رەزا شـوان: محەمەد بەرزی، شاعیر و چیرۆکنووسی ناسراویی ئەدەبی منداڵانی کورد.
ئەنـدازیار “محـەمـەد بـەرزی” شاعـیر و چیرۆکنووسێکی بە توانـا و ناسراویی بـواریی جیهانی ئەدەبی منداڵانی کوردمانە، بە تایەتیش لە نووسینی هۆنراوە و چیرۆکەهۆنراودا بۆ منداڵان دەستێکی باڵای هەیە. هـۆنـراوەکانی محەمەد بەرزی، هەموو بنەما و مەرج و تایبەتمەندییەکانی هـۆنراوەی سەرکەوتووی منداڵانی لەخۆگرتوون.. کورتن بە زۆری لە شـەش دێـڕی کـورتی ئـاوازداری سەروا و تـرپە سـووک و شـیرین، ئاسـان و رەوان پێکهاتـوون.. وشە و رستەکانی لە فەرهەنگی زمانی منـداڵانی کوردمانەوە وەرگرتوون. بە زمانی کوردی پەتی و ڕەوان و بە شـێوازێکی شـیرین و ئاسان دایڕشـتوون.. کـێشی هـۆنراوەکـانی خۆماڵـین “بـڕگەیین” هـۆنراوەکانی چوونەتە دڵی منداڵانی کوردمان و بە ئاسانی بەشێکی زۆریان لەبەرکـردوون. چەنـد هـۆنراوەیەکـیشی ئـاوازیان بۆ دانـاون و منداڵانی کوردمان بە ئـاواز و گۆرانیـیەوە دەیـان چـڕن.. لە کەنـاڵە تەلەفـزیـۆنییەکـانـدا پێـشکەش دەکرێن. محەمەد بەرزی، دوو پەرتووکئ زانستی بە ناوەکانی “وزەی خـۆر” و ” کوڵینەر” ەوە چاپکردوون.. پێنج پەرتووکیشی بۆ منداڵانی کورد چاپکـردوون، کە بەشێک لە چیرۆکە وەرگێڕاوەکانی لە ئینگلـیزییەوە بۆ سەر زمانی کـوردی بـۆ منداڵان، لەگەڵ بەشێکیش لە هـۆنـراوەکانی بۆ منـداڵان لەخـۆگرتـوون، نـاوەکـانیان: “نـاسک و ورچەکە، بازن، مریـەم، خۆزگە، بەرخەکەی لانە” لە دوای ئەم پێنج پەرتووکانەشەوە، کۆمەڵێک چیرۆکی وەرگێڕاوی تری و کۆمەڵکـیش هـۆنراوەی جوانی تری بۆ منداڵانی کوردمان نووسـیون کە هـێـشتا چـاپ نەکـراون.
من پێنج ساڵە هۆنراوکانی بـەرزی بۆ منداڵان دەخوێنمەوە. ئەو راستییەم بۆ دەرکەوت کە محەمـەد بـەرزی، حـەز بـە نـووسیـنی زۆربـێ و بـۆربـێ ناکـات، بەڵکـو حـەزی بە نووسینی کەم و پوخـتە.. محەمەد بەرزی نووسەرێکی بـوێـر و راستگـۆیە. بـێجگە لە هـۆنراوەکانی بۆ منداڵان، لە بوارەکانی سیاسەت و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و رەخنەشدا، بە توانایە، چەنـدین نووسینی جوانی هەمەچەشنەی لە گـۆڤـار و رۆژنامە کوردییـەکان و لە سـایتە ئەلکـترۆنییە کوردییەکـانـدا بڵاوکـردوونـەتـەوە.
لەم دیدارەداماندا لەگەڵ کاک محەمـەد بەرزی دا، چەند پرسیارێکمان دەربـارەی ئەدەبی منـداڵانی کـورد بە گـشتی و هـۆنراوەی منـداڵانی کورد بە تایبـەتی لێکرد.. بەڕێـزیان بە پێخۆشحـاڵییەوە وەڵامی پـرسـیارەکـانـمانی دایـەوە.. ئەمـەش دەقـی پـرسیارەکانی ئێمە و دەقـی وەڵامـەکـانی شـاعـیر و چـیرۆکـنووسی منـداڵان کـاک محـەمـەد بـەرزی یـە:
پرسیار: محـەمـەد بـەرزی چـۆن خـۆی بە خـوێنـەرانی خۆشـەویسـت دەنـاسـێـنێـت؟
وەڵام: ناوی تەواوم (محـەمەد قـادر محێدین)ە، لە رۆژی( 20- 7- 1946)دا، لە گەڕەکی “گۆیژە” ی شاری “سلێمانی” دا هاتوومەتە دنیاوە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەنـدیـم هەر لەو شارە سەربەرزەدا تەواوکـردووە. لە ساڵی ( 1971) دا، (بەشـی کـارەبـا)م لە کـۆلـیجی ئەنـدازیـاری زانکـۆی تەکـنەلـۆژیـای بەغـداد تەواو کـردووە.
هەر لە منداڵییەوە حەزم لە وانەی کوردی بووە. توانای لەبەرکردنی هۆنراوەم هەبووە. هەر بۆیـە زۆر جار لە قـۆناغی سەرەتاییدا، کاتـێک بەیانیان ریزدەکـراین، مامۆستاکـان هـێناومیانـەتە دەرەوە و گـۆرانی (مـن جوتیـارێکی وڵاتـم و گۆڵـە مێخـەک) م چـڕیـوە.
لە نێوەڕاسـتی ساڵەکـانی شەستەکـانەوە تـا ساڵی ( 1975 ) لە ریـزەکـانی (کـاژیـک) دا کارمکـردووە.
لە سـاڵی ( 1970 ) دا، بـۆ یەکـەمجـار لـە ژمـارە ( 41 ) ی رۆژنـامـەی (هـاوکـاری) دا، هۆنراوەی(هەڵـۆی کورد) م بڵاوکردەوە. لە ساڵی ( 1972 ) دا لە گۆڤاری( زانیاری) دا، بابـەتێکی زانستـیـشم بە نـاوی (دەرچـە) ەوە بڵاوکـردەوە.
تا ئێـستا زیاتـر لە ( 200 ) بابـەتی هەمەجـۆرەم لە گۆڤـار و رۆژنـامە و لە سایتەکـانـدا بڵاوکردۆتەوە.. ئەمە سەرباری دوو کتێبي زانستی بە ناوەکانی (وزەی خۆر ، کوڵینەر)
پێـنج کـتـێبی منـداڵانیـشم بـە ناوەکـانی (ناسـک و ورچـەکـە، بـازن، مـریـەم، خـۆزگـە، بەرخـەکـەی لانـە) چاپکـردوون.
لە ساڵی ( 1974 ) دا، پەیوەندیم بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە. لە دوای راپەڕینیش بۆ شکانـدنی تەوقی ئابلۆقەکـانی حکـومەتی بەعـس لەسەر هـەرێـمی کوردسـتان، یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی پاڵێوگە خۆماڵییەکەی نەوت لە ناو کارگەی شەکر لە سلێمانیدا.
پاش ( 31 ی ئـاب)ی ساڵی ( 1996)، لە تـرسی گەڕانـدنەوەی سوپـا دڕنـدەکەی سـەدام بۆ شاری سلـێمانی، خۆم و خـێزانەکەم کۆچـمان کـردووە بۆ (ئەمـریکـا) چونکە بەپـێی یاساکانی ئەو کاتەی رژێمی بەعس: (ئەوەی بێ رەزامەندی حکومەت دەستکاری بواری نـەوتی کـردبێت، سـزاکـەی سـێـدارە بـووە)
پرسیار: چـۆن و لە کەیەوە محـەمـەد بـەرزی هـۆگـری جیهانی ئـەدەبی منـداڵان بـوو؟
وەڵام: بە ماوەیەکی کەم دوای گەیشتنمان بە ئەمریکا، بۆ سۆراخی کتێبی کوردی، بە پەرۆشەوە سەردانی کتێبخـانەی گـشتی شارەکەم کـردووە، کە تێـیدا جێگیربـووین. لە سوچێکی زۆر زۆر بچکـۆلەدا، نـزیکەی چـل کتێبی کـوردی دانـرابـوون، بەو کتێـبانە دەتووت گەوهـەرێکی گـرانبەهـام دۆزیـوەتەوە. شـنەی شـادی بە جـۆرێک لە ناخـمدا هەڵیکرد، خەریکبوو لە خۆشیاندا وەک بـا بفـڕم. ئەو کاتەی سەرقـاڵی تەماشاکـردنی
ئەو کتێبانە بـووم، بە دەیان دایـک و باوکـم دەبینی لەگەڵ منداڵەکانیانـدا بەرەو هۆڵێک دەچوون. زۆری ژمارەی ئەو کەسانە سەرنجیان راکێشام، بۆیە منیش بەرەو ئەو هۆڵە چووم. دەرکەوت هـۆڵێکی گەورەی منداڵان بوو، لێوان لێو بوو لە جوانی. دارودیواری بە کاغـەزی بریسکەدار و وێـنە و قـردێلە و میزڵـدانی رەنگـاوڕەنگ رازابۆوە. دەیـان کۆمپیتەری بچکـۆلە و هـەزاران کـتێب و گۆڤـار و سـیدی و کاسـێتی ڤـیـدۆی لە خـۆی گرتبوو. لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا سەکۆیەکی نزم بە درێژی سێ مەترێک دروستکرابوو، چەندین قەفەزی پـڕ باڵـندەی رەنگاوڕەنگیان لەسەر دانرابـوون. دایـک و باوکـەکان بە تەنیشت منداڵەکانیانەوە دانیشتبوون. یا گۆڤار و کتێبیان بۆ منداڵەکانیان دەخوێندەوە، یا منـداڵەکـان بۆ ئەوانیان دەخوێنـدەوە. خـۆ ئەو منـداڵە ساوایـانەی کە لەگەڵ خوشـک و براکانیاندا هاتبوون و هێشتا توانای گوێگرتن و خوێندنەوەیان نەبوو، بە خۆشییەوە بە دەوری ئەو قەفەزانەدا وەک پەپـولە دەخولانـەوە.. کاتێک دەنـگی تـریقـەی پێکـەنینیان تێکەڵ جریـوە و جووکەی ئەو باڵنـدانە دەبـوون، دیمەنێکی وایان دروستدەکرد، مرۆڤ هەر حەزیدەکرد تەماشایان بکات. ئەو دیمەنـانە زۆر سەرنجیان راکێشام. کە چـۆن لەو وڵاتە مەزندا بەو رادە زۆر بەرزە گرنگی بە منداڵان دەدرێت، هەر بۆیە وەک تەورێکی تیـژ بەر رۆحم کەوتبێت، خامۆشییەک ناخی گرتم، چونکە لەو ساتەدا ئەو هۆڵە بوو بە ئاوێنەیەکی پاک، بە ئاشکرا کەمتەرخەمی و بێ ئاگاییمی بەرامبەر بە منداڵەکانی خۆم و نەتەوەکەمی بۆ دەرخـسـتم. لە هەمان کاتـدا یەکێک لە هۆکارەکانی گەورەیی و مـەزنی ئەمریکاشی زۆر بە چاکی بە ئاگای هـێنامەوە. هـەر بۆیە ئەو شەوە خەمێکی گەورە و گـران سەرتـاپـا سـەر دڵـیان گـرتـم. رۆژی دوایـی گـەڕامـەوە بـۆ هـەمـان کتـێـبخـانە و پێناسەیـەکم دەرهـێنا و نزیکەی دە کتێب و گۆڤـارم وەرگرت و کەوتمە خوێندنـەوەیان، هەر زوو بە خێرایی ( 27 ) چیرۆکم کرد بە کوردی. پاش ماوەیەک هەموویانم ناردەوە بۆ سلـێمانی و بـوو بە کتێبی (ناسـک و ورچـەکە) ئەگەرچـیش پەلە پەلی پێوە دیـارە، بەڵام ئـەوە یەکەم هـەنگـاوی ئـەو کـارانە بـوو، کە وردە وردە گەیشـتۆتـە ئەمـڕۆ.
پرسیار: ئەمە تا چەنـد بە لای ئـێوەوە راسـتە، کە نووسـەری بواری منـداڵان، منـداڵیی خۆی دەبێتە ئیلهامی نووسینەکانی؟ یا بڵێین لە ناخی هەر نووسەرێکی بـواری ئـەدەبی منـداڵانـدا، منـداڵـێک هـەیـە؟
وەڵام: بەڵی ئـەوە زۆر راستە، کاتێکیش نووسەرانی بـواری منـداڵان دەبـن بە دایک و باوک و بە نەنـک و باپیـر و بە چـاوی خۆیـان نەوەکـانیان دەبیـنن، ئـەوا ئەو ئیلهـامە شاڕراوەیە زۆر خێراتر گەشدەکات و باشتر خزمەتی بوارە جوانەکەی منـداڵان دەکات.
پرسیار: بابـەتی هـۆنـراوەکـانت بۆ منـداڵانی کوردمـان چـۆن هەڵـدەبـژێـریـت؟
وەڵام: هـۆنراوەکـانم لەبەر رۆشنایی بوارەکـانی: پـەروەردە و فـێرکـاری، نیشـتمانی و کۆمەڵایـەتی، بیرکـردنەوە و فـراوانکـردنی ئاسـۆی خەیاڵـدا هەڵدەبـژێـرم. تا لە رێگای
وێنەی هـۆنراوەی جـوانی چـیرۆک ئامـێزی مۆسیـقـادارەوە، پەیـامێک بگـەیەنێت بە منـداڵان و دڵـیان خۆشـبکات و پـرسیاریـان لا دروسـتبـکات.
پرسیار: ئـەو پەیـامـانە چـین، کـە لـە رێـی هـۆنـراوەکـانتـەوە، دەتـەوێت بـە منـداڵانی کوردمـانی بگـەیـەنیـت؟
وەڵام: منـداڵان سامـان و سەرمـایەی بەنـرخی نەتـەوەن، یەکـەم چـینی کۆمەڵگـان، کە دواڕۆژیان لەسەر بنیاتدەنرێ، جا بۆ ئەوەی چینێکی پتە و نەوەیەکی چاوکراوەی دانا و زیـت و زیـرەک بـن، ئەوا بە کورتی پەیـامەکـانم بریتین لـەم خـاڵانـەی لای خـوارەوە:
1- لە رێگای لەبەرکردنی هۆنراوەکانەوە، منداڵان بتوانن فـێری زمانی شیرینی کوردی ببن بە جـوانی قسەی رەوانی پێبکەن، فـێری نـووسین و هـۆگـری خوێندنـەوەی ببن.
2- بـرەو بە بـەهـرە و تـوانـا و گـەشـە بە زەیـن و هـۆش و فـراوانکـردنی خـەیـاڵ و بیـرکـردنەوەیـان بـدەن.
3- راهـێنانیان لەسـەر خۆشـەویسـتی خـێزان و نیـشـتمان و دەوروبـەر، بـە ژینـگە و ئاژەڵ و باڵندەشەوە. بە دڵێکی فراوانیشەوە و رێـز لە را و بۆچوونی جیاواز بگرن و رەخـنەش قـبووڵ بکەن.
4- هەسـتی منـداڵان بجووڵێنن، پرسیاریان لا دروست بکەن، دەربارەی مانـای وشە و بیـرۆکەی هـۆنـراوەکـان، چـاوکـراوەبـن، بـێ دوودڵـی پرسـیار لە گەورەکـان بکـەن و
بێ شـەرم و تـرسیش را و بۆچوونەکـانی خۆیـان دەربـبڕن.
پرسیار: من پێم وایە هەر هۆنراوەیەک بۆ منداڵان، گەر منداڵان لە گەزۆ و هەنگوین زیاتـر چـێژی شیرینی نەکەن.. زۆر تێی نا ئاڵـێن و زووش لایان کـاڵ دەبێـتەوە.. را و بۆچـوونی بەڕێـزتـان لـەم بـارەیـەوە چـیـیە؟
وەڵام: بەڵی ئەمەش راسـتە، جا بۆ ئەوەی هـۆنـراوە لای منـداڵان شـیرین بێت و دڵـیان خـۆش و گـەش بکات، ئەوا پێویستە سوک و ئاسان بێت، زۆر درێـژ نەبێت، دوور بێت لە وشەی قـەبە و زبـر، کە منداڵان تێی ناگەن. وشە و دێڕەکـانی ئاوازداربن، بەیتەکانی پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، بە ئاسانی بخوێنرێتەوە، زوو لەبەربکرێت، گوزارشت لە خواست و ئارەزوویـان بکات، لە ئاسـتی بیرکـردنەوەیـانـدا بێت. پاشان وەک تابلۆیـەکی جـوان یـا چـیرۆکـێکی خـۆش بێـتە بەرچـاویـان. خـۆ ئەگـەر وانـەبێت دیـارە زوو لەبـیر دەچـێتەوە و بە دڵـیانـەوە نانـووسـێت.
پرسیار: پەروەردەکـردنی منـداڵانی کوردمـان بە کوردستان پـەروەری و شـیرین کـردنی هەستی هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانی پـیرۆز و شیرینمان، بوارێکی گرنگە و پانتاییەکی باشی لە هـۆنراوەکانی زۆربەی شاعـیرانی بـواری ئەدەبی منـداڵانی کوردمان گـرتۆتەوە.. ئێوەش چەنـد هـۆنراوەیـەکی جوانتان لەم بوارەدا نووسیون.. پێویستە ئـەم ئامانجـە نیشـتمانییە پشکی گەورەی هـۆنـراوەکـانی هەموو شاعـیران و چـیرۆکەکـانی هەموو چیرۆکنووسانی منداڵانی کوردمان پێکبهـێنیت. رای ئێوە لەم بارەیـەوە چـییە؟
وەڵام: بەڵی ئەمەش راستە.. کاتی خۆی ئێمە منداڵ بووین، نە باخچەی منداڵان هەبوو، نە گۆڤار و کتێب، پاشان زۆربەی دایک و باوکان نەخوێندەوار بوون، لەبەر پەیداکردنی بژێـوی رۆژانەیان، نە دەپـەرژان وەک ئێستا بیربکەنەوە و گـرنگی بە ئـەدەبی منـداڵان بدەن. کاتێک کە لە قـۆناغی سەرەتاییدا بووین، بەیانیـان ریـزیان دەکردین و هەموو بە یەک دەنگی ناسک و خۆشەوە سرودە نیشتمانییەکانی وەک: (خوایـە وەتـەن ئـاواکەی، چەنـد شیرینە لام، وەتەنی مـن کوردستانە، شاخی رەنگاوڕەنگی گۆیـژە) مان دەچـڕی. سەرجەم وشەکانی ئەو سـرودانە، تک تک سـۆزی گەرم و خۆشـەویستی نیشـتمانیـان تێکـەڵ بە نـاخمـان دەکـرد، کە هـەتا ئێستاش کـاریگەرییان کـاڵ نەبـوونـەتـەوە.
هەربۆیە ئەرکی نووسەرانی منـداڵانە، زۆر بە جـوانی خۆشەویستی نیشـتمان، ئاوێتەی هـونـراوە و چـیرۆکەکـانیان بکـەن و هەرگـیز ئەو لایـەنە گـرنگە فـەرامـۆش نەکەن.
پرسیار: ئایا پێـتان وایـە، کە ئەدەبی منداڵانی کوردمان لە ئاستی خواستەکان و تەماح و حەزەکانی منداڵانی کوردمان دایـە؟ ئەو هـۆ و کۆسپانە چـین کە وای کـردوون، ئـەدەبی منـداڵانی کوردمـان، کیسەڵ ئاسـایی هـەنگـاو دەنێـت؟
وەڵام: بەراورد بە سەردەمی پێش راپەڕین، هەنگاوی زۆر باش نراوە، ئەو بەڕێزانەی لا لە ئەدەبی منداڵان دەکەنەوە، ژمارەیان هەڵکشاوە و کاری زۆر کراوە، کە بە راستی ئەمەش دیاردەیەکی هـیوا بەخشە. هاوکات لەناو ئەو کارانەشدا چاک و خراپیش هەیە. جا بۆ ئەوەی ئەدەبی منداڵانی کورد لە ئاستی خـواست و حەزەکانی منـداڵانی کوردمـان بێـت و باشـتر گەشە بکات، ئەوا پێویسـتە رەخـنە رۆڵـی کاریـگەری خـۆی هـەبێت، بە وردی دەستـبخاتە سەر خـەوش و لایـەنە لاوازەکـانی ئـەو بەرهـەمـانەی ئەمـڕۆ.
رەخنەگـرتـن لە پاشەکشـێدایە و وەک پێویست نییە.. پاشان گـرنگی نەدانی دەوڵـەت بە منداڵان و هەستنەکردنی خێزان بە لایەنە چاکەکانی خوێندنەوە و دابین نەکردنی گۆڤار و کتـێب بۆ منـداڵان، هەموو نیشانەی خـراپـن.. نووسەری وا هەیە پاش ماندووبوونێکی زۆر، لە پارێزگایەکی گەورەی وەک سلێمانیدا (500) دانە کتێب چاپدەکات، کە ژمارەی دانیشتوانـەکەی نزیکەی (دوو ملـیۆن و نیو ) کەسە، هەر پێنج هـەزار کەس کتـێبێکی بەردەکەوێت، کەچی ئەو ژمارە کەمە بۆ چـوار پێـنج ساڵ، لە کتێبخانەکانی ئەو شارەدا دەمێنێتەوە، کە بەلای خۆیەوە بە شاری رۆشنبیری ناسراوە. بەمەش نووسەرەکە ورە و تاقەت و حەوسەڵەی نووسینی نامێـنێت. لە ئەنجـامیشـدا ئەو ئـەدەبە کیسەڵ ئاسـایی هەنگاو دەنێت و بە گشتی نائومێدیش لای هەموو نووسەرە دڵسۆزەکان دروستدەکات.
پرسیار: بە لای شاعـیر محەمـەد بـەرزی یـەوە.. ئەو پێـویسـتی ومـەرج و پێـوەرانە چـین، کـە پێـویسـتە لـە هـۆنـراوەی نەمـری منـداڵانی کوردمـاندا هـەبـن؟
وەڵام: بە گشتی بۆ ئەوەی هۆنراوەیەک نەمر بێت، ئەوا پێویستە: بە چاکی دابڕێژرێت، دێڕەکـانی کەمترین وشـە بگـرنە خۆیـان، واتە بە کەمترین وشـە بیـرۆکەیەک بـدات بە دەستەوە، چونکە هۆنراوەی درێژ منـداڵ بـێزار دەکات. وشەکـانی سەر بە فـەرهـەنگی منداڵان بن، پێکەوە وێنەی شیعری جوان دروست بکەن، مۆسیقادار و راست و رەوان بن، دەنگیان لە بەرزییەوە دابەزێت بۆ نـزمی. کـێش و ترپـەیان تەواو بێت، سەروایان لە هەموو روویەکەوە هاودەنگ و نزیک بن لە یەک. بیـرۆکەی هـۆنـراوەکە چـیرۆکی پەیام ئامێزبێت. بـرەو بە بەهـرە و توانـا و بیرتیـژیـان بـدات، لە ئاستی بیـرکـردنەوەی منداڵانـدا بێت، گوزارشت لە خواستەکـانیان بکات. دڵـیان خـۆش و گـەش بکات. دوور بێت لە زمانی زبر و توند، تووشی سەرەگێژەیان نەکات. زوو لەبەربکرێت. خۆ ئەگەر وێنەی لەگەڵدا بێت، ئەوا باشتر تێکەڵ بە ناخیان دەبێت و تا درەنگ لە یادەوەرییانـدا دەمـێنێـتەوە.
پرسیار: ئایا نەبوونی رەخـنە لە بـواری ئـەدەبی منداڵانی کورد.. بە هـۆیەکی سەرەکی دواکەوتنی ئـەدەبی منـداڵانی کوردمـان نـازانـن؟
وەڵام: بواری ئەدەبی منداڵان زیاتر لە بوارەکانی تر، پێویستی بە وردبینی و تەتـەڵە و بـژاردن و لالێکـردنەوەیە. چونکە منـداڵان لەو تەمەنـەدا، ناتـوانـن بە ئاسانی بـاش و خـراپ لەیـەک جیـابکەنەوە. هـەر بۆیـە بـوونی رەخـنە بەسـود و قـازانج بـۆ هـەمـوو منـداڵانی کورد دەگەڕێتـەوە. ئـەدەبـەكـەش بـەرەو پێشـکەوتن و بـوژانـەوە دەبـات.
بە پێچەوانەشەوە، نەبوونی رەخـنە کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە و هۆکارێکـيشە بـۆ شـێوانـدن و دواکـەوتنی ئـەو بـوارە زۆر گـرنگ و هـەسـتیارە.
پرسیار: پێشنیارتان چـییە.. بۆ گەشەکـردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کوردمـان؟
وەڵام: بە کورتی هەندێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کورد، لەم چـەند خاڵـەدا دەستـنیشان دەکـەم:
1- بوونی دەزگـایەکی تایبەت، لەژێـر سەرپەرشتی شارەزای هەمـوو بوارەکـانی ئەدەبی منـداڵانـدا، بـۆ رەخـنە و چاپکـردن و بـڵاوکـردنـەوە و کـۆمـەکی نـووسـەران. بتـوانێـت تەکنەلـۆژیـای دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ بەکـاربهـێنـێت، خاوەنی سایتێکی ئەلکـترۆنی تایبـەت بە خـۆی بێت. تا دەنـگ و بەرهـەم و جـموجـۆڵەکـانی بگـاتە هەموو شوێنـێکی دنیا و نووسەرانی دەرەوەی وڵاتیش بتوانـن بەشداری و کۆمـەک و هـاوکـاری بکـەن.
2- بڵاوکراوکـان رەنگـاوڕەنگ و وێنەدار بن، چـونکە وێنە یەکـێکە لە هـۆکـارە هـەرە کاریگەرییەکانی سەرنج راکێشانی منداڵان و زیاتریش هانی خوێندنەوە و تێگەیشتنیان دەدات.
3- باشترین بابەت چاپ بکرێت، هەڵگری پەیام بێت، چـێژ و خۆشی بدات بە منـداڵان، نابێ درێژ و وەرسکەربێت، بەڵکو نەخت و پوخت، تا منداڵان تاقەتیان لە خوێندنەوەی نەچـێت.
4- هەوڵـدان بۆ دوورخستنەوەی منداڵان لە یارییە ئەلکـترۆنییەکان و سەرقاڵکـردنیان بە کـتێب و گـۆڤـارەوە.
5- خـێزان بگـاتە ئەو بـاوەڕەی کە ئەدەبی منداڵان سەرچاوەی زیرەکی و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی منداڵانە. ئەمڕۆ توێژێنەرەکان لە ئەمریکادا ئەوەیان سەلماندووە، ئەو کۆرپـەلەیەی لە سکی دایکـیدا کتێبی بۆ دەخوێنرێتەوە، لەو منداڵە وریا و زیرەکتر دەردەچـێت، کە کـتێبی بـۆ نەخـوێـندراوەتـەوە.
6- گرنگـیدان بە شانـۆی منـداڵان، زیادکـردنی بەرنامەی منـداڵان لە تەلەفـزیۆنەکـاندا، وەرگـێڕانی بابـەتە نـاوازە جیهـانییەکـان، لە لایـەن دەزگـای ناوبـراوەوە.
7- چەنـد پەیوەنـدی نێوان باخچـەی منـداڵان و نووسەرانی ئـەدەبی منداڵان پتەو بێت،
ئەوا چاکـتر ئەو ئەدەبـە رۆڵـی گـرنگی خـۆی دەبێـت و باشـتر و زیاتـر بڵاودەبێـتەوە.
8- پێویسـتە وەزارەتی رۆشـنبیری گـرنگی تەواو بـدات بە ئەدەبی منداڵانی کوردمـان. هەروەهـا زۆر پێویسـتە بنکـەی رووناکـبیری گەلاوێـژیش ساڵانـە بە چـاوی ئـەدەبی گەورەکان سەیـری ئـەدەبی منـداڵان بکات و هەڵسەنگانـدن و دەستـنیشانی باشـترین بەرهـەم و نووسەرەکەی بکات. ئەمەش گوڕ و تینێکی زیاتر دەدات بە خـاوەنەکەی.
پاشـان بۆ نووسـینی بەرهـەمی نـاوازەش، جـۆرێک کـێبڕکێ لە نێـوان نووسـەرانـدا دروستدەکات.
پرسیار: بەڕێزتان چەند چیرۆکێتان بۆ منداڵانی کورد لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕوان بۆ سەر زمانی کوردیمان.. ئایـا نیازتان نییە کە چەند چـیرۆک و هـۆنراوەیـەکی جـوانی کوردیش وەربگێڕن بۆ سەر زمانی ئینگـلیزی و بە منـداڵانی ئینگـلیزی زمـان ئاشنایان بکەیـت؟
وەڵام: هـەتـا ئێسـتا ( 112 ) چـیرۆکـم کـردووە بە کـوردی، هـەیـانـە چـەنـد دێـڕێـکە و هەنـدێکیشیان چەنـد لاپەڕەیـەکە،( 77 ) چـیرۆکیان لە کـتێبەکـانـمدا، بلاوکـراونەتـەوە، ئەوانەی تریان، هەنـدێکیان لە سایتەکـاندا و هەندێکیشیان هێشتا بڵاونەکـراونەتـەوە. دەربـارەی گـۆڕینی هـۆنـراوە و چـیرۆکی منـداڵانی کورد، بۆ سەر زمـانی ئینگـلیزی، هـیوادارم کە لە داهـاتـوودا، بتـوانم لەم بوارەشدا خـزمـەتێکی وا بکـەم.
پرسیار: ئەم پێشنیارەم خستە بەردەمی چەند نووسەرێکی تری بواری ئەدەبی منـداڵانی کوردمان.. ئایا لەگەڵ ئەوەدایت کە “یەکـێتی نـووسـەرانی منـداڵانی کـورد” یا “یەکـێتی نووسەرانی منداڵانی کوردستان” دابمەزرێنین تا ببێت بە چەترێکی ئەدەبی بۆ یەکگرتن و کۆکردنەوەی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانی کورد.. چونکە یەکـێتی نووسـەرانی کورد ئاوڕێکی ئەوتۆیان لە ئەدەبی منداڵان کوردمان نەداونەتەوە تا شایەنی باس بـێت؟ ئەی ئەوەتان پێ باشە، کە بۆ ئەم مەبەستە، کەمپینێک رابگەیەنین.. تا بزانین چەند لە نـووسـەرانی ئـەم بـوارە لەگـەڵ ئـەم پـێـشـنـیارە دان؟
وەڵام: بیرۆکەی دامەزراندنی (یەکێتی نووسەرانی منداڵانی کورد) یا کوردستان، کارێکی پیرۆزە، بە مەرجێک دەسەڵات دەستنەخاتە کاروبارەکانییەوە و کەسانی نەفام و نۆکەری سەربەخـۆی بە زۆر نەخـزێنێنە ناوییەوە و تـووشی ئیفـلـیجی نەکـات.
پاشان راگەیانـدنی کەمپـینـێک کارێکی زۆر چـاکە، بە هـیوای ئـەوەی ئەنجـامێکی باشی هـەبێـت. بەڵکـو ئەمە خـوایە ئـەو یەکگـرتنە سەرەتـاییـەی هـەتـا ئێستا بە سیاسییەکـان نەکـراوە، ئـەدەبـی منـداڵانی کـورد، بتـوانێت ئـەو ئامـانجـە پیـرۆزە بهـێنـێـتە دی.
پرسیار: چی نیـاز و رازێـکی تر لە دڵی محـەمەد بـەرزی دایە.. کە دەیـەوێت دەربـارەی ئـەدەبـی منـداڵانـی کـوردمان دەری بـبـڕێـت؟
وەڵام: هەموو خـەون و خولـیا و راز و نیـازێکـم ئەوەیـە، ئاستی بیرکـردنەوە و ژیـانی منـداڵانی نەتـەوەکەم، بگـاتە ئاستی منـداڵانی وڵاتـە پێشکەوتووەکـانی دنیـا، لە سـایەی نیشـتمـانێکی سـەربەخـۆی ئـازاد و گـەلـێکی یەکـگـرتـووی تـێروپـڕی بەخـتـیاردا، بـە ئاسـودەیی بـژیـن.
زۆر سوپاسیش بۆ دڵسۆزی و مانـدووبـوونی بەڕێـزتان، کە بەردەوام هەموو ژیـانتـان تەرخانکردووە بۆ گرنگـیدان بە بـوارە جـوان و هەستیارەکەی ئەدەبی منـداڵان و ئـەو هەمـوو کـتێب و تـوێـژینـەوە و نـووسـینە نایـابـانەی بـەردەوام پێشـکەشی منـداڵان و کۆمەڵگـای کوردی دەکـەن، کە بـوونـەتـە چـرایـەکی گـەشـیش بـۆ مـن.
سـەرلەنـوێ سـوپـاسیش بۆ ئـەم بەسەرکـردنـەوەیـە.. هـەر بـژیـن.
لە کۆتاییشدا حەزدەکەم لە پەراوێزی ئەم چاوپێکەوتنەدا، تازەترین هۆنراوەم (تەرزە) پێـشـکـەش بـە منـداڵـە ئـازیـزەکـان بکـەم، کـە رەنگـدانـەوەی بـۆچـوونـەکـانیشـمە.
تــەرزە
ئـەمـــڕۆ هـــەوارە بـــەرزە
کەوتــە بـەر تـــاوە تـــەرزە
* * *
وەکـو دەنــــــکی مـــرواری
خــێـرا خــێـرا دەبـــــــــاری
* * *
بەربـــوونـە ریــــــزە دارێ
گـــەڵا دەڕژایـە خــــــوارێ
* * *
بە دەنـــكی تــۆزێ گــەورە
شەقــەی دەهــات پەنجـەرە
* * *
تـەرزەیـــە تــیـژ دابــــەزی
زۆر بـە قـــایـم هـەڵــبـەزی
* * *
گـەر چـەتـرەکـەم نەبـــوایە
رەنــگـە ســـەرم بـشــکـایە
لە کۆتایی ئەم دیدارەدا، زۆر سوپاسی برای خۆشەویستمان، شاعـیر و چیرۆکنووس و وەرگێڕي بـواری ئەدەبی منـداڵان کاک محەمەد بەرزی دەکەین. کە بە کورتی و پوختی وەڵامی ئەو پرسیارانەی داینەوە کە دەربارەی ئەدەبی منداڵانی کوردمان لە بەڕێـزیمان پرسی.. هـیوادارم خوێنەرانی خۆشەویستیش، سوود لە ڕا و بۆچوونەکـانی وەربگرن.