کاوسێن بابەکر: کۆنگرە دەبەستین، بەڵام بۆ؟
دوای جەخت کردنەوەو پێداگریەکی زۆری ئەندام وکادیرانی یەکێتی، بڕیاری بەستنی کۆنگرە دراو 21ی کانونی یەکەمیش دیاریکرا. کەم حزب هەیە پڕ نەبێ لەململانێ و بگرەو بەردەی سیاسی، ئەگەر حزبێک لەوململێیانە خاڵی بێ ئەوا لەفکر و سیاسەتیش خاڵیەو لەسیفەتەکانی حزبی بونیش کاڵبۆتەوە، بەڵام هیچ حزبێک بەقەد یەکێتی بەململانێ و ناتەبایی سیاسی و فکری ناناسریتەوە، ئەوەش تازە نیەو هەر لەسەرەتای دروستبونیەوە هەڵگری چەندین دونیابینی سیاسی جیاواز بوە، ڕاستە هێندیکجار ململانێکان زۆر خەستبوونەوتەوەو لەسەر کۆبونەوە حزبیەکانەوە ڕژاوە بۆ سەر روپەڕی ڕۆژنامەکان و سەروسەکوتی لەتی ڤیەکانیشەوە دەرچووە! هێشتاش ئەوانە نەبوونەتە کێشە، بەڵکو شتە نەخوازراوەکە ئەوەیە هێندێکجار سواغدراون بە بەرژەوەندی تایبەت و پلەوپۆستەوە، ئەوەش یەکیتیەکانی ئازارداوە، هەر ئەو بەرژەوەندیخوازی و پلەو پۆستەش بەردی خڕبووە بۆ دیواری ئایندەیی یەکێتی.
بەڵام یەکێتی، کە هەڵقوڵاوی کوردەواری و لەئەنجامی زەرورەتی سیاسی لەدایکبوەو هێشتا زۆر ئەرکی نیشتمانی لەپێشماون، کۆمەڵگای ئێمە پێویستیەکی زۆری بەیەکێتیە بۆ لاسەنگ نەبونی پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی، بۆ پاراستنی دێموکراسی و ئازادی، بۆیە لاوازی و کەندوکۆسپەکان دەبێ تێپەڕێنێ و کۆنگرە بکاتە و ێستگەیەک بۆ بە خۆداچونەوە و ڕیفۆڕمێکی ئازایانە.
ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە، کۆنگرە بۆ؟
ئەگەر کۆنگرە:
*- دامودەزگاکانی یەکێتی بەسیستەم نەکات.
*- بەرنامەیەکی نوێ کەلەئاست هەلومەرج و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەو جیهان بێ پەسەند نەکات.
*- فکروفەلسەفەی سۆشیالدێموکرات نەکاتە ڕێنوێنی دونیابین و ئایندەخوازی و پرەسیپەکانی نەچەسپێنێ.
*- کۆنگرەیەکی دێموکرات و شەفاف و کراوە نەبێ.
*- سەرکردایەتیەکی نوێ بەو پەڕی شەفافی و ئازاد هەڵنەبژێرێ کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموان ڕەخسابێ.
*- دێموکراسیەت و ئازادیەکەسیەکان قوڵتر و فراوانتر نەکات.
ئەوا وەڵامی ئەو پرسیارەمان وەرناگرینەوە، بەڵام دڵنیام حزبێک بەو هەمووزام و خوێن و فرمێسکەوە بەوهەموو سەروەریانەوە، بەو هەموو کادیرو ئەندامە هۆشیارانەوە ئەم کۆنگرەیە دەکاتە هەنگاوی هەستانەوەو گوڕگرتنەوە بۆ سەنگەری پێشەوەی ڕزگاری نیشتمانی وەک هەمیشە.