هیوا ناسیح: یادێک له خۆپیشاندانی خوێندکارانی هه‌ولێر دژ به شه‌ڕی ناوخۆ/ 1994.
بیست‌و پێنج ساڵی ڕێک له‌مه‌وبه‌ر، واته ساڵی 1994 شه‌ڕی خۆکوژی نێوان یه‌کێتی و پارتی له ده‌ڤه‌ریی رانیه و قه‌ڵادزه‌وه هه‌ڵگیرسا و مانگێکی نه‌خایاند سه‌رجه‌م باشوری گرته‌وه، کۆتایی ساڵ شهر گه‌یشته ناو هه‌ولێری پایته‌خت و یه‌کێتی ده‌ستی به‌سه‌ر شاردا گرت… ته‌نها شوێنێکی دواجار مایه‌وه باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان بوو که جگه له‌و پارله‌مانتارانه‌ی هه‌ردوولا، که له به‌ره‌کانی شه‌ڕدا بوون، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی خولی یه‌که‌م خۆیان له‌وێدا په‌نادابوو، وه‌ک مانگرتن و نارهزایهتییهکیش به‌و شه‌ری براکوژییه له‌وێدا مابوونه‌وه.
خه‌ڵکی چالاک و بێلایه‌ن هه‌ندێک له حزبه بچوکه‌کان له 7- 4 ی هه‌مان ساڵدا، واته چه‌ند رۆژێک دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕه‌که، خۆپیشاندانێکیان له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر و ناوبازاڕ دژی شه‌ڕ رێکخست، ئه‌وه بوو کاتێک گه‌یشتنه مه‌یدانی (کۆتری سه‌لام) هێزه چه‌کداره‌کانی سه‌ر باڵه‌خانه‌کانی ده‌وروبه‌ر ته‌قه‌یان لێکردن و دوو شه‌هید و زیاتر له ده بریندار هه‌بوون… ئیتر خه‌ڵک چاوترسێنکرا و که‌س نه‌یده‌وێرا خۆپیشاندانیش بکات. ناوشار پڕ ببوو له چه‌کدار و هێزی سه‌ربازی سهرباڵهخانه و هه‌موو لایه‌کی ته‌نیبوو، پایته‌خت بۆنی خوێن و ماڵوێرانی لێ ده‌هات. له سه‌ربازگه‌یه‌کی گه‌وره ده‌چوو، نه‌ک شارێکی ئاوه‌دان.
من ئه‌وکات خوێندکاری قۆناغی چواره‌می کۆلیژی زانست، به‌شی بایۆلۆجی بووم، هه‌رچه‌نده ئه‌ندام کۆمیته‌ی خوێندکارانی یه‌کێتی و لێپرسراوی (که‌رتی رێکخستنی کۆلیجی زانست)یش بووم، به‌ڵام په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ زۆر له چه‌په‌کان و کۆمۆنیست و بێلایه‌نه‌کان به هێز بوو، له زۆربه‌ی چالاکییه‌کانی ساز ده‌کرا به‌شدار ده‌بووم.
ناوه‌راستی مانگی ده کاتێک زانکۆ کرایه‌وه، یه‌کێتی هه‌وڵی ده‌دا زانکۆ ده‌ست به ده‌وام بکاته‌وه و ره‌وشه‌که ئاسایی بێته‌وه، چونکه له‌به‌رژه‌وه‌ندی بوو، هه‌ولێری کۆنترۆڵ کردبوو، به‌ڵام پارتی که شکۆ و ناوبانگی شکا بوو، له هه‌ولێر وه‌ده‌رنرا بوو، هه‌وڵی ده‌دا ده‌وام رابگیرێت و زانکۆ نه‌کرێته‌وه…. بۆیه ده‌وامی زانکۆ به نیوه‌ناچڵ ده‌ستی پێکرده‌وه، هه‌ندێک له خوێندکار و مامۆستاکان نه‌گه‌رابوونه‌وه.
چه‌ند که‌سێک له خوێندکارانی کۆلیژه جیاجیاکان له ناوه‌راستی مانگی دوانزه کۆبونه‌وه‌یه‌کمان سازکرد، وابزانم له کافتریای کۆلیژی زانست بوو، بڕیاری خۆپیشاندانێکمان دژ به شه‌ره‌که دا. رۆژی 24- 12مان دیاریکرد. ده‌ستمان کرد به سه‌ردان و په‌یوه‌ندی به حزبه‌کانی شیوعی کوردستان، پارتی کاری سه‌ربه‌خۆیی کوردوستان، دیموکراسیخوازان…هتد، تا هاوکاریمان بکه‌ن له ئاماده‌کردنی لافیته و نوسینی دروشمه‌کاندا. دروشمه‌کانمان پێشتر له‌سه‌ر کاغه‌ز ئاماده‌کردبوو، ئه‌وه‌ی بیرم مابێت ئه‌مانه‌بوون: (ئێمه‌ین خه‌ڵکی کوردستان دژی شه‌ری براکان) (نه‌فره‌ت له براکوژی، بژی ئاشتی و برایه‌تی) (به‌ڵێ بۆ دادگایی‌کردنی لێپرسراوه‌کانی شه‌ری ناوخۆ)، (نا بۆ ماڵوێرانی و کاولکاری کوردستان) و… هتد. بڕیارمان وابوو، لافیته‌کان ته‌نها ره‌نگی ڕه‌ش و سپی بن، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر پاراستنی بێلایه‌نی سیمای چالاکییه‌که‌مان. له‌و که‌سانه‌ی که ئێستا بیرم مابێت و له رێکخستنی خۆپیشاندانه‌که‌دا له‌گه‌ڵمان بوون هاورێیانم سیروان عه‌ولی نوسه‌ر و رۆشه‌نبیر که ئێستا له وڵاتی نه‌رویجه، هه‌روه‌ها کاوه عارف که له ئه‌ڵمانیا و شاری کۆڵن ده‌ژی.
دیاره له‌سه‌ره‌تاوه بڕیاری ئه‌وه‌مان دابوو، که هیچ لایه‌نێکی حزبی نابێت له‌گه‌ڵمان به‌شدار بێت ، وه هه‌وڵ بده‌ین خۆپیشاندانه‌که مۆرکی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی خۆی له ده‌ست نه‌دات، ده‌شمانزانی به‌هۆی چاوترساوی و ڕه‌وشی ئاسایش و نائومێدی له‌و چالاکییانه، خه‌ڵکێکی زۆر به‌شداری ناکات.
رۆژی 25- 12 وه‌ک دیاریکرابوو خۆپیشاندانه‌که له کۆلیجی زانسته‌کان به لافیته‌ی ئاماده‌کراوه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد، هه‌ندێک خوێندکاری کۆلیژه‌کانی ئه‌ندازیاری و یاساش هاتن به‌ره‌و لای ئێمه، ئیتر بووینه ده پانزه که‌سێک و به راسته‌شه‌قامی سه‌ره‌کی هه‌ولێر – که‌رکوک به‌ره‌و ناوشار به‌رێکه‌وتین. به‌یاننامه‌یه‌کمان ئاماده‌کردبوو به نێو رێبواراندا بڵاومان ده‌کرده‌وه، ئه‌وه‌ی له‌بیرم مابێت، گرنگترین خاڵه‌کانی نێو به‌یاننامه‌که، داوامان له په‌رله‌مانی کوردستان کردبوو، که:
1- به زووترین کات بڕیاری وه‌ستاندنی شهر له سه‌رجه‌م به‌ره‌کان بدات, هه‌روه‌ها شه‌ڕی راگه‌یاندنیش بوه‌ستێنرێت.
2- هێزه‌کانی هه‌ردوولا ئاگر به‌ست رابگه‌یه‌نن و چه‌کداره‌کانیان بکێشنه‌وه دواوه.
3- هه‌موو چه‌کداره‌کانی هاتونه‌ته ناو شار و سه‌ر سه‌ربانی باڵه‌خانه و زانکۆ و وه‌زاره‌ته‌کان لاببرێن و سیمای شه‌ڕ له نێو شاردا کۆتایی بێت.
4- سه‌رجه‌م ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی هه‌ردوو لایه‌نه‌که، که چوونه‌ته به‌ره‌کانی شه‌ڕ و به‌شدارن، یاساپارێزیی (حه‌سانه)ی په‌رله‌مانتارییان لێبسه‌نرێته‌وه.
5- سه‌رجه‌م ئه‌و لێپرسراوه سه‌ربازی و ئه‌منییانه‌ی ده‌ستیان بووه له ده‌ستپێکردنی شه‌ره‌که و په‌ره‌سه‌ندنی و تاوانییان ئه‌نجام داوه دادگایی بکرێن.
6- به زووترین کات دیله‌کانی هه‌ردولا ئازاد بکرێن و ده‌رکراوه‌کان بگه‌رێنه‌وه شاره‌کانی خۆیان.
7- هه‌ردوو هێزی چه‌کداریی میلیشیایی هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه و له جێگه‌یان سوپای کوردستان دابمه‌زرێنرێت.
ئیتر به درێژایی شه‌قامه‌که که‌وتینه رێ به‌ره‌و سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر و له‌وێوه به لای قه‌ڵادا به‌ره‌وخوار شۆڕبووینه‌وه به‌ره‌و په‌رله‌مان، له بارودۆخێکی پڕ له ترس و دڵه‌راوکێدا، چونکه ده‌ترساین له هه‌ر ساتێکدا دهسڕێژمان لێبکه‌ن. پێ به پێی رۆیشتمان به به‌رده‌م کۆلیژ و به‌شه‌کانی تری زانکۆی سه‌لاحه‌دین، خوێندکاری تر ده‌هاتنه ناو خۆپیشاندانه‌که‌وه، بووینه نزیکه‌ی 50 تا 70 که‌سێک. دیاره نه یه‌کێتی و نه پارتی دژی خۆپیشاندانه‌که نه‌وه‌ستانه‌وه، به‌ڵام به فه‌رمی به‌شداریشیان نه‌کرد.
ئاسایشمان ئاگادار کردبۆوه، به‌ڵام ئه‌وان گوتیان لێپرسراوێتی پاراستنی به‌شداربووان له ئه‌ستۆ ناگرین، چونکه بارودۆخ شه‌ره و له‌بار نیه بۆ خۆپیشاندان.
تا گه‌یشتینه به‌رده‌م په‌رله‌مان بووبووینه سه‌د که‌سێک و له‌وێش به هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر راگه‌یاندنه‌که‌مان دابوو به ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ ناوخۆکان، که له دژی شه‌ڕ ئه‌مرۆ خۆپیشاندان هه‌یه، ده‌یان که‌سی تر چاوه‌رێیان ده‌کردین. پاش بگره و به‌رده‌یه‌کی زۆر پاسه‌وانه‌کانی ده‌روازه‌ی سه‌ره‌کی په‌رله‌مان رێگایان داین، که بچینه ژووره‌وه بۆ حه‌وشه‌ی په‌رله‌مان، له‌وێش هه‌ندێک خه‌ڵکی تر کۆبووبوونه‌وه. نوێنه‌ری که‌س و لایه‌نه‌کان ده‌چوونه سه‌ره‌وه و له باڵکۆنی په‌رله‌مانه‌وه، که په‌یامنێرانی زۆرله که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کان و رۆژنامه‌کان له‌وێ ئاماده‌بوون، وتاری خۆیان ده‌خوێنده‌وه.
له ناوه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌که‌ی په‌رله‌مان په‌رله‌مانتارانی یه‌کێتی و پارتیش مانیان گرتبوو، ئه‌وسا له نێو حزبه کوردییه‌کان ته‌نها ئه‌و دوو لایه‌نه کورسی په‌رله‌مانیان هه‌بوو، په‌نجا به په‌نجا وه‌ک برا بهشیانکردبوو! په‌یامنێرانی که‌ناڵی هه‌ردوولاشیان ئاماده‌بوون، واته ئه‌وێ وه‌ک دوورگه یان ناوچه‌یه‌کی بێلایه‌ن وابوو. خه‌لیل عوسمان له ته‌نیشتم وه‌ستابوو (خولی پێشوو له‌سه‌ر لیستی یه‌کێتی په‌رله‌مان بوو، ناوبراو هاوسه‌ری ئێستای رێواز فایه‌قی سه‌رۆکی په‌رله‌مانه)، ئه‌وکات ئه‌ویش خوێندکار بوو له‌گه‌ڵمان له به‌شی بایولوژی، ، هاوارمان ده‌کرد و هوتاف و دروشمه‌کانمان ده‌گوته‌وه، من به کاک خه‌لیلم گوت، وه‌ره با بچین منیش وتاری ده‌سته‌ی رێکخه‌ری خۆپیشاندانه‌که ده‌خوێنمه‌وه، هه‌روه‌ها یادداشته‌که ده‌ده‌ینه سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان، چونکه که‌سمان دیارینه‌کردبوو، ئه‌ویش رازی بوو له‌گه‌ڵمدا هات. به دوو پرسگه‌دا تێپه‌رین و چووینه سه‌ره‌وه بۆ باڵکۆنی په‌رله‌مان. ژنێک له پێش مندا وتاری ده‌دا، ژنێکی به‌ته‌مه‌نی ره‌شپۆش بوو، به‌رگی کوردی له‌به‌ردابوو، نازانم گه‌رمیانی بوو یان له که‌سوکاری بارزانییه‌کانی 82 بوو، به‌ڵام به‌وه‌ی زۆر داخ له‌دڵ و به‌په‌رۆش بوو دیار بوو، که که‌سوکاری قوربانی و شه‌هیده. ناوبراو به زمانێکی خه‌ڵکانی ساده زۆر توند قسه‌ی کرد، بیرمه گوتی (کوڕی خه‌ڵک زیاتر به کوشت مه‌ده‌ن، شه‌ره‌فی کورد شه‌ره‌فی خێزانه‌کانتانه، قژی ژنه‌کانتان بگرن بۆ سۆزانیخانه باشتره له‌وه‌ی کوری خه‌ڵک بکوژن و… هتد) له خواره‌وه که چه‌ند سه‌د که‌سێک وه‌ستا بوون زۆر خۆشحاڵ بوون به قسه‌کانی ناوبراو، رێژنه‌ی چه‌پڵه‌یان به‌رزبووه‌وه.
له‌وێ، واته له بهڵکۆنی په‌رله‌مان، که له‌سه‌ر ده‌روازه‌که‌ی ناوه‌وه‌یه‌تی و ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر حه‌وش و به‌رده‌رکی پارله‌ماندا، له پشت مایکرۆفۆنه‌کان وتاری رێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌م خوێنده‌وه، خه‌لیل عوسمان له ته‌نیشتم وه‌ستا بوو، که تێیدا ئه‌و خاڵانه‌ی له بهیاننامهکهماندا هاتبوون، له خۆگرتبوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌نده خوێندکاری ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر بووم، له به‌شی ناوخۆیی ده‌ژیام و ته‌له‌فزیۆنمان نه‌بوو، نه‌مبینی، به‌ڵام بۆ رۆژی دوایی له زانکۆ، هاورێیانی هه‌ولێریم، پاش ئه‌وه‌ی دیمه‌نه‌کانی خۆپیشاندانه‌کان و وتاره‌که‌ی منیان بینی بوو، که سه‌رجه‌م که‌ناڵه‌کانی ئه‌وکات په‌خشیان کردبوو، ده‌ستخۆشییه‌کی زۆریان لێکردم.
وه‌ک به‌ڵگه‌نامه له‌سه‌ر ئه‌م خۆپیشاندانه له ئه‌رشیفی تایبه‌تیمدا، لێدوانێکی رۆژنامه‌وانی، که بۆ (برایه‌تی) زمانحاڵی پارتیم دا، له نێو باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان، ئێستا لای خۆم پاراستومه، هه‌روه‌ها کاسێتی ڤیدۆیی وتاره‌که‌ی خوێندمه‌وه (ئه‌و کات سی دی دانه‌هاتبوو، یان نه‌گه‌یشتبووه کوردستان)، که پاشتر له ڕێگه‌ی کاک ماکۆک شێخ حه‌مه‌د، له ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی کوردستان- که‌ناڵی هه‌ولێر، باره‌گاکه‌ی له سه‌ر قه‌ڵابوو، ده‌ستم که‌وت. ناوبراو دواتر بووه سکرتێری رۆژنامه‌وانی سه‌رۆککۆماری پێشوو جه‌لال تاڵه‌بانی له به‌غدا. کاسێته‌که‌م ئێستاش لایه و لام پارێزراوه، به‌داخه‌وه کوالیتێتی پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه خراپ بووه، به‌ڵام لای که‌می ده‌نگه‌که‌ی باشه و هه‌ر که‌س ویستی ئه‌و مێژووه بنوسێته‌وه، ئاماده‌م کۆپییه‌کی بۆ بنێرم. دیاره دیمه‌نه‌کانی خه‌ڵکی ناو حه‌وشی په‌رله‌مان و وتاره‌که‌ی ئه‌و ژنه رهشپۆشهی باسم کرد و وتاره‌که‌ی منیشی تێدایه.
دواتر من و خه‌لیل عوسمان و نوێنه‌رانی تری رێکخراو و حزبه‌کان چووینه ژووره‌وه بۆ هۆڵێکی گه‌وره، که په‌رله‌مانتاره‌کان مانیان گرتبوو، له‌وێدا پێشوازیان له خه‌ڵک ده‌کرد، له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئه‌و کات له‌گه‌ڵمان دانیشتن، ئه‌مانه بوون: نه‌ژاد عه‌زیز ئاغا، جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان، دکتۆر عیزه‌ددین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، سه‌ید حه‌سه‌ن، ئه‌حمه‌د سالاری هونه‌رمه‌ند و هه‌ندێکی تر. به گه‌رمی پێشوازییان لێ‌کردین، چایان بۆ هێناین و ده‌قی یادداشتهکهمان دانێ، وه‌ک دیاربوون نا‌ئومێد ببوون له وه‌ستانی شه‌ڕ، به‌ڵام ده‌ستخۆشییان لێ‌کردین.
شایه‌نی باسه ئه‌م هه‌موو زانکۆیه له کوردستان هه‌یه، که‌چی تا ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستی و مێژوویی په‌سه‌ند و بابه‌تییانه له‌سه‌ر هۆکار و ده‌رئه‌نجامه‌کانی شه‌ری ناوخۆ به گشتی و شه‌ڕی نێوان یه‌کێتی و پارتی 94 تا 98که به رێککه‌وتنی واشهنگتۆنی نێوان هه‌ردوولا کۆتایی هات نه‌کراوه، بۆیه به‌داخه‌وه ژماره‌یه‌کی ورد و متمانه‌پێکراو له‌به‌رده‌ست نییه، که چه‌ند کوژراو (ده‌کرێت بهشههیدیش ناویان به‌رین) و بریندار بوونه. به‌ڵام دڵنیام قوربانییه‌کان ده تا پانزه هه‌زار که‌س که‌متر نین، جگه له هه‌زاران بریندار و سه‌دان بێسه‌روشوێن، که به‌داخه‌وه تا ئێستاش چاره‌نوسیان دیارنییه و به یاساش یه‌کلایی نه‌کراوه‌ته‌وه.
ئه‌مه جگه له به هه‌ده‌ردانی ده‌یان میلیۆن سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمان، له پاره‌ی گومرگ و بانکه‌کان، هه‌روه‌ها کاولکردن و وێرانکردنی ده‌یان نه‌خۆشخانه، خوێندنگه و فه‌رمانگه و سه‌دان ماڵ و خانوی هاووڵاتیان! ئه‌و خوله‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ماڵوێرانهترین و زیانبه‌خشترین بوو، چونکه له‌نێو شاره‌کاندا شهڕکران، کوردستانی ئازاد بوو به دوو زۆنی زه‌رد و سه‌وز، تا ئێستاش کاریگه‌ریی ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر خه‌ڵک ماوه و له رووی ئیداریشه‌وه کاریگه‌ریی نه‌رێیی ته‌واو نه‌بووه. سه‌یر ئه‌وه‌یه، دوای ئه‌و هه‌موو کاولکاری و ماڵوێرانییه، تا ئێستا تراژیدیا و تاوانه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه، وه‌ک ئه‌وه‌ی روداوێکی سروشتکردی وه‌ک تسۆنامی ئه‌و چوارساڵه له کوردستانی دابێت، ته‌نها لێپرسراوێکیش دادگایی نه‌کرا و لێیان نه‌پرسرایه‌وه، بگره ئه‌و لێپرسراو و سه‌رکردانه‌ی به‌شداری چالاکی ئه‌و شه‌ڕه نه‌گریسه‌یان کردبوو، پله و پۆستی زیاتر و به‌رزتریان درایه!
ئه‌و شه‌ڕه خۆکوژییه دواجار به میانگیری مادلین ئۆلبرایتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کاتی وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا کۆتایی هات، ئه‌وه‌بوو رێککه‌وتنامه‌ی ئاشتی به ئاماده‌یی ناوبراو له نێوان مام جه‌لال و مه‌سعود بارزانی له 18- 9- 1998 له واشه‌نتۆن مۆرکرا.
تێبینی:
1- ئه‌و وێنه‌یه‌ی لێره‌دایه له کاسێتی راپۆرته هه‌واڵی خۆپیشاندانه‌که‌وه وه‌رگیراوه، ئه‌و کاته‌ی به‌نده وتاره‌که ده‌خوێنمه‌وه و ئه‌و که‌سه‌ی له ده‌سته چه‌پم ده‌رکه‌وتوه خه‌لیل عوسمانه.
2- بۆ ئه‌م وتاره ته‌نها پشتم به زه‌ینی خۆم، به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌رشیفی تایبه‌تیم، زانیاریی که‌می یه‌ک دوو هاورێی نزیکم به‌ستوه، داوای لێبوردن ده‌که‌م که ناوی هه‌ندێک هاورێم یادداشت نه‌کردبێت، یان هه‌ڵه‌یه‌ک له زانیارییه‌کان هه‌بێت، هیوادارم راستی بکه‌نه‌وه.