لوقمان غه‌فوور: چیرۆكی لیزا سمیس دنیای تووشی شۆككردووه.
حكومه‌تی ئێرله‌ندا، لیزا سمیس- 38 ساڵ و كوڕه 2 ساڵه‌كه‌ی له رێگه‌ی توركیاوه گه‌ڕاندەوه بۆ وڵاته‌كه‌ی، ئه‌ویش دوای ئەوەی ڕۆژێک له‌ئاسایشی فرۆكه‌خانه‌ی ئه‌سته‌نبول دهستبهسهرمایهوه.
رۆژی 4ی دیسێمبه‌ر، لیزا سمیس، دوای چوار ساڵ دووربوون له وڵاته‌كه‌ی، له ژێر دۆخێكی ئه‌منی تونددا له داونداڵك-ی ویلایه‌تی لاوس-ه‌وه گه‌یه‌ندرایه دادگای تاوانه‌كان له دبلن، تا به تۆمه‌تی تاوانی هه‌ڵاتن له سه‌ربازیی و خیانه‌تی نیشتمانی له ئۆكتۆبه‌ری 2015 – دیسێمبەری 2019، دادگایی بكرێت.
چیرۆكی لیزا بۆته چیرۆكی نێو لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كانی ئه‌مریكا، چونكه دوای پێنج ساڵ له خزمه‌تی سه‌ربازی له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێرله‌ندا، ساڵی 2015 په‌یوه‌ندی ئه‌كات به ریزه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌وه.
رۆژنامه‌ی زه پرۆڤیدینس جۆرناڵ، دوێنی نوسیویه‌تی: “لیزا له‌رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه په‌یوه‌ندی به سه‌ركرده‌یه‌كی داعشه‌وه ده‌كات كه له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانی بووه. هه‌ر له سوریا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ده‌كات. ئێستا خاوه‌نی منداڵێكی 2 ساڵه لەو کەسە، له‌كاتێكدا مێرده‌كه‌ی له شه‌ڕێكی سه‌ختدا ساڵی 2017 كوژراوه و ئه‌میش خۆیی و منداڵه‌کەی له كه‌مپی عه‌ین عیسا له باكوری سوریا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌ستبه‌سه‌ربوون”.
بەپێی زە پرۆڤیدینس جۆرناڵ، له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ له‌دوای هێرشی سه‌ربازی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای کوردستان، ژماره‌یه‌ك زیندانی داعش و ژن و منداڵی نێو كه‌مپی عەین عیسا، هه‌وڵی هه‌ڵاتنیان داوه، به‌ڵام به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی توركیا له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ده‌ستگیركراون كه ژماره‌یان 287 چه‌كداری داعش و ژنەکەنیانن، له‌نێو ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌دا لیزا سمیس یه‌كێكیان بووه”.
له چاوپێكه‌وتنێكی سی ئێن ئێن-دا له‌و كاته‌ی كه له كه‌مپی عه‌ین عیسا بووه له سوریا، لیزا ده‌ڵێت:”به‌شداری هیچ شه‌ڕ و مه‌شقێكی سه‌ربازیم نه‌كردووه له‌لای داعش” وتوشیه‌تی : ئێف بی ئای چه‌ند جارێك سه‌ردانیان كردوم و په‌نجه‌مۆر و سمپلی دی ئێن ئه‌ی-م لێوه‌رگیراوه”.
له‌به‌رامبه‌ر دانپێدانانه‌كانیدا ئێف بی ئای كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی پیشانی لیزا داوه كه نیشانه ده‌گرێته‌وه و مه‌شق له‌سه‌ر چه‌ك ده‌كات بۆیه ده‌ست ده‌كات به گریان و تێده‌گات له‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی وێنه‌یان گرتووه و له ناو داعش بوون، سه‌ر به ئێف بی ئای بوون.
کاتێک لیزا بەپێی ڕێکەوتنی نێوان تورکیا و ئێرلەندا دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتەکەی، په‌یامنێری ئار تی ئی له‌نێو ئه‌و فرۆكه‌یه‌ی گه‌شتی هێلی ئاسمانی توركیدا بووه كه له ئه‌سته‌نبول-ه‌وه لیزا و منداڵه‌كه-ی گواستۆته‌وه بۆ دبلن. لیزا ره‌تیكردۆته‌وه هیچ لێدوانێك بدات بۆ كه‌ناڵه‌كه سه‌باره‌ت به هه‌سته‌كانی له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی. به‌پێی قسه‌ی په‌یامنێره‌كه‌ی ئار تی ئی لیزا له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌دا شوێنه‌كه‌ی جێنه‌هێشتووه و زوربه‌ی كاته‌كه یاری له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ی كردووه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی قسه‌كردنیشی نه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و چوار پاسه‌وان و دیپلۆماته‌ی پارێزگاری‌یان كردووه.
په‌یامنێره‌كه‌ی ئار تی ئی وتوشیه‌تی كه لیزا هه‌ر به‌رگی حیجابی له‌به‌ردا بووه له‌گه‌شته‌كه‌دا و دۆخی ده‌روونی له‌وپه‌ڕی ئارامیدا بووه و شڵه‌ژاو ده‌رنه‌كه‌وتووه.
رۆژنامه‌ی زه واشنتن پۆست له ژماره‌ی 6ی دیسێمبەردا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه له‌كاتی دابه‌زینی له پێپلیكانه‌ی فرۆكه‌كه به پهتانییهكی ره‌نگاو ره‌نگ سه‌رو دهوموچاوی شاردراوه‌ته‌وه و به‌په‌له خراوه‌ته ناو ئۆتۆمبێلێكی ره‌شی جام تاریكه‌وه.
توركیا له كۆتایی نۆڤێمبه‌ره‌وه بڕیاری داوه كه ئه‌و ده‌ستگیركراوه داعشانه‌ی له‌لای ده‌ستبه‌سه‌رن و هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌وروپین، بیانگێڕێته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان به‌پێی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه.
به‌پێی زه نیویۆرك تایمز له كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی ناتۆ، هه‌ریه‌ك له ئه‌لمانیا و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا رازی بوون به گه‌ڕانه‌ویه ئه‌و داعشانه‌ی هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی وڵاته‌كه‌یان هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر چه‌ند مه‌رجێك به‌ڵام تا ئێستا ئاشكرا نه‌بووه مه‌رجه‌كانی نێوان توركیا و ئه‌و وڵاتانانه چین، چونكه توركیا هه‌میشه هه‌ڕه‌شه‌ی به‌و داعشانه كردووه كه ئازادانیان ئه‌كاته‌وه به‌ره‌و رووی وڵاته‌كه‌ی خۆیان.
یه‌كه‌م گەڕانەوەی دهسبهسهركرداوی داعش-یش كه هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌وروپییه له لیزا- وه ده‌ستی پێكردووه و به‌پێی ئاژانسه‌كانی ئێرله‌ندا 30 هاووڵاتی ئێرله‌ندی له2015 -2016 په‌یوه‌ندییان به ریزه‌كانی داعشه‌وه كردووه. به‌ڵام به‌پێی لێدوانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئیره‌له‌ندا به‌شێك له‌وانه كوژراون.
شارلی فلانگن وه‌زیری دادی ئێرله‌ندا له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتوویه‌تی:”رێوشوێنی پێویست بۆ به‌خێوكردن و چاودێریكردنی منداڵه‌كه له‌هه‌مووی گرنگتره”. دواتر وتی:”مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر هه‌ستیاره پێویسته خه‌ڵك ئارام كه‌ینه‌وه له‌دوای ئه‌وه‌ی كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌له‌فیزیۆنه‌كانه‌وه دیمه‌نی گواستنه‌وه‌ی لیزا له فرۆكه‌خانه‌ی توركیاوه ڤاسترایهوه بۆ ئیرله‌ندا”.
لیزا سمیس ساڵی 2009 په‌یوه‌ندی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێرله‌ندییه‌وه ده‌كات و وه‌ك سه‌ربازی هێزی پیاده، دوای پێنج ساڵ داوای گواستنه‌وه ده‌كات بۆ هێزی ئاسمانی سه‌ربازی تایبه‌ت به پێشوازیكاری فرۆكه‌ی نه‌فه‌رهه‌ڵگر و ده‌بێته پێشوازیكاری فرۆكه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێرله‌ندا. ھەروەھا به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئێف بی ئای، لیزا له‌ساڵی 2011 قوڵبۆته‌وه له ئاینی ئیسلام له‌كاتێكدا سه‌ربازی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێرله‌ندی بووه.