لوقمان غه‌فوور: ئه‌مریكا و جه‌ین ئاده‌مس، كوردستانی باشور و نه‌وشیروان مسته‌فا.
رێكه‌وتێكی سه‌یره! ئه‌م كۆرسه وانه‌یه‌كم هه‌یه به‌ناوی “به‌ڵێنی ئه‌مریكی: مێژووی ئه‌مریكا له سه‌ده‌ی 20دا”. رۆژی 16 جێنیوه‌ری یه‌كه‌م رۆژی ده‌سپێكردنی وانه‌ی كۆرسه‌كه بوو. یه‌كه‌م بابه‌تیش كه مامۆستا (ترۆی رایسنار) هه‌ڵیبژارد بوو، قسەکردن بوو له‌سه‌ر پێشكه‌وتنخوازی و ریفۆرمخوازی و گۆڕان له كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی-دا.
باسه‌كه دوور و درێژه و لێره‌دا كاتی نییه تێکڕای باسکەم، چونكه به‌شێكی كتێبه‌كه‌ی داگیركردووه كه نزیكی 40 لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌یه، لەکاتێکدا كتێبه‌كه خۆی هه‌زار و سه‌د لاپه‌ڕه‌یه. ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگ بوو كه ریفۆرم و پێشكه‌وتن و گۆڕان له كۆمه‌ڵگه‌دا به كاوه‌خۆ دروستده‌بێت و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو واته ته‌دریجی ده‌بێت، به‌ڵام له‌و گرنگتر پێویستی به كاركته‌ری له خۆبوورد و خۆنه‌ویست و ژیر و تێگه‌یشتوو هه‌یه. لهسەروو ھەمووشییەوە پێویستی بە پشتیوانی کۆمەڵگە ھەیە.
له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا كه سه‌رنجی راكێشام له ئه‌مریكا به رائیدی ریفۆرمخوازی ناسراوه و مامۆستا (ترۆی رایسنار) بۆی باسكردین خاتوو جه‌ین ئاده‌مس-ه. ئه‌م خانمه تێكۆشه‌ره‌ی بزووتنه‌وه‌ی ریفۆرم ته‌نیا كاری بۆ ژن نه‌كردووه به‌ڵكو كاری بۆ ته‌واوی كۆمه‌ڵگه كردووه.
جه‌ین له‌ساڵی 1889 یه‌كه‌مین (Settlement House) سێتلێیەمێنت هاوس له ئه‌مریكا دروستده‌كات. بۆ ئه‌وه‌ش خانووه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵه‌بژێرێت. (Settlement House) کەی بریتی بوو له رێكخراوێك لە شاری شیكاگۆ –ی ویلایه‌تی ئیلینۆیه. خزمه‌تگوزارییه‌كانی خوێندن و فێركردنی پێشکەش بە خەڵک دەکرد و به‌خێوكردنی منداڵانی ژنانی كرێكار و خه‌ڵكی چینی ناوه‌ند و كه‌مده‌رامه‌تی له‌ئه‌ستۆگرتبوو، بێئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكاته‌وه حكومه‌ت هاوكاری بكات. یه‌كێكی تر له (Settlement House)كه‌ی خاتوو جه‌ین رێنمایكردنی په‌نابه‌ران بوو كه ئه‌ندێشه‌یان هه‌بوو له‌گه‌ڵ خۆگونجاندنی ژینگه‌ی نوێ‌دا.
بیرۆكه‌ی پشت بنیاتنانی ئه‌م كاره په‌یوه‌ندی به كاری خێرخوازییه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكو بیركردنه‌وه بوو له ریفۆرمی كۆمه‌ڵگه له‌لایه‌ن ژنێكی توێژی مامناوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی. چونكه له خانووه‌كه‌یدا چه‌ندین به‌شی جیاجیای كردبۆوه: فێربوونی وێنه‌كێشان، فێربوونی میوزیك، هۆڵی فێركردن و خوێندنه‌وه، به‌خێوكردنی منداڵان، كۆبوونه‌وه‌ی گه‌ڕه‌ك و كافێیه‌ك بۆ پشوو بۆ ئه‌وانه‌ی كه دێن به خۆبه‌خش كارده‌كه‌ن.
جه‌ین دركی به‌وه‌كرد كه پێویسته كۆمه‌ڵایه‌تیبوون و خزمه‌تی كه‌ڵچه‌ری له رێگه‌ی چالاكی سیاسییه‌وه زیادبكات بۆ باشتركردن و خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت.
هه‌ربۆیه كاره‌كه‌ی جه‌ین وایكرد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ژنی تر له شیكاگۆ، حكومه‌ت یاسایه‌ك ده‌ركات بۆ پارێزگاریكردن و نه‌فه‌وتانی مافی كرێكارانی رستن و چین، له‌یاساكه‌دا رێگری له فه‌وتانی مافی منداڵانی كرێكار بكات.
كاره ریفۆرمخوازییهكهی جه‌ین بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه له ساڵی 1931 خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبدرێت. سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی هیوای به‌خشی به هه‌زاران ژنی چینی ناوه‌ند و وایكرد به هه‌زاران (Settlement House) له‌ئه‌مریكا دامه‌زرێت كه كاره‌كانیان له‌چوارچێوەی بواری خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی بنیاتنرێت.
كۆتایی ئه‌م نووسینه ره‌نگه قسه‌كردنێكی تر بێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له باشوری كوردستان. باشور له ژیانێكدایه كه هه‌موو ریفۆرمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری ره‌تده‌كاته‌وه. ره‌نگه هۆكار زۆر بێت و به‌شێكی گه‌وره‌شی په‌یوه‌ندی به سایكۆلۆژیای كورده‌وه هه‌بێت. ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا نموونه‌یه‌ك بوو له‌و رائیدانهی كه له 2009 كه پێشكهوتنخوازییهكی گه‌وه‌ری كرد له ژیانی سیاسی به‌ڵام به‌داخه‌وه بێ چانس بوو. له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا نه‌بوو شوێن پێی هه‌ڵگیرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی جه‌ین ئاده‌مس له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی بواری بۆ ره‌خسا و به‌سه‌دان ژنی خۆبه‌خش پاڵپشتیان كرد. به‌داخه‌وه ئه‌و سه‌ركرده‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ (مسته‌فا) بوون نه‌یانتوانی درێژه به ره‌وته‌كه‌ی بده‌ن و بیگه‌یه‌ننه مهنزلێكی ئارام، بۆیه ده‌شێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆ ریفۆرمخوازی پێویستی به هه‌زاران جه‌ین ئاده‌مس بێت جا نێر بێت یان مێ.