دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان / بەشى پێنجەم.
کۆنگرەى گەشەکردن و پەرەسەندنى سلێمانى وەک شار ” یاخود ” گەشەپێدانى عەقڵیەتى حیزبى و زیاتر بچوکردنەوەى شار.
چوارەم / بوونى شەفافیەت لەناوخۆ و دەرەوەى پرۆسەى حیزبایەتى سەبارەت بەچەمکى” سیاسى ـ دارایى ـ میدیایى ـ کۆمەڵایەتى “، یەکێکى تر لەبنەما سەرەکیەکانى حیزب وەک ستراکچەر بوونى شەفافیەتە لەستراتجى “سیاسى ـ دارایى ـ میدیایىـ کۆمەڵایەتى” .
ئاماژە بەزانستى سیاسى مەبەست لەبەستنى کۆنگرە تەنیا هەڵبژاردنى سەرکردە نییە، بەڵکو شەفافیەت لەچەمکى فیکرى ـ ستراتیجى سیاسى ـ کاروبارى دارایى ـ گەشەکردنى کۆمەڵایەتى وگەشەپیدانى عەقڵیەتى کادیرى حیزبی.
کاتێک کۆنگرە سەرکەوتوو دەبێت ئەم بابەتانەى سەرەوە بەتێروتەسەلى وە بێ هیچ جۆرە پێچ و پەنایەک تاوتوێ بکرێت بەوپەڕى شەفافیەت، بەتایبەتى چەمکى دارایى ” داهاتى دارایى حیزب چەندە، لەکوێوە دێت، بۆ کوێ دەچێت، چۆن وبۆ کێ سەرف دەکرێت، حیزب لەئێستادا خاوەنى چییەو چەندە ؟ پرۆگرامى دارایى داهاتووى چییەو بەرەو چ ئاقارێک دەچێت”.
هەڵبەتەشەفافیەت لەچەمکى فیکرى ـ بیرو بۆچوون و روئیاو ستراتیجى سیاسى (ناوخۆ ـ ئیقلیمى ـ جیهانى) و داهاتووى پرسەى کورد و پرۆسەى بەدەواڵەت بوون هیچى کەمتر نییە شەفافیەت لەچەمکى دارایى .
ئەگەر حیزبێک لەناو ستراکچەرى حیزبى خۆیدا ڕاستگۆو شەفاف نەبێت، ئەوە بەهیچ شێوەیەک لەدەرەوەى ستراکچەرى حیزبی ناوخۆیى واتا لەگەڵ (جەماوەر) کۆمەڵانى خەڵک ڕاستگۆ نابێت ، ئەوکات دەتوانین بڵین تایبەتمەندى حیزب لەدەست دەدات.
لەبرى خەسلەتى حیزب خەسلەتى مافیا وەردەگرێت ، لەبرى گەشەپێدانى مرۆیى و پاراستنى نیشتمان و مافى کۆمەڵانى خەڵک ، خوێنى هاوڵاتى دەمژێت وسامان وداهاتى وڵات دەخاتە گیرفانى سەرکردە دەستڕۆیشتوەکانى .
ئەگەر لەکۆنگرەى دواخراوى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، ئەم بابەتانە بەبێ هیچ جۆرە پێچ و پەنایەک وە بەوپەڕى شەفافیەت باسکرابێت، ئەوا ئەم حیزبە دەچێتەوە ناو جەماوەر و شکۆى ڕابردووى خۆى دەگەڕێنێتەوە، ئەگەر نا ئەوە شکستێکى ترى ئەم حیزبە دەبێت، تابێت زیاتر لەجەماوەرى خۆى و کۆمەڵانى خەڵک دوورتر دەکەوێتەوە و داهاتووى ڕووناک نابێت.
پێنجەم/ گەشەدان بەتوانى فیکرى ومەعریفى و زانستى ئۆرگانەکانى حیزب، کۆڵەکە سەرەکیەکەى حیزب وەک وستراکچەر بوونى فیکر و مەعریفەیە بۆ گەیشتن بەمەبەستى کۆتا لەپێناو ژیان و ژین و بژێوى کۆمەڵانى خەڵک (جەماوەر) و ڕکخستنەوەى کۆمەڵگا بەباشترین شێوازى شارستانى.
حیزب و بیرمەند لەپرۆسەى حیزبایەتى دوانەیەکى بەیەکالکاون و لەیەک جیاناکرێنەوە، حیزب بەبێ بوونى گەشەو ململانێى فیکرى و کەسایەتى کاریزماى بیرمەند و مەعریفى نیشتمان پەروەرى بەهەڵوێست ڕۆژ لەدواى ڕۆژ بەرەو پوکانەوە دەچێت و خەسلەتى حیزب لەدەست دەدەات .
پەروەردەکردن و گەشەدان بەتواناى فیکرى و مەعریفى و زانستى ئۆرگانى حیزبى نەک پێویستیەکى حاشا هەڵنەگرە، بەڵکو دواهەوڵ و دەرفەت دەبێت بۆ گەڕاندنەوەى شکۆى ڕابردووى ئەم حیزبە وەک ستراکچەرى حیزبى بۆ ناو کۆمەڵانى خەڵک و ژینگەکەى.
لەسەر ئەم بنەمایە تاوتوێکردنى بابەتى فیکرى ومەعریفى لەکۆنگرەى دواخراوى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و گرینگیدان بەکەسانى بیرمەند و بەتواناى فیکرى و مەعریفى یەکێکە لەبنەما سەرەکیەکانى کۆنگرەیەکى سەرکەوتوو وە گەڕاندنەوەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان وەک ستراکچەرێکى حیزبى نیشتمانى نەک وەک کۆمپانیایەکى چاوچنۆک بازرگانى بکات بە (بژێوى هاوڵاتىـ سامانى نیشتمان ـ داهاتووى نەتەوەیى).
بێگومان گەڕانەوە بۆ یەکێتیەکەى جاران پێویستى بەبەرنامەیەکى فیکرى مەعریفى نیشتمان پەروەر هەیە، ئەگەر لەکۆنگرەدا بڕیارى لێ نەدرێت ئەبى فاتیحاى بۆ بخوێنین.