خوێنە. راستە دەسەڵات پێویستە بۆ بنیادنان و ئاوەدانکردنەوە، بەڵام دەسەڵاتیک کە لە دایکبووی سەرزەمینەکە خۆی بێت. هەموو دەسەڵاتیکی دەرەکی لە ژێر هەرناوێکدا بێت بە پێی قۆناغەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و هەر ناوێکی لێبنرێت دەسەڵاتیکی روخێنەرو تێکێدەرو وێرانکەرە. هەر لەو رووەشەوە دەسەڵاتی عەرەبە بەدووەکانی نیمچە دوورگەی عەرەب کە لە پێناوی گەڕان بەدوای خۆراک و ژیان و بە پاساوی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام دۆڵی دوو رووبارەکەیان داگیرکرد، لە بری بنیادنانی شارستانی بەخوێنڕشتن دەستیان پێکرد. ئەنفالی یەکەم کە ئەنفالی هەموو رەشەخەڵکی دۆڵی دوو رووبارەکە بوو هیچی لە ئەنفالکردنی کورد لە لەلایەن سەدامی نەوەی ئەو عەرەبانەوە کەمتر نەبوو. ئیستا لە کوردستان و لە عێراقی عەجەمیش دەبینین بکوژانی دانیشتوانی میسۆپۆتامیا گۆڕەکانیان بووەتە شەخس و پەرستگاو مەرقدو گۆڕی باپیرە کوژراوەکانی دانیشتوانە رەسەنەکەش بوونەتە گۆڕە جولەکە. سەرەتای مێژووی ئەوەی پێی دەڵێن عێراقی نوێ لێرەوە دەست پێدەکات. لەو خوێنڕشتن و لەو ئاوەژووکردنەوەوە کە گۆڕی خاوەن ماڵ گۆڕە جولەکەیەو ئەوی بێگانەش شەخس و مەرقەدو خاوەن ماڵە.
بێگومان مێژووی خوێنڕشتن لە عێراقدا دوورو درێژەو بەلایەنی کەمەوە لە کوشتنی حسەینی کوڕی عەلیەوە لە ساڵی 61ی کۆچیدا دەست پێدەکات و ئەو خوێنە ناوەستێت و بەردەوام لە جەستەی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە دەڕژێت و بێجگە لەو خوێنەی کە مەغۆل بە سەرکردایەتی هۆلاکۆ لە ساڵی 656ی کۆچی بەرامبەر 1258ی زاینی رژاندی و ئەو خوێنەی کە داگیرکەری ئینگلیز لە داگیرکردنی عێراقدا لە سەروبەندی جەنگی یەکەمدا رژاندی، کۆی خوێنی رژاوی عێراقیەکان بە دەستی عێراقیەکان خۆیان رژاوە کە دواترینیان خوێنی ئەو لاوە برسیە خوێنگەرمانەیە کە بەدەستی هێزە چەکدارە هەمەجیەکانی عێراق خۆی و لەژێر سایەی دەسەلاتی عادل عەبدولمەهدی، هێمنترین و خوێندەوارترین و شارستانیترین سیاسی شیعەی عێراقدا رژا. واتە لە کوشتنی حسەینەوە تاوەکو ئەمڕۆ بکوژی یەکەمی عێراقیەکان هەر ئەو دەسەڵاتانە بووە کە فەرمانڕەوای عێراقیان کردووەو خۆیشیان بە نوێنەری گەلانی عیراق زانیووە.
ئەگەر بە خێرایی چاوێک بە مێژووی دەوڵەتی نوێی عێراقدا بگێڕین کە تەمەنی خەریکە دەبێت بە سەدەیەک، ئەوا ئاشکرا دیارە مێژووەکەی، مێژوویەکی خوێناویەو هەمیشە دەسەڵاتیک لەسەرووی خەڵکەوە فەرمانرەوایی وڵاتی کردووە کە لە زیهن و روانینی ئەودا هەمیشە گەل غائیب بووەو لە هیچ کات و سەردەمێکدا گەل ئامادەبوونی نەبووە. لەسەردەمی ئینتیداب و پاشایەتی پاشکۆدا هەموو هەوڵیک دراوە بۆ ئەوەی شتێک لە عێراقدا درووست نەبێت بەناوی گەل یان جەماوەر بەجۆرێک بگاتە ئاستێک کە راوبۆچوونی هەبێت و ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی کاریگەری لەسەر دەسەڵات دابنێت. چ لەسەردەمی ئینتیداب و چی دواتریش کۆشکی پاشایەتی و بەڕێنوێنی بەریتانیای پارێزەری، چارەسەری ناڕەزاییەکانی خەڵکی بە گۆڕینی ئەم سەرۆکوەزیران بەویتریان دەکراو دەیانویست لەم رێگایەوە جەماوەر بێدەنگ بکەن. لە راستیدا سەرباری ئەوەی کە بەلایەنی کەمەوە 60٪ی عێراقیەکان شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعەبوون، ئەمە دوای ئەوەی کە ناوچە کوردیەکانی سنووری ولایەتی موسڵیش خرانە سەر ئەو دەوڵەتە نوێیە بەمەبەستی دروستکردنی هاوسەنگی مەزهەبی، بەڵام شیعە لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەدا نەوەک جەماوەرو نە وەک نوخبەی سیاسی و لەسەروی هەموو ئەوانەشەوە نەوەک مەرجەعیەت رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو. کەواتە جێگای خۆیەتی بپرسین شیعە لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرینەبوون وەکو ئێستا خۆیان نمایش دەکەن بەو هەموو حیزب و گروپە سیاسیانەیانەوەو بەو هەموو ئیمام و ئاخوندانەیانەوەو لەسەری هەمووشیانەوە بە مەرجەعەکانیانەوە لەکوێ بوون بەرامبەر بە دەوڵەتی پاشایەتی کە دەوڵەتیکی لاواز و شلۆق و دواکەوتوو لە رووی ئابووریشەوە لاواز بوو؟ ئەی رۆڵی دواتریان چی بووە؟
ئاشکرایە کە لەم عێراقەدا بۆ یەکەمجارو بەئاشکرا کە دەنگێک بەناوی دەنگی جەماوەر یان دەنگی گەلەوە بیسترابێت لە دوای کودەتای 14ی تەموزو هاتنی عەبدولکەریم قاسم بووە وەکو ئەفسەرێکی نیشتیمانی عێراقی کە ئینتیمای عێراقیبوونی لە کۆی بەرپرسانی عێراقی پێش و پاش خۆیی جیاکردۆتەوەو هەرئەوەش بووەتە هۆی زوو لەناوبردنی. هەنگاوەکانی ئەو بۆ دەرهێنانی عێراق لەژێر سایەی هەژموونی داگیرکەرو بەکرێگیراوەکانی و دانانی دەستوورو یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و زەوی و زارو تێڕوانینی بۆ کوردو… کە هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق بوون، کەچی دەنگی ئەو مەرجەعەی شیعە کە ئەمڕۆ بە ئاماژەیەک عادل عەبدولمەهدی دوای ناشێرینبوونی ناچار دەکات دەست لەکاربکێشێتەوە، ئەوکات لەهیچ شوێنێک دیارنەبوو، بۆ پشتگیری کردنی عەبدولکەریم قاسم دژی هێنانی بەعسی و قەومیەکان لەسەر پشتی تانکی ئەمەریکی و رۆژئاوا، کە ئەوانی رۆژئاوا مەبەستیان ئەوەبوو رێگانەدەن سیستیمێکی فەرمانڕەوایی نیشتیمانی لە عێراقدا پێکبێت و رەگ دابکوتێت.
لە هاتنی قەومیەکانی عەرەب و بەعسیەکانیشەوە مەگەر بە ئاستەم نوزەی شیعەو مەرجەئی شیعە بیسترابێت و رەنگە هاوسۆزی ئێمەی کوردیش لەگەڵ شیعە لەبەرئەوە بێت کە کاتێک قەومی و بەعسیەکان شاڵاوی قەلاچۆکردنی کوردیان لە دوای روخاندنی دەسەڵاتی قاسم راگەیاند، هەندێ لە رابەرانی شیعە ئامادەی فتوادانێکی لەوجۆرە نەبوون. بەڵام نەیانتوانی نوێنەرایەتی رۆحی دیلکراو و لە قەفەزنراوی جەماوەری شیعەی عێراق بکەن و بە ئاراستەی کۆکردنەوەو بڵندبوون رابەرایەتیان بکەن. بێگومان ئاراستەکردنی جەماوەری شیعە لەبەر هەست بە غەدرلێکردنیان لەپاش کوشتنی بەناهەقی حسەینی کوڕی عەلی دەشێت کارێکی ئاسان بووبێت. ئەو پاڵنەرە مەعنەویەی کە لە رۆژی دەیەمی مانگی موحەڕەم کە رۆژی شەهیدکردنی حسینە و هەروەها لە چلەکەیشیدا ملیۆنان گەنج و پیرو شیعە کۆدەکاتەوە بۆ شینی حسەین و لەخۆیان دەدەن، ئەگەر مەرجەعیەت کەسێتی رابەرایەتیکردن و سەرکردایەتی هەبوایە ئەوا لە مێژبوو توانیبووی کار لە کۆنەستی ئەو جەماوەرە بەرفراوانە بکات و، بە ئاراستەی بەدەستگرتنی دەسەڵات رابەرایەتی کردبوون. بەڵام بە درێژایی چواردە سەدە مەرجەعیەتی شیعە نەیانتوانی ئەوە بکەن و ئاشکرایشە کە روخاندنی رژێمی شاهەنشایی لە ئیران بەرنامەی تەواوەتی ئەمەریکا بوو بەرهەمی رۆحی راچەنیووی شیعە، ئەمەریکیەکان خومەینیان هێناو دەسەڵاتی ئێرانیان رادەستی خۆی و هاوەڵەکانی کرد (بڕوانە بیرەوەرییەکانی جەعفەری شەفیعی، بەرپرسی پاراستنی ئیمام).
بێگومان لە گەڵ دروستبوونی کۆماری ئیسلامی و نەخشەی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ ئەو شوێن و وڵاتانەی شیعە بەشی دیارو لەبەرچاوی دانیشتوانەکانیان پێکدەهێنێت، کە عێراق هەم لەبەر زۆری ژمارەی دانیشتوانی شیعە تیایداو هەم لەبەر هاوسنووری لەگەڵ ئێراندا، پێش هەر جێگایەکی تر هەناردەی شۆڕشی شیعە بە دەربڕینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی رووی لە عێراق بوو. ئەو کاتیش مەرجەع نەیتوانی هەموو شیعە وەکو شوێنکەوتووە غەدرلێکراوەکانی حسەینی کوری عەلی کۆبکاتەوەو بەلایەنی کەمەوە لە دەستی زەبروزەنگی دەوڵەتی تۆتالیتاری شۆڤێنی سونەی بەعس رزگاریان بکات. پێگەی لاوازی مەرجەعیەتی شیعە وایکرد شوێنکەوتوانی ئیمامی عەلی و کورە بەناهەق شەهیدکراوەکەی لە ریزی حیزبی دەعوەو پاشانیش لە ریزی چەند حیزبێکی تردا کۆببنەوە. دوای روخاندنی رژیمی بەعسیش لە عێراقدا کە شیعە زۆرینە بوون و فەرمانڕەوایی عێراق کەوتە دەستی ئەوان هێشتا مەرجەعیەت ئەو هێزە مەعنەویەی نەبوو بتوانێت هەموو شیعە لەژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە، هەڵبەت لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە مەرجەعیەت هەژموون بەسەر شیعەی عەلمانیدا بکات، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە مەرجەعیەت نەیتوانیووە شیعەی مولتەزیمی ئایینیش کۆبکاتەوە. راستە شیعە لە رووی ژمارەی ئیمام و هەندێ رێوشوێن و سروت و جێبەجێکردنی پەیڕەوکردنەوە جیاوزن، بەڵام هەموویان لەسەرچاوەدا یەکن. کەواتە ئەگەر مەرجەع نەتوانیت یەکیان بخات، ئیتر دەبێ رۆڵ و گرنگی مەرجەع چی بێت، بەتایبەتی کە پیاوێکی بە ئەزمونی سیاسی و خوێندەواری وەکو عادل عەبدولمەهدی هیچ حسابێک بۆ کوژرانی نزیکەی 400 گەنج و برینداربوونی نزیکەی 15.000 کەسی تر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە نەکات، بەڵام بە ئاماژەیەکی ئەو مەرجەعیەتە دەست لەکار بکێشێتەوە. بە تایبەتی مەرجەعێک کە هەتا ئێستا عێراقیەکان تەنیا وێنە بەناوی ئەوەوە دەبینن و نازانن ئایا لە راستیدا ئەو مەرجەعە بوونی هەیە؟ ئەگەر بوونی هەیە تەمەنی چەندە؟ بۆچی کەس نایبینێت؟ ئایا پێغەمبەری ئیسلام کەسی نەبینیووە، تێکەڵاوی خەڵک نەبووە، بەشداری خۆشی و ناخۆشی کەسی نەکردووە، سەردانی کەسە نزیکەکان و هاوەڵانی نەکردووە؟ ئایا ئەم مەرجەعە خۆی لە پیغەمبەری ئیسلام پێ گرنگترە یان لە راستیدا ئەم مەرجەعە غەیبیە یان وەهمە؟ ئایا ملکەچی و گوێڕایەڵی نوخبەی سیاسی و خوێندەواری شیعە بە گشتی بۆ مەرجەعێک کە لە وەهم دەچێت چی دەگەیەنێت؟ گریمان ئەو مەرجەعە راستەو بوونی هەیە، دیسان ملکەچی نوخبەی سیاسی و خوێندەوارو لەسەروی هەموویشیانەوە عادل عەبدولمەهدی بۆ مەرجەع جۆرێک لە کۆیلایەتی ناگەیەنێت؟ جێگای خۆیەتی لێرەوە سەیری ئەو عێراقە بکەین کە هەمان دۆڵی دوو رووبارەکەی پێش زایین و بەرهەمهێنی شارستانێتیە، ئەو جوگرافیایەی یەکێک لە دیارترین شارستانێتیەکانی مرۆڤایەتی تیادا بەرهەمهاتووە، کەچی لە کۆتایی دەیەی سەدەی بیست و یەکی زاینیدا هێزێکی نەبینراو یان غەیبی یان وەهمی بڕیاری بۆ دەدات و چارەنووسی دیاری دەکات. ئەمە ئەو عێراقەیە کە ئێمەی کوردی بەدبەخت بە زۆری زۆرداران کراوینەتە پاشکۆی و بەتەماین ببێتە وڵاتێکی دیموکراتی و ئێمەش لە سایەی ئەو دیموکراتیەدا، کە دیارە بێجگە لە وەهم هیچی تر نیە، ببینە خاوەنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان. ئایا چاوەڕوانکردنی دیموکراتی و پێکەوەژیان لە وڵاتێکدا لەم سەردەمی پێشکەوتن و تەکنۆلۆجیایەدا، شتێکی نەبینراو بەناوی مەرجەعەوە بەڕیوەی ببات و بڕیاری بۆ بدات، بێجگە لە وەهم دەبێ چیتر بێت؟!