نەوزادی موهەندیس: لەساڵى 2019دا دونیایەکى شڵەژاو، ناوچەیەکى نائارام، کوردستانێکى ناتەبا!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەداخ و کەسەرێکى زۆرەوە، هەموو ساڵەکانى مێژوومان هەر بەتاریکى و ڕەشى و بێخێرى و بێ خۆشگوزەرانى بەڕێدەکەین و وامان لێهاتوە کە هیچ کات خوازیارى دووبارەبونەوە ساڵەکانى تەمەن و ژیان و گوزەرانمان ناکەین و ناڵێن (ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بە پار)، چونکە یەک لەیەکترى تاریک و تونتر و پڕ ئاژاوە و کارەسات و مەرگەساتى جەرگبڕن بۆ کورد و گەلانى ناوچەکە و دونیاش.هەربۆیەش ساڵى 2019 بەهەمان دەردى ساڵانى پێشووترە و هیچ خۆشى و خێروبێر و دەسکەوتێکى گەورەى تیادا وەدینەهاتوە نە بۆ کورد نە بۆ گەلانى ناوچەکە و نە بۆ دونیاش.
ئەوەتا لەسەر ئاستى کوردستان بەهەر چوار پارچەکەیەوە، بە بەردەمى لەم ساڵەدا لە باکور گرتن و کوشتن و ڕاوەدونان و تەنگپێهەڵچنینى کورد و سەرکردە و ئەندام پەڕلەمان و سەرۆک شارەوانیەکانى هەدەپە پیادەکراوە لەلایەن ڕژێمى تورکیا و ئەردۆگانى تاکڕەو وبێ مۆڕاڵەوە. لە کوردستانى ڕۆژئاواشدا بەهەمان شێوە لەسەر دەستى سوپاى ئەردۆگان و چەتە تیرۆریستەکانى پەلامار و هێرش و جینۆساید و ئاوارەبوونى سەدان هەزار لە کوردان ئەنجامدراو کوردان و خاکى کوردان ڕووبەڕووى مەرگ و کارەسات بونەوە. لەسەر ئاستى کوردستانى ڕۆژهەڵاتیش، بۆ دووەهەمین جار کوردستان و کوردەکان لە ئەنجامى خۆپیشاندانى ناڕەزای لە دەسەڵات و گرانى ژیان و گوزەرانیان وەکو هاوڵاتیانى ترى ناوچەکانى ئێران ڕووبەڕووى مەرگەسات بونەوە، بەڵام زۆر بەتوندتر و نامرۆڤانەییانەتر ڕووبەڕوویان بونەوە و چەندین لاوى کوردیان قەتڵوعام کرد و لە کونجى بەندیخانەکانیان توندکردن و چەندین کۆڵبەر و چالاکوانى کوردیان لە قەنارەداوە و بە فیشەکى نامەردى شەهیدیان کردوون. لەکوردستانى باشووریشدا، وەکو ساڵانى پێشووتر نائارامى سیاسى و ئابورى و ئەمنى بونیان هەبوە و کوردستانێکى ناتەبا لەنێوان سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان و حکومەتێکى ناکامڵ بەرقەراربوە و خۆشى و خۆشگوزەرانى نەبوە و ئاوەدانى و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان ڕاوەستاون و هەڕەشەى داعش و تیرۆریستانیش چەندین ڕۆڵەى گەلەکەمانیان شەهیدکردەوە و مووچە و بودجەى فەرمانبەرانیش هەر بە پاشەکەوتى ماوەتەوە و هێشتاش قەرزێکى زۆرمان لەسەر کەڵەکەبوە.و لەگەڵ عێراقیشدا ئاسۆکان زۆر ڕووون نین. بەم شێوەیە لەساڵى 2019دا کوردستانێکى ناتەبا و هەژار و دوور لە ئاوەدانى و خۆشگوزەرانیمان بەڕێکرد.
لەسەر ئاستى ناوچەکە، وەک ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، وەک هەمیشە کوانووى ململانێ و شەڕ و جەنگ و هەڕەشە و مەترسیەکان بوە، ئەوەتا لە هەریەکە لە ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن و سعودیە و قەتەر و لوبنان و لیبیا و تونس و جەزائیر و سودان و فەلەستین و… هتد. هەموانیان گیرۆدەى خۆپیشاندان و ناڕەزایى جەماوەرى توڕە و زویر بونەتەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتە گەندەڵ و خوێنڕێژەکانیان و لەهەندێکیاندا جەماوەر سەرکەوتوو بوە وەک سودان و جەزائیر و تونس و لەهەندێکى تریشدا هێشتا دەسەڵاتە خۆسەپێن و گەندەڵەکان بەرگرى دەکەن لەمانەوە و دەسەڵاتیان وەک لە عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا و یەمەن و ئەوانى تردا.هەرچەندە ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریانە بونەتە خاڵى یەکلاکەرەوە و تەنانەت بڕیاردەریش لەسەر ئایندەى دەسەڵات و مێژووى ئەو کۆمەڵگایانەدا و هوشیارى سیاسیان گەلێک بەرزبۆتەوە و بونەتە جێگە و سەرچاوەى فشار بۆ دەسەڵاتەکان و توانیویانە گۆڕانکارى لە حکومەتەکاندا بکەن وەک لوبنان و عێراق، بەڵام هێشتاش ململانێکان توندن و بەردەوامیان هەیە.و نازانێرت ئایندە چى حەشارداوە بۆ ئەم ناوچەیە.
بەم شێوەیە لەساڵى 2019دا ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش تەواو نائارامى سیاسى و ئابورى و ئەمنى تەنیویەتیەوە و هیچ دەسکەوت و پێشکەوتن و خۆشگوزەارنیەکى لێنەکەوتۆتەوە.
لەسەر ئاستى دونیاشدا، بەهەمان شێوە دونیایەکى پڕ ململانێى سیاسى و ئابورى و بازرگانى و ئەمنى بوە، ئەوەتا ئەوروپیەکان ناتەباو و لێکترازاو و ڕاوەستانى گەشەى ئابورى و جیابونەوەى بەریتانیاشى بەخۆوە بینیوە و لەگەڵ تورکیادا نێوانیان ساردە لەسەر کێشەى قوبروس و یۆنان و چەکوچۆڵکڕینى ڕوسیا و ئاوارەکان و… هتد. ئەمریکا بۆخۆى توشى گێژاوێکى سیاسى بۆتەوە بەهۆى کردار و گوتارەکانى سەرۆک ترامپەوە لەبەرامبەر دۆست و نەیارەکانى ئەمریکادا لەدونیادا و لە هەڵوێستێکى کەم وێنەدا لە مێژووى حوکمڕانى ئەمریکادا کارگەیشتۆتە ئەوەى کە متمانەى لێوەربگیرێتەوە لەبەر خراپى بەکارهێنانى دەسەڵاتەکان و بەرژەوەندخوازى کەسى و بنەماڵەیى و کۆمپانیاکانى.کیشوەرى ئەفریقیا و ئەمریکاى لاتینیش بەدەر نەبوون لە ئاژاوە و ململانێ بازرگانى و ئەمنیەکان و بڵاوبنەوەى نەخۆشیە پەتاییەکان و کارەساتە سروشتیەکان، ئاسیاش بەبوونى کۆریاى باکورى هەڕەشە بۆ سەر ئەمنیەتى کۆریاى باشور و یابان هەرگیز ئارامى بەخۆوە نابینێت و چینى زلهێزیش کێشەى سیاسى و ئابورى و بازرگانى و جەماوەرى کەمى نەبوە لەناوخۆى خۆى لە هۆنگ گۆنگ و لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت ڕوسیاشدا، ڕوسیاى گەورە زلهێزیش بەهۆى دەستێوەردانەکانى لە سوریا و لیبیا لەبەرامبەر ئەمریکادا خۆى بینیوتەوە و بەهاوکاریکردنیشى لەگەڵ تورکیا و ئێران چەک پێفرۆشتن و پشتگیریکردنیان و هەوڵدانى بۆ هاتنى بۆناو وڵاتانى کەنداوى عەرەبیش هێندەى تر لەگەڵ ئەمریکادا پەیوەندیەکانى ساردى تێکەوتوە. لەگەلێک وڵاتى ترى ئاسیا و تەواوى دونیاشدا بەهۆى برسێتى و تیرۆر و کارەساتە سروشتیەکانەوە گیرۆدەى ئاژاوە و شڵەژانى بەردەوام بونەتەوە.
بەم شێوەیە لەساڵى 2019دا دونیایەکى شڵەژاو و نائارام و پڕ ململانێى سیاسى و بازرگانى و ئەمنى گوزەرى کردوە و لەسەر ئاستى بازاڕەکانى نەوتى جیهانى و پێشچکەوتنە پیشەسازیەکان و… هتد.سستى و پاشەکشەى گەورەى بەخۆوە بینیوە.
هەرچەندە هەندێک ڕووداوى گرنگى ئەرێنیش ڕوویانداوە، کە بونەتە مایەى هەڵکێشانى هەناسەیەکى ئارامى بۆ تەواوى جیهان. وەک کوشتنى خەلیفەى داعش ئەبوبەکر بەغدادى و نەتەقینەوەى ململانێکانى ئەمریکا و ئێران تاکو ئێستا کە ناوچەکە و دونیاشى دوورخستەوە لە جەنگ و کاولکاریەکى گەورە. بەڵام هێشتاش مەترسى سەرهەڵدانەوەى داعش و هەڵایسانى جەنگى ئەمریکا ئێران هەر ئامادەگیان هەیە و ماوە.
لەکۆتایدا ساڵى 2019 بۆ تەواوى گۆى زەوى و کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى ساڵێکى پڕ وەیشومە و نەهامەتى و کارەسات و دواکەوتن و ململانێى ناڕەواو جەنگ و هەڕەشە و مەترسى بوە بۆ سەر هەموان، لەسەر ئاستى کەسى خۆشم ساڵێکى پڕ نەخۆشى و کێشە و گرفت و چەقبەستوى بوە لە ژیانمدا، هەربۆیە هەرگیز ئاواتى دووبارەبونەوەى بۆ ناخوازم، بەڵام وەک دەوترێت بێئومێدیش نیم لە ئایندە و خوازیارى ساڵێکى نوێى پڕ خێر و خۆشى و کامەرانیم بۆ تەواوى مرۆڤایەتى و کورد و کوردستان دوور لەجەنگ و کاولکارى لەساڵى 2020دا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts