زاهیر باهیر: لیبیا و دەستتێوەردانی وڵاتان.
تەماشا بکە دەبینیت ئەم سیستەمە خەڵکی چۆن بێ بەها و سووك کردووە. بوون بە پیاوی خەڵک، حیزب، سیخووڕی دەولەتی، بەکرێگیراوانی وڵاتان کە ئینگلیز پێی دەڵێت mercenaries کە کورد پێیدەڵێت “جاش”. ڕەنگە تا ڕادەیەکی کەم لە هەندێکیانا جۆرێك لە دڵسۆزی تیادابێت، یا هۆکارێکی دیکەی هەبێت بەڵام بەشی زۆری بژێوی و بارخواری ژیان و بێدەربەستیی و نەبوونی هۆشیاریی دڕندەیی بێت. ئاخر کابرایەك هەڵکوتێتە سەر ماڵ و خاك و گەلێکی دیکە و ئەوەی کە پێیبکرێت بیکات، بێ ئەوی بیناسێت و غەدرێك تاواانێکی بەرانبەر کردبێت …نازانم چ ناوێكی لێدەنێیت؟!!
من لێرەدا زیاتر دەمەوێت قسە لەسەر بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتی تورکیا کە ناویان ‘سوپای ئازادیی سوریا’یە، بکەم.
ئەمڕۆ لیبیا وەکو سوریا ئەمیش بوەوەتە مەیدانی لابەلاکردنەوەی کێشەی نێوانی دەوڵەتەکان لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی. حکومەتی ویفاقی لیبی کە لە لایەن ئیتالیا و قەتەر و تورکیا و ڕێکخراوی یو ئێن و هەندێك لە وڵاتانی دیکەوە پشتگیری لێدەکرێت و خەلیفە حەفتار-یش لە لایەن میسر و ئەردەن و ئەمارات و روسیا و فەرەنساوە لایەنگریی و کۆمەکی پێدەکرێت، کێشەیەكی یەکجار گەورەیان بۆ ئەو خەڵکە هەژارەی لیبیا دروستکردووە، کوشتارگەلێکی بێشووماری تیادا دەکرێت.
تورکیا بۆ کەمکردنەوەی ئەزمەکانی نێو خۆی بریاری دا کە کۆمەك بە حکومەتەکەی لیبیا، ویفاق، بکات بۆ ئەمەش لە 24/12 دا 300 چەکداری لەو بەکریگیراوانەی ‘سوپای ئازادیی سوریا’ نارد ، لە 29/12 دا 350 بەکرێگیراوی تری نارد و لە 05/01/20 دا 1350ی دیکەی ناردووە .
بۆچی ئەمانە بەکرێگیراون؟
ئەمانە هیچ مەبدەئێك و مرۆبونێکیان لا نییە لە هەر شوێنێك بکرێت بەکرێبگێرێن ئەوان بێ دوودڵی دەچن و شەڕ دەکەن . بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی نوێی رۆژنامەی گاردیانی ئەمڕۆ 15/01/20 ئەم بەکرێگیراونە عەقدێکیان لەتەك یو ئێن-دا بەستووە بۆ پشتگیریکردن لە حکومەتی لیبیا، کە هەر بەکرێگیراوێك 2000 دۆلاری ئەمەریکی موچەی بێت کە لە کاتێکدا کە تورکیا شەڕی دژ بە کوردی پێدەکردن مانگی 450 بۆ 550 لیرەی تورکییان وەردەگرت کە بە پاوەندی بریتانی دەکاتە 52 بۆ 72 پاوەند. هاوکاتیش تورکیا واژۆی ئەوەی کردووە بۆ یو ئێن کە پارەی تێچونی چارەسەری بریندارانیان سەرفبکات و پارەی گێڕانەوەی تەرمی کوژراوانیشیان بۆ سوریا، دەدات.
کاتێك ئەم بەکرێگیراوانە دانیشتوانی شوێنی دیکەن ئەوەندەی ئامادەبن کە خەڵکانی نەیاری حیزبەکەیی و دەوڵەتەکەی بۆ بکوژن، ، لە لایەن ئەردۆگانەوە گرەنتی ئەوەیان پێدراوە کە بکرێنە هاووڵاتی تورکیا.
لە سۆدانیش ئەو بەکرێگیراوانەی کە شەڕیان لە دارفۆرد دەکرد و سکی ژنان و منداڵانیان هەڵدەدڕی ، ئێستا کە لە سۆدان شەر نییە ئەوانیش بە 3000 کەسیانەوە ئەوە چەند مانگێکە گەیشتونەتە شاری بنغازی بۆ شەڕکردن دژ بە جەنڕاڵ خەلیفە حەفتار. بەرپرسێکی لیبی بە گاردیانی وتوە ” ئەوەندە گەنج لە سۆدانەوە هاتووە کە توانای دابینکردنی ژیان و پێداویستی ترمان نییە بۆیان” .
کۆماندەکانی ئەمانە بە تەمان دوای ئەوەی کە عەقدەکەیان لەگەڵ لیبیا و یو ئێن دا تەواو دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سۆدان و شەڕ دژ بە حکومەتی تازە بکەن . لە دیمانەیەکیانا لەتەک ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانییدا، یەکێك لەم کۆماندانە دەڵێت ” من دەزانم ئێمە مێسینەرین [ بەکرێگیراو] ین شەڕکردنمان نە ڕێز و نە شەرەفی تیادایە … بەڵام ئەمە کاتییە و دوای تەواوبوونی موهیمەکەمان دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە ” یەکێكی دیکەیان وتی ” چەکداربوون و شەڕکردن وەکو بەکرێگیراو، تاکە ڕێگەیەکە بۆ پەیداکردنی سامانێك کە دواتر بتوانین شەڕ دژ بە دەوڵەتی سۆدان بکەین ” … ” باوەڕمان وانییە کە عومەر بەشیر تەواو بووبێت.. ئێمە ئێستا لە لیبیاین بەڵام مەعرەکەی دیکە لە سۆدان چاوەڕوانمان دەکات..” یەکێکی دیکەیان لە تەڕابلوس، وتی ” وەختی دیاریکراومان لێرە نییە … تەنها چەك و تەقەمەنی و لۆجستکی میللتەریی بەدەستدەهێنین بۆ گەڕانەوەمان بۆ سۆدان” کۆماندەیەکی تر وتی ” تۆ خۆت دەیزانی کە ئێمە کارێکی وامان نییە بۆیە جاری واهەیە کە دەبێت خەڵك بڕفێنین و بە قاچاخ بیانگەیەنیینە شوێنی پێویست” .
ئەمە ئەو دونیایەیە کە ئێمە تێیدا دەژین دونیای حیزبایەتی ، دونیای بەکرێگیرا و سوپا و پۆلیس و سیخووڕ و دونیای حکومەت و دەولەت ، دونیای چینایەتی و کۆمەڵی قووچکەیی. ئەمە ئەو سیستەمەیە کە ئێمە لە سایدا دەژین بارودۆخێکی ئاوا دەخولقێنێ تاکو کەسانێك بەکرێبگیرێن مانگی بە 100 دۆلار، کەمتر یا خود زیاتر و بێنە سەر خاك و ماڵ ومنداڵت و بتکوژن بێ ئەوەی بتناسن ، بێ ئەوەی هیچ ناکۆکییەکی لەتەکتا هەبووبێت ، یا خراپەیەکت بەرانبەری کردبێت.