دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان/ بەشى دووەم.
کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ” کۆنگرەى گەشەکردن و پەرەسەندنى سلێمانى وەک شار ” یاخود ” گەشەپێدانى عەقڵیەتى حیزبى و زياتر بچوکردنەوەى شار”
بێگومان لەئێستادا گشت دامەزراوە حکومیەکان بێ جیاوازى بوونەتە بەمەڵبەند و لق و کۆمیەتەى حیزبى، زۆر جار سنوورى حیزبیشیان تێپەڕاندووە و بوون بەکۆمپانیاى زەبەلاح.
وەک فەرمانبەرێکى سەر بەکەرتى تەندروستى لەو بڕوایەدام کەرتى تەندروستى وەک دەزگایەکى خزمەتگوزارى لەبار براوە. بەبەرنامەیەکى نەخشە بۆداڕێژراو کۆى سێکتەرەکە کراوە بەبازرگانیەکى ڕەها، هەر بۆیە هەندێک جار هەست ناکەم لەنەخۆشخانەیەکى حکومی کاردەکەم، بەڵکو لەیەکێک لەکۆمپانیا زەبەلاحەکان.
هەڵبەتە هەریەک لەئێمەى هاوڵاتى ئاسایى و یەکێتیەکانى دەرەوەى یەکێتى و ئەندامانى ئێستاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەدیدو ڕاوانگەیەکى زۆر جیاواز لەیەکتر دەڕاونینە کۆنگرەى چوارەمى دواخراوى یەکێتى نیشتمانى کوردستان.
وەک زانیارى گشتى، بەشێکى زۆر لەهاوڵاتى ئاسایى ئێستاى شارى سلێمانى ئەندامى چالاکى یەکێتى نیشتمانى بوون، بەڵام ئێستا لەدەرەوەى ئەم حیزبە دانیشتوون، لەبەر ئەوەى هیچ بڕواو متمانەیەکیان بەبونیادى حیزبى ئێستاى کوردستان نەماوە. خەمى ئێمەى هاوڵاتى خەمى ژیان و ژین و بژێوى هاوڵاتى و ژینگەى کوردستانە، خەمى نیشتمان و کۆمەڵانى خەڵکە نەک بەتەنیا خەمى خود.
بەڵێ خەمى ئێمە خەمى خود نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەى شکۆ و شوناسى مرۆڤى کوردە وەک هەموو مرۆڤێکى ئەم جیهانە دوور لەجیاکارى نەتەوەیى ـ ئاین ـ تایەفەگەرى ـ حیزبایەتى و… هتد .
خەمى ئێمەى خەڵکى شارى سلێمانى، گەشەکردن و پەرەسەندنى سلێمانى یە وەک شار، خەمى پاراستنى دامەزراوە حکومیەکانە.
بەداخەوە تائەم ساتە بارەگاى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەشارى سلێمانى لەبیناى (خانەى مامۆستایانى کچان و دواتر ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى یەکێتى نیشتمانى ) ئەوسادایە!.
خەمى ئێمەى خەڵکى شارى سلێمانى خەمى دەوڵەت و یاساو دادى کۆمەڵایەتیە، نەک دروستکردنى فرە میلیشایى حیزبى بێ هێز و لاوازى سەر بەهیزى ناوچەیى، لەبرى گەشەپێدانى مرۆیى کەرتى پەروەردە و دامەزراوە حکومیەکانى شارى سلێمانى گەشە بەدامەزراوەیى حیزبى دەدرێت.
بەداخەوە ئاماژەکانى ئەمڕۆ دەیسەلمێنن خەمى زۆرێک لەیەکێتیەکانى ئێستاى ناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان خەمى خودە. خەمى بەرژەوەندى تایبەتە، نەک گەراندنەوەى شکۆ بۆ یەکێتى نیشتمانى کوردستان وەک هێزێکى سیاسى نیشتمانى.
لەسەروبەندى کۆنگرەى گۆڕان بابەتێم نووسى ( ئاگاتان لە ئانا بێت) بەماناى ئاگاتان لەخود بێت بۆ ر ِێگرتن لەپاشەکشێى سیاسى ـ ئابوورى ـ کۆمەڵایەتى ـ زانستى و مەعریفى، بەداخەوە وەک پێویست گوێى لێ نەگیرا!. ئەمڕۆ دووبارەو سێ بارەرەى دەکەمەوە، بەڵام ئەم جارەیان بۆ کۆنگرەى دواخراوى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، تکایە تکایە ( ئاگاتان لە ئانا بێت ) بەرژەوەندى خود وەلانێن، کاتى بەرژەوەەندى گشتیە، بەڵکو لەم دۆخە چەقبەستووە ( سیاسى ـ ئابوورى ـ کۆمەڵایەتى . زانستى و مەعریفی ) ەى ئێستا قوتار بێت.
لەئێستادا یەکێتى نیشتمانى کوردستان پێویستى بەبیرمەندە، نەک چەک و کۆمپانیاى زەبەلاح ، پێویستى بەگەشە پێدانى عەقڵى و مەعریفی ئۆرگانەکانێتى، نەک بەبازرگانیکردنى عەقڵیەت تا وەک حیزب بگەرێتەوە بۆ شکۆى مەزنى ڕابردووى.
بەداخەوە بەشێک یەکێتیە مشەخۆرەکانى دامودەزگانى ئێستاى حکومەتى هەرێم نەک هەموویان، عەقڵیەتى حیزبیشیان تێپەراندووە و بوون بەکۆمپانیا، خەمى سەرەکیان بازرگانیکردنە بەهاوڵاتى وخاک و ژینگە لەپێناو خزمەتکردنى کۆمپانیا زەبەلاحەکان.
ئەوەى ڕۆژانە لەچواردەورەوە دەیبیستین و دەیبینین سەیروسەمەرەیە، نەخێر کارەساتە، ئاماژەیەکە بۆ بەقوربانیکرنى شارى سلێمانى لەپێناو بەرژەوەندى خود و کۆمپانیا زەبەلاحەکان.
مەرج نییە ئەم بۆچوونەى ئێمە سەد لەسەد ڕاست بێت، بەڵام بەلایەنى کەم لەسەدا نەوەد ڕاستە ئاماژە بەئەداى ئۆرگانەکانى ئەمڕۆى یەکێتى نیشتمانى کوردستان کەداموو دەزگا حکومیەکانیان کردووە بە مەڵبەند و لق و کۆمیتە، ببورن کردوویانە بەبەشێک لەکۆمپانیا زەبەلاحەکانى بەناو حیزب.
لە دیدو ڕوانگەى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و شارى سلێمانى بەتایبەتى کەزەرەرمەندى یەکەم بوون، گەڕاندنەوە یەکێتى نیشتمانى کوردستان وەک حیزب نەک کۆمپانیا بۆ ناوکۆمەڵانى خەڵک و شکۆى ڕابردووى تاکە ڕێگرە لەتەڵاقنەدانى لەلایەن شارى سلێمانى یەوە.
بمانەوەى و نەمانەوێت دواجار سلێمانى وەک شارێکى یاخى، جەمسەرى کێشەکان یەکلایى دەکاتەوە، خەڵکى سلێمانى داوا لەئەندامانى کۆنگرە دەکات ئاوڕێک لەسلێمانى بدەنەوە وەک شار، ئاوڕێک لەکۆمەڵانى خەڵک بدەنەوە وەک مرۆڤ، چيدى ژین و ژیان و قوتى خەڵکی وێران مەکەن. کاتى ئەوە هاتووە کێشە ناوخۆییە حیزبیەکان لەسەر دەسەڵات و پارە یەکلایى بکەنەوە.
ئەنجامدانى کۆنگرەى دواخراوى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەسەرکەوتوویى دوا هەل و دەرفەت دەبێت بۆ گەڕاندنەوەى شکۆى ڕابردووى ئەم حيزبە، ئەوەش بەگەڕانەوە بۆ ناوکۆمەڵانى خەڵک ـ گەشەدان بەعقڵیەت و زانست و مەعریفەو ئابوورى کۆمەڵانى خەڵک، سش نەک گەشەدان بەعەقڵیەتى میلیشیایى حیزبى و ئابوورى کۆمپانیا زەبەلاحەکان و دزینى خەونى مرۆڤەکان.