ئارام عەلی عەزیز: گورزى ئەمریکاو لوشکەى هێستر.
هێستر لەسەرەمەرگداو بە دیاریکراوى لە کاتى روحدەرچوونیدا لوشکەیەک دەهاوێژێت بەر هەر کەسێک بکەوێت یەکسەر روحی لێدەبڕێت.
هەموو ئاماژەکان دەسەلمێنن، کە ئەمڕۆ ئەمریکا لەسەرەمەرگدایە، وەکو زلهێزو تاکجەمسەر، وەکو جیهانگیریی و ئابووری، وەکو هێزى سەربازیی و سیاسیی، وەکو کەپیتالیزم و نیوولیبرالیزم.
ئەمریکا دوێنێی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆى نەماوە، بەیانیشی سووتاوە، وەکو خاکێک، ئیتر خۆرى لێ هەڵنایەت و دەکەوێتە ناو تاریکیەوە. ئەمریکا دواى رووخانى سۆڤیەت ویستى ببێتە ئیمپراتۆریەت، عەولەمەو جەنگەکانیشى لە عیراق و ئەفغانستان بۆ ئەوە بوو. بەڵام جەنگی عیراق و بەهاری عەرەبی خەونەکانیان لە گۆڕنا.
ئەمڕۆ ئەمریکا هیچى بۆ ناچێتەسەر، لەبەر ئەوەیش لە کۆبوونەوەى دەوڵەتانى هاوپەیمانى ناتۆ سەرۆکى کەنەداو فەرەنساو بریتانیا قەشمەری بە ترەمپ دەکەن.
ئەمڕۆ نەک ئەمریکا، بەڵکو هاوپەیمانى ناتۆیش وەکو هاوپەیمانیەتێکى سەربازیی، ماکرۆن گوتەنی لەسەرەمەرگدایە. ئەمریکا ئیتر ئەوروپا ناپارێزێت، یوشکا فیشەر پێی وایە، دەبێت ئەوروپا هەوڵى دروستکردنى هێزێکى سەربازى تایبەت بە خۆى بدات. نەتەوە یەکگرتوەکان و تەواوى رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیى، وەکو سندوقی دراوى نێودەوڵەتیی و ئەوانى دیکەیشی لەپاشەکشەدان.
ساڵانێکە، جیۆپۆلیتیکزان و شارەزایانى سیستەمى جیهانیی و تیۆریسیان و بیرمەندان باس لە جیهانى دواى نەمانى ئەمریکا دەکەن، کتێبەکەى فەرید زەکەریاش، کە بە ناوى ( جیهانى دواى ئەمریکایە) تایبەتە بەو پرسە. ئەوەى ئەمڕۆ لە کەسایەتى ئاوابوونى ئەستێرەى ئەمریکاو خۆرئاوادا دەبینرێت ، هەڵوەشانەوەى سیستەمى ستەمکاریی جیهانیە، بووژانەوەى شارستانیی خۆرهەڵاتى ناوەڕاستە. جیهان بەرەو سیستەمى تاکجەمسەریی خۆرهەڵاتیى هەنگاودەنێت، لەبەر ئەوە هەوڵدەدریت چین و روسیا بکەنە جەمسەرە دژەکەى. تیۆری چوارەمى ئەلکسەندەر دۆگینى روسیش هەر بۆ ئەوەیە.
ئەمڕۆ ئەمریکا لەسەرمەرگدایە، بێ دوارۆژە، لەبەر ئەوە بەو هێزو چەند بۆمبە ئەتۆمیەى، کە هەیەتى پەلامارى ئێران دەدات، چاوەڕواندەکرێت ئیسرائیلیش بەو پەلامارە دەست بە فراوانخوازیی بکات، هەر لە سیناو میسرو غەزەو غەورى ئوردونەوە بگرە، واتە هەر لە نیلەوە بگرە تا دەگەیتە فورات هێزەکانى بڵاوبکاتەوە، وەکو تاکە ئومێدێکى رزگاربوون لە مردن، کە خۆى لە سووتماک کردنى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا دەبینێتەوە. بەڵام مێژوو دەڵێ ئەمە سەرناگرێت، ئەو پەلامارەی ئەمریکایش وەکو لوشکەى هێسترەکە وایە، کە لە کاتى روح دەرچوونیدا بە هەموو هێزى خۆى دەیهاوێژێت و بەر ئێران دەکەوێت. ئا ئەمەیە حاڵى ئەمریکاو ئێران.