عەتا قەرەداخی: وه‌همی نوێگه‌ری و واقیعی كۆنه‌پارێزى.
ئایا په‌یوه‌ندیی نێوان دابونه‌ریت و سیاسه‌ت چۆن دیاری ده‌كرێت؟ ئایا كام له‌م دووانه له كۆمه‌ڵگه‌دا كاریگه‌ریی ئاشكرا و له‌به‌رچاوی له‌سه‌ر ئه‌وی تریان هه‌یه؟ ئایا كام له‌و دوو بۆچوونه نزیكترن له راستی؟ ده‌بێ سیاسه‌ت كۆنترۆڵی هه‌موو كۆمه‌ڵگه بكات به دابونه‌ریت و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه و له بارێكی وه‌هاشدا دابونه‌ریت ئاماده‌بوونێكی ئه‌وتۆی نه‌مێنێت؟ یان دابونه‌ریت كۆنترۆڵی سیاسه‌ت بكات و ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ملكه‌چی دابونەریت نه‌بێت، ئه‌وا دزێو و ناشیرین ده‌ربكه‌وێت و نه‌توانێت مانه‌وه‌ى خۆی مسۆگه‌ر بكات؟
دیاره كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی وه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو و دواكه‌وتووى په‌راوێزی مێژوو، وه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێكهاته خێڵایه‌تی و ئایینیی داخراو، ئه‌وه‌نده‌ى دابونه‌ریت و عورف تێیدا باڵاده‌سته، ئه‌وه‌نده سیاسه‌ت به مانای راسته‌قینه‌ى سیاسه‌ت، چ وه‌كوو زانستی سیاسی و چ وه‌كوو سیاسه‌تی رۆژانه و كاری حزبیش باڵاده‌ست نییه و سه‌رباری خه‌ریكبوونی خه‌ڵكێكی زۆر به سیاسه‌ته‌وه، سیاسه‌ت له‌چاو هێزی دابونه‌ریت و عورفدا ئاماده‌بوونێكی لاوازی هه‌یه. دیاره ئه‌وه ئاشكرایه كه دابونەریت به‌رهه‌می ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه له یه‌كه سه‌ره‌تایی و بچووكه‌كانی پێكهێنه‌ری كۆمه‌ڵگاوه، تا یه‌كه و دامه‌زراوه باڵا َكۆمهڵایهتییهكان. دیاره ئه‌وه‌ش ئاشكرایه، كه دابونەریت له روانگه‌ى مۆدێرنیزم و مۆدێرنێته‌وه، كه خاسێتیی كۆمه‌ڵگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى دابونەریته، به خاسێتی سه‌ره‌تایی یان خاسێتی كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تایی و دواكه‌وتووه‌كان داده‌نرێت، كه ده‌شێ كۆمه‌ڵگه‌ى خێڵایه‌تی یان ئایینیی داخراو بگرێته‌وه. بێ گومان ده‌بێ بزانین ئه‌وه‌ى له كۆمه‌ڵگه نهریتییهكاندا كار ده‌كات و په‌یوه‌ندییه‌كان رێك ده‌خات و ئاراسته جووڵه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان دیاری ده‌كات، ئه‌وه دابونه‌ریت و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه رۆڵی دابونه‌ریت و عورف زۆربه‌ى كات نه‌ك هه‌ر ده‌كه‌وێته پێش یاسا و ده‌ستووره‌وه، به‌ڵكوو ده‌كه‌وێته پێش شه‌رع و بنه‌ماكانی ئایینیشه‌وه.
راسته له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا له‌مێژه باسی سیاسه‌ت ده‌كرێت و زۆریش باسی دیموكراسی و ئازادی و كرانه‌وه به رووی دنیای نوێ و هاوچه‌رخدا ده‌كرێت و به حیسابیش له‌مێژه شار له كوردستاندا دروست بووه و به‌و پێیه‌ش ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ى شار ئاماده‌بوونی هه‌بێت. دیاره له كۆمه‌ڵگه‌ى شار و له په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ى شاردا، په‌یوه‌ندییه‌كان ئاراسته‌یه‌كی ئاسۆییان هه‌یه و په‌یوه‌ندیی شێوه هه‌ره‌می كۆتایی دێت و هه‌ر كه‌سه له‌سه‌ر بنه‌ما و ئاستی ئاماده‌بوونی خۆی جێگه و پێگه‌ى ده‌بێت له كۆمه‌ڵگه‌دا و له بارێكی وه‌هاشدا، واته له زه‌مینه‌ى شاردا، تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شوناس بوونی ده‌بێت. دیاره بوونی تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شوناس ده‌توانێت ئاراسته‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان بگۆڕێت، له په‌یوه‌ندیی لادێ، یان خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه، بۆ په‌یوه‌ندیی شار. له په‌یوه‌ندیی شاریشدا په‌یوه‌ندییه‌كان به یاسا رێك ده‌خرێن و هه‌موو كه‌س ئه‌رك و مافی خۆی ده‌زانێت. دیاره كاتێك چه‌مكی ئه‌رك و ماف ده‌بێت به چه‌مكێكی جێگیر و كارپێكراو له كۆمه‌ڵگه‌دا، ئیتر شوێن و پێگه‌ى دابونه‌ریت لاواز ده‌بێت و كه‌س له‌به‌ر خاتری كه‌سێكی تر كارێك ناكات، یان هه‌نگاو نانێت. كه‌واته به‌ئاشكرا ده‌بینین، ئه‌وه‌ى تاكوو ئێستا له كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، ئه‌وه‌نده‌ى به‌رهه‌می دابونه‌ریت و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌وه‌نده به‌رهه‌می یاسا و په‌ره‌سه‌ندن و ته‌نانه‌ت سیاسه‌ت و حزبایه‌تیش نییه. هه‌ر ئه‌مه‌شه وا له ئێمه ده‌كات، كه بڵێین دابونه‌ریت و عورف، كه به‌رهه‌م و ده‌رهاوێشته‌ى ژیانی راسته‌قینه‌ى كۆمه‌ڵگه‌یه، تاكوو ئێستا نه‌ك هه‌ر به زیندوویى ماونه‌ته‌وه، به‌ڵكوو رۆڵ و كاریگه‌ریی ئاشكرا و له‌به‌رچاویان هه‌یه. ته‌نانه‌ت رۆڵ و كاریگه‌ریی دابونه‌ریت و عورف وای كردووه، كه كه‌سێتیی دامه‌زراوه نوێیه‌كانی كۆمه‌ڵگه له حزب و ده‌سته و گرووپ و كۆی ئه‌و رێكخراوانه‌ش كه خۆیان به رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی ناو ده‌به‌ن، لاواز و په‌راوێزیی بێت و وه‌كوو پاشكۆی دامه‌زراوه ته‌قلیدییه‌كان، یان ئهڵتهرنایتیفی ئه‌وان ده‌ربكه‌ون و ته‌نانه‌ت له شێوازى كاركردنیشدا هه‌ست بكرێت، كه هه‌مان عه‌قڵ و به‌رنامه و په‌یڕه‌و به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، كه عه‌قڵ و به‌رنامه و په‌یڕه‌وى دامه‌زراوه ته‌قلیدییه‌كان، یان كۆمه‌ڵگه‌ى ته‌قلیدییه به‌گشتی.
لێره‌وه تێده‌گه‌ین، كه هه‌ژموونی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا، وه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووی په‌راوێزى مێژوو، به جۆرێك به‌هێزه، كه كۆنه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیی داگیر كردووه و ته‌نانه‌ت ئه‌و نوخبهیهشی، كه ئیدیعای ده‌ربازبوون له هه‌ژموونی دابونه‌ریت و عورف ده‌كه‌ن، یان ته‌نانه‌ت خۆیان وه‌كوو دژ و نه‌یاری دابونه‌ریت و عورف نیشان ده‌ده‌ن و پێیان وایه ده‌بێ خه‌بات بكرێت له‌پێناو ده‌ربازكردنی كۆمه‌ڵگه له رۆڵ و فشار و هه‌ژموونی دابونه‌ریت و عورف، خۆیشیان زۆربه‌ى كات بێئاگایانه ده‌كه‌ونه‌وه ژێر كاریگه‌ریی هه‌مان هێز و فشاره‌وه و هه‌مان شێوه‌ی به‌شه فراوانه‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه ده‌جووڵێنن و كار ده‌كه‌ن، كه یان به پیرۆز و گرنگ سه‌یری دابونه‌ریت و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ئاسایی سه‌یری ده‌كه‌ن و ره‌نگه پێشیان وابێت، بۆ ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و تێكچوون بپارێزرێت، پێویست به‌وه بكات، كه هه‌مووان ده‌ست به دابونه‌ریت و عورف و ئه‌و ئه‌خلاق و بنه‌مایانه‌وه بگرن، كه له رابردووه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر رۆیشتووه و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ ئاستدا په‌یوه‌ست بوون به هه‌موو خاسێته ته‌قلیدییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه، وه‌كوو جۆرێك له ئیلتیزامكردن بۆ پاراستنی بوون و شوناس سه‌یر ده‌كرێت. هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م تێڕوانینانهشه، كه سیمای ئاشكرای ململانێی نێوان نه‌وه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، كه زیاتر به ململانێ و ناكۆكیی نێوان نه‌وه‌ی كۆن و نوێ داده‌نرێت. كۆنێك، كه خۆپارێزه و ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێك له جێگای خۆیدا بمێنێته‌وه، یان ته‌نانه‌ت هه‌نگاوی به‌ره‌و رابردوو بنرێت، بۆ زیندووكردنه‌وه‌ى هه‌ندێ له‌و پیرۆزی و خاسێته لهدهستچووانهى كه ئێستا نه‌ماون، نوێیهكیش، كه ده‌یه‌وێت نه‌ك هه‌ر هێڵێكی راست و چه‌پ به‌سه‌ر هه‌موو رابردوودا بهێنێت، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێت كۆی عه‌قڵ و ره‌فتار و دابونه‌ریت و عورف و شێوازى بیركردنه‌وه و روانینی رابردوو بۆ ژیان بڕووخێنێت و له شوێنی ئه‌وانه‌دا، نوێیه‌ك به دید و بۆچوونی حه‌زى خۆى بنات بنێت، كه ئه‌وه‌ش به تاكه رێگای گۆڕینی كۆمه‌ڵگه ده‌زانێت.
كوردستان له‌سه‌ر دوو ئاست له ململانێی نێوان كۆن و تازه‌دا ده‌ژی. یه‌كه‌میان ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تییه، واته چۆن نه‌وه‌ى نوێ ده‌یه‌وێت رابردوو ره‌ت بكاته‌وه و له شوێنی ئه‌ودا نوێ بینا بكات، واته نوێ به‌پێی روانین و لێتێگه‌یشتنی خۆی. دووه‌میشیان ئاستی ململانێی نێوان كۆن و نوێی بواری سیاسه‌ته. مێژووى سیاسی له كوردستاندا مێژوویه‌كی ئه‌وه‌نده درێژ نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا مێژوویه‌كی پڕ له ململانێیه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، كه ئه‌ویش ئه‌گه‌ر له ئاستێكدا ململانێی نێوان بیروباوه‌ڕ و ئایدیۆلۆجیا جیاوازه‌كان بووبێت، ئه‌وا له ئاستێكی تردا ململانێی نێوان كۆن و نوێیه، له‌نێوان هه‌ڵگرانی هه‌مان به‌رنامه و بیر و ئایدیۆلۆجیادا، كه ئه‌مه‌ش كۆن و نوێی ته‌مه‌نه، كه زیاتر مه‌به‌ست كۆن و نوێی عه‌قڵ و دید و تێڕوانینه بۆ ژیان و بۆ دنیا. له كوردستاندا ئه‌وه‌ى كه وه‌كوو مێژووى سیاسی بشێ سه‌یر بكرێت ئه‌و مێژووه‌یه، كه له‌گه‌ڵ درووستبوون و ده‌ركه‌وتنی حزبدا ده‌ست پێده‌كات كه ئه‌ویش ته‌مه‌نی نزیكه‌ی سێ چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك ده‌بێت. سه‌ره‌تای درووستبوونی ژیانی حزبایه‌تی له كوردستاندا له‌لایه‌ن نوخبه‌ی خوێنده‌واری كورده‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت، كه حزب له كوردستاندا له دروستبوونییه‌وه به‌رهه‌م و دروستكراوی نه‌وه‌ى نوێ بووه، چونكه ئه‌وه ئاشكرایه، له هه‌ر قۆناغێكی مێژوویی‌دا سه‌یر بكه‌یت، نوخبه‌ى خوێنده‌وار وه‌كوو نوێنه‌ری نوێ و گۆڕانكاری و نه‌یاری عه‌قڵی به‌ستووى كۆمه‌ڵگه خۆى نماییش ده‌كات و وای نیشان ده‌دات، داواكاری بنیانتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێیه، واته كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌ژموونی عه‌قڵی رابردوو، رزگاركراو له هه‌ژموونی دابونه‌ریت و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه هه‌موویان خاسێتیی كۆمه‌ڵگه‌ى ته‌قلیدین. له كوردستانیشدا دروستبوونی حزب هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌و جۆره بووه و هه‌ر چۆن له‌ڕاستیدا حزب دامه‌زراوه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى شار و هاوچه‌رخه، به هه‌مان شێوه له كوردستانیشدا حزب هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه وه‌كوو دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌ركی گۆڕانكاری و بیناكردنی نوێ دروست بووه، كه ئه‌وه‌ش ده‌شێ دوو ئاستی گرتبێته‌وه، كه یه‌كه‌میان رزگاركردنی كوردستان بووه له ده‌ستی داگیركه‌ران، دووه‌میشیان رزگاركردنی كۆمه‌ڵگه بووه له عه‌قڵ و كولتوور و دابونه‌ریتی دواكه‌وتووی رابردوو. ئیتر چه‌ندێ ئه‌وه‌ى به‌كرده‌وه پیاده كردبێت یان نا، ئه‌وه‌یان بابه‌تێكی تره.
دیاره مێژوو ئاسایی ره‌وتی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ناكرێت رۆڵ و كاریگه‌ریی هێز و عه‌قڵ و روانینی ده‌سته و گرووپ و نوخبه‌ی پێشه‌نگی كۆمه‌ڵگه پشتگوێ بخرێت، كه زۆر جار رۆڵی ئه‌مان له چالاككردنی هێزی گۆڕانكاری و به‌ره‌وپێشه‌وه جووڵاندنی كۆمه‌ڵگه‌دا گرنگ و پڕبایه‌خ ده‌بێت. دیاره هه‌میشه‌ش ئه‌م هێزانه له‌به‌رامبه‌ر هێزی كۆنه‌پارێزی كۆمه‌ڵگه له ململانێدا ده‌بن، كه عه‌قڵ و دابونه‌ریت و عورف و ئه‌خلاقی رابردوو پاڵنه‌ر و بزوێنهریەتی. هه‌روه‌ك كاتێك رووبه‌ری حزبیش له كوردستاندا فراوان بوو، هه‌مان ململانێكانی نێوان كۆن و نوێ له‌و رووبهرهشدا ره‌نگی دایه‌وه و ئاماده‌بوونی خۆی نواند. ده‌شێ زۆر لە كێشه‌كانی ناو دامه‌زراوه‌ى حزب له كوردستاندا، په‌یوه‌ندیی به ناكۆكیی نێوان كۆن و نوێوه هه‌بێت، نه‌ك به‌رنامه و ئایدیۆلۆجیا و ستراتیژ. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر له رووی راستییه‌وه سه‌یری ئه‌و ململانێ و ناكۆكییانه بكه‌ین، كه له ساڵانی شه‌سته‌كاندا جه‌سته‌ى پارتی دیموكراتی كوردستانی گرته‌وه، ئه‌وا ناتوانین بیسه‌لمێنین، كه جیاوازیى بیر و بۆچوون و ئایدیۆلۆجیا و ستراتیژی كاركردن هۆكار بووه بۆ ئه‌و ناكۆكی و ململانێیه، كه دواجار دابه‌شبوونی لێ كه‌وته‌وه، به‌ڵكوو له‌ڕاستیدا هۆكارێك هه‌میشه له ململانێكانی نێوخۆی حزبی كوردیدا ئاماده‌یه، ئه‌ویش ناكۆكی و ململانێی نێوان نه‌وه‌ى كۆن و نه‌وه‌ى نوێیه. نه‌وه‌ى كۆن پێی وایه خۆی ره‌وایه‌تیی ئه‌وه‌ى هه‌یه تا له ژیاندا بێت ده‌بێ ئه‌و خاوه‌نی هه‌موو ده‌سه‌ڵات و بڕیارێك بێت و ناتوانێت دان به بوونی نه‌وه‌ى نوێ‌دا بنێت، نه‌وه‌ی نوێش پێی وایه سه‌رده‌می نه‌وه‌ی كۆن به‌سه‌ر چووه و ئه‌و ناتوانێت له پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌می نوێ تێبگات و ناتوانێت به‌پێی پێداویستییه‌كانی ژیانی نوێ و سه‌رده‌می نوێ كار بكات و حزب و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ڕێوه ببات.
دیاره نه‌وه‌ى كۆن ره‌گ و ریشه‌ى له خاكدایه و ئه‌زموون و هێز و ههژموونێكی جێگیر و پته‌وتری هه‌یه له‌چاو نه‌وه‌ى نوێ و ئه‌وه‌ش زۆرجار وا ده‌كات، له ململانێكانی نێوان دامه‌زراوه‌ى كۆمه‌ڵگه و حزبیشدا له كوردستاندا هه‌ژموونی نه‌وه‌ى كۆن باڵاده‌ستتر ده‌ربكه‌وێت و زۆربه‌ى كات بوار بۆ نه‌وه‌ى نوێ نه‌كاته‌وه، كه بوونی خۆی بسه‌لمێنێت، نه‌وه‌ى نوێش له‌به‌ر كه‌مئه‌زموونی و لاوازیى توانا و ئاستی تێگه‌یشتن و نه‌توانینی لێكدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ى واقیع وه‌كوو ئه‌وه‌ى كه هه‌یه، زۆربه‌ى كات له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ى پێشتردا وه‌كوو به‌زیو یان پاشهكشهكردوو ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌ش وای كردووه، زۆربه‌ى كات سه‌ربای ململانێی سه‌ختی نێوان ئه‌و دوو نه‌وه‌یه، نه‌وه‌ى نوێ له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی سه‌ختی نه‌وه‌ى كۆندا رابێت و هه‌ڵبكات و به جۆرێك خۆی بداته ده‌سته‌وه. ده‌شێ ئه‌مه‌ش یه‌كێكە له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی لاوازیى ئاستی نوێبوونه‌وه و گۆڕانكاری له كوردستاندا، چ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و چ له‌سه‌ر ئاستی سیاسی. ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ى، كه له شه‌سته‌كاندا له سه‌ركردایه‌تیی بارزانی جیابوونه‌وه، پاشان به‌ناچاری هاتنه‌وه ژێر سایه‌ى هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و. ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ى، كه له یه‌كێتیی نیشتمانیدا، چه‌ند جار یاخی بوون و له شێوازى ده‌سه‌ڵاتی باوكسالاری و ئیلهام وه‌رگرتوو له دابونه‌ریت و عه‌قڵی باوی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیی سه‌ركردایه‌تیی تاڵه‌بانی بێزار بوون، نه‌ك هه‌ر هاتوونه‌ته‌وه ژێر سایه‌ى ئه‌و هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵات و عه‌قڵه‌وه، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ رۆیشتنی كاتدا خۆیشیان بوونه‌ته به‌شێك له‌و عه‌قڵ و میتۆدی كاركردنه‌ى، كه پێشتر لێی یاخی بوون. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌قلیدیی وه‌كوو ئێمه‌دا، یاخیبوون له ده‌سه‌ڵاتی باوك و یاخیبوون له دابونه‌ریت و عورفی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه ئاسان نییه و ئه‌وانه‌یشی، كه دروشمی خه‌باتیان بۆ گۆڕینی ریشه‌ی ئه‌و كولتوور و دابونه‌ریته هه‌ڵگرتووه، خۆیان له چوارچێوه‌ى ئه‌و یاسا و رێسایانه‌دا ده‌جووڵێن، كه به‌رهه‌می ئه‌و دابونه‌ریت و كولتوور و عورفەیه.
كه‌واته ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تای باسه‌كه، ئێمه چه‌ندێ ئیدیعای نوێبوونه‌وه و گۆڕانكاری و رووخاندنی بنه‌ما ته‌قلیدییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و دابونه‌ریت و عه‌قڵی باو و باڵاده‌ستی كۆمه‌ڵگه بكه‌ین، ده‌ربازبوونمان له هه‌ژموونی ئه‌و خاسێتانه‌ى كۆمه‌ڵگه هه‌روا ئاسان نییه، چونكه ئێمه له رووی نه‌سته‌وه ئاماده‌یی خۆگۆڕین و گۆڕانكاریی ریشه‌ییمان نییه و ده‌توانم بڵێم، له بارێكی تردا هه‌موومان به جۆرێك خۆپارێز و نەریتپارێزین.