زاهیر باهیر: موقتەدا صەدر نە خیانەتکارە و نە ساویلکە و نە شۆڕشگێڕ.
بەداخەوە، کە خۆپیشاندەران و زۆرێك لە خەلکانی دیکە هەر لە سەرەتاوە موقتەدا صەدریان بە پشت و پەنای خۆپیشاندەرانی عێراق زانیوە. کاتێکیشم کە هەڵوێستی ئەو و کۆمەڵەکەی ئاشکراتر دەبێت بە خیانەتی دەزانن و توشی بێ چارەیی دەبن.
لە ڕاستیدا صەدر و حیزبەکەی ئەوەندە دۆستی خۆپیشاندەران بوون، کە بتوانن کۆنترۆڵیان بکەن. ئەو کاتەش موزایەدەی سیاسییان بەسەرەوە بکەن یا وەکو دەڵێین سەرمایەی سیاسییان لێدروستبکەن.
شیعەبوون و شیعایەتی مەرجەعییەت و پێگەی تایبەتی خۆیان هەیە و، شتێك نییە لای ئەوان کە لەسەرەوەی ‘ شیعایەتی’ بوونیان و مەرجەعێتەکەیانەوە بێت. کاتێك لای ئەوان، نەتەوایەتیی و نیشتمانچێتی و حیزبایەتی و شۆڕشگێڕێتی دەگاتە دووڕیانێك، کە لەگەڵ مەزەهەبگەریی و مەرجەعییەتی ئەواندا ناڕوات. ئیدی ئەو خەسڵەتانە دەبێت ببنە ئامرازی خزمەتکاری دین و مەزهەبەکەیان چی تر شتێك لەوانەی سەرەوە نامێنێت، تاکو ببێتە بنەما و پرنسپڵ و گڕیدانەوەیان بە لایەنێكی نامەزهەبی ئامانججیاوازەوە. بێ گومان قسەی من لەسەر ‘تاك’ ی شیعە نییە، کە وەکو هەموو تاكێکی دیکە لە هەر مەزهەب و دین و نەتەوەیەك. دەکرێت هەڵوێستی یاخیبوون و بەگژاچونەوەیان هەبێت.
شیعەکان و شیعایەتی ئا لەم خەسڵەتەدا هاوبەشن لەتەك یەهودییەت و جولەکەبوونی ئەرسەدۆکسیدا، کە ئەوانیش لەوێدا کە دێتە سەر ئەو پرسە کە لە لایان سەرەکییە، ئیدی دەستبەرداری شت و لایەنەکانی دیکە دەبنەوە. دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە، کە قسەکەم لەسە گشتە، نەك ‘تاك’ و هەڵوێستی تاك.
ئەمڕۆ لە عێراق-دا چەندەها جۆر لە ڕەوت و فەسائیلی شیعە و سەرکردە و ڕابەر هەیە و بە دڵنیاییەوە ململانێ و ناکۆکی زۆر هەیە لە نێوانیانا کە هەموو ئەمەش وەکو لە هەموو دین و مەزهەب و نەتەوەیەکدا، هەیە، زیاتر ناکۆکی و ململانێکەیان لەسەر دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە، بۆیە کە کاتێك دێتە سەر پرسە هەرە گەورەکە کە شیعایەتی و مەرجەعێتیانە و ڕووبەڕووی مەترسی دەرەکی دەبنەوە هەموو ئەو ناکۆکیی و ئامرازانەی کە بۆ دژایەتیکردنی یەکدی بەکاریان هێناوە، دەخەنە لاوە و دەبنەوە بەیەك و هاوپەیمانە کۆن و دێرینەکانیان بەرەڵادەکەن و دەیانفرۆشن.
هەر ئەم هۆکارەشە چی دی موقتەدا صەدر ئامادە نییە کە پشتگیریی ڕاپەڕیوان بکات لە عێراق-دا نەك لەبەر ئەوەی کە کە لە لایەکەوە کەوتوونەتە بەردەم مەترسی ڕاپەڕیوان، بەڵکو پشتگیریکردنیان تا ئێستا وەکو ئامرازێك ، تاکتیکێك وابووە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز و دەسەڵاتی زیاتر. لە کاتێکدا کە صەدر ماوەیەکی زۆرە لە نێوانی عێراق و ئێران-دا دێت و دەچێت ڕەنگە ئەو ئیمتیاز و دەسەڵاتەی مسۆگەر کردبێت هاوکاتیش بارودۆخی حوکمی شیعە لە ئێران و عێراق و لوبنان -یش زۆر شلوق و لەرزۆکە. ئەم شلۆقی و بارە دژوارەش لەو سێ وڵاتەدا ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆ و کارایی کاریگەری لەسەر لایەن و فەسائیلە جیاوازەکانی نێو شیعەکان لە هەر سێ وڵاتەکەد،ا هەیە. بە واتایەکی دیکە کە پایە و کۆڵەکەکانی ژێر سەقفەکە هەرەسی هێنا ئیتر هەر دار و پەردووە لە نێو تەپووتۆزی خۆیدا نوقمی سەر زەوی دەبێت.
لەناوبردنی قاسمی سولێمانی و موهەندیس-یش کە دوو پایەی گەورەی هەردوو ڕژێم بوون، لەناوبردنیان تا ئەو ڕادەیە کارایی خۆیان لەسەر لاوازی هەردوو ڕژێم دانا کە بە دەگمەن تیاماندا هەبووە، دەرکمان بەو ڕاستیە کردبێت. تەنانەت زۆرێك لە سیاسی و ڕۆشنبیرانی کورد و توێژەرەوە سیاسیەکانی ناوچەکەش وایاندەزانی کە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە، کە لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستدەردەچێت کە سەرەنجام چۆك بەئێران دادەدات بۆسەر مێزی وتووێژ و سازش.
هەڵوێستی ئێستای صەدر و لایەنەکەی تەنها وەلابوونی تەواو و ڕاستگۆیی و بە ئەمەکێتی ئەوان دەردەخات بۆ شیعەگەریی و مەرجەعییەتەکەی.