دڵشاد مەجید: کۆسرەت ڕەسوڵ سەرکردەیەکی سەربازی زمان و جەستە ئفلیجە یا سیاسیەکی تۆڵەلێسەنەرەوەی لێهاتووە؟ بەشی سێیەمی.
لەپەراوێزی گۆنگرەی چوارەمی یەکێتی.!
لێرە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە، بۆ مام جەلال و سەرکردە سیاسیەکانی یەکێتی لەسلێمانی، هەوڵی تەحجیمکردنی توانا داراییەکانی کۆسرەت و هێزو هەیمەنەی هەولێریەکانیان بەسەر ئیدارەی زۆنی سەوز، بەلابردنی کۆسرەت رەسوڵ لە پۆستی سەرۆکی حکومەتی سلێمانی دەدا؟
کۆسرەت لە 26- 4- 1993 تا 31 ئابی 1996 سەرۆکی حکومەت بوو لەهەولێر. لە کۆتایی 1996 تا 21- 1- 2001 سەرۆکی حکومەتی سلێمانی بوو.
1- کۆسرەت رەسوڵ بە پێوەری ئیستحقاقی شۆرشگێری و شەڕکەرو ئاوارەبوون، سەدا 80 ی پۆستەکانی حکومەت و دەزگا ئیداریەکانی سلێمانی بەخەڵکی هەولێر پڕکردبۆوە، وایلێهاتبوو تەنیا ئەوەندە مابوو پۆستی پارێزگاری سلێمانی و بەرێوەبەرەی دائیرە خەدەمیەکانی سلێمانی بدرێتە هەولێریەکان، ئەمەش نارەزاییەکی زۆری لای خەڵکی یەکێتی لە سلێمانی لێکەوتەوە، دەیانووت ئێمە لەشاری خۆمان بووینەتە بێگانەو کرێچی.
2- ئەم ئیدارەیەش لەڕێگای کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە داراییەکانی، گەندەڵیەکی زۆری تێکەوتبوو، بەتایبەتی لەو سەردەمانە (یوئێن UN) پارەیەکی زۆری بۆ پرۆژەکانی ژێرخانی سلێمانی و گەرمیان و دەڤەری پشدەر لەڕێگای وەزارەتەکان و بەرێوەبەرەیەتیەکان و رێخکراوەکان وەک تەندری مقاولات خستبووەگەڕ، لەڕێگای کۆمپانیا ئەهلیەکان جێ بەجێ دەکران.
ئەو کۆمپانیایەنەش زۆربەیان لایەن خەڵکانێک بەرێوەدەبران، کە لە کۆسرەت ڕەسول نزیک بوون. کارئاسانیان لەرێگای وەزارەتەکان و حکومەتەکەی کۆسرەت رەسول بۆ دەکرا. ئەمەش هۆکارێکی تر بوو لەبێبەش کردنی کۆمپانیا سێبەرەکانی سەر بە سیاسیەکانی سلێمانی و خەڵکی سلێمانی.
3- هەر ئەم هۆکارانە بوون، کەوای کرد لە بەرواری 21- 1- 2001 بەرهەم ساڵح بکرێتە سەرۆک وەزیرانی سلێمانی و تا 4- 7- 2004 لەو پۆستە بەردەوام بێ. هەروەها کاتێک ئەمریکا بۆ لێدانی عیراق، وەک یارمەتی دارایی یەک ملیار دۆڵاری تەرخان کرد بۆ یەکێتی و پارتی، یەکێتی 500 ملیۆن دۆلاری بەرکەوت، هەروەها لەلایەکی تر لەدوای کۆتایی هاتنی بریاری 986 ی نەوت بەرامبەر بەخۆراک، لەوێش هەندێک پارە لەبەشی (سەدا 13)کەی کوردستان مابووە، ئەو بڕە پارەیەش لەنێوان هەر دوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دابەشکرا. بەڵام پارەکە لەلایەن ئیدارەی گشتی و مام جەلال دەستی بەسەرداگیرا. بەو پارەیە ئیدارەی گشتی بەشێکی زۆری مولک و سامانی لەسلێمانی کری، و چەندین پرۆژەی بەرهەمهێنانی بەناوی پەیداکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ یەکێتی، خستەگەڕ. دەتوانین بڵێن لەو کاتەوە کۆمپانیاکانی حزب پەیدابوون. لەو بڕە پارەیە هیچ بەشە پارەیەک بۆ کۆسرەت و سیاسیەکانی سلێمانی جیا نەکرایەوە. ئەلێرەوە کۆسرەت (کێچی کەوتە کۆڵ) سەرەتای دەسدتپێکردن و سەرهەڵدانی مقۆ مقۆ و قسەو باس، لەداهات و دارایی و شەفافیەت لەناو یەکێتی سەریهەڵدا.
4- یەکێتی بۆ زیاتر گەمارۆدان و نەهێشتنی هەیمەنەی کۆمپانیاکا سێبەرەکانی کۆسرەت رەسوڵ بەسەر بواری ئابووری و پرۆژەکانی سلێمانی. توانی لەڕێگای دوو دەزگاوە کۆنترۆڵی ژیانی ئابووری زۆنی سەوز بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی حزب.
یەکەمیان / مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی کە (دلێری سەید مەجید) سەرپەرشتی دەکرد، توانی کۆنترۆڵی بازرگانی پترۆڵ بەگشت مشتەقاتەکانی(وەک نەوت، بەنزین و گاز ونەوتی ڕەش و قیر. و ئەو موڵک و سامانانەی لەرێگای پارەکەی ئەمریکاو یوئێن کڕیبوو، وەک هوتێل و بازارو ئەپارتمان و خانوو … هتد) بکات.
دووەمشیان /کۆمپانیای نۆکان بوو ( کەدەڵێن دکتۆر بەرهەم ساڵح) لەپشت دامەزراندنیەوە بووە. یەکێتی دیسانەوە لەرێگای کۆمپانیای نۆکانیش گشت پرۆژەکانی ئاوەدانی و ژێرخانی لە جادەو و زێراب و پرۆژەی ئاو کۆمەڵگاکانی خانووبەرەو… هتد، کۆنترۆڵ کرد. بەشێوەیەک بەرێوەدەبران یان لەرێگای کۆمپانیاکانی مقاولاتی خۆیان جێ بەجێ دەکران، یان دەدرانەوە کۆمپانیا ئەهلەیەکان و یا لێپسراوەکان.
بەم شێوەیە یەکێتی بواری بەرهەمێنان و کارکردنی کۆمپانیاکانی نزیک لەکۆسرەتی کەمکردەوە ،هەروەها لەلاوەش لەپاڵ کەمکردنەوەی بودجەو نەسریەی حزبی کۆسرەت ڕەسوڵ.
لێرەوە کۆسرەت رەسوڵ، گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم هەنگاوانە، بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانیەتی و دەیانەوێ لەڕێگای بڕینی سەرچاوە داراییەکان، هەژمون و هێزو توانای تەکتەولەکەی بێ هێز بکەن.
لەئەنجامی شێوازی کارکردن و ئیدارانی ئابووری کۆسرەت، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سەرچاوەی مادی و کار بۆ بەردەوامی دان بەهەژموونی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەلایەک. هەروەها لەلایەکی تر دەست بەسەرداگرتنی مام جەلال لەرێگای ئەو دوو دامەزراوە، بەسەر داهات و ئیمکانیاتی دارایی یەکێتی و نەبوونی شەفافیەت. بەهەمان شێوە فراوانبوونی گەندەڵی.. بوونە ھۆکاری دوورست بوون و دابەش بوونی یەکێتی بۆ دوو تەکەتولی بەربەجستەکراو.
ئەبوو رەوتێکی نوێ لەناو یەکێتی سەریهەڵدا: رەوتی ریفۆرم و چاکسازی نەوشێروان مستەفا بوو٠ بۆ بە موئەسەساتکردن و دیارکردنی دەسەڵاتەکان و شەفافکرنی سەرچاوە داراییەکانی یەکێتی.
واتا ئەسڵی کێشەی نێوو یەکێتی، کێشەی دەست بەسەر داگرتنی سەرچاوەی مادی و داراییەکانی یەکێتیە، کە کێ زیادترین پشک و دەسەڵاتی بەسەردا هەبێ٠ بەڵکو کێشەکان کێشەی سیاسی و فیکری و ململانی سیاسی لەسەر پرۆگرام و پەیرەو نیە.
لێرەوە کۆسرەت رەسوڵ بە چوونە پاڵ نەوشێروان مستەفا، باشترین دەرفەتی زێڕینی بۆ رەخساو، بۆ تۆڵەسەندنەوە، لەتاڵەبانی و سەردەکردەکانی سلێمانی بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو ئابلۆقەیەی سەری بشکێنێ و لەهەردوو حاڵەتی سەرنەگرتن و سەرگرتنی ھەوڵەکە، کۆسرەت حسابی کردبوو کە بەدەستی بەتاڵ لێی دەرناچێ.
#لەنووسینی داهاتوو گەمەکانی کۆسرەت لەنێوان تاڵەبانی و نەوشێروان، هەروەها گەمەی باڵی ناوەندی بریار و پەیوەندی پارتی و کۆسرەت، درێژە پێ دەدەین.