ئارام عەلی عەزیز: ئایندەى ئایندەسز.
ئایندە، میللەتەکەمانە، ئایندە کۆمارى تورکیایە، بەم وشانە ئەحمەد داود ئۆغلو دامەزراندنى پارتَێکی بە ناوى پارتى ئایندە راگەیاند.
وشەو رستەکانى وتارە پەنجاو سێ دەقیقەییەکەى داود ئۆغڵو ناهۆمۆجینیی کۆمەڵگاو پێکهاتەکانى ئەمڕۆى تورکیاى نیشان دەدا، بە جۆرێک ئەو ناهۆمۆجینیە، کە سەرچاوەکەى سیستەمە، ئایندەى کۆمارەکەى کەمال ئەتاتورکی خستۆتە مەترسیەوە. داود ئۆغڵو بە بێ ئەوەى لە وتارەکەیدا ناوی بهێنێت رەجەب تەیب ئەردۆغانى بە هۆکارى سەرەکى کێشە ناوخۆیی و دەرەکیەکانى ئێستاى تورکیا دانا.
سەرپێیانە وادەردەکەوێت، کە داود ئۆغڵو پارتى ئایندەى وەکو بەدیلێک یان وەکو رکابەرێکى پارتى دادوگەشەپێدانى ئەردۆغان دامەزراندوە، بەڵام لە روى ستراتیجیەوە وانیە، بەڵکو بۆ درێژەدانە بە رۆڵی وەزیفی کۆمارى تورکیا لە لایەن باوکە دامەزرێنەرەکانیەوە، وەکو مۆدێلێکی بە رواڵەت جیاواز لە سەدەى بیست و یەکەمدا لە ناوچەکەدا، هەر لەبەر ئەوەیش ناوى لێنراوە ئایندە.
ئارمى پارتەکەى ئەحمەد داود ئۆغڵو تاکە گەڵایەکى رەنگ سەوزى دارچنارە، کە رەگوڕیشەکى پیرۆزیی لە کەلتورى عوسمانیدا هەیە. داود ئۆغلویش داواى دانانى دەستورێکى نوێ و دروستکردنى هاوسەنگیەکى هەستیار لە نێوان ئازادیی و ئاسایشدا دەکات، بە جۆرێک کە بە ناوى دژایەتی تیرۆر، ئازادیی کەلتوریی و مافى مرۆڤ بەرتەسک نەکرێتەوەو، تورکیا بکرێتە دەوڵەتی ماف و ئازادیەکان بە پێی یاسا. لەو روەوە پارتى ئایندە، کرانەوەیە بەسەر پێکهاتە غەیرە تورک و دیانات و مەزهەبە جیاوازەکان و بووژاندنەوەى کەلتورى پێکەوە ژیانى سەردەمى عوسمانیەتە لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکانى کۆمارى تورکیادا.
بریتانیا یەکێکە لە باوکە دامەزرێنەرەکانى کۆمارى تورکیا، ناتوانرێت رۆڵى لە دامەزراندنى پارتى ئایندەى خواجە ئەحمەد داود ئۆغڵودا نادیدە بگیرێت. رۆڵى تورکیا وەکو دەوڵەتێکى وەزیفی لەسایکس پێکۆوە تا ئەمڕۆ هەمیشە دژایەتى عیراق و درێژەدان بوە بە پاراستنى سیستەمى ئیقلیمی باو، بە پلەى یەکەمیش دژایەتى کوردو ئیسلامەتى بوە. دامەزراندنى پارتى ئایندەى داود ئۆغڵویش بەو مۆدێلە و لەسەر بنەماى ئینسانبوون و هاووڵاتیبوون و تورکیایی بوون و سەروەریی یاسا، لە لایەک خۆگونجاندنە لە گەڵ گۆڕانکاریە گەورەکانى، کە شۆڕشى گەنجان بەسەر ناوچەکەو جیهاندا سەپاندویانە، لە لایەکى دیکەیش بۆ رێگرتنە لە رێبەرایەتى مێژوویی ئەم گۆڕانکاریانە کە چەقەکەى عیراق و کوردستانە، وەکو مۆدیلێکی بووژانەوەى شارستانیی.
بەڵام سەردەمى سیستەمە دیکتاتۆرو دەوڵەتە بەزۆر دروستکراوەکانى ناوچەکە تەواو بوو، کاتیان بەسەردا تێپەڕى، ئەمانە رابردوویان هەبوو، بەڵام ئایندەیان نیە. ئیتر ئینسان و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لە ئیحتیواکردن و بەلاڕێدابردندا دەربازیان بوو. لەبەرئەوە پارتى ئایندەى داود ئۆغڵو ئایندەسزەو بە مردویش لەدایکبوە.