نەوزادی موهەندیس: جیهان لەساڵى 2020وە لەبەردەم ڕاوەستانى گەشەى ئابوریدا دەبێت!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لەڕۆژانى 5-6/12/2019دا لە شارى ڤیەنناى پایتەختى نەمساو لەبارەگاى سەرەکى ڕێکخراوى وڵاتانى ئۆپیک کۆبونەوەى 177 هەمینى وەزیرانى نەوتى خۆى سازدا و دواتریش لەگەڵ وڵاتانى بەرهەمهێنى دەرەوەى ئۆپیکدا کۆبونەوە ( کە بریتین لە ڕوسیا و ژمارەیەک وڵاتى ترى بەرهەمهێنى نەوت).
ئەم کۆبونەوانە بەمەبەستى زانینى:
1- ئایندەى نرخەکانى نەوت.
2- تواناى خستنەبازاڕ و داواکارى لەسەر نەوت.
3- چارەنوسى ڕێکەوتنى کەمکردنەوەى بەرهەم.
ئاشکرایە کە جیهان ماوەى 5 ساڵە و لەنیوەى ساڵى 2014 بەدواوە ڕووبەڕووى قەیرانێکى دارایى توندبوەوە بەهۆى دابەزینى لەناکاوى نرخەکانى نەوت لە بازاڕاکانى جیهاندا لە نزیکەى 115دۆلارەوە بۆ 27 دۆلار، کەئەم دابەزینە گەورەیە کاریگەرى گەورەى کردە سەر داهات و بودجە و پلان و ئابورى و بازاڕى تەواوى جیهان بە دەوڵەمەند و هەژارەکانیشەوە، بەخاوەن نەوت و بێ نەوتەکانیشەوە، بە بەرهەمهێنەرەکانى نەوت و بە بەکارهێنەرەکانیشەوە، چونکە نەوت و غازى سروشتى دوو سەرچاوەى گرنگى وزەن لەجیهان و بزوێنەرى ماکینەى پیشەسازى و ئابورى هەموو جیهان و بەتایبەتیش وڵاتە گەورە پیشەسازیەکانن، ئیدى لەو کاتەوە و تاکو ئێستا ئەو قەیرانە دارایى و ئابوریە کە تەنها هاوشێوەکەى لەساڵى 1929وە و بەتێپەڕبوون بە دەساڵى سیەکان و تا سەرەتاى چلەکانى سەدەى بیستەمى خایاندوە و لە ئەمریکاوە سەریهەڵداو و بە داڕمانى گەورە ناویدەبرێت ڕوویداوە ،بەرۆکى جیهانى بەرنەداوە و هەریەکە بەشێوەیەک دەتلێتەوە بەو قەیرانەوە و توشى چەندین گرفتى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتیش بونەتەوە، چونکە ئەم قەیرانە بۆتە هۆکارى سەرهەڵدانى چەندین دیاردەى زیانبەخش لە گەندەڵى و بێکارى و هەڵاوسان و دابەزینى نرخى دراوەکان و گرانبوونى کاڵاو بازاڕ و ڕاوەستانى گەشەى ئابورى و بازرگانى وهەژارى و نەخۆشى و زیادبونى تاوان و تێکچوونى بارى ئەمنى و کۆمەڵایەتیش.
ئاشکرایە گەلێک هۆکار بونەتە هۆى ئەم قەیران و دابەزینى نرخانەى نەوت لەوانە:
1- زیادەى بڕى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا و کەمى داواکارى بۆ کڕینى.لەئێستادا هەردوو وڵاتى بەڕازیل و نەرویج بونەتە دوو بەرهەمهێنى گەورەى نەوت و بڕێکى زۆر نەوت دەخەنە بازاڕەکانەوە.
2- ڕاوەستانى گەشەى ئابورى و پیشەسازى لەجیهاندا و بەتایبەتیش لەهەردوو وڵاتى چین و هندستاندا.
3- زۆربوون و کەڵەکەبوونى بڕى یەدەگى نەوتى هەڵگیراوى ئەمریکا.
4- سەرهەڵدانى جەنگ و ململانێکان لەناوچە جیاوازەکانى جیهاندا.
5- ململانێ بازرگانیەکانى نێوان ئەمریکا و چین.
6- دەرهێنان و بەرهەمهێنانى نەوتى بەردین لەلایەن ئەمریکاوە.
بەهەمان شێوەش، ئەو لایەنانەى کە کۆنتڕڵى بازارەکانى نەوتى جیهانى دەکەن و دەتوانن کاریگەرى بخەنە سەر بەرهەمهێنەرەکان و نرخەکانیش بریتین لە 3 لایەنى سەرەکى کە بریتین لەهەریەکە لە (( ئەمریکا و ڕووسیا و ڕێکخراوى ئۆپێک ))، وەک 3 لایەنى گەورەى بەرهەمهێنەرى نەوت لە جیهاندا. هەربۆیەش تێکچوونى پەیوەندى نێوان ئەم 3 لایەنە یان ململانێ سەربازى و بارزگانى و سیاسى و ئابوریەکانیان کاریگەرى گەورەى دەبێت لەسەر بازاڕەکانى جیهان. و هەریەکەشیان لە ڕوانگەى بەرژەوەندى و دەسکەت و داهاتى خۆیەوە دەڕوانێتە مەسەلەکە و هەوڵدەدات کە بەقازانجى خۆى بازاڕەکان ئاڕاستە بکات.
هەربۆیەش ڕێکخراوى ئۆپێک و ڕوسیا و هاوپەیمانەکانى لەساڵى 2017وە کەوتنە خۆ بۆ ئەوەى بەرگرى لە زیاتر دابەزینى نرخەکانى نەوت بکەن بۆئەوەى زیاتر زیانیان پێنەگات، لەو پێناوەشدا ڕێکەوتن کە پێکەوە بڕى 1200هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەبەرهەمیان کەمبکەنەوە بۆئەوەى بڕى نەوتى هەبوو لە بازاڕەکاندا کەمبکەنەوە و نرخەکان هەڵکشان بەخۆوە ببینن، خۆشبەختانەش دواى ئەو ڕێکەوتنەى ئۆپێک و ڕوسیا کە لە ئێستادا بە ( ئۆپیک +) ناسراوە بەرى گرت و نرخەکان بەباشى بەرزبونەوە تەنانەت گەیشتە سەروو 70 دۆلارەوە لە 30دۆلارى ساڵى 2015وە. بۆیە دواى تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر ئەو ڕێکەوتنەدا درێژەیان پێداو ،و ئەم ڕێکەوتنەش بەدرێژایى ساڵى 2019 و تا مانگى 3/2020 کاریپێدەکرێت. و لەو ماوەیەشدا نرخەکان لەنێوان 50 -65 دۆلار هەڵکشان و داکشانیان بەخۆوە بینى.
لە ئێستاشدا و لەدواى ئەو کۆبونەوانەى دوو ڕۆژى 5 و6/12/2019وە لەکۆتایدا هەردوولا ( ئۆپیک+ ) گەیشتنە ڕێکەوتن بەم جۆرە:
بڕى 503 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى تر کەمبکەنەوە. کە بەمەش کۆى بڕى نەوتى بەرهەمى کەمکراوە دەگاتە 1703 هەزار بەرمیل، چونکە پێشتر بڕى 1200هەزار بەرمیل کەمکرابۆوە کە تامانگى 3/2020 ئەم ڕێکەوتنە کارى پێدەکرێت.
کەمکردنەوەکەش بەم شێوەیە دابەشکراوە: 372 هەزار بەرمیل ئۆپیک کە( هەریەکە لە ئێران و لیبیا و فەنزەوێلا) هەڵاوێردکراون لەکەمکردننەوەکە.و پشکى دەرەوەى ئۆپیکیش بریتیە لە 131 هەزار بەرمیل نەوت. وابڕیاریشە کە لە ڕێکەوتى 1/1/2020وە جێبەجێبکرێت.
وەزیرى نەوتى سعودیە ( عبدالعزیز کوڕى شا سەلمان )ڕایگەیاند کە سعودیە بەتەنها بڕى 167هەزار بەرمیل نەوت کەمدەکاتەوە، وەزیرى نەوتى ڕوسیاش ( ئەلکسندەر نۆڤاک) ڕایگەیان کە ڕووسیاش کۆى بڕى 300هەزار بەرمیل نەوت کەمدەکاتەوە.و بڕیاریشە جارێکى تر لە 5-6/3/2020 کۆببنەوە بۆ بەسەرداچونەوەى چۆنێتى جێبەجێکردنى ئەم ڕێکەوتن و بڕیارانە.
ئاشکراشە کە دوو وڵات لەناو ئۆپێکدا خاوەن سەنگ و قورسایى و بڕیارى یەکلاکەرەوەن کە بریتین لە هەریەکە لە سعودیە و ڕوسیا و هەردوولاش بە خۆشى بێت یان لەڕێگەى فشارەوە بێت گەرەکیانە کە نرخەکانى نەوت زیاتر دانەبەزێت. هەرکاتێکیش هەر وڵاتێک پابەند نەبێت بەبڕى کەمکراوە ئەوا سعودیە بە سانایى دەتوانێت بڕى نەوتى پێویست بخاتە بازاڕەوە. بۆ جێگیرى و هاوسەنگ ڕاگرتنى بازاڕەکانى نەوت.
ئەنجامى کۆبونەوەکە:
1- لەساڵى 2020دا نرخەکانى نەوت بەرز دەبێتەوە یان لانى کەم لەم نرخانەى ئێستادا دەمێنێتەوە کە لە نێوان 50-65 دۆلاردایە.
2- بەرزبونەوەى نرخى نەوت و کەمکردنەوەى بڕى بەرهەم ئەمریکاى نیگەران کردوە.گەرەکێتى کە نرخەکان لە 50 دۆلار زیاتر نەبن.
3- سعودیە و ڕوسیا هاوپەیمانى یەکترن بۆ ئەم کەمکردنەوەیە و گەرەکیانە نرخەکان لە نێوان 60-70 دۆلاردا جێگیر بن.
4- عێراقیش وەکو دووەم گەورە بەرهەمهێنەرى نەوت بەبڕى 4462 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە ڕۆڵى گەورە و دەسکەوتى گەورەشى دەبێت. و وەک وەزیرى نەوتى عێراق (پامر غچبان) ڕایگەیاندا لە ئێستادا عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە بڕى 4513 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بەرهەمدێنێت.
پێشبینیەکان بۆ ساڵى 2020 و دواترى بازاڕەکانى نەوتى جیهانى:
1- پێشبینى دەکرێت کە داواکارى لەسەر نەوت لە ساڵى 2025وە کەمبکات بەهۆى بەکارهێنان و بەرهەمهێنانى ژمارەیەکى زۆرى ئۆتۆمبێلى کارەبایى کە چیدیکە ئەو ئۆتۆمبێلانە پێویستیان بە سووتەمەنى هەڵهێنجراو نابێت کە لە ئێستادا 330 ملیۆن ئۆتۆمبێل بەرهەمهێنراوە کە دەبێتە هۆکارى بەکارنەهێنانى بڕى 4 ملیۆن بەرمیل نەوتى ڕۆژانە.
2- پێدەچێت لەساڵى 2020دا نرخەکانى نەوت زیاتر دابەزن بۆ خوار 50 دۆلارەوە. بەهۆى خاوبونەوەى زیاترى گەشەى ئابورى و زیادبونى بڕى بەرهەمەوە.
3- نرخى50 دۆلار بۆ 1 بەرمیل نەوت زۆر نزمە و زیان دەگەیەنێت بە ئابورى و بودجەى زۆرێک لە وڵاتان.
4- زۆرێک لەوڵاتانى بەرهەمهێنى نەوت پابەند نابن بەبڕى دیاریکراوى بەرهەمەوە.
5- وەک ئاژانسى وزەى جیهانى ڕایگەیاندوە،لە 10 ساڵى ئایندەدا ئەمریکا و عێراق و بەڕازیل دەبنە گەورەترین بەرهەمهێنى نەوت لە جیهاندا.
بەم شێوەیە، ساڵى 2020 ودواتریش سەرەتایەکى مەترسیدار دەبێت بۆ بازاڕەکانى نەوتى جیهانى و تەواوى ئابورى جیهان و، جیهان بەگشتى ڕوو لە پاشەکشەى گەشەى پیشەسازى و ئابورى و پێشکەوتن و گەشەکردن دەکات و بەمەش هەموان زیانیان پێدەگات و ئەو وڵاتانەى کە هەژارن و خاوەن نەوت نین زیاتر ڕووبەڕووى هەژارى و بێکارى و هەڵاوسان و دواکەوتن دەبنەوە. بۆیە گەرەکە هەموو وڵاتان لەجیاتى تاکە سەرچاوەى داهاتیان کە نەوت و غازى سروشتیە ڕووبکەنە سەرچاوەکانى تر لە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وەبەرهێنان و سەرچاوە مرۆییەکان و… هتد. بەهیواى ئەوەى مرۆڤایەتى و کۆمەڵگاى جیهانى چاوەڕوانى ئایندەیەکى گەشتر و ڕوونتر بکات.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts