بورهان شێخ ڕەئوف: کۆتایى هاوبەشى ئەمریکاو ئێران لە عێراق.
عێراقى نوێ لە دواى ساڵى 2003 ەوە سەرەڕاى پرۆسەیەکى سیاسى داسەپاو و بە خێرا، کە باشترین دەستووریشى بۆ نووسراو خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە بە کەمو کورتى و ئینتیقائى. بەڵام دواتر نەى توانى عێراق بگەیەنێتە مەنزڵ و کەنارى ئارامى.
یەکێک لە دەرهاویشتەکانى ئەم پرۆسە سیاسیە نەزۆکە ئەوە بوو خاکى عێراق بووە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى ململانێکانى وڵاتانى ئیقلیمى و زلهێزەکانى جیهانیش، سەر هەڵدانەوەى نەعەراتى ئتنیکى و تائیفى لە عێراق و ناوچەکە کە ئاکامى زۆر ماڵوێرانکەرى بە دواى خۆیدا هێنا، کە ئێستا خەڵکى عێراق بە تایبەتى شیعەکان کە لە هەڤدە ساڵى ڕابردوودا باڵادەستى عێراق بوون لە هەموو کەس زیاتر لەم حوکمڕانیە بێزارن و سێ مانگە لە سەر شەقامەکانن داواى گۆڕینى ئەم سیستمە دەکەن.
ئەمریکا و ئێران
ئەگەرچى ئەمریکاو ئێران هەر لە ساڵى 2003 ەوە لە شەڕى داگیرکردنى عێراقەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەماهەنگى و هاوبەشیان هەبوو، ئەمە کاتى خۆى ئاژانسەکانى هەواڵ ڤۆکسى زۆریان خستە سەر، دواتریش بە حوکمى پێگەى گرنگى ئێران لە عێراق و پەیوەندى لە مێژینەى مەزهەبى نێوان هەردوو وڵات بە تایبەتى هەردوو حەوزەى قوم و نەجەف، شەڕى داعشیش وێستگەیەکى ترى هەماهەنگى نێوان ئێران و ئەمریکا بوو ئەگەرچى دژایەتى ئێران بۆ داعش لە ڕووى مەزهەبیەوە بوو، بەڵام دژایەتى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى دیارە و لێرەدا لەوەیە بوار نەبێت باسى بکەم، بەڵام هەماهەنگى نێوانیان لە وەدەرنانى داعش لە موسڵ و تکریت و دیالە و شوێنەکانى تریش تەنانەت دەگوترا هێزە ئاسمانى ئەمریکاو هێزەکانى حەشدى نزیک لە ئێران بە هەماهەنگى تەواو یان هەیە.
لە لایەکى ترەوە وەزیر دەرەوەى پێشووترى عەرەبستانى سعودیە کۆچکردوو شازادە سعود ئەلفەیسەڵ گەیشتە ئەو قەناعەتەى بە ئاشکراو وەکو گلەییەکیش لە ئەمریکا بێژێت ( ئەمریکا عێراقى لە سەر سینیەک لە زێڕ پێشکەش بە ئێران کرد ) کە ڕوونە مەبەستەکەى.
لە دواى ساڵى 2005 یشەوە لە دواى نووسینى دەستوورو پێکهێنانى کابینەکانى حکومەت هەمووجار پێکهێنانى کابینەکان کارێکى قورس و پڕ لە سەر ئێشە بوو، عێراقیەکان نەیاندەتوانى ئەو کارە بکەن دەبوو لە دەرەوە بە پرۆسیسێکى قەسرى ئەنجام بدرێت بە تایبەتى ئەمریکاو ئێران.
لە ئێستادا و لە دواى خۆپیشاندانەکانى تشرینى 2019 ەوە کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە هاوکێشەکانى ناو عێراق هەڵگەڕایەوە تەواو بە پێچەوانەى جارانەوەیە، عادیل عەبدولمهدى ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرا و خەڵک خوازیارن:
1- بارى گوزەرانیان باش بکرێت
2- کۆتایى بە حوکمڕانى حزبە تائیفیەکان بێت
3- هەڵبژاردنى پێشوەختە.
4- ئێستا دادگاییکردنى بکوژانى خۆپیشاندەرانیتشیان بۆ زیادکردووە.
5- کۆتایى هێنانى بە دەستوەردانى ئێران لە کاروبارى وڵات.
بەڵێ ئەمریکا و ئێران بە هاوبەشى کاندیدیان بۆ پێکهێنانى کابینەکانى حکومەت دەستنیشان دەکرد تا دوا سەرۆک وەزیرانیش عادیل عەبدولمهدى هەروا بوو، بەڵام ئەوەى لە دواى دەست لە کارکێشانەوەى عەدولمهدى هاتۆتە ئاراوە ئەوەیە کە ئەمریکا دەخوازێت کاندیدێک دیارى بکرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت دوور بێت لە هەژموونى ئێران و ئەوە یەکێک لە داخوازییەکانى خۆپیشاندەرانى عێراقیشە کە شیعەن زۆرینەیان، ئەمەش سەرەتاکەى لە 29/12/2019 دەرکەوت کاتێک فڕۆکە جەنگیەکانى ئەمریکا لە قائیم پەلامارى بنکەو بارەگاکانى حەشدى شەعبیان دا.
لە هەمانکاتیشدا ئەمریکا ئێرانى تۆمەتبارکرد بە پەلامارى بنکەو بارەگاکانى و کوشتنى بەڵێندەرێکى ئەمریکى لە K1 کەرکوک، سەرۆک ترەمپ وتى ئەوەى پەلامارى باڵوێزخانەکەمانى دا لە بەغداد ئێران بوو ئەوەى هاوڵاتیە ئەمریکیەکەى کوشت ئێران بوو، ئیتر هیچ بوارێک بۆ شەڕى بریکارەکانە نەماوە ئەمریکاو ئێران ڕووبەڕووى یەک وەستاون.
لە کۆتاییدا ڕوداوەکان و پێشهاتەکانى نێوان ئەمریکاو ئێران بە خێرایى دەڕۆن و ئەوەى لە شەوى 2/3 / 1/ 2020 کە بە کوشتنى سەردار قاسم سلێمانى فەرماندەى سوپاى قودسى پاسدارانى شۆڕشى ئیسلامى ئێران و هاوڕێکانى و ئەبومهدى موهەندیس جێگرى فەرماندەى حەشدى شەعبى لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغداد ئەو ئاماژەدەدەن کە کۆتایى هاوبەشى و هەماهەنگى نێوان ئەو دوو جەمسەرە گەورە لە عێراق هات.