كەمال محەمەد: عێراق بەرەو خراپترین بارودۆخ.
تەواویی گۆڕانكارییەكان و روداوە تراژیدییەكان چەندین كاتی ناخۆش و مێژوویان بە جێهێشتوە، رەگەز پەرەستی نێوان حیزبەكان و دەمارگرژی تائیفی و پێكهاتە نەتەوەییەكان زیاتر هۆكاری لەدەستدانی هەلی پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی نێوان ڕۆڵەكانی عێراق بوە. هەتا ئەمڕۆش ئەو سەركردەو حیزبانەی كە ڕۆڵیان لە سیاسەتكردن و حكومڕانی ئەم وڵاتە بینیوە ئەوەندەی پابەند بونیان بە بەرژەوەندی حیزبەكانیان بوە هیچ كات ئەوەندەیان بۆ وڵات و هاونیشتمانیان نەبوە، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقیشەوە هێزە سیاسییەكان شكستیان هێنا لە چارەسەركردن و جێبەجێكردنی ئەو مادە دەستورییانەی، كە ئەتوانرا چارەسەرییەكی زۆری كێشەكانی ئەمڕۆكەی پێ كرابا و لە رێگەیەوە سنورێكیش بۆ داهاتوی ئەم وڵاتە دەستنیشان بكات لەسەر ئەو تێكستە دەستورییەی كە بە جێبەجێكردنی متمانە و ئومێدێكی زۆری لەنێوان ئەندامان و گەلی عێراقدا دروست ئەكرد.
ئەمڕۆكەی عێراق لە نێو قەیران و گێژاوێكی قوڵدایە لە لایەك ڕۆڵەكانی لەهەوڵی باشتركردنی ژیانی ئێستا و داهاتویانن لە لایەكیش بە ئاگر و ئاسن و گوللەی ئەوانەی كە هۆكاری قەیرانەكان بون و ڕوبەروی داخوازییەكانیان بونەتەوە، لە ڕۆژانی یەكەمی خۆپیشاندانەكانەوە تیشك خرایە سەر هۆكارەكانی قەیران و نەبونی خزمەتگوزاری بەڵام بەهۆی ئەوەی مێژووی عێراق میراتییەكی زۆری لە كوشتن و توندوتیژی بۆ بە جێ هێشتبوو ئەمجارەیان دیسانەوە نەتوانرا ئەو گرێ كوێرەیە بكرێتەوە و خوێنی سەدان لە خۆپیشاندەرانی تێدا كرایە قوربانی ،ئەمە لە كاتێكدایە، كە دەبوو گوێ لە داواو مافە ڕەواكانیان بیگیرایە و بكرایە بە فۆرمێكی نوێ بۆ بەرێوەبردنی سیاسەت و حكومڕانی لە یاسا و دەستوردا كاریان پێ بكرایە.
ئێستای خۆپیشاندانەكانی عێراق لە بەرگری مافی مافخوراوان و دارشتنی یاسایەك بۆ ماف و دادوەری هەنگاو بەرەو هەموو چەشنەكانی شەری تائیفی و جیاكاری و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هێزانەدا دەنێت، كە لایەن و بنەماڵەكانی خێڵەكی و ئەتنیك و ئایینەكان بۆ پاراستن لە خۆیان دروستیان كردوە بە سود وەگرتن لە نەبونی عێراقێكی یەكگرتووی خاوەن یاسا و رێسای دەستوری.
خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی عێراق ئەگەر بۆ لایەنە سیاسییەكان و ئەوانەی سەربە ئەجێندا و ستراتیژییەكانی وڵاتانان لەدوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە ئەوا بۆ گەلانی عێراق داخوازی و خەونی بەدەستهێنانی راستییە مافەكانیان بوە كە دەیانەوێت سیستەمێك لە وڵاتەكەیاندا هەبێت لە بەدیهێنانی دیموكراسی و كەرامەت و یەكسانی بۆ هەموان. بەڵام مەترسییە گەورەكەی ئێستا ئەوەیە كە ئامانج و بەرژەوەندی ئەو هێزانەی ئەوێ ڕۆژێ هۆكاری ئەمێستای عێراق بوون بە پاڵپشتی سیاسەت و ململانێكانی پشت پەردەی وڵاتان ئاوێتەی داخوازییەكانی گەل بكرێت و دەرەنجامێكی سەخت بهێنێتە ئاراوە، كە سەختترینیان بون بە ئامرازی عێراق و گەلەكەیەتی لەشەری بەوەكالەتی زلهێزەكان. بەڵام ئەمجارەیان لە خاكەكەی خۆیدا و بەشێوەك كە تەنهاو تەنها هەمو چەمكەكانی بواری ژیانێكی باشتریان لە چوارچێوەی زهنییەتێكی كۆمیۆناڵ دوچاری هەرەس نەبێتەوە بۆ ساڵانێكی زۆر، بۆیە رەوشی ئەمڕۆكەی عێراق دورنییە ببێتە قوربانی چۆنێتی دەستپێكردنی ئەو ململانێیەی وڵاتان، كە پێگە جیۆپۆلەتیكییەكەی عێراق وایكردوە، كە هەردەم چاو و ستراتیژییان لەسەری بێت.