دڵشاد مەجید: لەپەراوێزی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی/ بەشی پێنجەم.
کۆسرەت ڕەسوڵ سەرکردەیەکی سەربازی زمان و جەستە ئفلیجە یا سیاسیەکی تۆڵەلێسەنەرەوەی لێهاتووە؟
لەم بەشەدا باسی، هەڵکشانی ئەستێرە و پێگەی سیاسی و ئیداری بەرهەم ساڵح، و هەرەشەی گەورەبوونی لەسەر پێگەی کۆسرەت رەسوڵ دەکەین.
بەڵام بە دروست بوون و لەناوچوونی ناوەندی بڕیار، کۆسرەت ڕەسوڵ توانی خەت و باڵی تاڵەبانی، بە بەرهەمەوەش بخاتە دەرەوەی یەکێتی و پارچە پارچەیان بکات و بەتومەتی (خەت مایلی) پارتی بیانخاتە ڕوو.
بەڵام بە دورخستنەوەی بەرهەمیش نەتوانرا، تومەتی پرۆ پارتی بوون لەناو یەکێتی بنبڕ بکرێ، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ تۆمەتی پرۆ پارتی بوون لەناو یەکێتی بەردەوامی ھەیە.!
1- تاڵەبانی لەهێنانەوەی بەرهەم ساڵح لەئەمریکا، لەدوای رێکەوتنی واشتن و ئیتفاقیەی ستراتیجی یەکێتی و پارتی.
تاڵەبانی کۆمەڵێک ئامانجی لەھێنانەوەکە هەبوو:
A- بۆ زەعیفکردنی باڵەکانی کۆسرەت و نەوشێروان.
B- کردنەوەی دەڤەری سلێمانی بە چەقی سیاسی یەکێتی، ئەویش بەموئەسەساتکردنی یەکێتی.
C- دروستکردنی کەسایەتێک کە بتوانێ لە قوناغی ئاشتی، یەکێتی بێنێتەوە ناو بەرنامەی کاری ئەمریکیەکان، هەروەها لەدەرەوەی رق و تۆڵەی شەڕی براکوژی، ئاشتی و پێکەوە ژیان لەگەڵ پارتی دروست بکاتەوە.
D- گرنگترین ئامانجی تاڵەبانی ئەوەبوو، لەڕێگای بەرهەم ساڵح، گەنجان و خاوەن فیکرو رۆشنبیرەکانی (چینی ناوەند) ی یەکێتی لەدەوری بەرهەم کۆبکاتەوە.
2- دوای سەرهەڵدانی باڵی ریفۆرم، سەنگەر گرتنەکانی نەوشێروان و کۆسرەت لە تاڵەبانی، دواتر دوای وەرگرتنی تاڵەبانی پۆستی سەرۆک کۆماری، زەرورەتی دکتور بەرهەم زیاتر بوو، کە یەکێتی تەسلیمی بەرهەم بکرێ. هەربۆیە تاڵەبانی کوتلەکەی خۆی لە هەولێریەکان و گەرمیانیەکان و هەندێک لە سلێمانیەکانی تەسلیم بە بەرهەم ساڵح کرد.
3- رەنگە ئەو پرسیارە زۆر بکرێ بۆ تاڵەبانی دوو جێگر بۆ خۆی دادەنێ؟
ویستی حەقیقی تاڵەبانی، دانانی یەک جێگیر بوو ئەویش بەرهەم ساڵح بوو٠ بەڵام بۆ پاداشتکردنی کۆسرەت، لە وازهێنانی لە نەوشێروان، ناچار بوو کۆسرەت بکاتە جێگری یەکەم و بەرهەم بکات بەجێگری دووەم.
4- لەکۆنگرەی سێیەمی یەکێتی، هیچ کەسێکی نزیک لە بەرهەم ساڵح، تەنانەت نەگەیشتنە ئەندامی ئیحتیاتی سەرکرداتیش. چونکە هەڵبژاردنەکە بووە لیست، ئەویش بۆ لیستی تاڵەبانی و لیستی کۆسرەت. بەشی ھەرە زۆری هەردوو لیستەکەش کەسایەتیە سەربازییەکان بوون، بۆیە لەو کاتانە دەگوترا، ئەمە مەکتەب سیاسی شەڕە، نەک مەکتەبی سیاسی حیزب.
5- دوای ئەم دەورو تەسلیمەی نێوان تاڵەبانی و بەرهەم، بەرهەم ساڵح لەرێگای کوتلەکەی مام جەلال لەهەولێر، توانی بەئاسانی پێگەیەکی باش دابنێ، توانی زۆربەی گەنجان و کادیرانی ناوەندو خوێندەوارەکانی هەولێر لەخۆی کۆبکاتەوە.
سەرکەوتنی بەرھەمیش لەو کارە لەبەر دوو ھۆکار بوو.
A- ئیهمالکردنی کۆسرەت، بە بەکادیری ناوەند و گرنگی دانی بە کەسایەتیە عەسکەریەکان، جگە لەگەنجانی هەولێر، بەهەمان شێوە گەنجانی گەرمیان و سلێمانیش بەگەڵ بەرهەم کەوتن.
B- پارتیش لەھەولێر کاری لەسەر بێهێزکردنی پێگەی کۆسرەت دەکرد بۆئەوەی کۆسرەت بەردەوام بۆ پارتی بگەڕێتەوە. ئەم پاڵپشتیەی پارتی حزمەتێکی زۆری بە بەرهەم کرد، توانی گەنجێکی زۆری یەکێتی هەولێریی لەپۆستە باڵاکانی حکومەت وپەرلەمان دابمەزرێن.٠٠ پارتی بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکان، دەرگای دامەزراندنی لە حکومەت و پەرلەمان بۆ بەرهەم خستبووە سەرپشت، بۆ کۆسرەتیش تەنیا بۆی هەبوو لەسەرۆکایەتی هەرێم خەڵکی خۆی دابمەزرێمێ.
6- کوتلەی بەرهەم ساڵح لە ( 18 ) ئەندام م. س و سەرکردایەتی پێک دەھات. بەرهەم کاتێک هەستی کرد، بەشێکی زۆری کادیرانی پێشکەوتوو و گەنجی یەکێتی لەگەڵە. هەروەها ئەو دووساڵەی سەرۆکایەتیەکەی حکومەتی هەرێمی مایەی ڕەزامەندی خەڵک بوو، بەهۆی کارە باشەکانی و دروستکردنی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی. بەرھەم تووشی غروری سیاسی بوو، کە دەتوانێ بە بانگهێشە کردن بۆ بەستنی کۆنگرەو گەراندنەوەی ژیانی تەندروستی حزبایەتی و بەدیهێنانی چاکسازی لەناو حزب، دەسەڵاتی حزب بگرێتە دەست. بەڵام ترسی هەردوو باڵی هێرۆ و کۆسرەت، لەم زەمان و کاتەدا بەستنی کۆنگرەیان بەمەترسی دەزانی.
بەرهەمیش لەدیگای خۆی وایزانی بۆ سەرگرتنی پرۆسەی سازدانی کۆنگرە، بەناوی ناشەرعیبوونی ئێستای قیادەی یەکێتی، ئەگەر دەست لەپۆستی جێگر دووەم بکشێنێتەوە، رەنگە لەرێگای گوشاری جەماوەری یەکێتی گەمەکە بەبەرژەوەندی خۆیدا بشکێتەوە. بەڵام بەپێچەوانە هیچ کاردانەوەیەک رووینەدا، کۆسرەت و هێرۆ زیاتر کاریان لەسەر دورکەوتنەوەی بەرهەم کرد و هەوڵی پارچە پارچەکردنی کوتلەکەی بەرھەمیان دەدا.
7- کاتێکیش پرسی سەرۆک کۆماری هاتە ئاراوە، پارتی لەڕێگای ناوەندە ئیعلامیەکانی خۆیان زۆر گرنگیان بە بەرهەم ساڵح دەدا، بەرهەمیش وەک گوشار بۆ سەر یەکێتی، پاڵپشتی پارتی وەک وەرەقەیەک لەدژی هێرۆ بەکاردەهێنا. هەروەها پارتیش ئەوکاتانە پێویستی بەبەرهەم ساڵح بوو وەک دبلۆماتکارێکی نزیک بە ئەمریکان، پەیوەندیەکانی ئەوکاتەی پارتی لەگەڵ ئەمریکا، سەبارەت بەڕازیکردنی ئەمریکا بەفرۆشتنی نەوت لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند بەکاربهێنێ.
8- لێرەوە گومانەکانی هێرۆ و کۆسرەت گەورەتربوون، کەبەرهەم بۆ پێداگرتنی لەسەر بەستنی کۆنگرە، رەنگە دەسیسەیەکی پارتی بێ، هەوڵی تێک دانێک بێت، لەرێگای نفوزو توانای مادی پارتی، بۆ بێ دەسەڵاتکردنی بنەماڵەی تاڵەبانی. تا لەڕێگای کۆنگرە بەرهەم بکرێتە سکرتێری یەکێتی. هەروەها ئەگەر ئێستاش بکرێت بەسەرۆک کۆمار. دەبێتە ھەوڵێک کە بەرھەم ئەمجارە بەئیمکانیاتی مادی پێگەکەی لەبودجەی سەرۆک کۆمار، بەو پێگە سیاسیە نوێیەی جارێکی تر داوای سازدانی کۆنگرە بکاتەوە، بۆئەوەی بەئاسانی پێگەی سکرتێری پێبدرێ.
9- بۆ سەرنەگرتنی ئەم گەمەیە، هێرۆ بەتەنیا کۆبوونەیەک لەگەڵ بارزانی دەکا، رێکەوتنێک دەکەن، کە لیستی پارتی دەنگ بە دکتۆر بەرهەم نەدات بۆ سەرۆک کۆماری، ئەوا یەکێتیش هیچ کاردانەوەی توندی نابێ لەپۆستەکەی بارزانی.
بەخوێندنەوەی رووداوەکانی دوای ئەو دیدارە، بەئەمرۆشی لەگەڵ دابێ ( 2017 )، لەرێگای هەڵسەندگاندنی هەڵسوکەوتی یەکێتی، بوونی ئەو جۆرە رێکەوتنە دەسەلمێنن.
10- بۆ سەلماندنی ئەو رایە ( کە بەرهەم وویسوویەتی پاڵپشتی پارتی وەک کارت لەبەرامبەر باڵی دەستڕۆیشتوو بەکار بهێنێ، ئەم پرسیارەم رووبەرووی ئەندام مەکتەب سیاسیەکی یەکێتی سەر بەباڵەکەی بەرهەم کرد بەناوی ( ا، ج) لەوەڵامدا، ووتی لەسیاسەتدا هەموو شتێک رەوایە و واردە، من ناتوانم ڕاشکاوانە بڵێم وایە. بەڵام دەتوانرێ خوێندوەی واشی بۆ بکرێ.)
11- جگە لەمانە، کێشەیەکی خێزانی قوڵیش لەنێوان بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد، بەتایبەتی هێرۆ و بەرهەم ساڵح هەیە، کاتێک داوا لەبەرهەم دەکەن کە خوشکێکی هێرۆ بخوازێ، ئەویش رەتی دەکاتەوە، باری خراپی ژیان و دەروونی ئێستای ئەو خوشکەیان لەنیوچەوانی دکتۆر بەرهەم دەبینن.
12- گفتوگۆی یەکێتی و گۆران، دەرگایەکی تر بوو، بۆ دیسان دەرکەوتنەوەی ئەستێرەی بەرهەم ساڵح لەناو یەکێتی، ئەم دەرگا کردنەوەش بۆ خودی نەوشێروان مستەفا دەگەرێتەوە، کەدەیوست لەرێگای ئەو رێکەوتنە، گەمەی مشک و پشیلەی باڵەکان لەگەڵ پارتی کۆتایی پێ بێنێ.
13- بەڵام ئەم رێکەوتنە، بووە هۆکاری لەت لەت بوونی باڵەکەی بەرهەم ساڵح. بەتایبەتی هەولێریەکانی لەگەل بەرھەم و مەلا بەختیار، لەرق بوونیان بۆ خودی نەوشێروان مستەفا ، حەزیان دەکرد، لەجیاتی ئەو رێکەوتنە لەگەڵ گۆران بکرێ، با رێکەوتنی ستراتیجی لەگەڵ پارتی زیندوبکرێتەوە. ( ئەم دوو تاقمە دەیانووت: لەجیاتی گۆران، با لەگەڵ پارتی رێکبکەوین، لەجیاتی دۆستایەتی پەکەکەش با لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هاوکار بین)
14- بەرهەم ساڵح، دوای ئەوەی لەپاڵپشتی کردنی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری لەپارتی بێ هیوا دەبێت، هیوایەکی گەورە هەڵدەچنێ بە بەرێکەوتنی گۆران و یەکێتی، بەتایبەتی دوای ئەوەی نەوشێروان مستەفا بەڵێنی پۆستی باڵا لەعیراق یا لەکوردستان بۆ دکتۆر بەرهەم دووپات دەکاتەوە. ئەم بەڵێن پێدانە، لەلایەن ئەندامێکی باڵای گۆران و نزیک لە نەوشێروان، بۆمن دووپاتکرایەوە.
15- بەرهەمیش بۆ راگرتنی بەلانس، لەنێوان هێشتنەوەی یەکریزی کوتلەکەی لەلایەک و سەرکەوتنی رێکەوتنەکەی یەکێتی و گۆران لەلایەکی تر، کەوتە گەمەی موجامەلەکردنی پارتی، کە ئەم رێکەوتنە دەێتە مایەی ئیحتواکردنی گۆران. بۆیە پارتیش بەبێ پشاندانی کاردانەوەی توند، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵی دا لەنووسینەوەی رێکەوتنامەکە، لەڕێگای پێنج مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، ئەو بڕگانەی کەخاڵی هێزن بۆ گۆران، نەهێڵێ بخرێتە نێو رێکەوتنامەکە، کاتێکیش ئەم پیلانەی پارتی سەرناکەوێ.
لێرەوە باڵی بڕیاری ناوەند لەدایک دەبێ. کۆسرەت و پارتی، بەکارئاسانی مەلا بەختیار، ترسیان لا دروست دەبێ، ئەگەر رێکەوتنی گۆران و یەکێتی سەربگرێ، بەقازانجی نەوشێروان و هێرۆ و بەرهەم تەواو دەبێ.
بۆیە گەمەی باڵی بڕیاری ناوەند سەرهەڵدەدا. کۆسرەت ڕەسو دیسانەوە بەمەزەندەی خۆی لە هەردوو حاڵەتی سەرگرتن و نەگرنتی، وەک کەمەگەی لەگەڵ نەوشێروان مستەفا. بەهەردوو حاڵەت دەسکەوتی دەبێ، لەولاوەش منافسێکی سەرەکی خۆی وەک بەرهەم دیسانەوە ئاوت دەکا.
# لەنووسینی داهاتوو باسی ناوەندی بریارو پەیوەندیەکانی پارتی و کۆسرەت و دوارۆژی کارێکتەری کۆسرەت بەچی دەگا، باس دەکەین.