دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان/ بەشى چوارەم.
کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ” کۆنگرەى گەشەکردن وپەرەسەندنى سلێمانى وەک شار ” یاخود ” گەشەپێدانى عەقڵیەتى حیزبى و زیاتر بچوکردنەوەى شار”
مەبەستى سەرەکى من دیدو ڕوانگەى جەماوەرى کوردستانە سەبارەت بەسەرکەوتوویى کۆنگرەى دواخراوى یەکێتى نیشتمانى کوردستان نەک دیدو ڕوانگەى حیزبى ولایەنەکانى دى.
لەدیدو ڕوانگەى کۆمەڵانى خەڵک (جەماوەرى کوردستان) کۆنگرە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت ئەم خاڵانەى خوارەوە ڕەچاوکرابێت دواى تاوتوێکردنێکى بێ پێچ وپەناى شەفاف، کەهەموویان لەبەرژەوەندى خودى یەکێتى نیشتمانى کوردستانن پێش کۆمەڵانى خەڵک.
یەکەم / بوونى ناوەندێکى بڕیارى حیزبى بەهێز و کاریگەر خزمەت بەچەمکى نەتەوە و نیشتمان و مرۆڤایەتى بکات ، واتا گەڕاندنەوەى مەرکەزیەت بۆ ناو ستراکچەرى حیزبى و پابەندکردنى گشت ئەندام و ئۆرگانەکان بەبڕیارى ناوەند بۆ دەرچوون لەگێژاوى بێ سەروبەرەیى و گەڕلاوژێى حیزبى ئێستا، کەزۆرر بەزەقى بەیدەکرێت لەناو مەکتەبى سیاسى و سەکردایەتى و ئۆرگانەکانى ترى ناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان.
بەداخەوە لەدۆخى ئێستادا هیچ ناوەندێکى بڕیارى مەرکەزى کاریگەر لەناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان دا بوونى نەماوە، هەر باڵ ودەستەو تاقمێک لەئاوازێک دەخوێنێت، هەر باڵ و دەستەو تاقمێک ناوەنیدێکى بڕِیارە بۆخۆى لەپێناو پاراستنى دەسەڵات وبەرەژوەندى خود نەک بەرژەوەندى گشتى حیزبى.
هەربۆیە گەڕانەوەى شکۆى یەکێتى نیشتمانى کوردستان وەک حیزب پێویستى بەناوەندێکى بڕیارى بەهێزى کاریگەر هەیە لەدواى ئەنجامدانى کۆنگرە.
دووەم / بچوککردنەوەى پەیکەرى رێکخراوەیى حیزبى و کەمکردنەوەى خەرجى، هەڵبەتە حیزب وەک ستراکچەرێکى سیاسى کۆمەڵایەتى ئابوورى مەبەست و ئامانجى کۆتا نییە، حیزب ئامرازە بۆگەیشتن بەمەبەستێکى زۆر پیرۆزتر ، ئەوەش ژیان و ژین و بژێوى ئادەمیزاد وپاراستنى ژینگەیە بەمەبەستى خۆشبەختى.
لەجیهانى شارستانى پیَشکەوتووى ئەمڕۆدا حیزب وەک ستراکچەر و مۆدێل گۆڕانکارى ڕیشەیى بەسەردا هاتووە، چیدى حیزب پێویستى بەلەشکرێک ئەندامى بێکارى موچەخۆر نییە، چیدى پێویستى بەهیزى چەکدارى نییە ئەگەر مەبەستى کۆتا پرۆسەى دەوڵەتدارى بێت، چیدى پێویستى بەلەشکرێک سەرکردەى باڵاى دەسەڵاتدارى مووچەخۆرى بێکار نییە لەژێر ناوى جیاوازى وەک سەرکردایەتى ـ ئەنجومەنى سیاسى و گشتى ـ ئەندام مەکتەب ـ مەڵبەند ـ کۆمیتە وخوارووتر.
هەڵبەتە ئەم لەشکرە لەسەرکردە پێویستى بەبودجەیەکى خەیاڵى هەیە، پێویستى بەموچەیەکى زەبەلاح هەیە ، پێویستى بە ژمارەیەکى ئۆتۆموبێلى گرانبەهاى تازە و خەرجى وپێداویستى ڕۆژانە هەیە، پێویستى بەکۆمەڵێک پاسەوانى موچەخۆرهەیە بۆپاراستنى ئەم لەشکرە لەسەرکردەى بێ ئیش و کار، ئەمە بیجگە لەمەترسى زیادبوونى بەرکەوتنى بەرژەوەندى تایبەت بەهۆى زیادبوونى ژمارەى سەرکردەى حیزبى.
بەڕاستى بەزەیم بەحیزبى شیوعى چیین دا دێتەوە کەتاکەحیزبى وڵاتێکى زلهێزى جیهانە، سەرەڕاى زۆرى دانیشتوانەکەى کە بەسێ ملیارو نیو مەزەندە دەکرێت نیو ئەوەندەى حیزبێکى سیاسى کوردى سەرکردەى مووچەخۆرى بێکارى نییە!.
سێ یەم / پێشخستنى بەرژەوەندى گشتى بەسەر بەرژەوەندى تایبەتى تەسکى حیزبى ـ بنەماڵەیى ـ جیۆگرافى ، بەداخەوە یەکێک لەتایبەتمەندیە زەقەکانى حیزب و سەرکردەى کوردى پیشخستنى بەرژەوەندى خودە بەسەر بەرژەوەندى گشتى، هەڵبەتە ئەم جۆرە لەعەقڵیەت وبیرکردنەوە بەعەقڵیەتێکى دژە سیستم ودژە دوڵەت دادەنرێت لەفەرهەنگى سیاسى و شارستانى مرۆڤایەتى.
بێگومان من ئەم تایبەتمەندیەم لەخۆڕا لەگیرفانى خۆم دەرنەهێناوە!.
ئەوەندەى فامم کردبێتەوە، ئەوەندەى تێگەیشتن وئێڕوانینم بۆ ڕوداوە مێژوویەکان بووبێت، ئەوەندەى لەنزیک ودوورەوە لەڕووداوەکانى دواى ڕاپەرین ژیابێتم وتێبینى حیزب و سەرکردە و بەرپرسى حیزبى و خێزان وبنەماڵەکانیانم کردبێت، گەیشتوومەتە ئەو ڕاستیەى (حەقیقەتەى) حیزب و سەرکردەى کوردى بەورژەوەندى خود و خێزان و حیزب وپێش بەرژەوەندى گشتى و نەتەوە دەخەن.
هەر ئەم خەسلەتە” پیشخستنى بەرژەوەندى خۆد بەسەر بەرژوەندى گشتى” بۆتە بەربەستى سەرەکى لە گەشەو پێشخستنى شوناسى مرۆڤى کوردو گەیشتن بەدەوڵەتى نەتەوەیى کوردى.
بەداخەوە گەورەترین نارەحەتى و کارەسات لە ئاسایشى نەتەوەى کورد درابێت سەرکردەوخێزان وکەسە نزیکەکانیان بوون نەک داگیرکەرانى بێگانە.