به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: ئایا ئه‌مریكا سزاى ئابوریى ئه‌خاته سه‌ر عێراق؟
ئایا بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان له ڕووى دارایى و ئه‌منیه‌وه تێك ئه‌چێت؟.
به خوێندنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ى له باره‌ى ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ى ئه‌مدواییه‌ى عێراق به‌رجه‌سته‌بووه، به ئاگایی لهكاریگهریى هه‌ردوو چه‌مكى (بازاڕ) و (جیۆپۆڵه‌تیك) و سیسته‌مه جیهانییه‌كه، به گریمانه‌ى زۆر (نه‌خێر). نه‌خێر ترامپ سزاى ئابوریى عێراق نادات، نه‌خێر بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان تێك ناچێت (ئه‌گه‌ر خۆمان تێكى نه‌ده‌ین له‌ناوه‌وه):
یه‌كه‌م/ ئیداره‌ى ترامپ له سوریا شكستى هێناوه، نایه‌وێ له عێراقیش شكست بهێنێت. به‌مانایه‌كى تر سوریا له ته‌رتوسه‌وه تا دیمه‌شق به‌ر ڕووسیا كه‌وتوه. عێراقیش به‌ر به‌ریتانیاو ئه‌مریكا كه‌وتۆته‌وه، هه‌رێمى كوردستانیش به هاوبه‌شى جێگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى ڕووسیاو ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانه.
دووه‌م/ بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا و هێزه بيانیهكان به‌گشتى هیچ ئه‌رزشێكى یاسایی و ده‌ستوریی و میدیایی نییه. چونكه بە پێ ی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، پەرلەمانی عێراق بۆی نییە بڕیاری تەشریعی بدات.
سێهه‌م/ بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا ته‌نها په‌رچه‌كردارێكه و له كه‌شێكى ئه‌منى و سیاسى ئاڵۆزدا ده‌رچووه.
چواره‌م/ بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى هه‌موو عێراقیه‌كان نییه، نه بڕیارى شه‌قامه، نه بڕیارى كورد‌و سووننه‌یه (به‌شدارییان له دانیشتنه‌كه نه‌كردووه). وه نهبڕیارى كه‌مینه‌كانى تره.
پێنجه‌م/ له‌و كاته‌دا كه په‌رله‌مان بڕیارى داوه هێزه بیانیه‌كان له عێراق ده‌ربكرێت، حكومه‌تێكى شه‌رعى- ته‌واوكار له عێراقدا نییه كه بڕیاره‌كه جێبه‌جێ بكات. گریمان هه‌یه، جێبه‌جێى ناكه‌ن. چونكه له به‌رژه‌وه‌ندى عێراقدا نییه (به ناڕاسته‌وخۆ له گرته‌یه‌كدا كه وا دیاره سه‌رۆكى په‌رله‌مان خۆى وه‌ك تاكتیك ڕێگه‌ى داوه ئه‌وه تۆماربكرێت: به ئه‌ندامان ئه‌ڵێ، ئه‌مه برٍیارێكى شیعیه‌و، دواى ئه‌م بڕیاره ئێوه به‌رپرسیار ئه‌بن به‌رانبه‌ر خوشك و دایك‌و مناڵه‌كانتان، به‌رپرسیاریش ئه‌بن له‌وه‌ى كه عێراق نه‌توانێ به‌رپرسیارێتیه داراییه‌كان جێبه‌جێ بكات).
شه‌شه‌م/ كوژرانى قاسم سوله‌یمانى به‌رئه‌نجامى هه‌ڵه‌ى یه‌ك له‌دواى یه‌كى سیاسیه عێراقیه‌كان بو له به‌غدا، كه من پێموایه ئه‌گه‌ر كاراكته‌رێكى به‌هێزى وه‌ك (مام جه‌لال تاڵه‌بانى) له ژیاندا بوایه، ئه‌و دۆخه‌ى عێراق به‌و شێوه‌یه نه‌ئه‌بو، قاسمى سوله‌یمانیش تیرۆر نه‌ئه‌كرا، ئێستاش زلهێزێكى جیهانى و زلهێزێكى ناوچه‌یی هه‌ڕه‌شه‌ى توندیان له‌یه‌كتر نه‌ئه‌كرد له‌سه‌ر خاكى عێراق كه زیانه‌كه‌ى بۆ هه‌موو عێراقیهكه به‌گشتى.
حه‌وته‌م/ هه‌رچى هه‌رێمى كوردستانه، نه له به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مریكا، نه ڕووسیا، نه توركیا، نه به‌غدا، نه ئێران‌دا نییه ئاسایش و ئارامیهكهى تێك بچێت. مه‌گه‌ر سیاسی و به‌رپرسه لۆكاڵیه‌كانى حیزبى كوردى لێره‌و له‌وێ بۆ جه‌ماوه‌ر په‌یداكردن هه‌ندێ ڕمبازى و موزایه‌دات و …تادوایى، بكه‌ن له‌ناوخۆدا. كهواباشه خه‌ریكى به‌دامه‌زراوه‌كردنى سێكته‌رى سه‌ربازیى و ئابوریى و پاراستن و به‌هێزكردنى پێگه‌ى كورد بن له ده‌ره‌وه به شێوه‌یه‌كى زانستى. هه‌روه‌ها واباشه بیرێك له‌خاك و تاكى كه‌ركوك بكه‌ینه‌وه، ئه‌و كه‌ركوكه نازداره هى ئه‌وه نییه به‌یانیانێك كاتێك خه‌ڵكه‌كه‌ى له‌خه‌و هه‌ڵبسن داعش به سه‌ربانى خانوه‌كانیاندا هاتوچۆ بكات. كورد له‌دواى جه‌نگى داعشه‌وه، له دواى پرۆسه‌ى ئازادیشه‌وه، ته‌نها له دواى كۆتایى شۆڕشى ئهیلۆلهوه هیچ كاتێك پلانێكى ستراتیژى به كۆمه‌ڵێك بژارده‌وه بۆ كه‌ركوك نه‌بوه. به‌كورتیه‌كه‌ى به ئه‌قڵى حیزب و قائیده لۆكاڵیه‌كانى حیزب كورد له كه‌ركوك به‌رده‌وام پاشه‌كشه ئه‌كات.
هه‌شته‌م: دۆخى عێراق دوا كارته به ده‌ست ئه‌مریكاوه. هاوته‌ریب ڕێى تێ ناچێت ئه‌و سه‌دان كاراكته‌ره سیاسیه بهتهمهنهى عێراق بیریان چوبێت كه سزاى ئابوریى ساڵى 1990 ى سه‌ر عێراق چى بوه؟. به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش بێ هۆش نین له‌خۆیان نه‌پرسن ئایا عێراق به‌رگه‌ى سزاى ئابوریى ئه‌مریكا ئه‌گرێت؟.
له سیناریۆى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یماناندا وه‌ك بڕیارى كشانه‌وه‌ى ئۆباما له 2008 یان 2013 ى ئیداره‌ى ئه‌مریكا بۆشایی ئه‌منى دروست ئه‌بێ و، تیرۆر سه‌رهه‌ڵ ئه‌داته‌وه، ئه‌مریكا دوباره به‌بیانوى جه‌نگى دژه تیرۆره‌وه عێراق داگیرئهكاتهوهو حكومه‌تێكى ئه‌مریكى دروست ئه‌كه‌ن.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts